د . زاھیر سوران ، پسپۆڕی نەخۆشییە درمەکان و گشتییەکان .
بەڕێوەبەری سەنتەری پزیشکیی نوێ ، سلێمانی .
مەترسی ھەیە گۆشتی سوور ببێتە ھۆی شێرپەنجە !
گۆشت ، ئەو ماسولکە سوور ڕیشاڵ دارەیە کە رێژەیەکی باش ئاسن ، چەوری و کانزای بەسوودی بۆ لەش تێدایە ، پاش ئامادەکردنی تام و چێژێکی تایبەتی ھەیە ، بە دەگمەن کەسێک دەبینیت کە گۆشتی سوورنەخوات ، ئەویش لەبەرئەوەی ئەو کەسانە سۆز وبەزەییان کاریگەری ھەیە لە سەریان بە بۆچوونی ئەوان لە بەر ئەوەی ئاژەڵ سەر دەبڕڕیت نابێت گۆشتەکەی بخورێت . بەڵام سروشتی مرۆڤ وا ھەڵکەوتووە بەگشتی زۆربەی زۆری خەڵک بە رێژەی جیاواز گۆشتی سوور دەخۆن جا ئەوەتا بە ھەڵگیراوی ، قووتوو کراوی ، قیمەکراوی ، برژاوی یان بە کوڵاوی . لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا رێکخراوی تەندروستی جیھانی (ڕ . ت . ج) لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەیان بەو راستییە کردووە کە ھەشت تیۆری ھەیە بۆئەوەی نیشانی بدەن کە بۆچی گۆشتی سوور مەترسیدارە ، توێژینەوەکە گۆشتی تازەی سووری مەڕ ، بزن ، بەراز و گۆشتی ڕاوی لەخۆ گرتبوو ، بۆ زانیاری ھەموو لایەک لێرەدا ھەشت خاڵەکەتان بۆ روون دەکەینەوە :
ئاسنی زۆر
زۆر کەس ھەیە کە ماددەی ئاسن لە خوێنیاندا کەمە ، ئەوەش دەبێتە ھۆی ماندووبوون بێ تاقەتی نەخۆش ، منداڵ تووشی ئازاری نێو سک دەبن ، رەنگیان کەمێک سپی زەردبا و ھەڵ دەگەڕێت . ئاسنی نێو گۆشتی ئاژەڵ کە نێو نراوە ئاسنی ماڵەوە ، بە ئاسانی لەلایەن لەشەوە دەمژرێت ، بەڵام ئەو ئاسنەی کە لە نێو سەوزەکاندا ھەیە لە کاتی پێویست دا دەمژرێت دەنا وەک خۆی دەمێنێتەوە . ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە ئەو کەسانەی گۆشتی سوور کەم دەخۆن زێدەتر دەژین و ھاوکات کەمتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆریەکانی خوێن و جەڵتەی دڵ و مێشک و تەنانەت شێرپەنجەش (لێرەدا نائارامی رۆڵی خۆی ھەیە) دەبن وەک لەوانەی بەردەوام گۆشتی سوور دەخۆن . گۆشتی سپی باڵندەکان و ماسی رێژەیەکی کەمتر ئاسنی تێدایە وەک لە گۆشتی ئاژەڵەکان و ھۆکارێکە روونی دەکاتەوە کە گۆشتی سپی شێرپەنجە دروست ناکات .
کیمیایەکانی برژاندن و سوورکردنەوە
لە کاتی برژاندنیدا گۆشت دەخرێتە بەر پلەی گەرمی بەرز ، ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە لەو کاتەدا ماددەی نوێ بە ناوی (Heterocyclisc amin,HCA) و ماددەی (Polycyclic aromatic hydrocarbons, PAH) و لە سەر رووی برژاوەکان دروست ببێت . ماددەی HCAتەنیا لە گۆشتی گەرمکراودا ھەیە ، ماددەی PAHلە نێو دوکەڵی جگەرە و گاز (پاش سووتاندنی بەنزین) ی ئۆتۆمۆبیل دا ھەیە . لە تاقیگادا سەلمێنراوە کە ھەردوو ماددەکە لە مشکدا دەبێتە ھۆی شێرپەنجە . ئەو دووماددەیە لە کاتی کوڵاندنی گۆشتیشدا دروست دەبێت . ھەردوو ماددەکە دەبنە ھۆی دەرکەوتنی خانەی شێرپەنجەیی بەڵام نەک شێرپەنجەی کۆڵۆن و کۆم .
