دەرمان و مادە سڕکەرەکان - ھۆکارەکانی ئالودەگی و شێوازەکانی خۆپاراستن و بەرەنگاربوونەوەیان
ھۆکارەکانی ئالودەگی و شێوازەکانی خۆپاراستن و بەرەنگاربوونەوەیان
ٌ
Drugs and Intoxicant Substances:
ٌReasons behind Addiction and methods of protection and Challenge
نوسینی عەتا مەلا کەریم
بەریتانیا
٢٠٠٥
ئەم کتێبە پێشکەشە بە ھەر چوار جگەرگۆشەکەم ژیار، ژینیار، ڕێنوار و ساڤیا
بەھیوای پاشەڕۆژێکی پرشنگدار بۆ ھەموو مناڵانی کوردستان
ناوەرۆک
پێشەکی
١.دەرمان و مادە سڕکەرەکان – لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ
٢.دەرمان و مادە سڕکەرەکان: جۆرەکانی و کاریگەرییەکانیان
٣. چونێتی بەرەنگاربوونەوەی دەرمان و مادە سڕکەرەکان
پێشەکی
لە مناڵییەوە وشەی وەک قات و تلیاک بەرگوێمان دەکەوت. کە شتێک کەم بوایە یان لە بازاڕدایە نەبوایە پێیان دەووت بووە بە تلیاک! چەندەھا جار گوێم لە دایکم بووە ووتویەتی: ئەو شتە قاتی بووە، دەست ناکەوێت. باشە قات و قاتی چی دەگەیەنێت؟ نە دایکم و نە من ئەو سەردەمە نەماندەزانی قات چییە، بەڵام دەمانزانی شتێکی دانسقەو گرانبەھاو دەگمەن دەگەیەنێت. کاتێک شاکاری "لانەوازان" کەوتە بەرچاو لەوێدا وەستا سابیر گیرۆدەی تلیاک بوو بوو، ھادی قاچاخچیش دابەشکەرو دابینکەری ئەو مادەیە بوو. باشە ئەو پیاوە بۆ خۆی خستۆتە ئەو بارە ناھەموارەوە؟
بەدرێژایی مێژووی نوێی شانۆو نواندنی کوردی گەلێک نمونەی دیکەش دەبینین کە کەسانێک شروبی تۆسیرام بەیەک قوم ھەڵدەقوڕێنن و ناچارن بۆ پەیداکردنی پەناببەنە بەر کاری خراپ و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێن؛ دیارە لێرەدا بواری باسکردن و شیکارکردنیان نییە. دەڵێن ھونەر ئاوێنەی کۆمەڵگایە کەواتە گەر دیاردەیەک لە کۆمەڵگادا بوونی نەبێت لە ھونەریشدا جێگای نابێتەوە.
جاروباریش لە گۆڤارو ڕۆژنامەکاندا ئاماژە بە کێشەی ئالودەگی بە دەرمان و مادە سڕکەرەکانەوە کراوە، بەڵام ئەوەندەی من ئاگادارم باسێکی تێرو تەسەل و ھەمەلایەنە لەو بارەیەوە نەکراوە ، بێجگە لە چەند وتارێکی کورت و چەند نامیلکەیەکی بچوک دەربارەی زیانەکانی جگەرەو ئەلکھول نەبێت کە زیاتر بەمەبەستی ھۆشیارکردنەوەی تەندروستی نوسراون.
باسکردنی دەرمان و مادە سڕکەرەکان مەسەلەک نییە ئێمە ئێستا دایبھێنین بەڵکو باسکردنی کێشەیەکە کە خۆی لە خۆیدا ھەیەو بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتیش، بە پلەی لێکجیاواز، ھەبووەو کێشەی ھەموو جیھانیشە کە کوردستانیش بەشێکی دانەبڕاوە لێی.
لەوانەیە کەسانێک بڵێن نەخێر: وڵاتی ئێمە شوکور ئەو کێشانەی نییەو باسکردنیشیان ڕەنگە ببێت بە پڕوپاگەندەو ڕیکڵام بۆ گەنجان! تکایە واز لەو مەسەلەیە بھێنن. بەڵام واقیعی ژیانی ڕۆژانەی گەنجەکانمان و پەردەوازە بوونی ھەزارانیان بە ھەرچوارقوژبنی جیھانداو گەڕانەوەی چەندەھایشیان بۆ ھەرێمی کوردستان کە بێگومان بەدەر نییە لە ھێنانەوەی دیاردەو خوو ھەڵسوکەوتی باش و خراپ و ھەمەجۆر پێچەوانەی ئەو مەسەلەیە دەسەلمێنێت. سەرباری ئەوەش کە ئێستا جیھان بووە بە گوندێکی بچوک و ھۆکارەکانی ڕاگەیاندن لە تەلەفیزیۆن و سەتەلایت و ئینتەرنێت و مۆبایڵ ھەموو جیھانی لە چوارچێوەی یەک تۆڕی پێکەوەگرێدراودا تەنیوە.
پێش بەجێھێشتنی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٢ دا گەلێک جار گوێم لە وشەی حەبخۆرو حەبخۆرەکان و مودمین و موعتاد و شوروبخۆر دەبوو کە بۆ خەڵکانێک بەکاردەھات و ئەوەش کە نکولی لێناکرێت مێژووی دورودرێژی جگەرەو ئەلکھولە لە کوردستاندا کە خەڵکانێکی زۆر بە ڕێژەیەکی کەم تازۆر بەکاریان دەھێنن.
دیارە کوردستان بە بەرانبەرکردن لەگەڵ ئێران و ئەفغانستان و خۆرئاوا کێشەی دەرمان و مادە سڕکەرەکانی زۆر کەمەو ئەمەش مایەی خۆشبەختییەو زوو فریاکەوتنی ئەو مەسەلەیەش بواری بەرگرتن و خۆپاراستن باشتر دەڕەخسێنێت. نەخۆشێک کە تازە گیرۆدەی دەردێک بووە زۆر ئاسانتر چارەسەر دەکرێت لە کەسێکی دیکە کە چەندەھا ساڵە بەو دەردەوە دەناڵێنێت.
بەگەیشتنم بۆ ھەندەران ھێندەی نەبرد کە لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە تەلەفونێکم بۆکرا. ئەو بەم جۆرە دوا: ژمارە تەلەفونی تۆیان داوە بەمن کە گوایە تۆ کەسێکی پەنابەریت و شارەزای زمانی ئینگلیزیت و ... ھتد منیش ڕەزامەندیم بۆ دیدارەکە نیشاندا بەبێ ئەوەی کە بزانم چییەو بەچی دەگات.
ئەو کەسە (ئاندی پرات) لێپرسراوی تیمی بەرگری لە دەرمان و مادە سڕکەرەکانی شارەکەم بوو. کاتێک دەربارەی دەرمان پرسیاری لێکردم ئەو مەسەلەیەم زۆر لەلا نامۆ بوو. ڕاست و ڕەوان ووتم من دەربارەی ئەو مەسەلە ھیچ نازانم و ئەسڵەن لە وڵاتی ئێمەدا کێشەی لەو جۆرە نییە. ئەو زۆر بەھێمنی ووتی ئێمە ھیچ کارمان بە گرتن و بردن و ڕاوەدونانی ئەو کەسانە نییە کە پەیوەندیان بە کێشەی دەرمانەوە ھەیە، ئەوە ئەرکی پۆلیسە. ئەرکی ئێمە پەروەردەو ھوشیارکردنەوەیەو بەشێوەیەکی دەوری کۆدەبینەوەو نوێنەرانی ھەموو بەشەکانی کۆمەڵگامان لەگەڵەو ئەگەر پێت خۆش بێت تۆیش دەتوانیت لەگەڵمان بەشداربیت. کورد دەڵێت شەڕ لە بەتاڵی باشترە! منیش ڕەزامەندیم نیشاندا.
دوای ئەوە بەشداری کۆبونەوەکانم کردو زانیاری باشم دەستگیر بوو دەربارەی دەرمان و مادە سڕکەرەکان. ماوەیەک لەوەدوا لەڕێگای ئەوانەوە بەشداری کۆنفرانسی یەکڕۆژەی مانچستەرم کرد دەربارەی شێوازەکانی بەرگرتن لە ئالودەگی بەدەرمان و مادە سڕکەرەکانەوەو ھەر لەوڕێگایەشەوە بەشداری کۆنفرانسی یەکڕۆژەی لەندەنم کرد کە زیاتر لە ١٠٠٠ کەس تێیدا بەشدار بوون بە نوێنەرایەتی سەرجەم نەتەوەو ئاین و ڕگەزەکانی نێو بەریتانیا لە مانگی ئایاری ٢٠٠٣ داو لەوێ چاوم بەکەسانێکی زۆر کەوت و نمونەی چەندەھا دەرمانم بەچاوی خۆم بینی کە بۆ نمایش دانرابوون، یەکێک لەوانە قات بوو!
لەلایەکەوە بەھۆی کاریگەری تیمی بەرگری لە دەرمان و مادەسڕکەرەکانەوەو لەلایەکی تریشەوە بەھۆی بابەتی خوێندنەکەمەوە کە تایبەتە بە کریمینۆڵۆجی واتە تاوانناسی، خولیای قوڵبونەوەی زیاتر لەو مەسەلەیەدا لەلام چەکەرەی کرد و کۆرسێکی تایبەتم وەرگرت بەناوی " ھوشیاربوونەوە لە مەترسییەکانی دەرمان و پراکتیزەکردنیان" وە لە ئەنجامدا بڕوانامەی NCFE in Drug Awareness Studies and Their Applications وەرگرت و مەسەلەی نامیلکەیەکی کوردیم لەگەڵ لێپرسراوی کۆرسەکە (پیتەر بروکس) باسکرد. ئەو یەکەمجار زۆر زۆری پێخۆش بوو وە ووتی کە پڕۆژەیەکی لەوبابەتە بەدەستەوەیە بۆ وەرگێڕانی ئەو کۆرسە بۆ گەلێک زمان ئەگەر تۆیش کوردی بھێنیتە نێو ئەو پڕۆژەیەوە ئەوە مایەی خۆشحاڵی ئێمەیە.دوای ئەوە بە ماوەیەک پێی ڕاگەیاندم کە بەداخەوە کۆلێج ڕازینەبون کە ئەو کۆرسە وەربگێڕرێت بۆ زمانی ئۆردوو گوجاراتی چونکە خەڵکی پاکستان و ھیندستان لێرە گەنجەکانیان ھەموو ئینگلیزی دەزانن و وەرگێڕانی بۆ ئەو زمانانە پێویست ناکات. ھەرچی کوردیشە دەمێنێتەوە سەر خۆت بەڵام کۆلێج ئامادە نییە ھیچ کۆمەکێکت بکات.
ئەو مەسەلەیە بەو جۆرە مایەوە تا پەیوەندیم کرد بە کاک ئەکرەم قەرەداخییەوە لە سلێمانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم (لە ڕێگای ئومێدی برازامەوە) کاک ئەکرەم زۆر بە ڕێزەوە پێشوازی لەو مەسەلەیە کردو من لێرەدا بەپێویستی دەزانم کە سوپاسی ئەو ھاندانەی بکەم چونکە بەبێ ئەو ھاندانەی ئەو باوەڕناکەم دەستم بچوایە ئەو کارەو ئەم خزمەتە بچوکەم پێشکەش بە گەلەکەم بکردایە.
دوای بەرانبەر کردنی دەیان کتێب و نامیلکەو چەندەھا ماڵپەڕی ئینتەرنێت و پەیوەندی ئەلەکترۆنی E-mail بە چەندەھا لایەنی بەرگریکردن لە دەرمان و مادە سڕکەرەکانەوە لە بەریتانیاو ئەوروپاو ئەمریکا، گەیشتمە ئەو ڕاستییەی کە ئەوان دوای ئەزمونی چەندەھا ساڵە گەیشتونەتە ئەو ئاستەی کە ئێستا تێیدان و وەرگێڕانی ئەو کۆرسە یان ھەرکتێبێکی دیکە کە لە بەریتانیا یان خۆرئاوا نوسراوە بە تەنھاو وەکو خۆی بۆ کوردیی ناتوانێت وەڵامدەرەوە بێت بە کێشەی خوێنەری کورد. کتێب و نوسراوەکانی ئەوان ھەریەکەیان لایەنێکی مەسەلەکە شیکاردەکات و ناکرێت ھەمویشیان وا بە زوویی وەربگێڕرێن.
لەئەنجامدا گەیشتمە ئەو ڕاستییەی کە بە کەڵک وەرگرتن لەھەموو ئەو سەرچاوەو خەزنە پڕ زانیاریانە خۆم نامیلکەیەک ئامادەبکەم کە ھەتا بکرێت گشتگیرو ھەمەلایەنە بێت و لەگەڵ واقیعی کۆمەڵگای کوردەواریدا کۆک بێت و وەڵامدەرەوەبێت بە پرسیارو گرێکانی نێو ھزری گەنجانی کوردستان.
ھیوادارم ئەم ھەوڵە بچوکەی من ببێتە ھەنگاوێک لەو ڕێگا دوورو درێژو سەختەداو بتوانێت بەردێک بێت لە دیواری پۆڵاینی بەرگری تەندروستی گەنجەکانماندا تا ئەوکاتەی کە بەتەواوی بەرنامەیەکی ستراتیژی فراوان دادەڕێژرێت بۆ بەگژاچونەوەی دیاردە و دەردە کۆمەڵایەتییە کۆن و نوێکان.
عەتا مەلاکەریم
بەریتانیا
١٣-٦-٢٠٠٥
parsendow@hotmail.com
١. دەرمان و مادە سڕکەرەکان – لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ
دەرمان و مادە سڕکەرەکان چین؟
کاریگەری دەرمان و مادە سڕکەرەکان لەسەر مرۆڤ چیە ؟
بۆچی خەڵک دەرمان و مادە سڕکەرەکان بەکاردەھێنن؟
مێژووی بەکارھێنانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان
یاسای نێو دەوڵەتی و دەوڵەتان لەمەڕ دەرمان و مادە سڕکەرەکان
دەرمان و مادە سڕکەرەکان چین؟
وشەی دەرمان لەبنەڕەتدا بۆ ھەموو ئەو مادە و پێکھاتە کیمیاویانە بەکارھاتووە کە بە شێوەیەک یان زیاتر کاریگەری بایۆلۆژی و سایکۆلۆّّّژی جێدەھێڵن لەسەر لەشێکی زیندوو کاتێک بەشێوەیەک لە شێوەکان دەچنە نێو ئەو لەشەوە. بەگوێرەی ئەم پێناسەیە دەرمان ھەموو ئەو مادانە دەگرێتەوە کە بەدرێژایی مێژوو مرۆڤ بۆ کەمکردنەوەی ئازارو چارەسەری دەردەکانی، یان بۆ لەناو بردنی نەیارەکانی (ژەھر) بەکاری ھێناون؛ جا ئیتر لە کۆمەڵێک گژوگیای کوتراو دروستی کردبن یاخود لە تاقیگەیەکی کیمیاوی مۆدێرندا ئامادەکرابن.
دەرمان Drug یان Drugs لە زمانی ئینگلیزی و کۆمەڵگای ھاوچەرخی ئینگلیزیدا ئەمڕۆ یەکسەر و بێچەندوچون ئەو مادانە دەگرێتەوە کە دەبنە ھۆی گۆڕینی شێوازی ئاسایی کارکردنی مێشک و لەش یان ھەردوکیان پێکەوە١ . بەم جۆرە ھەرجۆرە باسکردنێکی دەرمان واتای ئەو دەرمانانە دەگەیەنێت کە بەکارھێنانیان بەشێوەیەک یان زیاتر کار لە شێوەی کارکردنی ئاسایی لەش و مێشک دەکات، ئیتر بەکارھێنانیان یاسایی بێت وەک ئەلکھول و جگەرە یان نایاسایی بێت وەک ھەموو دەرمان و مادە سڕکەرەکانی دیکە. ئەگەرچی زۆر کەس وشەی دەرمانە نایاساییەکان Illegal Drugs بەکاردەھێنێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی وشەی Drug ئەو واتایە دەدات بەدەستەوە.
لەزمانی کوردیدا وشەی دەرمان بە تەنھا زیاتر مانا پزیشکییەکەی دەگەیەنێت واتە ئەو مادانەی کە حەکیم و دوکتۆر بۆ چارەسەری نەخۆش ئامادەی دەکەن یان بەکاریدەھێنن، بەڵام دەستەواژەی "دەرمان و مادە سڕکەرەکان" پڕاوپڕ مانای Drugs دەبەخشێت بەپێی مانا ئینگلیزییەکەی. پێدەچێت لە پاشەڕۆژدا ئەم ناوە کورتببێتەوەو تەنھا وشەی دەرمان مەبەستەکە بدات بەدەستەوە، بەڵام بۆ مەبەستی ئەم کتێبە دەستەواژەی دەرمان و مادە سڕکەرەکان بەکاردەھێنم بۆ دوورکەوتنەوە لە لێڵی و تەمومژ.
دەرمان و مادەسڕکەرەکان ، دەکرێت بوترێت، لە چا و قاوەوە دەست پێدەکەن و بە ئەلکھول و جگەرەدا تێدەپەڕن تا دەگەنە ھیرۆین و ئەفیون و کراک کۆکاین و ھتد... بەم شێوەیە بۆمان ڕووندەبێتەوە کە دەرمان و مادە سڕکەرەکان بۆمبێکی شاراوە نین و خویەکی تایبەت بە دەستەیەکی تایبەتی کۆمەڵگا نین بەڵکو بە شێوەیەک یان زیاتر سەردەکەن بە ھەموو ماڵێکداو ھیچ کۆمەڵگایەک لێیان بەدەر نییە، پێشکەوتو بێت یان دواکەوتو.
بێگومان ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە بوترێت: کەوابێت دەرمان و مادە سڕکەرەکان زۆر ئاسایین و بەشێکن لە ژیانی ڕۆژانەمان یاخود وا تێبگەین کە ھەموویان وەک یەکن. بەڵکو بە پێچەوانەوە جیاوازییەکی گەورە ھەیە لەنێوانیانداو، وەک دواتر ڕوونی دەکەمەوە، دابەش دەبن بەسەر چەندەھا گروپ و پلەی مەترسی جیاجیادا.
کاریگەری دەرمان و مادە سڕکەرەکان لەسەر مرۆڤ چیە ؟
دەرمان و مادە سڕکەرەکان بەپلەی یەکەم دەبنە ھۆی ئەوەی مرۆڤ خویان پێوەبگرێت و نەتوانێت بە ئاسانی دەستبەرداریان ببێت. ئەمەش چەندەھا کێشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی بەدوادا دێت و لە سەریەشەو بێتاقەتیەکی بچوکەوە بیگرە تا دەگاتە دزی و ئەنجامدانی تاوان و لە ھەندێک باریشدا پەککەوتەیی و تەنانەت مردنی ئەو کەسەش لەئەنجامی زیادە بەکارھێنانەوە یان توشبونیەوە بە چەندەھا نەخۆشیی کوژەری وەک شێرپەنجەو نەخۆشییەکانی دڵ و مێشک.
ئەو کەسانەی کە جۆرێک یان چەند جۆرێک لە دەرمان و مادە سڕکەرەکان بەکاردەھێنن لەسەری ڕادێن و بەردەوام حەز بەبەکارھێنانی زیاتری ئەو مادانە دەکەن بۆ ئەوەی ھەست بکەن ئاسایین. ئەم دیاردەیە لە پلە سەرەتاییەکانیدا پێیدەڵێن خوگرتن یان خوگری و تاڕادەیەک بە ئاسایی دادەنرێت.
خوگری دەکرێت بە چالاکی و ھەڵسوکەوتی دیکەشەوە بێت وەک قومار، دۆمینە، تاوڵە، گوێگرتن لە ھەواڵ و کۆمپیوتەرو ئینتەرنێت و یارییە ئەلەکترۆنییەکان، یان بە خواردنی جۆرە خواردنێکی تایبەتەوە وەک گوڵەبەڕۆژەو چەرەس و زۆرخۆری.
کاتێک خوگری گەیشتە ڕادەیەکی ئەوتۆ کە ئەو کەسە بەبێ ئەو دەرمانە یان مادەیە ھەڵنەکات و لە کاتی لێبڕان یان لێکشانەوەیدا بەتەواوی باری ژیانی تێکچوو ھەستی بە بارێکی ناھەموارکرد و دەرمان و مادە سڕکەرەکە بووە کێشەی سەرەکی و مەبەستی بنچینەیی ژیانی، ئەوا پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە کە بە ئینگلیزی پێی دەڵێن Addicted و بە عەرەبی پێیدەڵێن "مدمن" و بە فارسی پێیدەڵێن "موعتاد" بەکوردیش من وشەی "ئالودەگی" م بۆ داناوە. ئالودەگی واتە ئەو کەسە بەجۆرێک ئالودەی ئەو شتە بووە کە وازھێنانی سەختە، بەڵام نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت کە ئەستەم نییە. زۆر کەس بەسەرکەوتویی واز لەو مادانە دەھێنن، ئەگەرچی زۆر کەسی دیکەش تێھەڵدەچنەوە. کەسانێک کە ساڵەھایە وازیان لە ھیرۆین ھێناوە، ڕەنگە ھێشتا کاریگەرییەکەی ھەر لە بەشی پشتەوەی ھەستەکانیاندا خۆی مەڵاس دابێت و چاوەڕوانی نەھامەتی و کۆستێکی ئەو کەسە بن کە بەرەو لایان ھەڵبخلیسکێتەوە.٢
ئەو کەسەی کە دەست لە دەرمان و مادە سڕکەرەکان ھەڵدەگرێت و لەپڕ لێیان دەکشێتەوە ھەست بە بارێکی دەرونی و جەستەیی ناخۆش دەکات کە پێی دەڵێن پاشەکشێ یان کشانەوە Withdrawal ئەمەش بەپێی جۆری دەرمانەکەو ڕادەی ئالودەگی کەسەکە و کەسایەتییەکەی دەگۆڕێت. ئەم بارە ئێستا لەڕێگای کۆمەکی پزیشکییەوە چارەسەردەکرێت.
لەکۆمەڵگای کوردەواری خۆماندا چەندەھا کەس بەبێ ھیچ جۆرە کۆمەک و چارەسەرێکی پزیشکی وازیان لە جگەرە کێشان ھێناوە، کە دیارە نیکۆتین یەکێکە لە مادە ئالودەگییە ھەرە بەھێزەکان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئیرادەی پۆڵاینی تاکەکەس کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە.
ئەوکەسەی کە دەرمان و مادە سڕکەرەکان بەکاردەھێنێت ھەمیشە لەشی داوای زیاتری لێدەکات بۆ ئەوەی ھەست بکات ئاساییە. واتە لەشی ئەو کەسە ڕۆژ بە ڕۆژ لەگەڵ ئەو دەرمانە ڕادێت و بۆئەوەی ئەو کاریگەرییەی جارانی ھەبێت پێویستی بە ڕادەیەکی زیاترە لەو مادەیە. ئەمەش جارێکی دیکە بەپێی جۆری دەرمانەکەو ڕادەی زۆرو کەم بەکارھێنانی دەگۆڕێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە. ئەم بارە پێی دەڵێن ڕاھاتن یان قبوڵکردن Tolerance.
