یاریگا-وابڕیاره سبه‌ینێ باشترینه‌کانی ساڵی ٢٠١٥ له‌لایه‌ن فیفاوه هه‌لبژێردرێن . له بۆنه‌یه‌کدا که به “گاڵا” ناسراوه و تێیدا له پاڵ چه‌ندین خه‌ڵاتدا ، براوه‌ی باشترین یاریزانیش دیاری ده‌کرێت.
کات و شوێن
باره‌گای فیفا له سویسرا ، شاری زیورخ.
کات : ٨:٣٠ی شه‌و به کاتی هه‌ولێر.
خه‌ڵاته فه‌رمییه‌کان
باشترین یاریزانی جیهان (باڵۆن دۆر)
باشترین یاریزانی ئافره‌تی جیهان
باشترین راهێنه‌ری پیاوان
باشترین راهێنه‌ری ئافره‌تان
خه‌ڵاتی یاری خاوێن
خه‌ڵاتی جوانترین گۆڵ (پوشکاش)
خه‌ڵاتی پێکهاته‌ی نموونه‌یی (فیفپۆر)
کێ ده‌نگ ده‌دات و چۆن هه‌ژمارده‌کرێت بۆ باشترین یاریزان و راهێنه‌ر
بۆ خه‌ڵاتی باشترین یاریزان و راهێنه‌ر ، ئه‌و که‌سانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه بریتین له کاپتن و راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌کان له‌گه‌ڵ هه‌ر رۆژنامه‌نووسێک سه‌ر به وڵاتێکی ئه‌ندام له فیفا. دیاریکردنی رۆژنامه‌نووسه‌کان به هاوبه‌شی له نێوان فرانس فوتبۆڵ و فیفاوه ده‌بێت.
ده‌نگده‌ره‌کان ده‌بێت خاوه‌ن پله‌ی یه‌که‌م و دووهه‌م و سێهه‌م دیاریبکه‌ن. ئه‌و که‌سه‌ی به یه‌که‌م داده‌نرێت پێنج خاڵ وه‌رده‌گرێت به‌رامبه‌ر به سێ خاڵ بۆ پله‌ی دووهه‌م و یه‌ک خاڵیش بۆ پله‌ی سێهه‌م. ئه‌و یاریزانه یاخود راهێنه‌ره‌ی زۆرترین خاڵ کۆده‌کاته‌وه وه‌ک باشترین ده‌ستنیشان ده‌کرێت.
ئه‌گه‌ر دوو که‌س هه‌مان ژماره‌ی ده‌نگیان هه‌بێت ، خه‌ڵاته‌که ده‌درێت به‌وه‌یان که زۆرترین جار له پله‌ی یه‌که‌م دانراوه.
به‌رواری ده‌نگدانیش تاوه‌کو ٢٠-١١ بوو.
رێژه‌ی ده‌نگدان
له‌و که‌سانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه سه‌رجه‌میان به‌شدارنه‌بوون.
له کاپتن و راهێنه‌ره‌کان ده‌نگ به رێژه‌ی ٧١.٩١% کۆکراوه‌ته‌وه. (٧٦.٣% ئافره‌تان)
نوێنه‌ری میدیاییش ٨٨.٦% ده‌نگیان داوه. (٨٠.٩٢% ئافره‌تان)
براوه‌ی خه‌ڵاتی پوشکاش چۆن دیاری ده‌کریت ؟
خه‌ڵاتی پوشکاش بۆ جوانترین گۆڵی ساڵ له‌لایه‌ن ده‌نگی ئه‌لیکترۆنییه‌وه ده‌بێت له ماڵپه‌ری فیفا به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ فرانس فوتبۆڵ . ١٠ گۆڵ کاندیدن بۆ ئه‌و خه‌ڵاته ، سێ گۆڵ زۆرترین ده‌نگیان کۆکرده‌وه و گه‌یشتنه قۆناغی داهاتوو . له‌و قۆناغه‌شدا جارێکی‌تر ده‌نگدان ده‌کرێت و جوانترینیان ده‌ستنیشان ده‌کرێت.
کێ پێکهاته‌ی نمونه‌یی دیاری ده‌کات؟
هه‌موو یاریزانێکی پیشه‌گه‌ر که ئه‌ندام بێت له “فیدراسیۆنی یاریزانه پیشه‌گه‌ره‌کانی جیهان” ده‌توانێت پێکهاته‌ی نمونه‌یی خۆی دیاریبکات که ده‌بێت له‌سه‌ر شێوه‌ی ٤-٣-٣ بێت. پاشان ئه‌و یاریزانانه‌ی زۆرترین ده‌نگ کۆده‌که‌نه‌وه ده‌بنه باشترین پێکهاته‌ی ٢٠١٥. نزیکه‌ی ٢٥ هه‌زار یاریزان له ٧٠ وڵاته‌وه ده‌نگیان بۆ دیاریکردنی پێکهاته‌که داوه.
چه‌ند تێبینییه‌ک
نوێنه‌رانی کوێت و ئیندۆنیسیا مافی ده‌نگدانیان نیه به‌هۆی سڕکردنی فیدراسیۆنی وڵاته‌کانیان له‌لایه‌ن فیفا.
ئاهه‌نگه‌که به‌بێ سه‌رۆکی تۆپی پێی جیهان و سه‌رۆکی تۆپی پێی ئه‌ورووپا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
خه‌لاتی باشترین یاریزانی ساڵ له ساڵی ١٩٩١ـه‌وه ده‌درێت ، له ٢٠١٠دا له‌گه‌ڵ تۆپی ئاڵتونی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ کران به یه‌ک خه‌ڵات له‌ژێر ناوی “باڵۆن دۆر”.
لە (لالیگا سپۆرت)(سەنگەر سپۆرت) به په‌خشی راسته‌وخۆ و وێنه و زانیاری و هه‌واڵ رووماڵی بۆنه‌که‌تان بۆ ده‌کات.