ماددەی نیتریتی قووتوکراو
نیتریت و نیترات دوو ماددەن لە پیشەسازی ھەڵگرتن و قوتووکردندا بەکاردەھێنرێن ، نیترات لە نێو گەدەدا دەگۆڕرێت بۆ نیتریت و پاشتر دەگۆڕێت و دەبێت بە ماددەی نیترۆسۆئەمین و نیترۆس ئەمید و بەڕێژەیەکی بەرز لە نێو پیسایی ئەو کەسانەدا دەبینرێت کە گۆشتی سوور دەخۆن . ئەوەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت بۆچی گۆشتی تازە باشترە لە گۆشتی قووتوی ھەڵگیراو . لە راستی دا ئەم تیۆرییەش بە سەر مشک دا تاقیکراوەتەوە ئەنجامی باشی داوە بە دەستەوە .
چەوری
لەم ساڵانەی دووییدا ئەنجامی توێژینەوەکان کەم یان زۆر باسی دڵنیایی پەیوەندی نێوان چەوری و شێرپەنجە دەکەن . کاتێک چەوری رێژەیەکی زۆر لە ئاسنی نێو گۆشت لە نێو ریخۆڵەدا دەبینێت ئەو کاتە پێکھاتەیەکی کیمیای ئاڵۆز دروست دەکەن کە دەبێتە ھۆی شێرپەنجە . ھاوکات دوو مێکانیزمی تر ھەن کە گومان دەکەن کە خانەی شێرپەنجەیی کاتێک دروست دەبێت کە ئاسن دەکەوێنتە نێو ریخۆڵەوە . ھاوکات توێژەران ئاماژەی پێ دەکەن کە پەیوەندی لە نێوان بەرزی رێژەی چەوری و ھەندێک جۆر لە شێرپەنجەدا ھەس ، بەڵام نەتوانراوە زانستیایە بسەلمێنرێت . توێژینەوەی دی ئاماژەی پێ دەکەن کە ئەو کەسانەی کە خواردنی بێ یان کەم چەوری و ماسی و زێدەتر ئۆمێگا ٣ دەخۆن مەترسی تووشبونیان بە شێرپەنجە کەمترە . بە پێی توێژینەوەکان گۆشتی ئاژەڵی کێوی چەوری زێدەترە وەک لە خۆمالێیەکان بەڵام ھیچ توێژینەوەیەک لە مەڕ چەوری ئاژەڵە کێوییەکان و شێرپەنجە نەکراوە .
خواردنی نارێکوپێک (خێراکان)
ئەوەی دروست بێت لەم ساڵانەی دووایی دا ھەندێک توێژەرئاماژە دەکەن کە نەک ھەرگۆشت بەڵکو ژمارەیەک خۆراکی خێرای ئامادەکراو لە ھەندێک چێشتخانەدا کە بریتین لە برژاو و سورەوەکراوەکان لە رۆندا وەک ھامبورگر و پەتاتەی سورەوەکراو لە گەڵ خواردنەوەی ساردی و گازییەکان لە ژەمەکاندا دەخورێن و ئەو کەسانەی کە زێدەتر خواردنە خێرا ئامادەکراوەکان دەخۆن کەم تر سەوزە و میوە دەخۆن مەترسی یان لێ دەکرێت بۆ شێرپەنجە وەک لە کەسانی دی . توێژینەوەکان ئاماژەی پێ دەکەن کە یەو کەسانەی خواردنی خێرا دەخۆن زوو قەڵەو دەبن رێژەی چەورییەکانیان بەرز دەبێتەوە .