پێدەچێت کەسێک بڵێت: باشە باپیرم ٧٠ ساڵە جگەرە دەکێشێت و ھیچیشی لێنەھاتووە! یان فڵانە کەس ئەوەتەی ھەیە ئەلکھول دەخواتەوەو تەندروستیشی زۆر باشە! ئەمانە زۆر جار ڕاستن و ھۆکەشی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی نێوان تەندروستی کەسەکان، ھۆکاری دەوروبەر و شێوازی قبوڵکردنی لەشی ئەو کەسە بۆ ئەو مادەیەو ڕاھاتنی لەسەری و ھەروەھا شێوازی بەکارھێنانی مادەکە؛ تا چ ڕادەیەک کۆنترۆڵی ھەبووە بەسەر خۆیدا و مادەکە کۆنترۆڵی نەکردووە بەسەریدا. بەڵام نابێت ئەو ڕاستییەمان لەبیر بچێت کە یەک بەیەکی دەرمان و مادە سڕکەرەکان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی زانستی و کۆکردنەوەی زانیاری و ئامارو داتاوە پلەی مەترسییان بۆ دانراوەو ئامۆژگاری خەڵک کراوە کە بەکاریان نەھێنن یان بەپێی یاسا قەدەغەکراون. ئەم لێکۆڵینەوەو توێژینەوە زانستییانە ھەردەم بەردەوامن و ڕۆژانە ئەنجامی نوێ دەدەن بەدەستەوە. نوێترین دەرەنجام لەسەر زیانەکانی ئەلکھول و جگەرەیە کە لە ھەموو جیھان و بەتایبەتی لە خۆرئاوا بە زۆری بەکاردێن و بەشێکن لەژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان کەس.
بەکارھێنانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان دەبێتە ھۆی گەلێک کێشەو تەنگوچەڵەمەی کەسێتی و خێزانی و کۆمەڵایەتی کە کاریگەری ئەدگاری و تەندروستی و ئابوری گەورەی لێدەکەوێتەوە. لێکۆڵینەوەکان لەسەر ھەڵسوکەوتی بەکارھێنەران لە بەریتانیا تێبینی ئەم خاڵانەیان کردووە:
شەڕەنگێزی: بەکارھێنەران بەزۆری توندوتیژو شەڕەنگێزن و بە ڕێژەیەکی بەرز لە کاری توندوتیژی و تاوانەوە دەگلێن.
ئاژاوەی ناوماڵ: بەکارھێنەران ڕێژەیەکی بەرزی ئاژاوەی ناوماڵیان ھەیە و ڕێژەی تەڵاق و دەستلێکبەردان لەنێوانیاندا زۆر بەرزە.
تێچونی تەندروستی: بەکارھێنەران کۆڵێکی قورسن بەسەر خێزان و کۆمەڵگاوە بەھۆی تێچونی کێشە تەندروستییەکانیانەوە کە بەھۆی دەرمانەوە لە ئاستێکی بەرزدایە.
کارنەکردن: ڕێژەی بێکاران لەنێو بەکارھێنەراندا زۆر بەرزەو کەمتر ھەلی کارکردنیان بۆ ھەڵدەکەوێت بەھۆی نەگونجانی مەرجەکانی کارو ڕەفتارو ھەڵسوکەوت و شێوازی ژیانی ئالودەبوانەوە.
تێچونە ماڵییەکان: بەکارھێنەران ھەردەم بارێکی قورسی ماڵین بەسەر خۆیان و خێزانەکانیان و کۆمەڵگاو دەوڵەتەوە.
تاوانی زیاتر: بەکارھێنانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان واتا تاوانی زیاتر.
مناڵ: بەکارھێنەران ناتوانن بەباشی مناڵەکانیان پەروەردە بکەن و زۆربەی جار خراپ مامەڵە لەگەڵ مناڵەکانیان دەکەن و لەئەنجامدا وەک نمونەی خراپ دێنە نێو کۆمەڵگاو بەزۆریی ئەوانیش ئالودە دەبن.
قەرەباڵخبوونی گرتوخانەکان: بەکارھێنەران ڕێژەیەکی بەرزی زیندانییەکان پێکدەھێنن.٣
بەکارھێنەرانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان زۆر شێوەو شێوازیان ھەیە کە لەگەڵ شێوازی خەڵکی ئاساییدا جیاوازە، ئەمەش وا لە زۆر کەس دەکات کە فەرمانی ئەوە بدەن کە ھەموو ئەوکەسانە بە ئاسانی جیادەکەنەوە. لە ڕاستیدا ئەگەر بەو جۆرە بیر بکەینەوە ڕەنگە بکەوینە ھەڵەی گەورەوە. نیشانەی جەستەیی و ئەدگاری زۆر جار بەڵگەیە بەڵام زۆرجاری دیکەش فریودەرن؛ چەندەھا کێشەی ئابوری و تەندروستی و سایکۆلۆژی و کولتوری کار لە مرۆڤەکان و چونێتی ھەڵسوکەوت و گرنگیدان یان نەدانیان دەکات بە جلوبەرگ و شێوازی دەرەوەو ڕادەی گرنگیدان یان نەدانیان بە سیمای خۆیان. لەبەر ئەو ھۆیانە دەبێت زۆر ووریا بین لە بڕیاردانماندا بەسەر خەڵکیداو ھەڵەشە نەبین.
بەشێوەیەکی گشتی ئەم نیشانەو سیما دەرەکی و ھەڵسوکەوتییانە لە بەکارھێنەراندا ڕەچاوکراوە:
• مەزاجیان بەزۆری بەرزو نزم و ھەڵبەزو دابەز دەکات و لەوپەڕی خۆشی و شادییەوە دەفڕێت بۆ ئەوپەڕی پەستی و بێتاقەتی و بەپێچەوانەشەوە.
• بەزۆری لە چونە سەرکارو خوێندنگاو زانکۆو ھتد... دوادەکەون.
• ڕێژەی بزربوونیان لە کار یان خوێندن ھتد... بەرزە.
• بەشێوەیەکی بەردەوام پارە قەرز دەکەن.
• مناڵ و گەنجان پێدەچێت پارە لە دایک و باوک و کەس و کارو ھاوڕێکانیان بدزن.
• بەزۆری ئارەزوی خواردنیان کەمە و کێشیان دادەبەزێت.
• مێشکیان جەنجاڵەو ناتوانن چەقببەستنە (ترکیز) سەر خاڵێکی دیاریکراو .
• شێوەی جلوبەرگیان ناقۆڵاو پیسوپۆخڵ و نەگونجاوە لەگەڵ ئارەزوی گشتی.
• بەزۆری پیاوان سەروڕیشیان ھاتووەو گرنگی نادەن بە شێوەی دەرەکییان.
• کاتێکی زۆر لەدەرەوەی ماڵ بەسەردەبەن.
• ماوەی زۆر دەخەون، بەتایبەتی دوای بەسەربردنی ماوەیەکی زۆر لەدەرەوەی ماڵ.
• چەقۆو کەوچک و شتی لەوبابەتانەیان لەلایە کە ڕەنگیان گۆڕاوە پێدەچێت بۆ مەبەستی دەرمان بەکارھاتبن.
• پێدەچێت سرنج و دەرزی بۆ ئەو مەبەستە بەکاربێن.
بەڵام ھەروەک پێشتر باسم کرد، ئەم نیشانانە مەرجی سەرەکی نین و نەبونیشیان جارێکی دیکە مەرجی خاوێنی ناگەیەنێت لە بەکارھێنانی ئەو مادانە. چونکە کەسانێک کە باری مادییان یان پلەو پایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیان یان ھەموویان پێکەوە چەندەھا نەنگی و ڕەفتاری خراپیان بۆ حەشاردەدات دەتوانێت لە نیشانە دەرەکییەکانی بەکارھێنانی ئەم مادانەش بیانپارێزێت؛ بەڵام دیارە لە ئەنجامی زۆر بەکارھێنان و بەردەوامییەوە ناتوانن خۆیان لە ئاسەوارە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکانی بپارێزن و ھەر دەردەکەون.
بۆچی خەڵک دەرمان و مادە سڕکەرەکان بەکاردەھێنن؟
"وا خەمڵێنراوە کە ٣% ی دانیشتوانی گۆی زەوی، یان ١٨٥ ملیۆن کەس دەرمان و مادە سڕکەرەکان ساڵانە بەکاردەھێنن. لەنێو ئەوانەدا خەڵکی نزیکەی ھەموو وڵاتەکانی جیھان و ھەموو بوارەکانی ژیانی تێدایە . ژمارەیەکی دیکەی لەھەژمارنەھاتوویش، لەسەرتاسەری جیھاندا سەرقاڵی بەرھەمھێنان و قاچاخچێتین بە دەرمان و مادە سڕکەرەکانەوە و کەسانێکی زیاتریش بەدەست کێشە کۆمەڵایەتی و ئاسەوارە ئابورییەکانی ئەم بازرگانییەوە دەناڵێنن. ئەم خەڵکە لە وڵاتە پێشکەوتوو گەشەکردووەکانیش دەژین، ھەژارو دەوڵەمەند، تەندروست باش و نەخۆش، ھاوڵاتی و پەنابەر دەگرنەوە. کەوابێت دیاردەی دەرمان و مادە سڕکەرەکان دیاردەیەکی جیدیی و واقیعی ھەموو گۆی زەوییە." ٤
مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتی دەکرێن بە سێ بەشەوە لە پەیوەندییان بە دەرمان و مادە سڕکەرەکانەوە:
یەکەم؛ یان بەھیچ جۆرێک دەرمان و مادە سڕکەرەکان بەکارناھێنن یان ئەوەندە کەم و دووراودوور بەکاریان دەھێنن کە ھیچ کاریگەرییەکی نییە لەسەر ڕەوتی ژیانیان؛ ئەم کەم بەکارھێنانە ھەموو جۆرەکان ناگرێتەوە. ئەم جۆرە ئەو گەنجانەش دەگرێتەوە کە بۆ تاقیکردنەوەو بەسەیرو سەمەرەزانینی شتی نوێ جارێک ئەو مادانەیان بەکارھێناوە! ئەم جۆرە کارە بۆ گەنجان زۆر مەترسیدارە چونکە بەھۆی نەشارەزای و نەناسینی ئەو مادانەوە پێدەچێت تووشی کارەساتی کوژەر ببن؛ ھەندێک مادە بۆی ھەیە لە ماوەیەکی کەمدا مرۆڤێک بکوژێت ئەگەر بە ڕێژەیەکی بەرز بەکاربێت. لەلایەکی دیکەوە چونکە ئەو مادانە گرانبەھاو دانسقەن زۆر کەم وەک خۆیان دەفرۆشرێن و قاچاخچی و فرۆشیارەکانیان مادەی دیکەیان تێکەڵدەکەن بۆ ئەوەی کێشی زیادبکات؛ ئەو مادانە زۆرجار مەترسییان لە دەرمانە ئەسڵییەکە زیاترە.
دووەم؛ ئەمانە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە مادەکان دەناسن و شارەزای مەترسییەکان ھەن بەڵام تەنھا لە بۆنەو ئاھەنگەکاندا و بە ڕێژەیەکی دیاریکراوو کۆنترۆڵکراو بەکاریدەھێنن؛ ئەم جۆرە بەکارھێنانە بۆ ھەندێک مادە مەترسی کەمترە وەک ئەلکھول، بەڵام بۆ زۆربەی ئەوانی دیکە ھیچ ڕێنوماییەک نییە بۆ بەکارھێنانیان بە جگەرەشەوە.
سێیەم؛ ئەوانەی کە ئالودەی دەرمان و مادەسڕکەرەکان بوون و بەردەوام لەلایەنی جەستەیی و سایکۆلۆژیەوە ناچارن بەکاریان بھێنن؛ شایانی باسە ھەموو ئەمانە پەشێمان و کوڵۆڵ و دەستەوسانن و شایانی چارەسەرو پشتگیری پزیشکیین و بە نەخۆش دادەنرێن.
خەڵک دەرمان و مادە سڕکەرەکان بۆ گەلێک مەبەستی جیاجیا بەکاردەھێنن. ھۆکارەکان ئەوەندەی جۆرەکانی زۆرو ھەمە چەشنن. ھەندێک کەس خودەدەنە دەرمان و مادە سڕکەرەکان بۆ ئەوەی متمانە بە خۆیان پەیدا بکەن و شەرمن نەبن یان بەسەر ھەستی خۆبەکەمزانیندا زاڵببن . زۆر لە گەنجان وا دەزانن بە جگەرە کێشان و ئەلکھول خواردنەوەو بەکارھێنانی جۆرەکانی دیکەی دەرمان گەورەو پێگەیشتوو دیار دەبن و وەک کورد دەڵێت دەبن بە پیاو! لێرەدا کۆمەڵگا ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەیە لە فێرکردنی گەنجاندا وەک نمونەو چاولێکەری.
لە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکاندا ئەلکھول بەشێکە لە ڕێوڕەسمی ئاینیی و کۆمەڵایەتی و ژیانی ڕۆژانە، مناڵەکان ھەموو فێردەکرێن کە نابێت تا تەمەنێکی دیاریکراو ئەو مادانە بەکار بھێنن وەک ئەلکھول و جگەرە کە بۆ گەورە یاسایی و ئاسایین. ھەربۆیە مناڵ و مێردمناڵەکان چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەن کە یاسا ڕێگایان پێدەدات بەکاریان بھێنن یان ھەلێکی نایاساییان بۆ ھەڵدەکەوێت و دەستی دەدەنێ؛ ئەم بارە زۆر باوەو کێشەیەکی سەرەکی ئەمڕۆی ئەو کۆمەڵگایانەیە.
لە کۆمەڵگا خۆرھەڵاتییەکانیشدا جگەرە بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانەی ژمارەیەکی زۆر خەڵک. مناڵەکان یان ئامۆژگاری دەکرێن یان بە ھەڕەشەو گوڕەشە دەتۆقێنرێن دژی جگەرەکێشان، ئەنجامەکەشی لە زۆرترین باردا بە خراپ دەشکێتەوەو ئەوانیش بەھەمان شێوە چاوەڕوانی ئەو ھەلەن کە لە کۆنترۆڵی گەورەکان قوتاریان ببێت و وا ھەست بکەن کە خۆیان گەورەن.
ئەوانەی کە دەرمان و مادە سڕکەرەکان بەکاردەھێنن ھەر نەبێت بۆ ماوەیەک شادومان و چالاک دیارن لە بارەی کۆمەڵایتییەوەو سەرنجی کەسانی دەوروبەر بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن، یان وەک کورد دەڵێت ھاوەڵ بۆ خۆیان پەیدا دەکەن. ئەم دیاردەیە بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا زۆ برەوی ھەیەو زۆر گەنج واھەست دەکەن کە ئەگەر وەک ھاوەڵەکانیان نەکەن ئەوا لاوازو لاکەوتە سەیر دەکرێن و لە باشترین باردا تەنیاو تەریک دەمێننەوەو ئەوان ھاوڕێیەتییان ناکەن. ٥
کەمی زانیاری و بەھەڵە وەرگرتنی مەسەلەکە ھۆکارێکی دیکەی ئالودەبوونە. زۆر کەس دەڵێن دەرمان و مادە سڕکەرەکان تەنیا تلیاکەو کەسیشیان نە تلیاکیان بینیوەو نەدەشزانن ڕەنگی چۆنە. لەم بارەدا زۆر بەلایانەوە ئاساییە کە حەبی ڤالیۆم و ئەتیڤان بخۆن یان ئەلکھول بخۆنەوەو جگەرە بکێشن. کەسانێکی دیکە ڕەنگە بڵێن عارەق خراپە بەڵام جۆرەکانی دیکە قەیناکات. خەڵکانێکی زۆر لەو باوەڕەدان کە نێرگەلە نیکۆتین دەگێڕێتەوەو ئەو دوکەڵەی کە ھەڵیدەمژن نیکۆتینی تێدا نییە یان ئەو توتنە تایبەتەی کە بۆ نێرگەلە بەکاردێت بێزیانە. ئەمانەو چەندەھا زانیاری ھەڵەی دیکە کە لەشوێنی خۆیاندا یەک بەیەک ڕونیان دەکەمەوە.
دابونەریتی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی گەورەو بەرچاوی ھەیە لەم مەسەلەیەداو ئەوەی کە لەلای کۆمەڵگایەک زۆر خراپ و نەفرەت لێکراوە بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگایەکی دیکە. لە وڵاتانی خۆرئاوادا لە کۆنەوە خەڵکی لەسەر خواردنەوەی ئەلکھول ڕاھاتون و جگەرەیان کێشاوەو چاو قاوەیان خواردۆتەوە، نەوە لە دوای نەوە لەسەر ئەوە ڕاھاتون و بچوک لە گەورەوە فێربووە. لە ھەندێک وڵاتی وەک ئەفغانستان و ئێران و میسردا ئەو داب و نەریتە پێدەچێت بۆ حەشیش و تلیاک و ئەفیون ڕاست بێت بەڵام زۆربەی خەڵک ئەلکھول بە حەرام و نەفرەت لێکراو دەزانن. لە یەمەن خواردنی قات وەک گوڵەبەڕۆژە وایە بەڵام ئەلکھول حەرامە. لە ھەندێک وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا گیای کۆکا کە سەرچاوەی کۆکاینە وەک چاو قاوە بەکار دێت. پەیڕەویکەرانی ئاینی ڕاستافاریان Rastafarian کێشانی کانەبیس بە ئەرکێکی ئاینی دەزانن، ئەم دابو نەریتە ئاینییە لەلای ھیندۆسەکانیش ھەربەوجۆرەیە لە بۆنەو ئاھەنگەکانیاندا. لە ھەرێمی کوردستاندا جگەرەو چا دوو دیاردەی کۆمەڵایەتی نەک ھەر قبوڵکراوو ئاسایی بوون بەڵکو گەلێک جار ئەو کەسەی کە چاناخواتەوە وەک کەسێکی ناکۆمەڵایەتی و نامۆ چاوی لێکراوە، بەتایبەتی لە لادێکاندا. بەڵام ئێستاکە ھەڵوێست بەرانبەر جگەرە گۆڕانکاری باشی بەسەردا ھاتووەو دێت.
بەکارھێنانی دەرمان وەک بەھێزکەرو چالاککەر لەلای وەرزشەوانەکان بەتایبەتی ئەوانەی کە یاری جوانی لەش ئەنجامدەدەن زۆر برەوی ھەیە. ھەندێک دەرمان لەوانەیە بەشێوەیەکی کاتی بەشێک لەو ئەنجامانە بدات بەدەستەوە، بەڵام لە ماوەی دورودرێژداو بە ڕێژەی زۆرو بەبێ سەرپەرشتی پزیشکی پسپۆڕ مەترسییەکانی زۆر لە دەسکەوتەکانی زۆرترو گەورەترن و ئالودەکەرن.
لە وڵاتانی خۆرھەڵاتدا ئەوەی کە پێی دەوترێت پێشکەوتن و خۆرئاوایانە بوون کاریگەری خۆی ھەیە لەسەر خواردنەوەی ئەلکھول؛ خواردنەوە وەک دیاردەیەکی پێشکەوتوو شارستانی چاوی لێدەکرێت لەلای زۆر لە گەنجان و ھۆکارێکی یاخیبونیشە بەرانبەر کۆمەڵگا خۆرھەڵاتی و تا ڕادەیەکیش ئیسلامییەکان کە خواردنەوەی ئەلکھول حەرام و نەفرەت لێکراوە.
زۆر کەس لەو باوەڕەدایە کە ئەگەر خواردنەوەی ئەلکھول خراپ بوایە کۆمەڵگا خۆرئاواییە پێشکەوتووەکان ئەوەندە تامەزرۆی نەدەبون. من گەلێک جار بیستومە کە دەڵێن ویسکی ڕەنگ جوان دەکات و گەرمت دەکاتەوە، بیرە قەڵەوت دەکات و ھتد... خواردنەوەو جگەرکێشان خەم و خەفەت بەبادەدا!
میدیاش چ ناوخۆیی بێت چ جیھانیی کاریگەری خۆی ھەیەو بە ھەزاران کەناڵی تەلەفیزیۆنی و ماڵپەڕی ئینتەرنێت پڕوپاگەندە بۆ خواردنەوەی ئەلکھول و جگەرە کێشان دەکەن و لەگەڵ ژیانی پڕئەندێشەو خەوو خەیاڵی سێکس و ڕابواردندا پێکیانەوە گرێدەدەنەوەو جیھانێک دەخولقێنن کە لەسەر ئەم گۆی زەوییە بەو شێوەیە بونی نەبێت و وایش نیشانی بینەر، بەتایبەتی گەنجان، دەدەن کە ئەو ھەموو خۆشییە بەرھەمی ئەلکھول و جگەرەیە کە ھەردووکیان ئالودەکەرن.
میدیای ناوخۆ پێدەچێت کاریگەرییەکی زیاتر ڕاستەوخۆو باوەڕپێکراوانەی ھەبێت و زیاتر کار لە ژمارەیەکی ھەرچی زیاتری گەنجان بکات. بۆ نمونە، ڕزگارکردنی دوو گەنج لە شروب خۆری و دەرمان خۆری و بردنیان بەرەو سەنتەری چالاکی گەنجان وەک دووبارە ڕاھێنانەوەو چارەسەرکردن لە زنجیرە تەلەفیزیۆنی خۆرنەوازاندا خاڵێکی زۆر پۆزەتیف بوو، بەڵام بەرز نرخاندنی خواردنەوەی ئەلکھول و ئەلکھول خۆرەکان وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ دیاردە کۆمەڵایەتییە کۆن و گەندەڵەکان لە زنجیرەی وەستا جومعەدا خاڵێکی نێگەتیفە لە ڕوانگەی دیدگای ئەمڕۆی جیھانەوە بۆ ئەلکھول.
ئەدەبی کلاسیکی کوردی و زۆر لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان پڕن لە پیاھەڵنان بە شەراب و خواردنەوەی شەرابدا. من بە تەواوی نازانم ھۆکارەکەی چییەو ئەوە جێدەھێڵم بۆ شارەزایانی ئەدەب، بەڵام باوەڕیش ناکەم کاریگەرییەکی خراپی ھەبووبێت لەسەر کۆمەڵگاکە لەبەر ئەوەی باسکردنی شەراب لەلایەن مەلا نالی خاکوخۆڵەوە ھەروەک باسکردنی دڵداری و ژوانەکان وایەو زیاتر شاعیرانەن!
مەسەلەی خواست و خستنەڕو ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لە جیاوازی نێوان خواردنەوەو بەکارھێنانی دەرمان و مادە سڕکەرەکاندا لە سەردەمە مێژووییە جیاوازەکاندا. ئێستا دەستکەوتنی، دەتوانین بڵێین ھەموو شتێک، تاڕادەیەکی زۆر ئاسانەو لە زۆرترین باریشدا لەبەردەستدایە، بەڵام لەکۆندا ئەو مەسەلانە زیاتر تایبەت بوون بە دەسەڵاتداران و دەوڵەمەندان و پاشاو دارودەستەکانیان، خەڵکی ئاسایی زیاتر گۆرانی بەباڵایاندا ھەڵناوە وەک جیھانێکی پڕئەندێشەو پڕ لە خۆشی و کامەرانی.
