فرە بەکارھێنانی ئەنتیبایۆتیک مەترسی تووشبوون بە شەکرە زێد دەکات.
پسپۆڕی نەخۆشییە درمەکان و گشتییەکان ، سڵێمانی . فرە بەکارھێنانی ئەنتیبایۆتیک مەترسی تووشبوون بە شەکرە زێد دەکات . نەخۆشی شەکرە یەکێکە لەو نەخۆشییە زیندەپاڵە ناسراوانەی کە لە دێر زەمانەوە بەشێکی فرە گرنگی نەخۆشیزانی دنیای پزیشکی بۆ خۆی داگیرکردووە ، لەبەر ئەوەی رۆژانە ژمارەی تووشبوان لە زێد بووندایە ، نزمی ئاستی ھۆشیاری تەندروستی دانیشتوان ، کەمتەرخەمی ، نەخوێندەواری ، نەبوونی پلانی ھۆشیارکردنەوە بە تایبەتی لە نەخۆشی شەکرە ، ھاوکات ئیرادەی تاک و حکومەت وچەندان ھۆکار رێگەخۆشکەرن بۆ لە ناکاو دەرکەوتن یان بە سودفە دەستنیشانکردنی شەکرە کە ھێدی ھێدی دەبێتە ئەرکێکی گران بۆ ئابووری نەخۆش و حکومەت . لەبەر ئەوە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا کە بایەخی فرە بە تەندروستی تاک وکۆمەڵ دەدرێت بە مەبەستی ھۆشیارکردنەوەی دانیشتوان ، بەرزکردنەوەی ئاستی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی ، ھاوکات بە مەبەستی کەم کردنەوەی خەرجی نەخۆشییەکە ساڵانە کۆنگرە دەگیرێت لە مەڕ دەرئەنجامی نوێی توێژینەوەکان و لایەنەکانی زۆربەی نەخۆشییە بڵاوەکانی نێو کۆمەڵگا بە تایبەتی شەکرە بۆ دانانی ستراتیژی کەمکردنەوەی ژمارەی نەخۆشەکان و دانانی پلانی نوێی خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردن . ئەوەی شایانی باسە لە نێوان ١٥ تا ١٨ ی سەپتەمبەری ئەمساڵ لە شاری ستۆکھۆڵم کۆنگرەیەکی گرنگ سەبارەت بە نەخۆشی شەکرە و دەرئەنجامی توێژینەوەکان لەمەڕ نەخۆشییەکە خرانە بەر باس و لێکۆڵینەوە . توێژینەوە گرنگەکانی کۆنگرەکە ژمارەیەکی زۆر توێژینەوەی لە خۆ گرتبوو بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگ بوو کە پێویستە ھەمووان لە کاریگەری مەترسی دارو خراپی فرە بەکارھێنانی ئەنتیبایۆتیکەکان ئاگادار بکرێنەوە کە دەبنە ھۆکار بۆ دەرکەوتنی نەخۆشی شەکرە . ئەوەی شایانی باسە لە ساڵی ٢٠٠٩ توێژینەوەیەکی دانیمارکی بڵاوکرایەوە ئاماژەی پێکرابوو کە ئەو منداڵانەی بە ھۆی ھەوکردنی جۆراو جۆرەوە ئەنتیبایۆتیک بەکاردەھێنن (وەردەگرن) پاشتر بە ھۆیەوە تووشی شەکرەی جۆری ١ نابن ، لەبەرئەوەی دەرمانەکان کاریگەریان دەبێت لەسەر بەکتریاکانی نێو گەدەو ریخۆڵە . ئەنجامی توێژینەوەکانی ئەمجارە بە پێچەوانەی نزیکەی ٦ ساڵان پاشتر بوو ، ھەرگرووپێکی دی دانیمارکی ئاماژەیان بەو ڕاستییە کرد کە ئەو کەسانەی ١٥ ساڵان پێش دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە (شەکرە) یان دەرکەوتووە ئەنتیبایۆتیکی زۆریان بەکارھێناوە دەرئەنجام زێدەتر تووشی شەکرەی جۆری ٢ بوون واتە لە سەروو تەمەنی کامڵ بوونەوە ، توێژینەوەکە بەراورد کراوە لە گەڵ ئەو کەسانەی دەستنیشانی شەکرەی جۆری ٢ یان بۆ کراوە . لەو توێژینەوەیەدا دەرکەوتووە پێش دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەکرە ئەو کەسانە فرە تووشی ھەوکردن بوون و لەبەرئەوە فرە ئەنیتبایۆتیکیان بەکارھێناوە بە بەراورد لە گەڵ کەسانی دی دا . ئەوان وای بە باش دەزانن کە فرە خاسە گەر تەنھا یەک جار ئەنتیبایۆتیک بدرێت بە ئافرەتی دووگیان ، بەڵام گەر چەند جارێک دووبارە