باکتریا و ڤایرۆس
پێشوتریش ئاماژەم پێکردووە کە ژمارەیەک لە ڤایرۆسەکان بۆ نمونە دەبنە ھۆی شێرپەنجەی ملی منداڵان . ئیمڕۆ توێژینەوەکان ئاماژەی پێ دەکەن کە زانستیانە سەلمێنراوە کە ڤایرۆس وباکتریاکان دەبنە ھۆی شێرپەنجە . نمونەیەکی دی شێرپەنجەی جگەرە . ئەوەی شایانی باسە لەو شوێنانەی (تەویلە) کە ئاژەڵەکان بەچکەکانیان دەبێت ژمارەیەکی زۆر لە باکتریا و ڤایرۆس کۆدەبنەوە و بە خێرایی بڵاویش دەبنەوە ، ژمارەیەک توێژەر ئاماژەی پێ دەکەن کە ئەو ڤایرۆسانە رۆل دەبینن لە تووشبوونی گۆشتەکانیان بەو ڤایرۆسانە .
گۆشت ژمارەی سووربونەوەکان زێد دەکات
توێژەران لە چەندین توێژینەوەدا ئاماژەیان پێ کردووە کە گۆشتی سوور دەبێتە ھۆی دەرکەوتنی سووربوونەوەی (inflammation) درێژخایەن لە لەشدا . ھۆکارێکی دی سووربوونەوەکان بریتییە لە کۆبوونەوەی کۆلیسترۆڵ ئەویش لە کاتی گەرمیدا خراپ دەبێت و دەبێتە ھۆی ئۆکسیدی سترۆل ..... لە تاقیگادا دەرکەوتووە کە دەبێتە ھۆی شێرپەنجە . ئەو ئۆکسیدە ی لە کۆلیسترۆلەوە دەردەچێت گومان دەکرێت ببێتە ھۆی سووربوونەوە . ھاوکات ئاماژەی پێ کراوە کە ئۆکسی سترۆل پەیوەندی بە شێرپەنجەی سییەکان ، ریخۆڵەئەستورە (کۆلۆن) و کۆمەوە ھەیە . لەم خاڵەوە دەبێت ئەو راستییە لە بیرنەکەین کە تەنھا گۆشت نییە بگرە ئۆکسیدەکان ، ساردیە شیرینەکان ، ئارد و کەرەی (مارگەرین) یاریدەدەرن و رێژەی سووربوونەوە لە لەشدا زێد دەکەن .
پرۆتینی زۆر دابەشبوونی خانەکان زێد دەکات
ئەم خاڵەش وەک ئەوانی دی کەم یان زۆر پەیوەندییان بە دروست بوونی شێرپەنجەوە ھەیە بەڵام شێوەیەکی خێرا و توورە . ڕاستە کە پرۆتین لەش دروست دەکات ، لەبەر ئەوە ھەندێک پزیشک لە کاتی چارەسەرکردنی شێرپەنجەداراندا رێژەی وەرگرتنی پرۆتینیان لە لایەن نەخۆشەکانەوە کەم کردۆتەوە بۆ ئەوەی بەراوردی بکەن لە گەڵ گۆشتی سپی دا .لە کۆتایی دا توێژەران دەبێژن کە زانستیانە ئەو ھەشت خاڵەی سەرەوە وەک تیۆری بوونیان ھەس بۆ بەستنی پەیوەندی گۆشتی سووربە شێرپەنجەوە ، بەڵام ھیوادارین دوارۆژی توێژینەوەکان بگەنە دەرئەنجامی باش و سەلماندنی تیۆرییەکان بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ و باشترکردنی تەندروستی کۆمەڵگا لە شێرپەنجە !
سەرچاوەکان
www.livsmedelsverket.se.١
www.mns.se٢.
وەرگیراوە لە ؛ تەندرووستی کورد