جەیمس باربەر لەسەر دیاردەی ئالودەگی لە خۆرئاوا بەم جۆرە دەدوێت:
"لێڤاین (١٩٧٨) پێمان دەڵێت کە بەر لە سەدەی ھەژدەھەم مەسەلەی ئالودەگی یان نەبووە یان زۆر کەمبووە. فەلسەفەی زاڵ لەو سەردەمەدا ئەوە بووە کە مرۆڤ، بەپێچەوانەی ئاژەڵەوە، بەتەواوی لێپرسراوبون بەرانبەر کردارو ڕەفتارەکانیان بەپێی مەبدەئی لۆژیک و ئیرادەی ئازاد. توانیویانە خۆیان بڕیار لەسەر ڕادەی خواردنەوەی خۆیان بدەن و ئالودە نەبن" ٦
کێشە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای ھاوچەرخ ؛ گوشاری ژیانی پڕ سەرقاڵی ، زۆرانبازی نێوان خواستەکانی مرۆڤ و سنورداری بوارو توانا مادییەکان، جیاوازی و ھەڵاواردنە ڕەسەنی و ڕەگەزی و چینایەتییەکان وا لە ھەندێک کەس دەکات کە لە نائومێدی و دەستەپاچەیدا پەنا بۆ ئەو مادانە بەرێت.
زیادبوونی ژمارەی تەڵاق و دەستلێکبەردان و جیابونەوە بووەتە ھۆی بێبەشبوونی ژمارەیەکی ھەرچی زیاتری مناڵ و مێردمنداڵان لە نازی دایک یان باوک یان ھەردوکیان. ئەمەش جارێکی دیکە بە ھۆکارێکی دیکە دادەنرێت بۆ ئالودەبوونی گەنجان وەک ڕاکردن لە واقیعی ژیانیان یان گەڕان بەدوای ناسنامە دا لە ئەنجامی تێوەگلان لە باند و تاقمی بەکارھێنی دەرمان و مادە سڕکەرەکانەوە.
خاڵێکی دیکەی پاڵنەر بەرەو دەرمان و مادە سڕکەرەکان ئارەزوی یاخیبوون و سەرچڵی گەنجانە بەرانبەر داب و نەریتی باوو خواست و ویستی دایکوباوک و مامۆستاو پێشەوا ئاینییەکان و دەسەڵاتی حکومەت.
ھەندێک جۆری دەرمان و مادە سڕکەرەکان کێشیان سوکەو کەمتر دەبنە جێگای سەرنجی دەوروبەر، وەک حەب، ھەربۆیە بەکارھێنانیان ئاسانترو حازربەدەستترە لە جۆرەکانی دیکەی وەک خواردنەوەی ئەلکھول. لەڕاستیدا ھەندێک جۆریان لە ھیچ شوێنێکی ئەم جیھانە ڕاستەوخۆ وەک دەرمان و مادەی سڕکەری نایاسایی نەناسراون و لە دوکانەکاندا دەفرۆشرێن وەک سیکۆتین و مادە ھەڵمژینەکانی دیکە Solvent abuse یان ھەندێک دەرمان و حەبی پزیشکین کە خەڵک بەشێوەیەکی ھەڵەو بەپێچەوانەی مەبەستی سەرەکی بەکارھێنانیانەوە بەکاریان دەھێنن.
مێژووی بەکارھێنانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان
بەکارھێنانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان ئەوەندەی مێژووی شارستانی مرۆڤ کۆنە لەسەر زەوی. مرۆڤی کۆن بەپێی ژیانی سەرەتایی خۆی ھەموو جۆرە گژو گیایەکی تاقیکردۆتەوە، ئەو ڕووەکانەی ناسیوە کە دەخورێن و ئەوانەشی دەستنیشان کردووە کە زیانبەخش و ژەھراوین، پەی بە چەندەھا دەرمان و چارەسەری ڕووەکی بردووە کە ھەتا ئەمڕۆ تەنانەت لە وڵاتە پیشەسازییە ھەرە پێشکەوتووەکانیشدا ھێشتا ھەر شوێنی خۆیان ھەیە. لەم بوارەدا حەکیم و زانای ئەوتۆ پێگەیشتون کە پاشاو کاربەدەستان قۆزیویاننەتەوەو وەک دوکتۆرو پسپۆڕی خۆیان کەڵکیان لێوەرگرتون. بێگومان ئەم ئەزمونانە بەدەر نەبووە لە دۆزینەوەی چەندەھا ژەھرو مادەی بکوژو مادەی سڕکەر.
بەڵگەی ئەوە لەبەردەستدایە کە ئەفیون (تلیاک) لەلایەن سۆمەرییەکانەوە ٤٠٠٠ ساڵ پ.ز بەکارھاتووە، دوای ئەوەش لەلایەن یۆنانییەکانەوە وەک دەرمان و ھۆکاری ڕابواردن٧. دۆزینەوەی حەشیش (کانەبیس) لەلایەن حەکیمە چینیەکانەوە لە دەوروبەری ساڵی ٢٦٠٠ ی پ.ز دا، کەدەکاتە ٤٦٠٠ ساڵ لەمەوبەر بە یەکێک لە بەڵگە کۆنەکانی بەکارھێنانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان دادەنرێت . حەکیمە چینیەکان بۆیان دەرکەوت کە ئەو مادەیە کەڵکی پزیشکی تێدایەو دەتوانن بۆ چارەسەری نەخۆشی کەڵکی لێوەربگرن، بەڵام ھێندەی نەبرد کە بۆیان ڕوونبووەوە کە بەکارھێنانی ئەو دەرمانە بە ڕادەیەکی زۆر، دەبێتە ھۆی کاریگەری خراپ لەسەر مێشک و ئالودەگی. لەو کاتەوە ئەو دەرمانە وەک بوومەلەرزەیەک کاریگەری خۆی لەسەر کولتوری مرۆڤایەتی جێھێشتووە. ٨
پێدەچێت یەکەمجار ئەلکھول لە ڕێگای ڕێکەوتەوە دۆزرابێتەوە، چونکە گەنینی ھەر میوەیەک کە شەکری تێدابێت ،لەژێر کاریگەری گەرمیدا، دەبێتە ھۆی دروستبوونی ئەلکھول. ئەفسانەیەکی فارسی ھەیە کە باسی پاشایەک دەکات گوایە زۆر حەزی لە ترێ کردووە، ژێر زەمینی کۆشکەکەی پڕکردووە لە ترێ بۆ ئەوەی بەشی تەواوی ساڵەکەی بکات. ھەندێک لەو کۆیلانەی کە لە ژێرزەمینەکەدا کاریان دەکرد، بەھۆی بۆنی کاربۆن دایۆکسایدەوە کە لە دەنکەترێ گەنیوەکان دەردەچوو، ناچاردەبوون بەرەو دەرەوە ھەڵبێن. یەکێک لە کارەکەرە پشتگوێخراوەکانی پاشا ویستویەتی خۆی بەو بۆنە ژاراوی بکات، خۆی کردووە بە ژێرزەمینەکەدا و پاشماوەیەک بە گۆرانی ووتن وسەماکردنەوە ھاتووەتەوە سەرەوە! بەمجۆرە پاشا بۆی دەرکەوتووە کە ئەو مادەیە بۆ کەیفخۆشکردنی دەستوپێوەندەکانی زۆر بەکەڵکە.٩
مێژوونوسان لەو باوەڕەدان کە ئەوەندە بەڵگە بەدەستەوەیە کە بیرەو شەراب لانی کەم ٥٠٠٠ ساڵ پ.ز بەرھەمھاتون. ھەر لەو کاتەوە شوێنێکی دیاریان ھەبووە لە بۆنەو ئاھەنگە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکانداو ھەتا ئێستاش ھەر ھەیانە لە بۆنەی لەدایکبوون، مردن، زەماوەند، تاج لەسەرنانی پاشایان و جەژنەکاندا. ١٠
بەڵگەی ئەوە بەدەستەوەیە کە ٥٠٠٠ پ. ز لە میزۆپۆتامیا باڕ و مەیخانە ھەبووە. ١١ ھەندێک بەڵگە ئەوە دەسەلمێنن کە بیرە بەشێک بووە لە کرێی ڕۆژانەی ئەو کرێکارانەی کە لە پەرستگای وەرکا Erech کاریانکردووە١٢. ھەرزوو شارستانییە کۆنەکان ھەستیان بە لایەنە خراپەکانی خواردنەوەی ئەلکھول کردووە؛ حاموڕابی لە ساڵی ١٧٧٠ی پ.ز دا لە بابل یاسایەکی دەرکردووە بۆ سنوردانان بۆ خواردنەوەی ئەلکھول؛ ئەو یاسایە بە کۆنترین یاسای سنوردانان دادەنرێت بۆ خواردنەوە لە مێژودا. ئەو یاسایانە ھەروەک یاساکانی ئەمڕۆ کات و شوێنی فرۆشتن و خواردنەوەیان دیاریکردووە. ١٣
ھیندۆسەکان لە ھیندستان لە دەوربەری ساڵی ١٢٠٠ پ.ز دا کانەبیسیان بە "گیایەکی پیرۆز" ناوزەد کردووەو ٥٠٠ ساڵێکیش لەوەدوا زەردەشت لە زەند ئاڤێستادا لەگەڵ ١٠٠٠٠ گیای پزیشکی دیکەدا ناویبردووە. ١٤
پێدەچێت بازرگانە فینیقی و ڕۆمانییەکان بەریتانییە کۆنەکانیان فێری دروستکردنی ئەلکھول کردبێت، بەڵام بەڵگەی زیاترو بەھێزتر لەسەر ئەوەیە کە لەگەڵ ھاتن و بڵاوبونەوەی ئاینی مەسیحیدا ئەو پیشەیە پەرەی سەندبێت. پیاوە ئاینییەکان نەک ھەر زۆربەی بیرەی وڵاتەکەیان بەرھەمدەھێنا بەڵکو زۆریشیان دەخوارەوە. ئەم کارەیان یەکێک لە قەشە پایەبەرزەکانی ناچارکردووە کە بڕیاربدات "ئەو برا قەشانەی کە زۆر سەرخۆشن و ناتوانن بەشداری دوعاخوێندن بکەن نابێت ڕێگایان پێبدرێت قاوەڵتی بکەن".١٥
لە سەدەی دوانزدەھەمەوە باج و خەراج خرایە سەر بەرھەمھێنانی ئەلکھول١٦ و بوو بە سەرچاوەیەکی باشی دەرامەت بۆ حکومەتەکان کە ھەتا ئێستاش ڕوو لە زیادبوونە؛ پێدەچێت ئەو دەسکەوتە مادییە گەورەیە بێت کە ئەو برەوە زۆرەی داوە بە ڕێگەدان بە بەرھەمھێنان و فرۆشتن و خواردنەوەی ئەلکھول و کردبێتی بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی باج . تەنھا لەساڵی ٢٠٠١ دا ٦,٨٩٧,٠٠٠,٠٠٠ پاوەند داھاتی حکومەتی بەریتانیا بووە لە باجی تەنھا چوار جۆر لە بەرھەمەکانی ئەلکھول؛ سەرباری ئەوەی کە ڕێژەیەکی زۆریش بە قاچاخ دێتە نێو وڵات و باجی لێوەرناگیرێت!. ١٧
ئاینی ئیسلام خواردنەوەی ئەلکھولی حەرام کرد، دیارە ئەم حەرامکردنە کاریگەری پەروەردەی و گیانی خۆی ھەبووە و ھەیە لەسەر خەڵکانێکی زۆر، ئەگەرچی ئەلکھول و مادەسڕکەرەکان لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا، بە پەنھانی بێت یان بەئاشکرا، ھەر شوێنی خۆیان ھەبووەو ھەیە.
نیک براونلی دەڵێت:
"پێغەمبەری ئیسلام موحەممەد لە ساڵی ٨٠٠ی زاینیدا ئەلکھولی قەدەغەو حەرام کرد بەڵام تیشکی سەوزی دا بە بەکارھێنانی کانەبیس (حەشیش).١٨" بەڵام ئەم ڕاگەیاندنە ھیچ بەڵگەیەکی لە گەڵدا نییە کە ڕاستی و دروستی ئەو مەسەلەیە بسەلمێنێت و زۆر نا ئەکادیمیانە دیارە. پێدەچێت نوسەر ئەو قسەیەی لەسەر ئەو بناغەیە کردبێت کە بەکارھێنانی حەشیش و ئەفیون لە زۆر لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا وەک بەشێک لە کولتورو ژیانی ڕۆژانە بەڕێوەچووەو تا ئێستاش لەزۆر شوێن برەوی ھەیە بەڵام ئەوە زۆر دوورە لە ڕێگەپێدانێکی ئاینی ڕەسمی. [ بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە کتێبی -تیرۆریزم:چونە نێو ناخی دیاردەیەکی جیھانییەوە-جۆرەکانی تیرۆریزم. و. عەتای مەلا کەریمٍ [.
لەڕاستیدا ئەگەر لە قورئان و حەدیسدا شتێک، ڕاستەوخۆ، لە دژی حەشیش و مادەسڕکەرەکانی دیکە نەوترابێت بەڵام بەھیچ کلۆجێک بەڵگەی تیشکی سەوز بەدەستەوە نییە بۆ بەکارھێنانیان. زۆربەی زانایانی ئاینی و پسپۆڕانی بواری تەفسیر لەسەر ئەوە کۆکن کە وشەی خەمر ھەموو دەرمان و مادە سڕکەرەکان دەگرێتەوە بەمانا نوێکەی ؛ لە ئیسلامدا ھەموو شتێک کە بێھۆشت بکات یان زیانت پێبگەیەنێت یان وات لێبکات کە نەتوانیت پاکوخاوێنی خۆت ڕابگریت قەدەغەو حەرامە. ١٩
لەساڵی ٢٧٣٧ پ.ز دا لە وڵاتی چین چا دۆزرایەوە؛ دەڵێن گوایە بەڕێکەوت گەڵا چایەک کەوتۆتە نێو کوپێک ئاوی گەرمی دەستی پاشاوە٢٠! چیرۆکەکە ھەرچۆنێک بووبێت ئەو مادەیە دۆزراوەتەوە و دوای ئەوەش ووردە ووردە بە سەرتاسەری جیھاندا بڵاوبوەتەوە. بەڵام قاوە پێش ساڵی ١٠٠٠ ز لە ئەسیوپیا ناسراوەو وا دەگێڕنەوە کە شوانە بزنێک سەرنجی داوە بزنەکان ووریاو چالاک دەبن بەخواردنی بەری درەختێک، ئەویش تاقیدەکاتەوەو بڵاودەبێتەوە!
لە ساڵی ١٠٠٠ ز دا عەرەبەکان ھێناویانە بەرەو خاکی خۆیان و لەوێ ڕواندویانە. لێرەوە وشەی قاوە بڵاوبوەتەوە وەک (قھوە). ھەندێک لە توێژەرەوان لەو باوەڕەدان کە عەرەبەکان دوای حەرام بوونی ئەلکھول پەنایان بردووە بۆ قاوە وەک جێگرەوەیەک. لە ساڵی ١٥١١ دا فەرمانڕەوای مەککە بە دەلیلی ئەوەی کە کاریگەری قاوە پێدەچێت دژایەتی دەسەڵاتەکەی بەھێزبکات قاوە قەدەغەدەکات، بەڵام سوڵتانی عوسمانی دەڵێت قاوە پیرۆزەو فەرمانڕەوای مەککەی لەدارداوە. ٢١
کۆڵۆمبۆس لە گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا لە ساڵی ١٤٩٢ دا توتنی ھێنایەوەو لە ساڵی ١٥٨٦ دا لەلایەن Walter Raleighوە گەیەندرایە بەریتانیاو لەوێشەوە بۆ سەرتاسەری جیھان بڵاو بوەوە.
لە ساڵی ١٧٩٨ دا سەربازەکانی ناپلیۆن لە میسرەوە حەشیشیان ھێنایەوە، کە لەوکاتەدا لەوێ زۆر بڵاو بوو ، بەمجۆرە بە ئەوروپادا بڵاوبوەوە. شایانی باسە کە لە سەدەی شانزدەھەمەوە پەلکی کانەبیس وەک گیایەکی بەھێزو جیڕ لە بەریتانیا بۆ دروستکردنی بەلەم و کەشتی و بەن کەڵکی لێوەرگیراوە، بەڵام ئەوکاتە وەک مادەی سڕکەرو دەرمان نەیانناسیوە. تەنانەت پاشا ھێنری ھەشتەم سزای ئەو جوتیارانەی داوە کە ئەو گیایە ناچێنن! ٢٢
لە ساڵانی ١٨٠٠ دا لە بەریتانیا ئەفیون بە ئاشکرا لەسەر شەقامەکان فرۆشراوەو وەک دەرمانێکی بەسود چاویلێکراوە.
تەنانەت لە ساڵی ١٨٣٩-١٨٤٢ دا جەنگی نێوان بەریتانیاو چین لەسەر بازرگانی ئەفیون بووە. بەریتانییەکان ھەر لە ئەفیون مۆرفینیان دەرکردو ئەو ناوەشی لە morpheus خواوەندی خەوەوە بەسەردا دابڕا.
لە ١٨٧٠دا بۆیاندەرکەوت کە ئەفیون و مۆرفین دەبنە ھۆی ئالودەگی. ئالودەگی وەک نەخۆشییەک و کێشەیەکی ئەدگاری ناسراو چارەسەرکردنی بۆ پێشنیارکرا، ئەگەرچی ئەو خزمەتە تەنھا تایبەت بوو بە چینی ناوەند.
لە ساڵی ١٨٨٠دا کۆکاین لە بەریتانیا لە دوکانەکاندا فرۆشراوە و لە ١٨٩٨ دا ئەوانەی کە ئالودەی مۆرفین بوون بە ھیرۆین چارەسەریان کردون.
لە ١٩٢٠ دا یەکەم یاسای دەرمانە ترسناکەکان دەرچوو؛ لە بەریتانیا ئەو بڕیارە پەسەندکرا کە ئالودەکان چارەسەر بکرێن نەک لەداربدرێن.
لە ١٩٧١ دا یاسایەکی دیکە دەرکراو بڕیاری زیندانیکردن و پیتاک لێسەندن درا بەسەر ئەوانەدا کە دەرمان ومادەسڕکەرەکان بەکاردەھێنن وەک ھۆکارێکی بەرگری لە پەرەسەندنی ئەو دیاردەیە. ئێستاکە لەزۆربەی جیھاندا ھەڵمەتی بەرگریکردن لە دەرمان و مادە سڕکەرەکان بەڕێوەدەبرێت و توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی زانستی و مەیدانی لەسەر ڕادەی زیانی ھەر مادەیەک دەکرێت و ڕێوشوێنی گونجاوی بۆ پێشنیاردەکرێت.
لە بەریتانیا لە ساڵی ١٩٩٨ ەوە بەرنامەیەکی ستراتیژی بەرفراوان داڕێژرا بۆ بەرگریکردن لە دەرمان و مادە سڕکەرەکان و کەمکردنەوەی زیانەکانیان. ئەو بەرنامەیە لە ٢٠٠٢دا نوێکرایەوەو لە ٢٠٠٤یشدا پێیداچونەوەو لایەنە سەرکەوتوو لاوازەکانیان ھەڵسەنگاندەوەو بەرنامەیەکی چڕوپڕتریان داڕشت بە ئومێدی ئەوەی کە تا ساڵی ٢٠٠٨ بتوانن بەدەستی بھێنن بەناوی " دەرمان و مادە سڕکەرەکان لەبێخ دەربێنە، ژیانی مرۆڤەکان بگۆڕە: با کۆمەڵگا لە مەترسییەکانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان پارێزراوبێت."٢٣
لەسەر ئاستی جیھانیش لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٠٥دا لە جنێف کۆنگرەی نێودەوڵەتی کەمکردنەوەی ئەو مەرگانەی کە جگەرە ھۆکاریانە بەستراو بڕیارەکانی پەسەندکران. ئەم کۆنگرەیە دوای ئەو ھۆشدارییە بەسترا کە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ڕایگەیاند: ئەگەر ڕێژەی جگەرە بەم شێوەیەی ئێستا بڕوات ئەوا تا ساڵی ٢٠٢٠ جگەرە ساڵانە ١٠ ملیۆن کەس دەکوژێت کە لەسەدا حەفتایان لە دەوڵەتە تازەپێگەیشتووەکان دەبن.٢٤
یاسای نێو دەوڵەتی و دەوڵەتان لەمەڕ دەرمان و مادە سڕکەرەکان
نەتەوە یەکگرتووەکان دەزگایەکی ھەیە بەناوی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەرمان و تاوان، ئەو نوسینگەیە لەگەڵ دەوڵەتە ئەندامەکاندا ھەماھەنگی دەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دەرمان و مادە سڕکەرەکان و ڕادەی بەکارھێنانیان لە جیھانداو قەوارەی زیانەکانیان. تا ئێستا سێ ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی مۆرکراوە؛ یەکەمیان ساڵی ١٩٦٢ بەناوی تاکە ڕێکەوتننامە دژی دەرمان و مادە سڕکەرەکان کە ١٨٠ دەوڵەت ئیمزایان کردووەو ساڵی ١٩٧٢ دەستکاریکراوە و دووەمیان ساڵی ١٩٧١ بەناوی ڕێکەوتننامە لەسەر ئەو مادانەی کە بۆ چارەسەری کێشە سایکۆلۆژییەکان بەکاردەھێنرێن و ١٧٥ دەوڵەت ئیمزایان کردووەو سێیەمیشیان ساڵی ١٩٨٨ بەناوی ڕێکەوتننامە لە دژی بازرگانیکردن بە دەرمان و مادە سڕکەرەکان و ئەو مادانەشەوە کە بۆ چارەسەری کێشە سایکۆلۆژییەکان بەکاردەھێنرێن و ١٧٠ دەوڵەت ئیمزایان کردووە٢٥. ڕێکەوتننامەی سێیەمیان نوێترین و گشتگیرترین ڕێکەوتننامەیەو نەک تەنھا بازرگانیکردن و بەکارھێنانی مادە سڕکەرەکان قەدەغە دەکات بەڵکو ڕێوشوێنی ھاریکاری نێودەوڵەتیش دیاریدەکات بۆ بەرگرتن لە شەپۆلی ھێنان و بردنی دەرمان و مادە سڕکەرەکان و ئەو پارەو سامانەش کە لەو بازرگانییە نایاساییەوە دەستیان دەکەوێت. بۆ ئەم مەبەستە سێ لیستیان ئامادەکردووە
i. پێی دەڵێن لیستی سەوزو ناوی ئەو دەرمانانەی لەخۆگرتووە کە لەباری ئاساییدا بۆ چارەسەری پزیشکی بەکادەھێنرێن بەڵام دەکرێت بازرگانییان پێوەبکرێت و بۆ مەبەستی نایاسایی بەکاربھێنرێن.
ii. لیستی دووەمیشیان لیستی سورەو ناوی ئەو مادانەی لەخۆگرتووە کە دەکرێت بۆ بەرھەمھێنانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان بەکاربھێنرێن.
iii. سێیەمیشیان لیستی زەردە کە ناوی ھەموو دەرمان و مادە سڕکەرانەی لەخۆگرتووە کە ھەتائێستا ناسراون؛ لە ئەلفەوە تاێ٢٦.