ئەنتیبایۆتیکی پێ بدرێت ئەوا مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە زێدەتر دەبێت . بە پێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری (Nature) دابڵاوکراوەتەوە ئاماژەی پێ دەکەن کە ڕێژەی بەکارھێنانی ئەنتیبایۆتیک لە دنیادا ، بە رێژەی لە ٣٠% زێدی کردووە بە تایبەتی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٠ دا رێکخراوە تەندروستییە نێودەوڵەتتیەکان ئاماژەی پێ دەکەن کە ئیمڕۆ وڵاتی چین ١٥ ھەزار تۆن ئەنتیبایۆتیک بەکار دەھێنێت ، وا چاوەروان دەکرێت لە ساڵی ٢٠٣٠ دا بگاتە دووئەوەندە واتە ٣٠ ھەزار تۆن . ئەوەی جێی پرسیارو سەرسورمانە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا رۆژانە لە کوردستاندا چەندان تۆن ئەنتیبایۆتیکی ئێکسپایەری حەب ، دەرزی ، کەپسول ی ناپێویست ، بێ سەروبەری ، بێ شوماری بێ لێپرسینەوە بۆ نەخۆش دەنووسرێت و ئەوەندەش عەیادە نێو گەڕەکەکانی کارمەندانی تەندروستی و دەرمانخانەکان بێ رەچەتە دەیفرۆشن بە خەڵکی بۆ ھەوکردنەکانی قورگ ، لووت و گوێ ، سییەکان و میزەڕۆکان . بە بۆچوون و شارەزایی من زۆربەی زۆری ئەو دەرمانانە ، بە تایبەتی ئەنتیبایۆتیکەکان ھەر گەرەک نەبوون و نییە و فرە زیانبەخشن بۆ ئابووری نەخۆش ئەوە جگە لە گورچیلەکان ، جگەر وگەدە . لێرەدا پرسیارێک ئاراستەی خۆمان ، دامودەزگاکانی تەندروستی و حکومەت دەبێتەوە کە وەک تاقیکردنەوەی بەکالۆری تەرکی تێدا نییە و دەبێت وەڵام بدرێتەوە کە ئایا پاش چەند ساڵێکی ژمارەی شەکرەدارانی کوردستان کە تووشی شەکرەی جۆری ٢ دەبن دەگاتە چەند ؟ ھاوکات ئەوسا چۆن ژێرخانی ئابووری ئەم وڵاتە دەکەوێتە بەر مەترسی و تەنانەت داڕمانەوە ، ئەوە جگە لەوەی دەبینە کۆمەڵگایەکی شەکرەداری بێ بەرھەم و مشەخۆر . لەبەر ئەوە کاتی ئەوە ھاتووە کە راستگۆیانە مامەڵە لە گەڵ بارو دۆخەکەدا بکرێت ولەوە زێدەتر خۆمان ھەڵ نەخەڵە تێنین ، با بە ویژدانەوە کار بکەین (پارە ھەموو شتێک نییە مرۆج تەنیا سەربەرزی بۆ دەمێنێتەوە) پێویستە بە پەلە و بە تووندی رێگا لە فرە بەکارھێنانی دەرمان بە گشتی و ئەنتیبایۆتیکەکان بگرین و سنووردار بکریت ، ئەو دەرمانخانانەش سزا بدرێن کە بە بێ رەچەتەی دکتۆر ئەنتیبایۆتیک دەفرۆشن بە ھەموو کەس لەبەرئەوەی کاریگەرییەکی فرە خراپی ھەیە و دەبێت لە سەر ئاسایشی تەندروستی میللەتەکەمان کە بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نەتەوەیی کورد و کوردستان . لە تۆێژینەوەیەکی تردا ئاماژەکراوە کە بە بەراورد لە گەڵ پیاودا ئەو ئافرەتانەی شەکرەدارن زێدەتر مەترسی ئەوەیان لێ دەکرێت کە تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن ببن . سهرچاوهکان
.www.vetenskaphalsa.se, antibiotika under graviditet och typ 1 diabetes 18 nov 20.14
.www.dagensmedicin.se, antibiotika kan öka diabetesrisk, 15 sep.2015.
.www.dagensmedicin.se, barns bruk av antibiotika ökar inte diabetisrisk, 08.maj 2009.
wargerawa la \\\ tendrustikurd
|
2016/01/13
- کۆمێنتی بلۆگەر
- کۆمێنتی فەیسبووک
Item Reviewed: فرە بەکارھێنانی ئەنتیبایۆتیک مەترسی تووشبوون بە شەکرە زێد دەکات.
Rating: 5
Reviewed By: kurdstan news