بێجگە لەم ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیانە ھەر دەوڵەتەش یاساو ڕێسای خۆی ھەیە بۆ کۆنترۆڵکردن و بەرگرتن لە بەکارھێنان یان بازرگانیکردن بە دەرمان و مادە سڕکەرەکانەوە کە ھەندێکیان زۆر توندوتیژن و ھەندێکی دیکەشیان ھێواشترن. لە عەرەبستانی سعودییە بە شمشێر سەری دەپەڕێنن٢٧ و لە چەند دەوڵەتێکی دیکەشدا لەسێدارەی دەدەن وەک مالیزیاو سینگاپورو چین و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ ئەگەرچی ئەو حوکمە لە ئەمریکا کەمتر جێبەجێدەکرێت و بەزۆری زیندانییان دەکەن و بۆ بەکارھێنەرانیش پشت بە دادگای تایبەتی دەرمان دەبەستن و بەرنامەی چارەسەرکردنیان بۆ دادەدەنێن. ھەندێک وڵاتی وەک ئیسپانیاو ئیتالیاو پورتوگال سیاسەتێکی میانەڕەوانەتریان ھەیەو ئەگەر کەسێک دەرمانی پێبگیرێت بۆ مەبەستی بەکارھێنانی تایبەتی خۆی نەک بۆ بازرگانی پێدەچێت ھۆشیاری بدرێتێ یان جەریمە بکرێت یان ئامۆژگاری و ڕێنوێنی بکرێت یاخود وەک لە ئیتالیا ڕودەدات مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتمۆبێلەکەی لێبسەندرێت ٢٨! لە ھۆڵەندا بەکارھێنانی ھەندێک مادەی وەک حەشیش لە چایخانەکاندا ڕێگەی پێدراوە کە پێیان دەڵێن “Brown Cafés” بە ڕێژەی ٥ گرام بۆ کەسێکی لە ١٨ ساڵ زیاتر. لەگەڵئەوەشدا دەرمان و مادە سڕکەرەکان لەو وڵاتەدا ھەر نایاسایین بەڵام ڕێوشوێنی نەرم و ھێمنانەیان ھەیە بۆ مامەڵە لەگەڵ بەکارھێنەراندا بەتایبەتی بەکارھێنەرانی کانەبیس (حەشیش).
کام ڕێگایە سەرکەوتوترە؟
ئەگەر ڕاپرسییەک بکرێت و لە خەڵک بپرسرێت بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دڵنیام کە زۆربەی ھەرەزۆری خەڵًک توندترین ڕێگا پێشنیازدەکەن دژی بازرگانانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان و ھەندێک دژی بەکارھێنەرانیشی. زۆربەی زۆری خەڵک، نەک تەنھا لە ھەرێمی کوردستان بەڵکو لە وڵاتێکی وەک بەریتانیاش، لەو باوەڕەدان کە دەوڵەت لەڕێگای توندوتیژی و سزای توندەوە دەتوانێت ھەموو شتێک قەدەغە بکات و دنیا بکات بە ماستی مەییو!
لەڕاستیدا توێژینەوەو بەرانبەرکردنی سیاسەتی چەندەھا وڵات لە سەرپەڕاندنەوە بیگرە تا زیندانیکردن یان جەریمەکردن ئەوەیان دەرخستووە کە ڕێگای توندوتیژی بەوڕادەیە سەرکەوتو نییە کە خەڵکی ئاسایی لێی چاوەڕوان دەکەن؛ گەر وابوایە ئەوا دەبوایە لە عەرەبستانی سعودی کەس دزی نەکردایە چونکە دەستەکانی دەبڕنەوەو کەسیش دەرمانی نەخواردایە چونکە ملی دەپەڕێنن، بەڵام ڕاستییەکان وا ناسەلمێنن. زانستی کریمینۆلۆجی پشت بە ڕادەی سەرکەوتویی یان سەرنەکەوتویی ھەر ئەزمونە دەبەستێت لە کەمکردنەوەی تاواندا نەک بە شێوەو ڕوخساری سزاکان.
بابزانین داتاو ئامارەکان دەڵێن چی؟
بەبەرانبەرکردنی سیاسەتی میانەڕەوانەی ھۆڵەنداو سیاسەتی توندوتیژانەی ئەمریکا لەمەڕ دەرمان و مادە سڕکەرەکان ئەم ڕاستیانە وەدەرکەوتون:
لە ھۆڵەندا ١٦%ی خەڵک لە یەکێک لە قۆناغەکانی ژیانیاندا حەشیشیان تاقیکردۆتەوە بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی ١٩٩٩ ، بەڵام لە USA لە ساڵی ٢٠٠١ دا ڕێژەکە ٣٧% بووە.
ڕێژەی تاقیکردنەوەو بەکارھێنانی کۆکاین و ھیرۆین لە ١٩٩٩ ی ھۆڵەنداو ٢٠٠١ ی USA دا بەم جۆرەیە:
کۆکاین USA ١٢% ھۆڵەندا ٠.٣%
ھیرۆین USA ١.٤% ھۆڵەندا ٠.٣%
بەپێی ڕاپۆرتی ١٩٩٩ تەنھا ٢.٥% لە ھۆڵەندییەکان ووتویانە کە کانەبیسیان بە خواردن خواردووە، کە ئەمە دەکاتە کەمتر لە نیوەی ڕوپێوی ٢٠٠١ ی .USA.٢٩
بەھۆی زۆری و جیاوازی یاسای تایبەتی وڵاتانەوە لەمەڕ دەرمان و مادە سڕکەرەکان و بەو ھۆیەشەوە کە من خۆم زیاتر سەروساختم لەگەڵ یاسای بەریتانیدا ھەیە لێرەدا پوختەی یاسای بەریتانیا دەربارەی ھەڵگرتن یان بازرگانیکردن بەو مادانەوە دەخەمەڕوو. شایانی باسە ئەم یاسایانە بەردەوام لەژێر چاودێری و پێداچونەوەدان و شایانی گۆڕانن لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە.
لە بەریتانیا دەرمان و مادە سڕکەرەکان پۆلێنکراون بە سەر سێ پۆلی جیاوازدا (لەشوێنی خۆیاندا بەپێی توانا پۆلی ھەر مادەیە دەستنیشان دەکەم):
پۆل
ھەڵگری مادەکە (مادەکەی پێبێت)
دابینکەر یا قاچاخچی مادەکە
A
٧ساڵ زیندانیکردن و جەریمە کردن یان ھەردووکیان پێکەوە
زیندانی ھەتا ھەتایی و جەریمە کردن یان ھەردووکیان پێکەوە
B
٥ ساڵ زیندانیکردن و جەریمەکردن یان ھەردووکیان پێکەوە
١٤ ساڵ زیندانیکردن و جەریمە کردن یان ھەردووکیان پێکەوە
C
٢ ساڵ زیندانیکردن و جەریمە کردن یان ھەردووکیان پێکەوە
١٤ ساڵ زیندانیکردن و جەریمە کردن یان ھەردووکیان پێکەوە
دیارە مەسەلەی ڕێگەپێدان یان پێنەدانی مادەیەک لە ھەموو شوێنێک ڕێوشوێن و مەرجی سەختی خۆی ھەیەو ئەمەش بە ھیچ کلۆجێک ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو مادەیە یان مادانەی کە یاسا ڕێگەی پێداون مەترسییان نییە، بەڵکو جگەرەو ئەلکھول کە لە ڕیزی بەزیانترین مادەکاندا دەژمێردرێن لە لایەنی تەندروستیەوە لەلایەنی یاساییەوە لە زۆربەی جیھاندا ئازادن و کەمترین ڕادەی کۆنترۆڵکردنیان لەسەرە.
بەردەوام توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی زانستی لە ڕێوشوێنی گونجاو دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی باشترین ڕێگا کە بتوانێت ڕادەی زیانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان بھێنێتە کەمترین ڕادەی گونجاوو ژمارەی بەکارھێنەران کەمتر بکاتەوەو ڕێژەی ھەبوونی دەرمان و مادە سڕکەرەکان لەسەر شەقامەکان بھێنێتە خوارەوەو چارەسەری پزیشکی گونجاو پێشکەش بە قوربانیانی ئەو مادانە بکات و زۆرترین ژمارەی مناڵ و گەنجان لە زۆنگاوی نەخۆشی ئالودەبوون بەو مادانە دووربخاتەوە؛ لە ڕێگای پەروەردەی گونجاوەوە ھەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا پەیمانگاو زانکۆکان.
٢.دەرمان و مادە سڕکەرەکان: جۆرەکانی و کاریگەرییەکانیان
١. ووریاکەرەوەکان Stimulants
٢.ھێمنکەرەوە یان کپکەرەوەکان Depressants
٣.ھەلوەسە ھێنەرەکان Hallucinogens
دەرمان و مادە سڕکەرەکان: جۆرەکانی و کاریگەرییەکانیان
دەرمان و مادە سڕکەرەکان بە شێوەیەکی گشتی دەکرێن بە سێ بەشەوە:
١. ووریاکەرەوەکان Stimulants ؛ ئەمانە لەسەرەتادا مرۆڤ زیت و ووریادەکەنەوە و ھەموو شتێک خێراو تیژڕەو دیاردەبێت بە بیرکردنەوەو قسەکردن و جوڵەکانی لەشیشەوە. ئەم جۆرانە چونکە کار دەکەنە سەر کۆئەندامی ناوەندی دەمار دەبنە ھۆی بەرزکردنەوەی فشاری خوێن و بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی لەش کە دەبێتە ھۆی ئارەقکردنەوەیەکی زۆر. ھەروەھا دەبنە ھۆی ھەناسەبڕکێ و کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن (ئیشتیھاو) بێخەوی. بەکارھێنەران بەزۆری متمانە بەخۆو توندڕەودیارن و چەنەبازن؛ نمونەکانیان: ئەمفیتامینەکان Amphetamines ، کۆکاین ، کراک کۆکاین، کافاین، ئێکستاسی Ecstasy یان MDMA و Alkyl Nitritesن.
٢. ھێمنکەرەوە یان کپکەرەوەکان Depressants؛ ئەمانە بەپێچەوانەی ووریاکەرەوەکانەوە ھەموو شتێک ھێواشدەکەنەوە بە بیروھۆش و قسەکردن و جوڵەکانی لەشیشەوە. کاریگەری ئەم جۆرە دەرمانانە لەسەر کۆئەندامی ناوەندی دەمار دەبنە ھۆی کەمبوونەوەی ھەست و دابەزاندنی فشاری خوێن و لێدانی دڵ و ھەناسەدان. ھەروەھا دەبنە ھۆی سەرخۆشی و قسەی ھەلەقمەلەق و پچڕپچڕ و جوڵان و ڕۆیشتنی ناڕێکوپێک. نمونەکانیان: ئەلکھول، ھێورکەرەوەکان Tranquillisers، ھەڵمژینەکان و سیکۆتینەکان Solvents & Glue و ھیرۆین و بەرھەمەکانێتی.
٣. ھەلوەسە ھێنەرەکان Hallucinogens ؛ ئەمانە مرۆڤ تووشی ھەلوەسەو دڵەڕاوکەو ووڕێنە دەکەن و ھەستەکانی دەشێوێنن و شێوازی بینین و بیستن و ھەستپێکردنی بۆ جیھانی دەوروبەری دەگۆڕن. ئەو کەسانەی کە ئەم جۆرە دەرمانانە بەکاردەھێنن شتی نادروست و ناواقعی دێتە بەرچاویان و شتی سەیروسەمەرە دەبیستن و بۆن دەکەن کە لەڕاستیدا نین. پێدەچێت توشی Paranoia شێتیی خۆ بەگەورەزانین(جنون العڤمە ) ببن. ھەروەھا تووشی دڵەڕاوکێ و بەدگومانی و دڵپیسی دەبن و ڕەفتارو مەزاجیان بەشێوەیەکی ناڕێکوپێک ئەمسەراوسەر دەکات؛ لە خۆشییەوە بۆ ناخۆشی و بەپێچەوانەوە. نمونەکانیان: LSD، DMT، قارچکی ئەفسوناویMagic Mushroom و حەشیش (کانەبیس) Cannabis ن.
ووریاکەرەوەکان Stimulants
١. ئێکستاسی Ecstasy ؛ ناوە کیمیاوییەکەی ٣,٤ methylenedioxymethamphetamine بۆ کورتکردنەوە پێی دەڵێن MDMA. ئێکستاسی بە دەیان ناوی سەرشەقام و ناوبازاڕیی ھەیە لەوانە؛ کۆتر، پسکیتی سەما، سوپەرمان، میکی ماوس ، کاستەر، ئادەم، کۆتری سپی و چەندەھا ناوی دیکە کە سەدام حسەینی دیکتاتۆری لێکەوتەی عێراقیش یەکێک لەوناوانەی پێبڕاوە٣٠ ! ئەم مادەیە لەشێوەی حەبی جۆراوجۆردایە بە شێوەو قەبارە و ڕەنگی جیاواز کە ھەندێکیان یان وێنە یاخود ئاڕمێکیان لەسەرە. یەکەمجار لە ساڵی ١٩١٢ دا لەلایەن زانا ئەڵمانییەکانەوە دۆزرایەوەو چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرا کە دەرمانێکی بەسود بێت، بەڵام ھەرگیز وا نەبوو.لە ساڵانی ١٩٥٠کاندا جارێکی دیکە لە ئەمریکا دۆزرایەوە لەلایەن ئەلیکساندەر شولگینەوەو لەسەر خۆی تاقیکردەوە.سوپای ئەمریکا بۆ زانیاری ھەڵھێنجان لە زیندانییەکان و پەکخستنی سوپای دوژمن کەڵکی لێوەردەگرت٣١. لەبەرئەوەی ئەم دەرمانە توانایەکی باشی ھەیە لە ھەستی پێکەوەگونجاندا لەسەر بەکارھێنەکانی؛ پزیشکە ئەمریکییەکان بۆ یەکخستنەوەی خەڵک، بەتایبەتی ئەو ھاوسەرانەی کە خەریک بوو پەیوەندی ھاوسەرێتییان ھەڵدەوەشایەوە بەکاریان دەھێنا. ھەتا ئێستاش لە سویسرا ھەندێک لە نوشدارەکان بۆ ئەم مەبەستە بەکاریدەھێنن. لەگەڵئەوەشدا لەئەنجامی ھەندێک ئەزمونەوە کە لەسەر مشک کران و ئەوەیان دەرخست کە پێدەچێت ئێکستاسی لەھەنێک لایەنەوە مێشک تێکبشکێنێت، ئەو دەرمانە لەساڵی ١٩٨٥دا لە ئەمریکا قەدەغەکرا.
لە بەریتانیا لە ساڵانی ڕابوردودا زۆر بەکاردەھات و گەنجان بەتایبەتی ئەوانەی کە لە یانە شەوانەکاندا سەمایان دەکرد بەکاریان دەھێنا. بەپێی ئاماری تاوانەکانی بەریتانیا ٢٠٠٢/٢٠٠٣ ئێستا بەکارھێنانی ڕوو لە کزییە٣٢. لەماوەی ١٥ ساڵی ڕابوردودا ئێکستاسی لێپرسراوە بەرانبەر مردنی ٢٠٠ کەس لە بەریتانیادا. زۆربەی مردنەکان بەھۆی کاریگەرییە لاوەکییەکانەوە بووە نەک ڕاستەوخۆ بەھۆی ژاراوی بوونەوە بە دەرمانەکە؛ وەک لەکارکەوتنی دڵ لەئەنجامی بەرزبوونەوەیەکی زۆری فشاری خوێنەوەو دڵە خورپەو ووشک بوونەوە لەئەنجامی کەمی شلەمەنییەوە یاخود خواردنەوەیەکی زۆری ئاو بەڕادەیەک کە بووەتە ھۆی مردنی ئەو کەسە. چونکە ئێکستاسی کار لە کارکردنی گورچیلەکان دەکات و چالاکییان سست دەکات لەوکاتەدا کۆبوونەوەیەکی زۆری شلەمەنی لەلەشداو بەتایبەتی لە خانە ھەستیارەکانی مێشکدا دەبێتە ھۆی پەکخستنی چالاکی ژیانیی وەک لێدانی دڵ و ھەناسەدان.
ئاشکراشە کە تێکەڵکردن و بەکارھێنانی دوو دەرمان یان زیاتر پێکەوە مەترسی زۆر گەورەی ھەیەو زۆر کەس ئەلکھول لەگەڵ دەرمانەکانی دیکە تێکەڵ دەکات و بەمەش مەترسییەکەی چەند بەرانبەر زیاد دەکات.
زۆر جار ئەو حەبانەی کە بەناوی ئێکستاسییەوە دەفرۆشرێن لەڕاستیدا ڕادەی مادەی ئێکستاسییان زۆر جیاوازەو ھەندێک حەب بینراوە کە بە ئێکستاسی فرۆشراون بەڵام لەبنەڕەتدا دەرمانی پاککردنەوەی حەوزی ماسی یان دەرمانی گەرمکردنەوەی سەگ بوون، لە ھەندێک حەبی دیکەدا مادەی ئەمفیتامین و کێتەماین دۆزراونەتەوە. ٣٣
ئێکستاسی دەرمانێکی ووریاکەرەوەیە بەڵام کاریگەرییەکی ھەلوەسەیی سوکیشی ھەیە. ئەوانەی کە ڕادەیەکی مامناوەندی لێوەردەگرن کاریگەرییەکانی دوای ٢٠-٦٠ خولەک لەسەریان دەردەکەوێت ( زیاتریشی پێدەچێت ئەگەر بە گەدەی پڕەوە بخورێت) ئەو کاریگەرییە بۆ ماوەی ٣ تا ٦ کاتژمێر دەمێنێتەوە.
بەکارھێنەران ڕەشێنەی چاویان گەورە دەبێت، کاکیلەکانیان تونددەبێت و تووشی خەواڵوییەکی کورت و ئارەقکردنەوەو دەم وقوڕگ ووشکی دەبن. فشاری خوێنیان بەرز دەبێتەوەو لێدانی دڵیان زیاد دەکات و کەمی ئارەزوویان بۆ خواردن (کەمی ئیشتیھا) شتێکی زۆر بڵاوە لەنێوانیاندا.
زۆر لە بەکارھێنەران بە قۆناغێکی ھەست بە پەلە کردندا تێدەپەڕن و دوای ئەوە ھەست بە چالاکی دەکەن و لەکۆتاییشدا ھێوردەبنەوە. زۆربەی جار کەسەکان وا باسدەکەن کە توڕەییان نامێنێت و لەگەڵ خەڵکانی دیکەدا ھەست بە لەیەک گەیشتن و دۆستایەتی دەکەن و توانای گفتوگۆیان زیاد دەکات. ھەندێک لە بەکارھێنەران بینراون ھەست بە خۆشییەکی زۆر دەکەن سەبارەت بە دەوروبەرەکەیان و زۆر تامەزرۆی میوزیک دەبن و ھەستە سێکسی و حسییەکانیان وەسەردەکەون.
ھەندێک لە بەکارھێنەران ئەزمونی ناخۆشیان دێتە ڕێ. لەوانەش پێدەچێت ھەست بە ترس و دڵەڕاوکێ و بێزاری و شێوانی ھەستەکانیان و بەرزونزمکردنیان لە شێوازە ھەرە باوەکانیان بن. ئەم بارە پەشێوە پێدەچێت، بەشێوە مەزاجێک یان بەشێوەیەکی دیکە، چەندەھا ڕۆژو بگرە ھەفتەش بخایەنێت. ئەم بارە زیاتر ئەگەری دەبێت ئەگەر بەکارھێنەر بڕێکی زۆری وەرگرتبێت یان خۆی لەخۆیدا ھەست بە پەشێوی و شپرزەیی بکات.
کاریگەرییە سەرلێشواوییەکان ئەگەری کارەسات زۆر زیاتر دەکەن. زۆربەی ئەوانەی کە مردون بەھۆی سەما کردنیانەوە بووە بەبەردەوامی لە یانە گەرمە، قەرەباڵخەکاندا کە بوەتە ھۆی زۆر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و وشکھەڵاتن. پێدەچێت پشودان و خۆفێنک کردنەوەو ئاو خواردنەوە بۆ ئەوەی جێگای ئاوە ڕۆیشتووەکە بگرێتەوە کە بە ئارەقکردنەوە دەردراوە، بتوانێت بەر لەو کارەساتانە بگرێت.
دوای بەکارھێنانی ئێکستاسی بەکارھێنەران پێدەچێت زۆر ھەست بە ماندویی بکەن و پێویستیان بە خەوتنێکی دورودرێژ ھەبێت بۆ ئەوەی ئاسایی ببنەوە. ئەم بارە ڕەنگە سێ تا چوار ڕۆژ بخایەنێت، کە پێی دەڵێن ھێوربوونەوە. بەکارھێنانی ئەم مادەیە بەبەردەوامی لەوانەیە ببێتە ھۆی پەشێوی لەخەوتندا، بێھێزی و لاوازی، کێشەی خواردن و بەدخۆراکی بە Anorexia Nervosaوە ( ئەم نەخۆشییە بریتییە لە ھەستکردنی ئەو کەسە کە کێشی زیادەو خواردن ناخوات، لەکاتێکدا لانی کەم چارەکێکی کێشی ئاسایی خۆی لەدەستداوە )٣٤ وە کەسەکە ھەست بە پەستی و دڵەڕاوکێ دەکات. بەدوای ئەوەدا پێدەچێت زیاتر ھەستیار بێت بەرانبەر سەرماو ھەڵامەت و قوڕگیەشەو ھتد... لەکاتێکدا ئەم دەرمانە نابێتە ھۆی ئەوەی کە لەش، لەبارەی جەستەییەوە، خوی پێوەبگرێت، خوگرتنی سایکۆلۆژی بە ھەستە زۆرخۆشەکان Euphoria و ھێمنی و ھەموو ئەو ھەلومەرجانەی کە چواردەوری بەکارھێنانی ئێکستاسیان داوە لەوانەیە دروست ببێت.
گۆڕانە کورتخایەنەکان لە مەزاجدا بە "بێتاقەتی ناوەڕاستی ھەفتەشەوە" کە بەدوای بەکارھێنانی دەرمانی کۆتایی ھەفتەدا دێت، لەگەڵ پەککەوتنی بیروھۆشی شت بیرکەوتنەوە بۆ ماوە کورتەکان Short term memory لەوانەیە ھەندێک لە ئاسەوارە بچوکەکانی بەکارھێنانی MDMA بن. ئاسەوارە کاریگەرە کۆئەندامی دەمار ژاراویکەرەکانی Neurotoxicity دیکەی MDMA وەکو گۆڕانە ڕەفتاری و ھەڵسوکەوتی و سۆزدارییەکانی بەکارھێنەر و ڕادەی ھەند بوونیان، بەتایبەتی لەماوەی دورودرێژدا، تا ئێستا ڕوون نین. ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە تێکشکاندنی مێشک پەیوەندی نییە بە مێژوویەکی دورودرێژی بەکارھێنانەوە، بەڵکو پەیوەندی ھەیە بە ڕێژەی بەکارھێنانی ئەو مادەیەوە لە یەک کاتی دیاریکراودا؛ واتە کاریگەرییەکانی ئەو مادەیە بەگوێرەی زیادو کەمکردنی مادەکە دەگۆڕێت .Does-Dependent لە ھەمانکاتدا زانایان لەوباوەڕەدان کە پێناچێت ئەو تێکشکان و گۆڕانکاریانە کە بەسەر مێشکدا دێن بەتەواوی بگێڕدرێنەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان.٣٥
لە بارەی یاساییەوە ئێکستاسی لە بەریتانیا بە دەرمانی پۆلی A ناوزەدکراوە.
٢.. ئەمفیتامینەکان Amphetamines
کۆمەڵێک دەرمانی دیکەن لە گروپی ووریاکەرەوەکان کە بەشێوەیەکی ناسروشتی بەرھەمدەھێنرێن. ئەم مادانە لەسەر شەقامەکان و ناوبازاڕدا بە گەلێک ناو دەناسرێن وەک خێرا، گیزەگیز، سولفات ، بیلی، ئەمف و بڵند و ھتد... لەشێوەی تۆزێکی خۆڵەمێشی یان سپیدا دەفرۆشرێن کە بەشێوەی قوتدان وەک حەب ، کرۆشتن ، ھەڵمژین، دەرزی یان تواندنەوەیان لەناو شلەمەنیدا بەکاردەھێنرێن. ئەمفیتامینەکان یەکەمجار لە ساڵی ١٨٠٠دا دۆزرانەوە بەڵام بەکارھێنانیان بۆ مەبەستی پزیشکی تا ساڵی ١٩٣٠ وەدەرنەکەوت. لەو کاتەوە بۆ مەبەستی بەرگرتن لە فشاری نزمی خوێن و یارمەتیدانی نەخۆشانی ڕەبو بۆ ئەوەی باشتر ھەناسەبدەن و ھەروەھا بۆ کەمکردنەوەی ئارەزوی خواردن بەکاردەھاتن. دوای ئەوە ئەم مادانە بۆ چارەسەرکردنی گەلێک نەخۆشی بەکاردەھاتن وەک بێخەوی، پەرکەم، شەقیقە، خەمۆکی و زۆر بزێوی مناڵ. لە ساڵانی ١٩٥٠ کان و ١٩٦٠ ەکاندا بەشێوەیەکی بەرفراوان وەک دەرمانی خۆلاوازکردن خرانە بازاڕەوە.
لە کاتی ئێستادا بەکارھێنانی ئەمفیتامینەکان بۆ مەبەستی پزیشکی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە ئەگەرچی ھێشتا ھەر بۆ مەبەستی گرفتەکانی خەو بەکاردەھێنرێن. دوای بەکارھێنانێکی زۆری ئەم مادانە یان مادەی دیکە کە ھەمان کاریگەرییان ھەیە وەک ڕیتاڵین Ritalin لە ئەمریکا بۆ ئەو مناڵانەی کە کێشەی بزێوی و ڕەفتاریان ھەیە، بەکارھێنانی ئەم مادەیە بۆ ئەو مەبەستە ئێستا لە بەریتانیا ڕوو لە زیادییە.
کاریگەری ووریاکەرەوەی ئەمفیتامینەکان بووە ھۆی بەکارھێنانێکی زۆریان لەلایەن سەربازەکانەوە بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەو بێتاقەتی و پەستییە ببەنەوە کە بە "پەستیی شەڕ" ناسراوە. وا خەمڵێنراوە کە ھێزەکانی بەریتانیا لە جەنگی جیھانی دووەمدا ٧٢ ملیۆن حەبیان بەکارھێنابێت. گەلێک ھێزی سەربازی ئەڵمانی و یابانیش ئەم حەبانەیان بەکارھێناوەو دەڵێن گوایە ھێتلەر خۆی ڕۆژانە دەرزی ئەم مادانەی لێدراوە! ٣٦
ئەم بەکارھێنانەی ئەمفیتامین لە نێو ھێزە سەربازیەکاندا لە لایەن سوپای ئەمریکییەوە بەردەوام بووە لە جەنگەکانی کۆریاو ڤێتنامدا. واباسدەکەن کە ئەنتۆنی ئێدنی سەرەک وەزیرانی بەریتانیا پێویستی بەم مادەیە ھەبووە بۆ ئەوەی لەگەڵ تەنگەشەی کەناڵی سویسی ساڵی ١٩٥٦دا ھەڵبکات!٣٧
لە بەریتانیا تا ساڵی ١٩٥٦ زۆربەی ئەو دەرمانانەی کە ئەمفیتامینیان تێدایە بەبێ پێویست بوونی ڕاچێتەی دوکتۆر لە دەرمانخانەو دوکانەکاندا دەفرۆشران و لەلایەن ئەو ژنانەوە کە بەھۆی کاری ناو ماڵەوە بێزارو بێتاقەت بووبوون یان ئەو کەسانەی کە خۆیان بە بێھێز دەزانی و پێویستییان بە مادەی بەھێزکەر ھەبوو بەکاردەھاتن. ھەروەھا لەناو ئەو کەسانەدا باوو بوو کە بۆ ماوەی دورودرێژ کاریان دەکرد وەکو شۆفێری لۆرییە بارھەڵگرەکان کە گەشتی دورودرێژ ئەنجامدەدەن.
لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا بەکارھێنانی ئەمفیتامین لەبەریتانیا بۆ مەبەستی دیکەی ناپزیشکی پەرەیسەند بەتایبەتی لەنێو گەنجانداو بوەھۆی تێوەگلانی ھەزاران گەنج لەو کێشەیەدا کە بە یەکەم کێشەی دەرمانی دوای جەنگ ناسراوە؛ ھەروەھا بووە جێگای سەرنج و تۆقینی میدیاکان و بەمجۆرە لە ساڵی ١٩٦٤ دا ھەبوون یان گلدانەوەی ئەمفیتامین بەبێ مۆڵەتی ڕەسمی قەدەغەکرا.
لە ساڵانی ١٩٧٠ کان و ١٩٨٠کاندا بەکارھێنانی ئەمفیتامین لەسەر شەقام و ناوبازاڕدا پەرەی سەند و نەوەیەکی دیکەی گەنجانی لەخۆیەوە ئاڵاند لەو یانانەدا کە بەدرێژایی شەو کراوە بوون. بەرھەمھێنانی نایاسایی تۆزی ئەمفیتامین و ھەڵمژینی ئەو مادەیە جێگای ئەوەی گرتەوە کە لەوەپێش حەبەکانیان لە کارگەکان دەدزی.
کاریگەرییە ھەنوکەییەکانی ئەمفیتامینەکان بریتییە لە حەوانەوەو ھەست بەخۆشی کردن؛ مێشکی ئەو کەسە ئارامدەگرێت و ھەست بە متمانەبەخۆبوون و چالاکی دەکات. ھەندێک کەس دوای بەکارھێنانی ئەم مادەیە ھەست بە توڕەیی و دڵەڕوکێ دەکەن. ئەو ئاسەوارانە بەزۆری دوای دەرچونی مادەکە لەلەش نامێنن. کاریگەری یەک ژەم بۆماوەی ٤-٨ کاتژمێر لەلەشدا دەمێنێتەوە بەڵام تا ماوەی ٤ ڕۆژ لەڕێگەی پشکنینی میزەوە دەدۆزرێتەوە.
بەکارھێنەرانی ئەمفیتامینەکان ھەست بە ماندووی و خەمۆکی دەکەن بۆماوەی یەک یان دوو ڕۆژ دوای بەکارھێنانی مادەکەو ھەندێک جار زیاتریش. ئەوانەی کە ڕادەیەکی بەرز لەم مادەیە بەبەردەوامی بەکاردەھێنن زانراوە کە دوای چەند ڕۆژێک ھەست بە ترس و ھەلوەسە دەکەن. بەکارھێنانی بۆ ماوەی دورودرێژ دەبێتە ھۆی فشارخستنە سەر دڵ و بۆ ئەوانەی کە فشاری خوێن یان کێشەی دڵیان ھەیە زۆر مەترسیدارە. بەکارھێنانی بە بڕی زۆرو بۆماوەی دورودرێژ ڕەنگە ببێتە ھۆی توشبوون بە نەخۆشییە ژیرییەکان Mental Illness. ھەندێک کەس لەگەڵ بەکارھێنانی ئەم مادەیەدا ڤیاگرا بەکاردەھێنن؛ ئەمەش مەترسی توشبون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاتردەکات.
وەکو ھەموو دەرمانەکانی دیکە شێوەی بەکارھێنانی ئەمفیتامینەکان بڕیار لەسەر ئەوەدەدات کە کاریگەری دەرمانەکە چەند خێرا بێت و چەندیش بەھێز بێت. ئەگەر لەشێوەی حەبدا بەکاربێت ئەوا ھێواشترە بەڵام ئەگەر لەشێوەی ھەڵمژین و دەرزیلێداندا بەکاربێت ئەوا خێرایەو بەپێی ڕادەی زۆری و کەمی مادەکەش کاریگەرییەکەی دەگۆڕێت.
بەکارھێنانی بەردەوامی ئەمفیتامینەکان دەبێتە ھۆی خوگری سایکۆلۆژی و بەکارھێنەران ھەست بە بێھێزی، بێتاقەتی ، پەستی و برسێتییەکی زۆردەکەن ئەگەر دەرمانەکە بەکارنەھێنن. ھەربۆیە بەردەوام دەیانەوێت بگەڕێنەوە دۆخی پێشوو دەرمانەکە بەبڕی زیاتر بەکاربھێنن. بەمجۆرە لەشیان لەگەڵ ئەو مادیە ڕادێت و بەردەوام پێویستیان بەبڕی زیاترو وزیاتری ئەو مادەیە ھەیە بۆ ئەوەی ھەست بە کاریگەری یەکەمجار بکەن.
بەردەوام بەکارھێنانی ئەمفیتامینەکان دەبێتە ھۆی بێخەوی و بێخۆراکی و کەمبونەوەی بەرگری بەرانبەر نەخۆشی. کێشەکانی کەمخۆراکی وەک Anorexia Nervosa لەوانەیە ببنە کێشە بەتایبەتی لەنێو ژنانی بەکارھێنەردا. کاروباری ڕۆژانەیان پێدەچێت پەکی بکەوێت و زۆر لەوانەی کە بەزۆری بەکاری دەھێنن بەردەوام لەنێوان ھەستکردن بەشادی و چالاکی بەکارھێنان و بێتاقەتی و بێھێزی لێبڕاندا جۆلانە دەکەن. ھەندێک لە بەکارھێنەران تووشی شەپۆلی توندوتیژی دەبن و لەوانەیە زۆر پەلاماردەرو شەڕانی بن.
کێشەیەکی دیکەی ئەمفیتامین کێشەی پوختەییەتی. لەسەر شەقام و ناوبازاڕدا ڕادەی پوختەیی ئەم مادەیە کەمتر لە ١٥% یەو زۆر جاریش فرۆشیارەکانی تەنھا ١٠% ئەمفیتامینی تێدەکەن و ئەوەکەی دیکەی تۆز (پاودەر)ی دیکەی وەک گلوکۆز، ڤیتامین سی، مادەی ناوسک داماڵەر، شیری وشکی مناڵ، کافاین و دەرمانی دیکەی وەک پاراسیتامۆڵ و ئەسپرینە.
جۆرێکی دیکەی دەرمانەکە کە بەھێزترە میسئەمفیتامینە Methamphetamine کە لەشێوەی تۆزو کریستاڵدا دێت کە پێیدەڵێن سەھۆڵ و ھەروەھا لەشێوەی حەبیشدا ھەیە.
لەلایەنی یاساییەوە ئەمفیتامینەکان لە بەریتانیا لە پۆلی B دانراون، بەڵام ئەگەر لەشێوەی دەرزیدا ئامادەکرابن دەچنە پۆلی A.
٣.کۆکاین و کراک Cocaine and Crack :
کۆکاین لە گەڵای دەوەنێک دەردەھێنرێت کە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەمریکای باشور لە وڵاتانی وەک پۆلیڤیا و کۆڵۆمبیاو پیرۆ بەشێوەیەکی سروشتی دەڕوێت و پێی دەڵێن TErythroxylum cocaT . بۆیە دەڵێین دەوەن چونکە لەڕاستیدا ئەو لە دار بچوکترەو لە ڕووەکیش گەورەترە و گەلێک پەلوپۆی لێدەبێتەوە. لە سەرشەقام و ناوبازاڕدا بە کۆک، چارلی، بەفر، C ، چەو، تۆز ، بەرد، سپی و گەلێک ناوی دیکەشەوە ناسراوە.
مێژووی خواردن و داکرۆشتنی گەڵای کۆکا وەک یارمەتیدەرێک بۆ کارکردن لەنێو ھیندییە سورەکانی باشوری ئەمریکادا پێدەچێت کە بگەڕێتەوە بۆ ٢٥٠٠ تا ٣٠٠٠ ساڵ پ.ز . گەلێک بەڵگەی مێژوویی لەشێوەی نەخشی گڵینەو ئاسەواری مێژوویی دیکەدا دۆزراونەتەوە کە وێنەکانیان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن.٣٨
چایەکی بەنێوبانگی ئەمریکای باشور ھەیە ناوی mate de coca یە ئەویش ھەر لە گەڵای ئەو درەختە دروستدەکرێت. دۆشاوی کۆکا کە بە basuco ناسراوە شێوەیەکی ئەو دەرمانەیە کە دەکێشرێت و لە گەڵای ئەو درەختە دەردەھێنرێت و لەو وڵاتانە دەکێشرێت کە درەختەکەی لێ دەڕوێت.
کۆکاین بۆیەکەمجار لە ساڵی ١٨٥٥ دا لە گەڵای ئەو درەختە دەرھێنراو تا ساڵانی ١٨٧٠کان دەرمانێکی بەناوبانگی ووریاکەرەوەو شادیھێنەربوو بۆ چارەسەری گەلێک نەخۆشی سوک بەکاردەھات. شیکارکەری دەرونی بەناوبانگ سیگمۆند فرۆید ڕێنومایی بەکارھێنانی ئەو دەرمانەی کردووە بۆ چارەسەری گەلێک کێشەی نوژداری و سایکۆلۆژی لەوانە ئالودەگی بە ئەلکھول و مۆڕفین. بەڵام کاتێک ڕێنومایی ھاوڕێیەکی کرد بۆ بەکارھێنانی کۆکاین بۆ ئەوەی لە ئالودەگی مۆرفین قوتاری ببێت و ھاوڕێکەی بەھۆی زیادەخۆرییەوە لە کۆکاین مرد، فرۆید بیروڕای خۆی گۆڕی.
پزیشکەکانیش بۆ سڕکردنی ناوچەیی (بەنجکردنی بەشێکی لەش) و دانسازی بەکاریاندەھێنا. لە گەڵای کۆکا مەی دروستکراوەو ساردی کۆکاکۆلا لەبنەڕەتدا وەک ( خۆشیبەخشێکی بەنرخی مێشک و چارەسەری ھەموو کێشە دەمارییەکان) فرۆشراوەو تا ساڵی ١٩٠٤ یش کەمێک مادەی کۆکاینی تێدا بووە.٣٩
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا پزیشکەکان ھۆشدارییاندا لەسەر ئەگەری خوگری و کێشەی دیکەی بەکارھێنانی کۆکاین. لە ئەمریکا لەنێو سپی پێستەکاندا ترسی ئەو ڕەشپێستانە پەرەیسەند کە شێتی کۆکاین بوون و یاخیبون دژی یاسا نوێ ھەڵاوێردنەکان. لە بەریتانیاش ترسی بەکارھێنانی ئەو مادەیە لەلایەن ھێزە سەربازییەکانەوە لە جەنگی جیھانی یەکەمدا تەشەنەی کرد و ڕۆژنامەکان بە شێوەیەکی شێتگیرانە لەسەریان نوسی و وایاندایە قەڵەم کە ئەوە پلانێکی ئەڵمانەکانە بۆ تێکوپێکشکاندنی ئیمپراتۆریای بەریتانی. لە ساڵی ١٩١٦ دا یاسای کوتوپڕی ھێنرایە کایەوە بۆ قەدەغەکردنی ھەڵگرتنی کۆکاین و ئەفیون و کەمکردنەوەی بەکارھێنانە پزیشکییەکانیان.
لەھەمانکاتدا لە ئەمریکا بەکارھێنانی کۆکاین زیاتر بڵاوبوبوەوەو لە ناوەڕاستی ١٩٨٠کاندا جۆرێکی زۆر بەھێزتری دەرمانەکە کەوتە بازاڕەوە؛ کۆکاینی ئامادە بۆ کێشان (وەک جگەرە) کراک کە لە تۆزی ھایدرۆکلۆرایدی کۆکاین دەردەکرێت.
ئەم شێوە نوێ و بەھێزەی کۆکاین بوو بە کێشەیەکی گەورە لە ئەمریکا بۆ ئەوانەی کە لە ناوچە ھەژارنشینەکانی نێوەندی شارەکاندا دەژیان و لەگەڵ خۆیدا گەردەلولێکی توندوتیژی و تاوانی بەدیاری بۆھێنان کە ھەتا ئێستاش ھەر بەردەوامە. کێشەی تاوان و توندوتیژی کە لەئەنجامی بەکارھێنانی دەرمان و مادە سڕکەرەکانەوە تەشەنەی سەند، بوو بە بنێشتەخۆشەی سەرزاری ڕۆژنامەکان. ئەگەرچی کراک ھاوشان لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕادەی تاوان و توندوتیژیدا ھاتە بەریتانیاوە بەڵام ھەرگیز نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئەمریکا. ئێستا بەکارھێنانی کراک لەبەریتانیادا زۆر ڕوو لەزیادییە بە تایبەتی لەنێو ئەو گەنجانەی کە سەرتاسەری شەو لە یانەکاندا سەمادەکەن.کۆکاین و کراک لە مادە ووریاکەرەوە ھەرە بەھێزەکانن بەڵام کاریگەرییەکانیان کورتخایەنە. بەتایبەتی کراک زۆربەھێزو زۆر کورتخایەنە. بەکارھێنەرانی ھەست بە ووریای و بەھێزی دەکەن. زۆر لەبەکارھێنەران ووتویانە کە دوای بەکارھێنانی ئەم دەرمانە ھەستیان بە لەخۆڕازیبوون و چالاکی جەستەیی کردووەو لەو باوەڕەدابوون کە خاوەنی توانایەکی بەھێزی مێشکن. ئاسەوارە جەستەییە باوەکانی بریتین لە: دەم ووشکی، ئارەقکردنەوە، کەمبوونەوەی ئارەزوی خواردن و بەرزبوونەوەی ڕادەی لێدانی دڵ و دەمار. دوای ژەمی گەورە بەکارھێنەران پێدەچێت ھەست بە دڵەڕاوکەو نائارامیەکی زۆر بکەن. کاریگەری ھەڵمژینی کۆکاین بەخێرایی دەسپێدەکات بەڵام تەنھا بۆ ماوەی ٣٠ خولەک دەمێنێتەوە ئەگەر دووبارە نەکرێتەوە. ئەگەر ئەو کەسە کراک بکێشێت ئەوا کاریگەرییەکانی تەنانەت لەوەش زووتر دەردەکەون بەڵام زۆر لەوەی پێشوو کەمتریش دەخایەنێت.
یەکێک لەبەکارھێنەران ئاوا باسیدەکات:
" وات لێدەکات ھەست بە مەزنی و بەھێزی و ھەچی شتە بکەیت. کێشەکە لەوەدایە کە دەتوانێت بەتەواوی ئالودەو گیرۆدەت بکات. کاریگەرییەکەی ئەوەندە ناخایەنێت و ناچاریت جارێکی دیکەش بەکاریبھێنیتەوە. لەبەرئەوەیە من ئەوەندە بە بەربەریانەی دەزانم و سەرو سامانم تێناوە٤٠."
ژەمی گەورەو نزیک نزیک لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەکرێت ببێتە ھۆی دڵەڕاوکێیەکی زۆر زۆرو خانەگومانی و دڵپیسی و ڕەشبینی و تەنانەت ھەلوەسەش. بەشێوەیەکی گشتی ئەم کاریگەریانە لەگەڵ دەرچونی دەرمانەکە لە لەشدا ئەوانیش دیارنامێنن. کاریگەرییە دواینەکانی کۆکاین و کراک لەوانەیە پەرێشانی و خەمۆکی بگرێتەوە کاتێک بەکارھێنەران دەرمانەکەیان دەست ناکەوێت یان بەکاریناھێنن.
کۆکاین لەگەڵ مادەی دیکەدا تێکەڵ دەکرێت و ئەمەش زۆر ترسناکە بۆ بەکارھێنانی لەڕێگەی دەرزییەوە.
ھەندێک چەندو چون ھەیە لەسەر ئاسەواری ئاستی قبوڵکردنی لەش و نیشانەکانی کشانەوەو تەرککردن. لەکاتێدا ئەوە ڕاستە کە کۆکاین و کراک ئالودەگی جەستەییان وەک ھیرۆین نییە و شتێکی چەواشەکەرانەیە گەر وەک یەک پێناسەیان بکەین و بەپێی ئەو پێوەرە جەستەییانە پێوانەیان بکەین کە تایبەتن بە ھیرۆین. ھەر دەرمانە کاریگەری جەستەیی تایبەتی خۆی ھەیەو سەبارەت بە کۆکاین و کراک زۆر زۆر بەھێزە. بەکارھێنەرانی بەردەوامی کۆکاین و کراک زۆر خوو بە دەرمانەکەوە دەگرن و لەشیشیان زۆر لەگەڵیدا ڕادێت کە وایان لێدەکات ووریاو بەکاربن کاتێک بەکاریدەھێنن و کوڵۆڵو دەستەپاچەو غەمگین بن کاتێک لێیان دەبڕێت یان بەکاریناھێنن؛ کەئەمە زۆر دوورو ئەستەمە بۆ بەکارھێنەرێکی بەردەوام یان ناوبەناویش. لەم بارەدا بەکارھێنەر تووشی بێخەوی و دابەزین و داتەپینێکی گەورەی جەستەیی و سۆزداری دەبێت. ئەمەش پێدەچێت لەشێوەی سکچون، ڕشانەوە، لەرزین، ئارەزووی خۆراک نەخواردن لەترسی قەڵەوی (بەتایبەتی ژنان) و ئارەقکردنەوە کە ئەمانە لەھەندێک کەسدا لەسەرو تواناو ووزەوەن. زۆر لە بەکارھێنەران ئەم ئاسەوارانە دەزانن و لە پێناوی خۆپاراستن لێیان و نەکەوتنە نێو زۆنگاوی پەرێشانییەوە زۆر ھەڵوێستە دەکەن لە بەکارھێنانیدا.
ئەوەندەی کە پەیوەندی بە کراکەوە ھەیە، زۆر کەس دەڵێن کە بەپێچەوانەی کۆکاینەوە زۆر ئالودەکەرەو بەکارھێنەران ناتوانن بەئاسانی دەستبەرداری ببن. زۆر لەبەکارھێنەران دەبن بە بەکارھێنەری ڕۆژانە و چەند مانگێکی دەوێت تا دەبنە ئالودەبوو، بەڵام زۆر کەسی دیکە لەو باوەڕەدان کە تەنھا خوگرییە.
بەکارھێنەرانی بەردەوام بەھۆی بێخەوی و دابەزینی کێشی لەشەوە تەواو دادەھێزرێن و تەواو دادەبەزن. بەردەوام ھەڵمژینی کۆکاین دەبێتە ھۆی تێکشکاندنی ئەو دیوارەی کە لوت دەکات بە دوو بەشەوە. بەردەوام کێشانی کراک دەبێتە ھۆی گیروگرفت لە ھەناسەدانداو لەدەستدانی دەنگ بەشێوەیەکی بەشی (جزئی). دەرزیلێدان بۆ ماوەی دورودرێژ ڕەنگە ببێتە ھۆی کۆبوونەوەی کێم و جەراعەت و ھەوکردن لەگەڵ مەترسی زیاتری توشبوون بە نەخۆشی ترسناکی وەک ئایدز و زەردوویی (ھیپەتایتس) ئەگەر دەرزییەکان لەنێوان چەند کەسێکدا بە ھاوبەشی بەکاربھێنرێن.
ئەو ژنانەی کە لە ماوەی سکپڕیدا کۆکاین یان کراک زۆر بەکاردەھێنن پێدەچێت تووشی کێشە ببن و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کار بکاتە سەر کۆرپەکانیشیان. لە ڕۆژنامە ئەمریکییەکاندا زۆر لەسەر "کۆرپە کراکییەکان" ووتراوە، لەڕاستیدا زۆر مناڵی ئەو دایکانەی کە کراک بەکاردەھێنن نائارام و ئۆقرەنەگرن و خۆراکیان خراپە بەڵام ڕادەی بڵاوی ئەم دیاردەیە زیادەڕەوی و گەورەکردنی تێدایە.
لە بەریتانیا کراک بەزۆری لەلایەن ئەو گەنجانەوە بەکاردێت کە تەمەنیان لەنێوان ٢٠-٢٤ ساڵدایەو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بڕێکی زیاتری ئەم مادەیە لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. کراک و کۆکاین لەلایەنی یاساییەوە لە پۆلی A دان.
٤.Alkyl Nitrites یان کۆمەڵەی نیتریتەکان کە Amyl، Butyl وە Isobutyl nitrate دەگرنەوە شلەمەنییەکی ڕوونی زەردن کە بۆ مەبەستی کاریگەرییە مەستیبەخشەکانیان ھەڵدەمژرێن.
لە بەریتانیا بەشێوەیەکی گشتی لەشێوەی شلەمەنییەکی ئاڵتونیدا دەفرۆشرێن لە بوتڵی بچوکدا. گەلێک ناوی بازرگانی و ناوبازاڕی ھەیە لەوانە Ram ، Thrust، Rock hard، Kix، TNT وە زێڕی شل. شلەمەنییەکە یان ڕاستەوخۆ لە بوتڵەکەوە یان لە پارچە قوماشێکەوە ھەڵدەمژرێت. نیتریتەکان لە بنەڕەتدا لە شێوەی کەپسولی بچوکی شوشەدا ھاتن کە لەکاتی ھەڵپچڕیندا تەقەیەکیان لێوەدەھات. ئەمەش وای کرد کە نیتریتەکان ناوبنێن Poppers واتە تەقیوەکان یان تەقێنەرەوەکان (بۆ شتی بچوکی وەک میزەڵان ... ھتد). نیتریتەکان لەکاتی ھەڵپچڕیندا بۆنێکی خۆشیان لێدێت، بەڵام پاش ماوەیەک بۆگەن دەکات و بۆنەکەی دەگۆڕێت بۆ بۆنی "گۆرەوی پیس و بۆگەن"!
تا ئێستاش لە بەریتانیا Butyl nitrite لە دوکانی فرۆشتنی شمەکە سێکسییەکان و باڕەکان و یانە شەوانەکان و ھەندێک جار لە دوکانی جگەرە فرۆش و پۆشاکیشدا دەفرۆشرێن بوتڵی بە ٥ پاوەند. ٤١
ئەمایڵ نایتریت یەکەمجار لە ساڵی ١٨٥٧ دا دۆزرایەوە و بۆ چارەسەرکردنی ئازاری سنگ Angina بەکار دەھات. لەو ساڵانەی دوایدا بە دەرمانی دیکە شوێنی گیرایەوەو تاکە بەکارھێنانێکی پزیشکی ئێستای ئەو دەرمانە وەک چارەسەرێک بۆ ژاراوی بوون بە سیانید بەکاردێت.
نایتریتەکان لە ساڵانی ١٩٥٠ کاندا لە نمایشەکاندا بەکاردەھاتن و لە ١٩٦٠کانیشدا لە ئەمریکا وەک دەرمانی سەرجادە بەکاردەھاتن.Butyl Nitrite ھیچ کەڵکێکی پزیشکی نییەو لە بنەڕەتدا وەک بۆنخۆشکەرو بۆنبڕی ناوماڵ بەکارھاتووە لە ئەمریکا. ئەو دەرمانە لە شانشینی یەکگرتوو یەکەمجار لە یانەو دیسکۆکاندا بەکارھات لە ساڵانی ١٩٧٠کانداو دواتریش لە یانەی سەمادا لە ساڵانی ١٩٨٠کان و ١٩٩٠ەکاندا.
کاریگەرییەکانی یەکسەر دوای ھەڵمژینی دەردەکەون بەڵام تەنھا بۆ ماوەی چەند خولەکێکی کەم دەمێننەوە. بەکارھێنەران ھەست بە خێرایی دەکەن چونکە لێدانی دڵ خێرادەبێت و خوێن بەپەلە بەرەو سەر ووروژم دەبات. سەریەشەیەکی بەھێزو کوتوپچڕ (سەرت زریکەی دێت) ، سەرگێژخواردن، خەواڵویی، ھەستکردن بەوەی کە کات ھێواش بووەتەوە، سورھەڵگەڕانی دەموچاوو مل و ھەستکردن بەوەی کە بەتەواوی کۆنترۆڵ ناکەیت بەسەر ھۆش و کردارو ڕەفتارتدا لە نیشانە باوەکانی بەکارھێنانی ئەم دەرمانەن. ئەو کەسانەی کە نایتریت بە مەبەستی خۆشی سێکسی بەکاردەھێنن ووتویانە ھەست بە ماوەیەکی زۆرتری خۆشی ئاوھاتنەوە Orgasm دەکەن و ناھێڵێت پێش وەخت تەواوببن، ئەگەرچی ھەندێک پیاو ووتویانە دوای ئەوە کێشەی ڕەپبوونیان ھەبووە و نەیانتوانیوە بەدەستیبھێنن. ئەم دەرمانە لەلایەن ئەوانەشەوە زۆر بەکاردێت کە ھاوسێکسن Homosuxals و مەترسییەکی دیکە ئەوەیە کە بەھۆی سەرخۆشییەوە ناتوانن ڕێوشوێنی سەلامەتی سێکسی پەیڕەو بکەن و دەکەونە مەترسی توشبوون بە نەخۆشی HIV ئایدزەوە.
بەکارھێنەران پێدەچێت ببورێنەوە ئەگەر دوای ئەوە خەریکی چالاکی جەستەیی بەھێزبن وەک سەماکردن و ڕاکردن. بەکارھێنانی نایتریت بووەتە ھۆی دڵەکوتێ لەکاتێکدا کە بەکارھێنەر خۆی لەخۆیدا پەستانی بەرزی خوێن یان کێشەی دڵی ھەبووبێت. تەنانەت بووەتە ھۆی مردنیش لەکاتێکدا کە خەڵک نایتریتیان خواردۆتەوە لەباتی ھەڵمژینی بۆنەکەی. ھەروەھا نایتریت پەستان لەسەر چاویش زیاد دەکات و بەتایبەت بۆ ئەوانە زۆر ترسناکە کە نەخۆشی چاوی وەک گلاوکۆمایان ھەیە glaucoma.
زۆرجار نیتریتەکان لەگەڵ دەرمانی دیکەدا بەکاردێن بۆ بەھێزکردنی کاریگەری دەرمانەکە بەڵام ھەر تێکەڵکردنێکی دەرمان ترسناکەو لەوانەیە ببێتە ھۆی دەرئەنجامی چاوەڕوان نەکراو.
بەکارھێنانی بەردەوامی ئەم دەرمانە پێدەچێت ببێتە ھۆی نەخۆشی پێست لەدەوروبەری لوت و لێو. ھەروەھا بەکارھێنەرانی بەردەوام لەشیان لەگەڵیدا ڕادێت و ھەڵًمژینی نایتریت ئەو ئەنجامەی پێشو نادات بەدەستەوەو پێویستییان بە بڕی زیاترە بۆ بەدەستھێنانی. بەکارھێنانی بەردەوامی پێدەچێت ببێتە ھۆی خوگرییەکی سایکۆلۆژی بە دەرمانەکەوە بەڵام ھیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە ببێتە ھۆی ئالودەگی جەستەیی و نیشانەکانی دوای کشانەوەو تەرککردن نەبینراون.
ھەندێک کەس بەکارھێنانی نایتریتەکانیان بە ھۆکاری جۆرێک شێرپەنجە لەقەڵەمداوە کە زۆر دەگمەنەو پێیدەڵێن: Kaposis sarcoma کە یەکێکە لە نیشانە سەرەتاییەکانی ئایدز لەو پیاوانەدا کە ھاوسێکسن و تووشی ئایدز بوون. بەڵام لەگەڵئەوەشدا بەڵگەی ئەو پەیوەندییە تا ئێستا نەسەلمێنراوە٤٢.
لەلایەنی یاساییەوە ئەم دەرمانە تا ئێستا لە بەریتانیا بە دەرمانی نایاسایی ناوزەدنەکراوەو فرۆشتن و ھەڵگرتنی کۆنترۆڵ نەکراوە. لەگەڵئەوەشدا بەپێی ئاژانسی کۆنترۆڵکردنی دەرمان و بەڕێوەبەرێتی یەکێتی ئەوروپا ھەر مادەیەک کە بفرۆشرێت و کاریگەری سایکۆلۆژی یان ڕەفتاری ھەبێت لەسەر خەڵک پێویستە وەک دەرمان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و یاسای کۆنترۆڵکردنی دەرمان بیگرێتەوە بەبێ گوێدانە شێوەی فرۆشتنی.
٥.کافاین Caffeine:
کافاین دەرمانێکە لە چا، قاوە، Cocoa، گەلێک خواردنەوەی سوکی وەک کۆلاو گەلێک چۆکلێتدا دەبینرێتەوە. ھەروەھا لەگەلێک دەرمانیشدا بەکاردێت بەتایبەتی ئەو دەرمانانەی کە بۆ چارەسەرکردنی سەرمابوون بەکاردێن. کافاین دەکرێت بەشێوەیەکی دەستکرد لە تاقیگەکاندا دروستبکرێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لە دەوەنی قاوەی عەرەبی، گیای چای بازرگانی ، دەنکی Cocoa و بەری کۆلا دەردەھێنرێت. قاوە لەگەلێک شوێنی ئەم جیھانە دەڕوێت وەک ئەفریکا، نیمچە دوڕگەی عەرەب، ئەمریکای ناوەند و باشور، جاوەو سامارتا و ناوچە ھیندییە خۆرئاواییەکان (ئەمریکا). چا بەشێوەیەکی سەرەکی لە خۆرھەڵاتی ئاسیاو ئەمریکای باشور دەڕوێت بەتایبەتی ھیند، چین، ئەندەنوسیا، سریلانکاو یابان. زۆربەی Cocoa ی جیھان لە خۆرئاوای ئەفریکا بەرھەمدێت.
وەک پێشتر باسکرا چا مێژوویەکی دێرینی ھەیە بەڵام قاوە نوێترە.
کافاین کە لەھەموو ئەو بەرھەمانەدا دەبینرێتەوە وریاکەرەوەیە و لەش گورجوگۆڵ دەکاتەوەو لێدانی دڵ زیاد دەکات و پەستانی خوێنیش بەرز دەکاتەوە. ماندویەتی دەحەوێنێتەوەو خەواڵویی دەزڕێنێت و وا لە خەڵک دەکات زیاتر ووشیار بن و باشتر مێشکیان چەقببەستێت. خەڵکانێکی زۆر لە سەرتاسەری جیھاندا بەیانیان کوپێک چا یان قاوە دەخۆنەوە بۆ ئەوەی بکەونە گەڕ! ھەروەھا خەڵک چاو قاوە دەخۆنەوە بۆ ئەوەی بحەوێنەوە دوای کارکردن. کافاین یارمەتی میزکردنی زیاتریش دەدات . ئەگەر بەبڕی زۆر بخورێتەوە دەبێتە ھۆی سەریەشەو پەشێوی.
ئەو کەسانەی کە لە ڕۆژێکدا زیاتر لە ٦-٨ کوپ چاو قاوە دەخۆنەوە بە خەستییەکی مامناوەندی خوی پێوەدەگرن. لەوانەی زۆر سەخت بێت بۆیان وازی لێبھێنن و کاتێک نەیخۆنەوە ھەست بە ئاسەوارەکانی پاشکشەو تەرککردن دەکەن. ئەمەش ھەست بە ماندویی کردن و دڵەڕاوکێ و سەریەشە دەگرێتەوە.
ئەو توێژینەوانەی کە لەسەر کافاین کراون یەکلاکەرەوە نین. ھەندێک لە لێکۆڵینەوەکان کاریگەرییەکانی بە خراپ باسدەکەن و ھەندێکی دیکەشیان بە شێوەیەکی ھێواشتر. لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک ڕاپۆرت ئەوەیان دەرخستووە کە ئەگەری توشبوون بە ڕەبوو، زامداربوونی گەدە زیاد دەکات و دەبێتە ھۆی توشبوونی زیاتر بە نەخۆشییەکانی گورچیلە، میزەڵان وە نەخۆشییەکانی دڵ و کێشەکانی زیادبوونی فشاری خوێن.
مەترسی کافاین بۆ مناڵ گەلێک زیاترە. مناڵان لە زۆر وڵات ھەر لە مناڵییەوە چاو قاوەیان دەدەنێ زۆر جار وەک یارمەتیدەرێک بۆ تێربوون لەکاتی کەمی شیردا. ئەم دیاردەیە لە وڵاتە ھەژارەکاندا زۆر بڵاوە. لە وڵاتە پیشەسازییەکانیشدا مناڵان بڕێکی زۆر کافاین وەردەگرن لە چوکلێت و خواردنەوە گازییەکاندا؛ ئەو مناڵانەی کە بڕێکی زۆر کافاین دەخۆن زۆر بزێوو نائارام دەبینرێن. ئەو مناڵەی کە قوتویەک کۆکا کۆلا دەخواتەوە ئەوەندەی گەورەیەک کە چوار کوپ قاوەی خواردۆتەوە کافاینی وەرگرتووە.٤٣
کوپێک چای ئاسایی (بەپێوەری ئەوروپییەکان) ٤٠ میلیگرام کافاینی تێدایە بەڵام کوپێک قاوە ٦٠ ملگم کافاینی تێدایە. دیارە ئەوەش بەپێی خەستی و ڕوونی و ڕادەی کوڵاندنیان زۆر دەگۆڕێت.
گەلێک جۆر قاوەو چا ھەیەو لە ناوچە جیاجیاکانی جیھاندا بەگەلێک شێوەی لێکجیاواز دەخورێنەوە. لە کوردستان ئەوەی کە لەمێژەوە بووە بەبەشێک لە کولتورو ژیانی ڕۆژانەو کۆڕی شەوانە ئەو جۆرە چایەیە کە بە چای ڕەش ناسراوە. لە ھەندێک ناوچە زۆر بە خەستی دەخورێتەوە (بەتایبەتی لە گوندەکاندا) و زۆریش دەکوڵێت. پیاوان، بەتایبەت دوای ڕۆژی کاری گران و لەکاتی کارکردنیشدا بڕێکی زۆر چا دەخۆنەوە. دیارە ئەمەش بێجگە لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ڕۆڵی کافاین لە ووریاکردنەوەو چالاککردنیاندا ھۆکاری ئابوریشی ھەیە؛ وەک تاکە شلەمەنییەک کە لەبەردەستدا بێت، بەھۆی گرانی و کەمی جۆرەکانی دیکەی خواردنەوەی ئاوی میوەو شەربەت وەکو جێگرەوەیەک بۆ ئەو ئاوەی کە بەردەوام لەلەشیان دەردەچێت. لەزۆربەی کوردستاندا خەڵکانێکی ئەوتۆ دەبینین کە ئەگەر ڕۆژێک چا نەخۆنەوە ھەست بە ھەموو ئاسەوارەکانی پاشەکشەو داھێزران دەکەن و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کافاین بۆ ئەو جۆرە کەسانە بووە بە خووگری و تەنانەت دەتوانیین بڵێین ئالودەگیش.
کافاین وەک دەرمانێکی کۆنترۆڵکراو نەناسراوەو یاسا ھیچ جۆرە سنورێکی بۆ دانەناوە لەشێوەی چاو قاوەو چۆکلێت و خواردنەوە گازییەکاندا بەڵام ئەو دەرمانە پزیشکیانەی کە کافاینیان تێدایە بەبێ مۆڵەتی پزیشک نافرۆشرێن. پزیشک و شارەزایانی تەندروستی ھۆشداری دەدەن لەسەر مەترسییەکانی زۆر بەکارھێنانی کافاین و ئامۆژگاری خەڵکی دەکەن بۆ سنوردانان بۆی.
ئەو چا یان قاوەیەی کە دەیخۆینەوە نەھێڵین زۆر بکوڵێت یان تەواو قوڵپ بدات و خۆمان وا ڕابھێنین کە ڕوونتر بیخۆینەوەو ئەگەر بگونجێت لەگەڵ شیردا تێکەڵی بکەین (وەک خۆرئاواییەکان) و لە شەوو ڕۆژێکیشدا نەگاتە ٦-٨ کوپ، پێدەچێت زۆر لەمەترسییەکانی کەمبکاتەوە. ئەوەندەی پەیوەندی بە مناڵانەوە ھەیە، بەتایبەتی مناڵانی بچوک و ساوا، ئەوا باشترین ڕێگا فێرنەکردنیانە بۆڕێگرتن لە خوگری بە کافاینەوە و دواتریش لەتەمەنی گەورەتردا سنوردانان بۆی.
٦. جگەرە (توتن) Tobacco: توتن گەڵای وشککراوەی ئەو گیایەیە کە لەگەلێک شوێنی ئەم جیھانە دەڕوێنرێت. جگەرە زیاتر لە ٤٠٠٠ مادەی کیمیاوی تیدایە، بە مادەی ژاراوی وەک ئەمۆنیاشەوە، بەڵام تاوانباری سەرەکی لە جگەرەدا نیکۆتینە؛ ئەو دەرمانە ئالودەکەرە بەھێزە. ٤٤
وشەی توتن و نیکۆتین کە بە لاتینی پێیان دەوترێت nicotiana tabacum بەو ڕووەکە ووتراوە کە کۆڵۆمبس لە گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا لەگەڵ خۆی ھێنایەوە. ئیسپانییەکان پێیان ووت تەباکۆ Tabaco وە ئینگلیزەکان کردیان بە تۆباکۆ Tobacco و بەکوردیش پێیدەڵێن توتن یان وەک لەھەندێک ناوچەی کوردستان دەڵێن تۆماکۆ و عەرەبەکانیش پێی دەڵێن تبغ ئەگەرچی لە زمانی ئاخاوتندا ھەر تتنە. بنچینەی ئەو وشەیە ڕوون نییە بەڵام پێدەچێت لە وشەی تەباگۆ Tabago داتاشرابێت کە ئەمریکییە ڕەسەنەکان بۆ دارجگەرەیەکی شێوەی پیتی Y ی بەکاریان ھێناوە کە بۆ ھەڵمژینی تۆزی توتن کەڵکیان لێوەرگرتووە.
لە ساڵی ١٦٠١دا توتن گەیشتە ئیمپراتۆریای عوسمانی و جگەرەکێشان بە خێرایی بڵاوبوەوە ئەگەرچی پیاوانی ئاینی ناڕازیی بوون. ٤٥لەساڵی ١٦٣٣ دا سوڵتان مورادی چوارەم بڕیاری لەسێدارەدانی دەرکرد بۆ جگەرەکێشەکان و واباسدەکرێت کە ڕۆژانە ١٨ کەس لەسێدارەدرابن ٤٦! پێدەچێت ئەو قەدەغەکردنە توندوتیژە ھۆکاری سیاسی و ئابوری ھەبووبێت و سوڵتان بە مەترسییەکی زانیبێت بۆ کەمبوونەوەی دەسەڵاتی و زاڵبوونی کولتوری ئەوروپییەکان بەسەر ھزری خەڵکیدا. لە ساڵی ١٦٤٧دا ئەو یاساخییە لەسەر توتن لابراو وەک ئیبراھیم پێسیڤی مێژوونوس دەڵێت: "بەمجۆرە جگەرەش چووە ڕیزی قاوەو مەی و تلیاکەوە وەک یەکێک لەو چوار گۆشەیەی کە لەسەر قەنەفەی ڕابواردن پاڵیانپێوەدراوە."٤٧
ئێستاکە زانیارییەکی دروستم لەبەردەستدا نییە کە توتن و جگەرە کەی گەیشتونەتە کوردستان. ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە لەگەڵ پەرەسەندنی ئیمپریالیزمدا توتن لەلایەن ئەوروپییەکانەوە بە سەرتاسەری جیھاندا بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئایا تورکەکان گەیاندویانەتە کوردستان یان ئینگلیزەکان یان کەسێکی دیکە؟ ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە لە کوردستاندا بەخێرایی بڵاوبووەتەوەو ژمارەیەکی زۆر خەڵک پێوەی گیرۆدە بوون. جگەرە لەو سەردەمەدا لەکوردستان لەدوای چا دووەم مادەیە کە لەلایەن جەماوەرێکی فراوانەوە قبوڵبکرێت و نە ئاین و نە کولتور نەبنە ھیچ بەرگرێک لەبەردەمیدا کە ھیچ نەبێت سنورداری بکەنەوە. شایانی باسە کە ھەندێک لە لایەنە ئیسلامییەکان لەمدواییەدا بانگەشەی بە حەرامناساندنی جگەرەیان کردو و لەنێو کۆڕو کۆمەڵانی خەڵکیشدا ڕادەی قبوڵکردنی زۆر دابەزیوە. نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت کە تا ساڵانی ١٩٦٠ەکان لە ئەوروپاش ھیچ جۆرە مەترسییەکی تەندروستی جگەرە نەزانرابوو، بەڵکو بەپێچەوانەوە جگەرە بە ھۆکارێکی تەندروستی باش و حەوانەوە ناسرابوو وەرزشەوانە بەنێوبانگەکان بانگەشیان بۆ دەکرد.٤٨
توتن بەگەلێک شێوە بەکاردێت: وەک جگەرەی پێچراوە دەکێشرێت، لەنێوسەبیل (قەنە) Pipe دا، بە دارجگەرە، لەشێوەی سیگاردا دەپێچرێتەوە، لەڕێگای نێرگەلەوە دەکێشرێت، لەھەندێک شوێن لەڕێگای لوتەوە ھەڵدەمژرێت و ھەروەھا گەڵاکانی بەتەڕی دەجورێت ٤٩. سەرباری ئەو ڕێگایانەش لەگەڵ کانەبیس ( حەشیش) تێکەڵی دەکەن و پێکەوە دەیانکێشن.
بەگوێرەی ئاماری ساڵی ٢٠٠١ لە ئینگلتەرە ٢٧% ی ئەو کەسە پێگەیشتوانەی کە تەمەنیان لە ١٦ ساڵ بەرەو ژوورە جگەریان کێشاوە؛ ٢٨% پیاوبوون و ٢٥% ژن. بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٠٢ ١٠% ی ئەو مناڵانەی کەتەمەنیان لە نێوان ١١-١٥ ساڵاندایە جگەرەیان کێشاوە بەبەردەوامی؛ ٩% کوڕ بوون و ١١% کچ. لە ساڵی ١٩٩٥ دا زیاتر لە ١٢٠٠٠٠ کەس بەھۆی جگەرەوە مردون، کە دەکاتە یەک لەسەر پێنجی ھەموو مردووەکان. لە ساڵی ٢٠٠٢-٢٠٠٣ دا لە UK ٥٤٧٣٧ ملیۆن جگەرە کەوتۆتە بازاڕەوە بۆ بەکارھێنان؛ ٤٨٦٠٦ ملیۆنی بەرھەمی ناوخۆ بووەو ٦١٣٢ ملیۆنیشی ھاوردە بووە لە دەرەوە ٥٠. ئەمە بێجگە لەو بڕە جگەرەیەی کە بە قاچاخ دێتە نێو وڵاتەوە.
لەش بەزوویی لەگەڵ نیکۆتین ڕادێت و بەمجۆرە بەردەوام پێویستت بەبڕی زیاترە بۆ ئەوەی وەک پێشوو کاریگەربێت. زۆربەی ئەوانەی کە جگەرەکێشن ئالودەی دەبن و ھەست بە بێئارامی و بێتاقەتی دەکەن ئەگەر بیانەوێت وازیلێبھێنن. لەوانەی کە جگەرە کێشن خەڵکانێکی کەم ھەن کە دەتوانن ھەر جاروبار جگەرە بکێشن و ڕۆژانە ژمارەیەکی دیاریکراو بکێشن یان ھەر نەیکێشن.
خوگری بە جگەرەکێشانەوە تەنھا مشتێکە لە خەرواری ئەو مەترسیانەی کە بەھۆی جگەرەکێشانەوە توشمان دەبن. کاتێک ئەو دوکەڵە ھەڵدەمژیت بەخۆی و ھەموو ئەو مادە کیمیاویانەوە کە ھەڵیگرتووە، لەلایەن سییەکانەوە ھەڵدەمژرێت و بەخێرایی دەچێتە نێو سوڕی خوێنەوە، کاتێک دەکەونە نێو ئەو سوڕەوە لە دڵتەوە بۆ مێشکت و سەرتاپای لەشت دەگوێزرێنەوە. سییەکانت پڕدەبن لە پاشماوەی مادەی کیمیاوی. جگەرەکێشانی بەردەوام و بۆ ماوەی دورودرێژ ئەگەری مەترسی تووشبوون بە چەندەھا نەخۆشی کوشندە زیاددەکات وەک شێرپەنجەی سی و جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ، نەخۆشی ڕێچکەکانی ھەوا Bronchitis ، خراپی سوڕی خوێن و زامداربوونی گەدە. ساڵانە تەنھا لە UK دا ١٢٠٠٠٠ کەس دەمرن بەھۆی ئەو نەخۆشییانەوە کە بەھۆی جگەرەوە توشیدەبن. ٥١
لەگەڵ ھەر مژدانێک لە جگەرەکەت نیکۆتین دەستێک دەوەشێنێت لە شێوەی کارکردنی مێشکت. ھەوەکو ھیرۆین و کۆکاین، نیکۆتین ڕژانی مادەیەکی کیمیاوی دەوروژێنێت کە پێیدەڵێن دۆپاماین، کە دەکەوێتە ئەو شوێنانەی مێشکەوە کە پەیوەندییان بە ھەڵسوکەوتی خوگری و ئالودەگییەوە ھەیە. بێگومان ئەوەی کەسێکی جگەرەکێش وەری دەگرێت ئەوەندەی ئەوە نییە کە لە دەرمانەکانی وەک ھیرۆین و کۆکاینەوە وەردەگیرێت، بەڵام ووریابە و مەکەوەرە ھەڵەوە: نیکۆتین دەرمانەو کار لەمێشکت دەکات.٥٢
توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە نیکۆتین بەشێوەیەکی تایبەت بۆ گەشەکردنی دڵ، سییەکان و مێشکی ھەرزەکاران زیانبەخشەو ھەتا گەنجتربی کە دەستدەدەیتە جگەرکێشان ئەگەری توشبوونت زیاترە بە نەخۆشییە کوژەرەکان. دوکتۆر سیندی ماینەر سەرۆکی بەشی بڕیاردانی پەیمانگای نیشتمانی لەمەڕ خراپ بەکارھێنانی دەرمان NIDA لە ئەمریکا دەڵێت:
"تا گەنجتربی کاتێک ئالودە دەبی مانای ئەوەیە جگەرەی زیاتر دەکێشیت لە ژیانتدا. تا جگەرەی زیاتریش بکێشیت... چاکە ، ئێمە دەزانین ئەوە بەرەو کوێت دەبات." ٥٣
ئەو ژنانەی کە لەکاتی سکپڕیدا جگەرە دەکێشن پێدەچێت مناڵی کێشسوکتریان ببێت لە ڕادەی ئاسایی. بێجگە لەوەش جگەرەکێشان لەکاتی خواردنی حەبی بەرگرتن لە سکپڕی ئەگەری نەخۆشییەکانی دڵ و سوڕی خوێن زیاد دەکات.
لەڕاستیدا ھیچ بیانویەکی تەندروستی نییە بۆ جگەرەکێشان و جگەرە ھیچ سودێکی تەندروستی تێدا نییە. جگەرەکێشان بەھەرشێوەیەک بێت ھەرزیانی خۆی ھەیەو ئەوانەی کە لەوباوەڕەدان نێرگەلە Hookah بێزیانە پێدەچێت کەوتبنە ھەڵەوە. نێرگەلە ئامێرێکی جگەرەکێشانە کە لەوێدا توتنەکە بەھۆی خەڵوزەوە گەرمدەکرێت و دەسوتێنرێت و دوکەڵەکەی بەنێو بۆرییەکدا تێدەپەڕێت بەرەو نێو خانەیەکی پڕ لە ئاو، بەمجۆرە دوکەڵەکە سارد دەبێتەوە بەر لەوەی بگاتە جگەرە کێشەکە. ھەندێک لە بەکارھێنەرانی نێرگەلە لەو باوەڕەدان کە دوکەڵی نێرگەلە پاڵاوتەو خاوێنەو یان لانی کەم کەمتر قەتران و نیکۆتینی تێدایە و بەمجۆرە مەترسییە ناسراوەکانی جگەرەکێشانی سڕیوەتەوە یان کەمکردۆتەوە. نێرگەلە سەدان ساڵ لەمەوبەر لە وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەنددا بەکارھاتووە بەتایبەتی لەلایەن پیاوانەوە لە چایخانەکاندا. ئەم دیاردەیە لە وڵاتە عەرەبییەکاندا زۆر برەوی ھەبوو. چەند دەیەیەک لەمەوبەر ئەو دیاردەیە زۆر کەمبووەو تەنانەت بەرەو نەمانیش دەچوو؛ تەنھا پیرەکان بەکاریان دەھێنا لە چایخانە کۆن و لاکۆڵانەکاندا. لە کۆتایی ساڵانی ١٩٩٠ەکاندا دیاردەی نێرگەلە جارێکی دیکە ھاتەوە مەیدان و ئەمجارە چینی گەنجان و چینە ناوەندەکانی گرتەوەو بەرەو ئەوروپاو ئەمریکاش کشا، بەتایبەتی لەنێو عەرەبەکانی تاراوگەدا. ئەم دیاردەیە کوردستانی خۆمانیشی لێبێبەش نەبوو بەڵکو بە خێرایی بڵاوبوەوە نەک ھەر لە نیشتمان بەڵکو لەنێو کوردەکانی تاراوگەشدا.
لەکاتێکدا کە ئەو دیاردەیە لە ئەمریکا برەوی سەند لیژنەیەک لە زانکۆکانی ڤێرجینیا، خوێندنگای پزیشکی ئەلیپۆو زانکۆی مێمفیس پێکھێنرا بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ. لیژنەکە ڕوی کردە سوریاو لەوێ ڕوپێوی خۆیان دەستپێکرد لەسەر بەکارھێنەرانی نێرگەلە.
دوکتۆر تۆماس ئایسنبێرگ کە یەکێک بوو لە نوسەرانی ئەو لێکۆڵینەوەیە بەم جۆرە ھاتە پەیڤین:
" نێرگەلە پێدەچێت پەیوەندی ھەبێت بە مەترسی جیددی تەندروستییەوە، ئێمە ھێشتا لەسەرەتای کۆکردنەوەی زانیاریداین لەوبارەیەوە." ھەروەھا ئایسنبێرگ دەڵێت:
" لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەسەر نێرگەلە ئەوەدەردەخەن کە ئەو ئامێرە ڕادەی مەترسییەکانی کاربۆن دایۆکساید و نیکۆتین بەرزدەکاتەوەو لێدانی دڵ خێراتر دەکات و ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی بۆرییەکانی خوێن لەدڵدا زیاد دەکات و دەبێتە ھۆی چەندەھا جۆر شێرپەنجە. نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە نێرگەلە تەنھا ھۆکارێکی دیکەی جگەرەکێشانەو ھیچیتر، ئەزمونەکانی ڕابوردوو فێریانکردووین کە پشتگوێخستنی کاریگەرییە تەندروستییەکانی بەکارھێنانی بەرھەمەکانی توتن دەتوانێت ببێتە ھۆی قەومانی کارەساتێکی تەندروستی جەماوەری کە پێدەچێت لەکاتی خۆیدا بکرایە بەریلێبگیرێت ٥٤ "
شایانی باسە بەکارھێنانی نێرگەلە نەک ھەر ناتوانێت بەر لە نیکۆتین و قەتران بگرێت، چونکە ئەو مادانە بە نێو ئاودا گوزەر دەکەن بەڵکو خێراتریش دەیانگەیەنێتە مێشک بەھۆی مژی بەھێزەوەو مەترسی کاربۆن مۆنۆکسایدی خەڵوزەکەش نەک ھەر بۆ ئەوکەسە زیاد دەکات کە دەیکێشێت بەڵکو بۆ ئەوانەش کە لەو شوێنەدا دەژین. لەلایەکی دیکەشەوە بەکارھێنانی نێرگەلە ئەگەری تێکەڵاوکردنی دەرمان و مادە سڕکەرەکانی دیکە زیاتر دەکات و مەترسی تێکەڵاوکردنی چەند مادەیەکیش زیاد دەکات کە پێکەوە پێدەچێت بەرھەمێکی زۆر ترسناک پێکبھێنن.
ئەو وێنەیەی خوارەوە تەندروستی لەشی کەسێکی جگەرەکێش و کەسێکی ئاسایی بەرانبەردەکات:
بەگوێرەی ئاماری ھەڵوێست بەرانبەر جگەرە کێشان و تەندروستی UK (ASH) ساڵانە نزیکەی ٦٠٠ کەس لەوانەی کە بەھۆی شێرپەنجەی سییەکانەوە دەمرن و ھەروەھا دەوروبەری ١٢٠٠٠ کەس کە بەھۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە دەمرن و ھەموویشیان لەوانەن کە جگەرە ناکێشن، پێدەچێت ھۆکاری توشبوونەکانیان بەو نەخۆشیانە ھەڵمژینی ناڕاستەوخۆی دوکەڵی جگەرە بێت. ٥٥
ئەو مەترسیانە بوونە ھۆی قدەغەکردنی جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییەکاندا لە زۆر شوێن وەک لە ئیرلەندا، نەرویج، نیوزیلەند و سوید کە ئەو قەدەغەکردنە خواردنگاو باڕەکانیش دەگرێتەوە شایانی باسە ئەم پرۆسەیە نوێیەو لە ساڵی ٢٠٠٤دا خراوەتەگەڕ. لە UK سەرۆکانی ھەر ١٣ کۆلێژە پزیشکییە شاھانەکان و جەماوەرو ڕێکخراوی زۆر پێشنیاری قۆرخکردنێکی ھاوشێوەی ئەو وڵاتانەیان کردووە بەڵام تا ئێستا نەبووەتە یاسا. ھەڵمژینی دوکەڵی جگەرەی خەڵکانی دیکە جگەرەکێشانێکی نائارەزومەندانەو ناشارستانیانەیە و نەک ھەر یاسا بەڵکو خەڵکی کۆمەڵگای مەدەنی خۆیان پێویستە بیرێکی لێبکەنەوە.
لەکوردستان جاران جگەرەکێشان لە کۆڕو کۆبوونەوەی خێزانی و بۆنەو ئاھەنگ و دیدارە شادو ماتەمینییەکان و نێو پاس و دوکان و بازاڕەکان زۆر شتێکی ئاسای بوو. لە بۆنەو جەژنەکاندا تەنانەت ڕێگا بە مناڵانیش دەدرا وەکو پیاوان جگەرەبکێشن. ھەڵوێست لە کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا زۆر گۆڕانکاری بەسەردا ھات و چەندەھا دەنگ بەرزبوەوە بەرانبەر ھەڵمژینی دوکەڵی جگەرەی نائارەزوومەندانەی خەڵکانی دیکە. چیتر لە پرسەو جەژنەکاندا پێشکەش بە میوان ناکرێت و ئەوەندەی من ئاگادارم ئێستا لە نێو پاس و شوێنە گشتییەکانیشدا زۆر کەمبوەتەوە بەبەرانبەرکردن لەگەڵ جاراندا. ئەو ڕێگایەی کە خەڵک خۆیان یاساو ڕێسای ژیان بۆ خۆیان دەستنیشان بکەن، لەکوردستاندا لە زۆر بواردا گەشەی کردووە؛ بەپێ زانستی کریمینۆڵۆجی سەردەمیش باشترین ڕێگایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان و دیاردە ناکۆمەڵایەتیەکان .
لەلایەنی یاساییەوە لە UK قەدەغەنییە جگەرە بکڕیت یان پێت بێت یان بیکێشیت. فرۆشتنی جگەرە بە مناڵانی تەمەن لە ١٦ ساڵ کەمتر تاوانە. لە ساڵی ١٩٩١ دا ئەوپەڕی سەرانەی کەسێک کە جگەرە بە لە ١٦ ساڵ کەمترەکان بفرۆشێت لە ٤٠٠ پاوەندەوە کرا بە ٢٥٠٠ پاوەند. لە ساڵی ٢٠٠٣ ێشەوە ڕیکڵامکردن بۆ جگەرەو ھاندانی خەڵک بۆی لە UK قۆرخکرا.
٧. قات Khat : قات دەوەنێکی گەڵا سەوزە، ناوە زانستییەکەی Catha edulis و گەڵاکانی بەدرێژایی چەندەھا سەدە لەلایەن ئەو نەتەوانەوە دەجورێت کە لە پشتێنەی ئەفریکی و نیمچەدوڕگەی عەرەبیدا دەژین. لەمدواییانەدا گەیشتە ئەوروپا و ھەروەھا UK بەتایبەتی لەنێو کۆچکەران و پەناھێندەکانی وڵاتانی وەک سۆماڵ، ئیسیوپیا و یەمەن. قات بەگەلێک ناو ناسراوە وەک: جات، کات، خات، چات، چای ئەبوسیناو زەڵاتەی ئەفریکی.
قات دوو پێکھاتەی چالاکی ھەیە cathinone و cathine ؛ cathinone مادەیەکی کیمیاوییەو لە جۆری Schedule ١ بەپێی پێوەری کۆنترۆڵکردنی دەرمانە نایاساییەکانی ئەمریکا وکاریگەرییەکی وەک کاریگەری ئەمفیتامین دروستدەکات لەسەر کۆئەندامی ناوەندی دەمارو ووریای دەکاتەوە. کاریگەری ئەم مادەیە دوای ٤٨ کاتژمێر لە لێکردنەوەی گەڵاکان دەستدەکات بە کەمبوونەوە، بەڵام ئەگەر لە بەفرگر یان بەستەردا ھەڵبگیرێت بۆ ماوەیەکی زۆرتر دەمێنێتەوە. Cathine لە جۆری Schedule IV بەپێی پێوەری ئەمریکی و کاریگەرییەکی زۆر کەمتری ھەیە لە cathinone بەڵام دوای بڕین و لێکردنەوە کاریگەرییەکەی لەدەست نادات. ٥٦
قات لە کێڵگەکانیدا دەبڕرێت و چەپک چەپک دەبەسترێت و بێجگە لەوەی کە لەناوخۆی ئەو وڵاتانەدا بڕێکی ئێجگار زۆری لێبەکاردێت بەئاشکراو بەڕێگای ھەوایی ڕەوانەی زۆر وڵات دەکرێت کە یەکێکیان بەریتانیایە. لە ناوچەی خۆرھەڵاتی لەندەن لە دوکانی سەوزەو میوەکاندا بە تەڕوتازەیی دەفرۆشرێت چەپکی بە ٤ پاوەند!٥٧ قات ئەگەر بە تەڕی بجورێت کاریگەری زیاترە ئەگەرچی دەشکرێت بە چاو جۆرە بنێشتێک و تەنانەت ووشکدەکرێتەوەو دەکێشرێت.
لە کەشکۆڵە عەرەبییەکانی سەدەی سیازدەدا باسی قات ھاتووە. حەکیمەکان قاتیان بۆ چارەسەری خەمۆکی و بێتاقەتی و بێھێزی بەکارھێناوە. لەبەرئەوەی کاریگەرییەکی ووریاکەرەوەی ھەیە، وەرزێرەکان بەکاریان ھێناوە بۆ ئەوەی ووزەیان بداتێ بۆ کارکردنی سەخت و دوورودرێژ. لە زۆر لە وڵاتە موسوڵمانەکاندا، چونکە ئەلکھول بەتەواوی قەدەغەیە، بەشێوەیەکی گشتی قات لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاردێت، ئەگەرچی لەسەر بناغەی ئاینی و کولتوری زۆر جار قات سەرکۆنە دەکرێت و لە ئاینی ئیسلامدا زانیاری ڕێگەپێدان یان حەرامکردنی بەدەستەوە نییە. ئێستاکە لەسەرتاسەری جیھاندا چەندەھا ملیۆن کەس قات بەکار دەھێنن. بەرھەمھێنانی قات کۆڵەکەیەکی گرنگی ئابوری وڵاتە بەرھەمھێنەکانە وەک سۆماڵ و یەمەن. ھەروەھا لە وڵاتانی دیکەی وەک کینیاو ئەسیوپیاشدا بۆ ھەناردن بەرھەم دەھێنرێت. لە گەلێک وڵاتی ئیسلامیدا قات وەک جێگرەوەی ئەلکھول و ھەروەھا وەک یارمەتیدەرێکیش بۆ توانای بەرەنگاری برسێتی و ماندویەتی مانگی ڕەمەزان بەکارھاتووە. ڕاپۆرتەکان وادەگەیەنن کە لە یەمەن لە ھەر چوار پیاوە یەکێکیان قات بەکاردەھێنێت و لە ڕێژەی ٤٠%ی بوجەی خێزانەکە زیاتر دەبات. ٥٨
بازاڕی کڕین و فرۆشتنی قات لە سەنعای پایتەختی یەمەن٥٩:
چونکە قات دەرمانێکی ووریاکەرەوەیە جوونی دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ئەو کەسە ووریاو زیتەڵەو زیاتر چەنەباز بێت و ئارەزوی خواردنیشی کەمدەکاتەوە. بەکارھێنەرانی دەڵێن کاریگەرییەکی ھێمنکەرەوەی ھەیە ئەگەر لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەکار بێت. بەکارھێنانی بەردەوامی دەبێتە ھۆی بێخەوی Insomnia و دڵەڕاوکەو Anorexia (تێکچونی ئارەزووی خواردن) . لە ھەندێک باردا خەڵکی زیاتر ھەستدار و توڕە دەکات و پێدەچێت ببێتە ھۆی کاری توندوتیژی. بەکارھێنانی بەبەردەوامی دەبێتە ھۆی خوگری سایکۆلۆژی و بەوجۆرە بەکارھێنەران بێتاقەت و بێزاردەبن ئەگەر بەردەوام نەبن لەسەری.
لە بەریتانیا بەکارھێنەرانی بەردەوامی لەنێو پەنابەرە سۆماڵییەکاندا بووەتە جێگای سەرنج و پێویستە ئەو مەسەلەیە بەھەند وەربگیرێت.٦٠
لەلایەنی یاساییەوە قات لە ئەمریکا بەتەواوی قەدەغەیەو یاساغە. پەنابەرە یەمەنییەکانی نیشتەجێی بەریتانیا لە کۆنفرانسی ٢٠٠٣ی لەندەندا ( کە خۆم ئامادە بووم) بانگەوازی ئەوەیاندەکرد کە لە UK ھەروەک ئەمریکا قات قەدەغە بکرێت. بەڵام تا ئێستا لە بەریتانیا ئەو دەرمانە قەدەغە نەکراوە ئەگەرچی ئێستا لەژێر باس و لێکۆڵینەوەدایەو وا چاوەڕواندەکرێت کە لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا ھەڵوێستی لێوەربگیرێت. لەگەڵئەوەشدا کە ڕووەکی قات خۆی لە UK قەدەغە نییە بەڵام ڕەگەزە چالاکەکانی cathinone و cathineبە دەرمانی پۆلی C پۆلێنکراون. شایانی باسە بێجگە لە ئەمریکا لە کەنەدا، نەرویج و سویدیش ئەم دەرمانە قەدەغەیە.
ھێمنکەرەوە یان کپکەرەوەکان Depressants
١.ئەلکھول Alcohol: وشەی ئەلکھول لە وشەی عەرەبی (الکحول) ەوە ھاتووە. ھەندێک سەرچاوە دەڵێن گوایە بناغەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وشەی الغول کە مانای دێو یان بونەوەرێکی پەنھان دەگەیەنێت و بەرانبەر وشەی Spirit ی ئینگلیزی کە نزیکەی ھەمان مانا دەگەیەنێت و بۆ خواردنەوە ئەلکھولییە بەھێزەکان بەکاردێت لە زۆر لە زمانە خۆرئاواییەکاندا ٦١. وشەی الغول لە قورئانی پیرۆزدا لە سورەتی ٣٧ ئایەتی ٤٧ دا (الێافات) دا باسکراوە٦٢ لەوەسفی ئەو خواردنەوەیەدا کە لە بەھەشتدا پێشکەش دەکرێت و الغولی تێدانییە، بەڵام بەتەواوی ڕوون نییە کە ئەو الغولە ئەلکھولە یان نا ھەرچەندە وشەی Spirit کە خۆرئاواییەکان بۆ خواردنەوە ئەلکھولییە بەھێزەکان بەکاریدەھێنن ھەمان مانا دەبەخشێت و ئەگەری مەسەلەکە وەک وەرگێڕانێکی ئەو وشەیە زیاتردەکات. ھەندێکی دیکە دەڵێن پێدەچێت لە (الکحل) ەوە ھاتبێت کە کل دەگرێتەوە ٦٣. بەھەر جۆر بێت بەتەواوی بناغەی وشەکە ڕوون نییەو نازانرێت لەکوێوە ھاتووە بەڵام پێدەچێت وشەی ئەلکحول لە سەردەمی عەباسییەکاندا شانبەشانی وشەکانی دیکەی وەک ئەلکیمی و ئەلجێبرا بەعەرەبی بڵاو بوبێتەوە کە لە بنەڕەتدا بەرھەمی ئەرک و ماندوبوون و شەونخونی ھەموو زانا خۆرھەڵاتییەکانی ئەو سەردەمە بوون نەک تەنھا عەرەبەکان؛ بەڵام زمانی نوسین عەرەبی بووە.
وەک پێشتر باسکرا مادەی ئەلکھول زۆر لە وشەی ئەلکھول (وەک ناو) کۆنترەو لە شارستانییە کۆنەکاندا ناسراوە ئیتر بەھەر ناوێکەوە بووبێت، گرنگ ئەوەیە مادەی ئیسانۆل Ethanol دەگرێتەوە کە لەگەڵ میسانۆل Methanol دوو جۆرە سەرەکییەکەی ئەلکھول پێکدەھێنن. دیارە گەلێک جۆری دیکەی ئەلکھول ھەیە بەڵام پەیوەندییان بەبابەتی ئەم کتێبەوە نییە.
ئەلکھول بێجگە لەمەبەستی خواردنەوەو مەستی لە پیشەسازیدا بۆ گەلێک مەبەست بەکاردێت. لەگەڵ ئەوەی کە گەلێک جۆر ئەلکھول ھەیە ئیسیل ئەلکھول تاکە جۆرێکە کە دەخورێتەوە ھەربۆیە بۆ مەبەستی ئەم کتێبە ئەلکھول واتە ئیسیل ئەلکھول. ئیسیل ئەلکھول یان ئیسانۆل شلەمەنییەکی ڕوونی بێڕەنگەو لە پێکھاتە کیمیاوییەکانی کاربۆن، ھایدرۆجین و ئۆکسجین پێکھاتووەو ھاوکێشە کیمیاوییەکەی بەمجۆرەیە: CB٢BHB٥BOH .
ئەلکھول دەکرێت بەشێوەیەکی دەستکرد لە لایەن کیمیاوییەکانەوە لە تاقیگەدا دروستبکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لە ئەنجامی گەنینی میوەو سەوزەو دەغڵودانەوە بەرھەمدێت. بەمجۆرە مەی لە ترێ و بیرە لە جۆو چەندەھا جۆری دیکە لە سێوو میوەھاتی تر بەرھەمدێن..
ئەلکھول لەسەرتاسەری جیھاندا لەژێر ھەزاران ناویبازرگانیدا دەفرۆشرێت بەڵام ھەموویان ھەر لەسەر بناغەی یەک مادە دروستدەکرێن کە ئەلکھولەو ئەوەی کە جیاوازە ڕێژەی ئەلکھولە بۆ تێکڕای شلەمەنییەکە.خواردنەوە ئەلکھولییەکان بەو پێوەرە بەھێزی و لاوازییان دەستنیشان دەکرێت و دیارە تا ئەلکھولی زیاتر بێت مەترسی زیاترە. بۆنمونە بوتڵێک ویسکی یان براندی یان جن ٤٠%ی ئالکھولەو بوتڵێک مەی (شەراب) ٢٠%ی ئەلکھولەو بوتڵێک شەرابی سەرمێزی مامناوەندی ١١% ی ئەلکھولەو بوتڵێک بیرە ٤% ئەلکھولە ٦٤. بەرزترین ڕادەی ئەلکھول لەلایەن کۆمپانیایەکی ئێستوانییەوە تۆمارکراوە کە لە سەردەمی سەربەخۆیی ئیستوانیادا لەنێوان دوو جەنگە جیھانییەکەدا توانیویانە ٩٨% ئەلکھول لە پەتاتە دەربھێن ٦٥ !بێگومان پێکھاتەی خواردنەوەکان لە کۆمپانییەکەوە بۆ کۆمپانیایەکی دیکە دەگۆڕێن و بیرەی وا ھەیە لە بازڕدا کە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر ئەلکھولی تێدایە. ئەوەی کە لە عێراقدا دروستدەکرێت و بە عەرەقی عێراقی ناسراوە لە ڕیزی پێشەوەی خواردنەوە ئەلکھولییەکاندایەو ڕێژەیەکی بەرز ئەلکھولی تێدایە کە ٤٥% ە بەڵام عەرەقی سوریی لەوەش بەھێزترەو ڕێژەی ئەلکھولەکەی دەکاتە ٥٣%!
ئەو باق و بریقەی کە کۆمپانیاکان دەیدەن بە ناوو مارکە بازرگانییەکان ھیچ لە مەسەلەی مەترسییەکان کەم ناکاتەوە بەڵام ئاشکرایە ئەو خواردنەوانەی کە پێیان دەڵێن (فەل) مەترسییان زیاترە لەبەر نەبوونی ھیچ جۆرە کۆنترۆڵێکی جۆر لەسەریان و دڵنیانەبوون لە پوختەییان و ڕادەی ئەو ئەلکھولەی کە تێیاندایە.
خواردنەوەی ئەلکھول، ھەروەک پێشتر باسکرا بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکانێکی زۆر لە جیھانداو بەتایبەتیش لە وڵاتە پیشەسازییەکاندا. بۆ نمونە بەپێی ئاماری ساڵی ١٩٩٨ ٩٥% دانیشتوانی شانشینی یەکگرتوو ئەلکھول دەخۆنەوە. ٦٦
ئەلکھول لەگەڵ ئەوەی کە قەدەغە نییە بە شێوەیەکی فراوانیش ڕیکڵامی بۆ دەکرێت ( بەڵام بەکارھێنانی مناڵان بۆ ئەو مەبەستە قەدەغەیە) بە پێچەوانەی جگەرەوە کە ئێستا ڕیکڵام بۆ کردنی لە تەلەفیزۆن و ھۆکارەکانی ڕاگەیاندنی گشتیدا لەزۆر شوێن قەدەغەیە و یاساخە.
لە وڵاتە تازەپێگەیشتوەکانیشدا لەنێو چینی ناوەندو ئەنتلیجسیادا زۆر برەوی ھەیەو زیاتر وەک دیاردەیەکی خۆرئاواییانەو پێشکەوتوو کەشخەو دەوڵەمەندانە چاویلێدەکرێت.
ھۆکارەکانی خواردنەوەی ئەلکھول زۆرن و جۆراوجۆرن و زۆریان لە شوێنی جیاجیای ئەم کتێبەدا ئاماژەیان بۆکراوە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە خەڵکی تەنھا کاریگەرییە ھەنوکەییەکانی ئەلکھول دەبینن و کەمتر ئاگاداری کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەو دەرمانەن. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە لە خۆرئاواش دەمێکە نییە مەترسییەکانی ئەلکھول بەو شێوەیەی ئێستای بووەتە جێگای سەرنجی شارەزایان.
لە ١٥ی مارتی ٢٠٠٥دا کەناڵی تەلەفیزیۆنی BBC ی بەریتانی ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو نەخۆشانەی کە دێنە نەخۆشخانە بەھۆی نەخۆشی جگەری ئەلکھولییەوە لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابوردودا لە دووقات بەرەوژوور زیادیکردووە. " لەنێوان ١٩٨٩ و ٢٠٠٣دا ژمارەی نەخۆشە پیاوەکان ١١٦% و نەخۆشە ژنەکانیش ١٠٨% زیادیکردووە.٦٧" ئەم ئامارانە لەلایەن نەخۆشخانەی سێت جۆرجی لەندەن و نوسینگەی نیشتمانی ئامارەکانەوە پێشکەشکراون.
ئەلیسن ڕۆجەرس کە لێپرسراوی گشتی پەیماننامەی جگەری بەریتانییە دەڵێت: "کێشەکە لەوەدایە ئێستاکە دەبینین ژمارەیەکی ھەرچی زیاتری گەنجان دەکەونە بەر کاریگەری خواردنەوەی ئەلکھول. تێکچونی جگەری ئەلکھولی یان وێرانبوونی جگەر بەھۆی ئەلکھولەوە ماوەی ١٠ تا ٢٠ ساڵی پێدەچێت. لەبەر ئەوەیە کە لە ڕابوردودا بە کاریگەرییەکانی ئەو نەخۆشییەمان نەدەزانی تا ئەو کەسانە دەگەیشتنە تەمەنی پەنجا ساڵی یان شەست ساڵی. بەڵام ئێستا ئەوەتا لە کەسانێکدا دەیبینین کە تەمەنیان چل ساڵەو پێویستیان بە چاندنی جگەر ھەیە."٦٨
جگەری کەسە نەخۆشەکە بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت لە جگەرێکی چەورەوە بۆ زەردووی ئەلکھولی و دواییش بۆ تێکشکاندنی تەواوەتی؛ وەک لەو وێنانەدا نیشاندراوە٦٩:
ئەلکھول لەلایەن سوڕی خوێنەوە ھەڵدەمژرێت و لەماوەی ٥-١٠ خولەکدا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت. ئەو کاریگەرییە دەکرێت چەندەھا کاتژمێر بمێنێتەوە، بەپێی ئەو ڕێژەیەی کە چووەتە نێو سوڕی خوێنەوە. کاریگەرییەکانی پشتدەبەستن بە:
• ئەو کەسە چەند بەخێرایی خواردویەتییەوە، ناوسکی خاڵی بووە یان تێر بووە، وە ھەروەھا کێشی کەسەکەش.
• ئەو کەسە تا چ ڕادەیەک لەشی لەگەڵ خواردنەوە ڕاھاتووە، یان بەشێوەیەکی تر ڕادەی قبوڵکردنی لەشی چۆنە بۆ ئەلکھول.
• ئەو کەسە باری دەرونی چۆن بووە پێش خواردنەوە. ئەو کەسانەی کە بە ئارامی و دڵی خۆشەوە دەخۆنەوە کەمتر ئەگەری توندوتیژی و توڕەیی و ھەڵەشەییان ھەیە. ھەندێک کەس خەم و مەینەتییەکانیان بە خواردنەوە دەردەبڕن، بەڵام بۆیاندەردەکەوێت کە زۆر لە پێشتر خراپتریان بەسەردێنێت.
دوای خواردنەوەی چەند پێکێکی کەم بەکارھێنەران ھەست بە حەوانەوە و دڵخۆشی و متمانەبەخۆبوون دەکەن. ئەلکھول دەرمانێکی ئارامبەخشە. کاردەکاتە سەر کۆئەندامی ناوەندی دەمار بۆ ئەوەی لەش ھێواش و ھێمن بکاتەوە. زۆرکەسیش بەپێچەوانەوە توندوتیژو شەڕانی دەبن، بەتایبەتی پاوان. زۆربەی ئەو توندوتیژیانەی کە لەسەر شەقامەکان و نێو ماڵەکاندا ڕوودەدەن، کە ژنان و مناڵان دەبنە قوربانیی، کاتێک ڕوودەدەن کە خەڵک سەرخۆشن. ٧٠
دوای خواردنەوەی بڕێکی زیاتر، کەسەکان زیاتر دەشێوێن و قسەکانیان خاووخلیچک دەبێتەوە. پێدەچێت ببێتە ھۆی بینینی دووفاق Double Vision و لەدەستدانی ھاوسەنگی و ڕشانەوەو ھەندێک جاریش بورانەوە.٧١
خواردنەوەی ئەلکھول ئەگەری کارەسات زیاتر دەکات، بەتایبەتی وەک کارەساتی ڕێگاوبان و کەوتنەخوارەوەو بەکارھێنانی ئامێری ھەستیارو ووردەکاری بەشێوەیەکی ھەڵەو ترسناک. زۆر جار بەکارھێنانی چەک و تەقەمەنی لەنێوان گروپێکی ھاوڕێدا وەک شێوەیەک لە شێوەکانی یاری و خۆشی دەربڕین کارەساتی جەرگبڕی لێکەوتوەتەوە. بەھۆی کەمبوونەوەی شەرم و گوێنەدان بە پێوەرەکان ڕەنگە بەکارھێنەران بخاتە ھەڵوێستی ئەوتۆوە کە دوایی زۆر پەشێمان بن لێی. زۆر تر ئەگەری کاری سێکسی ناسەلامەت و نایاساییان ھەیە. خواردنەوەیەکی زۆر بەیەک ژەم ڕەنگە نەک ھەر ببێتە ھۆی لەھۆشخۆچون بەڵکو مردنیش بەھۆی خنکانی ئەوکەسەوە بە ڕشانەوەکەی خۆی.
ئەلکھول زۆر ترسناکە ئەگەر لەگەڵ دەرمان و مادە سڕکەرەکانی دیکەدا بەکاربێت. بەتایبەت مەترسییەکەی زۆر زیاترە ئەگەر لەگەڵ دەرمانە ھێمنکەرەوەکانی دیکەدا بەکاربێت یان لەگەڵ ئەو دەرمانانەی کە بۆ چارەسەری خەمۆکی بەکاردێن و دەرمانە ئازارشکێنەکانیش. بەکارھێنانی ئەلکھول لەگەڵ ئەو دەرمانانەدا بووەتە ھۆی مردنی گەلێک کەس لە ئەنجامی زۆریی ڕێژەی مادە سڕکەرەکانەوە.
ئەوانەی کە بڕێکی زۆر دەخۆنەوە و بەردەوامن لەسەری بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، دەبێتە ھۆی گەلێک کێشەی وێرانکەری دەرونی و جەستەیی وەک: خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، لەدەستدانی بیرو ھۆش، پیربوونی ناوەخت، بەردەوام کۆکین و سەرمابوون، ھەوکردن، پنیمۆنیاو سیل، شێرپەنجە، دڵەکوتە، تێکچونی جگەر، سکچون و زامداربوونی گەدە، ھەوکردنی پەنکریاس، کەمخۆراکی و نەخۆشییەکانی گورچیلە.٧٢
بەپێچەوانەی ئەوەوە کە باوە ئەلکھول نابێتە ھۆی جێگرتنەوەی شلەمەنی و یارمەتی گورچیلەکان نادات بۆ پاککردنەوەیان، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەلکھول لەش ووشکھەڵدەھێنێت و شلەمەنی نێو لەش دەمژێت و ھەر بەو ھۆیەشەوەیە کە ئەوانەی ئەلکھول دەخۆنەوە بۆ ڕۆژی دواتر ھەست بەسەریەشە دەکەن لەئەنجامی کەمی شلەمەنییەوە لەلەشیاندا. ڕاستە ئەلکھول دەبێتە ھۆی میزکردنی زیاتر لەماوەی ٢٠ خولەکدا بەڵام ئەو میزکردنە ئاسایی نییە و ڕوونە چونکە ئەلکھول دەبێتە ھۆی تێکدانی سیستەمی ھۆرمۆنی نێو گورچیلەکان و بەرگرتن لە ڕژاندنی مادەیەک کە پێی دەڵێن ھۆرمۆنی ADH کە بەرپرسیارە لە خەستکردنەوەی میز و ڕاگرتنی تەرازوی ئەو مادانەی کە دەچنە نێو خوێنەوە یان لەگەڵ میزدا توڕدەدرێنە دەرەوە.٧٣
بێگومان بڕی ئەو ئەلکھولەی کە دەخورێتەوەو ڕادەی بەردەوامبوون لەسەری و تەمەنی ئەو کەسە ڕۆڵی بەرچاویان ھەیە لەم پرۆسەیەدا ٧٤. لێرەدا بەپێچەوانەی بیروڕای باوەوە ئەلکھول نەک ھەر یارمەتی گورچیلە نادات بۆ پاکبوونەوە بەڵکو ئەگەری بەردی گورچیلەش زیاتر دەکات بەھۆی ووشکھەڵاتن و ڕوونکردنەوەی میزو مانەوەی بڕێکی زیاتری مادەکان لەنێو گورچیلەدا.٧٥
لەلایەکی دیکەشەوە چونکە ئەلکھول دەبێتە ھۆی یارمەتیدانی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن لە ھەمانکاتیشدا دەبێتە ھۆی قورسایی خستنە سەر گورچیلەکان و کاریگەرییەکانیشی لەسەر جگەر بەھەمانشێوە ھاوئاھەنگە لەسەر فشارخستنە سەر گورچیلەکانیش.
لەم وێنەیەدا دڵێکی ئاسایی ( دەستە چەپ) کە قەبارەی بچوکەو دڵێک کە بەھۆی ئەلکھولەوە تووشی نەخۆشی بووە بەرانبەر کراون٧٦:
لەم وێنەیەدا ئەو ناوچانەی مێشک دەستینشانکراون کە زیاتر دەکەونە بەر مەترسی کێشە ئەلکھولییەکان٧٧:
ئەلکھول کاریگەری ھەیە لەسەر سیستەمی زاوزێی مێیینە و ئەم کاریگەرییە ھەر لە قۆناغی ھەرزەکارییەوە مەترسی ھەیە تا کۆتایی تەمەنی زاووزێ. کاریگەرییەکان لە خانەکانی مێشکەوە دەستپێدەکەن و لە کۆتایی سیستەمی زاووزێدا کۆتاییان پێدێت:٧٩
کاریگەری ئەلکھول بۆ ژنانی سکپڕ گەلێک مەترسیدارە چونکە سەرباری ھەموو کاریگەرییە گشتییەکانی دیکە، چ بۆ ژن و پیاو پێکەوەو چ تایبەت بە ژنان، کاردەکاتە سەر ئەو کۆرپەیەش کە بەرھەمیدەھێنێت. کۆرپەکە زۆر نزیکە گەلێک شێوانی جەستەیی و نائاسایی بوونی ڕەفتاری و ئاسەوارەکانی پاشەکشەی پێوە دیاردەبێت کە ھەموویان پێکەوە پێیان دەڵێن نیشانەکانی کۆرپەی ئەلکھولی. لەو دوو وێنەیەی خوارەوەدا گەلێک نیشانەی ڕوخساری و شێواندنی زگماکی کۆرپەلەی دایکە ئەلکھولییەکان ڕوونکراوەتەوە ( ئەمە تەنھا بۆ زانیاری گشتییە بۆیە ووردەکارییەکانی وەرنەگێڕراوە)٨٠:
٨١
گەلێک ھەڵمەتی دەوڵەتان و نێو دەوڵەتی لەئارادایە بۆ بەرگرتن لەو زەرەرو زیانە ماددی و ئەدگاری و تەندروستیانەی کە بەھۆی ئەلکھولەوە ڕوودەدەن، خراپترین شێوەیان ئەوەیە کە کۆرپەلەیەکی چەند سانتیمەتری نێو مناڵدانی دایکێکی ئالودەبوو دەبێتە قوربانیی؛ لێرەدا دوو پۆستەر دەخەمە ڕوو کە لەلایەن دەزگای ووشیاربوونەوە لە نیشانەکانی ئەلکھولیبوونی کۆرپەلەی شانشینی یەکگرتوەوە بڵاوکراونەتەوە:
ئەگەر لەکاتی سکپڕیدا بخۆیتەوە مناڵەکەشت دەخواتەوە!
تەنانەت یەک پێکیش بۆی ھەیە ڕاستەوخۆ بگاتە نێو سەری مناڵەکەت!٨٢
لەبواری نێودەوڵەتیشدا دوای چەندەھا پێشنیار بۆ لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەربارەی زیانەکانی ئەلکھول لەلایەن دەوڵەتانی کۆمەڵەی ئەوروپی و دەوڵەتانی دیکەشەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی WHO ڕازیبوو بە دەستبەکاربوون بۆ ئەو پڕۆژەیە، دوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک کە تێیدا ھاتبوو کە ئەلکھول ١.٨ ملیۆن کەسی لەسەرتاسەری جیھاندا کوشتووە لە ساڵی ٢٠٠٠دا. ھیوادارن ئەو ڕاپۆرتە ببێت بە ھەڵمەتێکی نێودەوڵەتی دژی ئەلکھول ھەروەک چۆن لەدژی جگەرە بەرپاکراوە. ھەروەھا ڕاپۆرتەکە داخوازی گوفتوگۆشی کردووە لەگەڵ بەرھەمھێنەرانی ئەلکھولدا. ٨٣
خواردنەوەی ئەلکھول بە ڕادەی زۆر دەبێتە ھۆی گەلێک کێشەی تایبەتی، خێزانی، کارکردن و کێشە مادییەکان و ڕۆڵی بەرچاوی ھەیە لە داڕوخاندنی خێزان و دەستلێکبەردان و توندوتیژی و شێوەکانی دیکەی تاوان کە پەیوەندییان بە لەدەستدانی کۆنترۆڵەوە ھەیە. ئەم کێشانە ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لەزیادین و وەک نمونە چەند ئامارێکی شانشینی یەکگرتوو لێرەدا نیشاندەدەم:
ئەو کێشانەی کە پەیوەندییان بە ئەلکھولەوە ھەیە ساڵانە ٣ بلیۆن پاوەند خەرجی زیاتر دەخەنە ئەستۆی خزمەتە تەندروستییە نیشتمانییەکان.
لە ھەر چوار پیاو کە دێنە نەخۆشخانە یەکێکیان بەھۆی ئەلکھولەوەیە.
نزیکەی ٣٣.٠٠٠ کەس ساڵانە بەھۆی ئەلکھولەوە دەمرن.
ئەو تاوانانەی کە بەھۆی ئەلکھولەوە ڕوودەدەن ساڵانە ٥٠ ملیۆن پاوەند مەسرەف دێننە سەر حکومەت.
نیوەی ئەو کەسە باڵقانەی کە بەھۆی برینداری سەرەوە دێنە نەخۆشخانە سەرخۆشن.
کارەساتەکانی ڕێگاوبان ساڵانە ٩٥٠.٠٠٠ پاوەندیان تێدەچێت بە مەسرەفی پۆلیس و تەندروستی و ھتد...
٤٦% ی دامەزراوە بەریتانییەکان کێشەی خراپبەکارھێنانی ئەلکھولیان ڕاگەیاندووە لەلایەن کارمەندەکانیانەوە چ وەک بزر بوون لەشوێنی کار یان ھەڵەو نزمبوونەوەی ئاستی بەرھەمھێنانیانەوە.٨٤
یەکێک لەو کێشانەی کە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ئاماژەی پێکردووە مەسەلەی ھەبوون و ئاوەڵابوون و ھەرزانی ئەلکھولە لە زۆر وڵاتی جیھاندا. بۆ نمونە لە زۆر وڵات نرخی بوتڵێک بیرەو بوتڵێک خواردنەوەی گازی بەھەمان قەبارە وەک یەکە، ھەندێک جار تەنانەت لەگەڵ بوتڵێک ئاوی کانزایشدا! بەڵام لەھەندێک وڵاتی دیکە کە ئەلکھول قەدەغەیە وەک کۆماری ئیسلامی ئێران نرخی بوتڵێک بیرە ٢٢ جار لە نرخی بوتڵێک خواردنەوەی گازی گرانترە ٨٥. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا ھەر خەڵک دەیکڕن و زۆر جاریش ئەوە دەبێتە ھۆی دروستکردنی جۆری خراپ (فەل) لە ماڵاندا یان پەنابردن بۆ جۆرەکانی دیکەی دەرمان و مادە سڕکەرەکان کە ئەوە کێشەکە ئەوەندەی دیکە ئاڵۆز دەکات.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ئەمریکا ھەست بەوەکرا کە ئەلکھول خەریکە دەبێتە کێشەیەکی گەورەو لە گەلێک لە ھەرێمە باشورییەکاندا بەتەواوی قەدەغە کرابوو. لە ساڵی ١٩١٩دا ئەلکھول بەتەواوی یاساخ کرا لەسەرتاسەری ئەمریکادا. ھێندەی نەبرد خەڵک فێربوون چۆن بەشێوەی نایاسایی دروستی بکەن و بیفرۆشن. باندەکانی مافیا کەڵکیان لەوە وەرگرت و دەرمان و مادە سڕکەرەکانی دیکەش پەرەیان سەند. ڕێژەی تاوان زیاتر چووە سەر و توندوتیژی برەوی سەند. لە ئەنجامدا لە ساڵی ١٩٣٣ دا ئەو یاسایەی کە ئەلکھولی یاساخ کردبوو ھەڵوەشێنرایەوە.
لە کۆنفرانسی لەندەنی ٢٠٠٣ دا زۆر دەنگ بەرز بوەوە کە دەیانووت: ئێوە دوو جۆر دەرمانی سەرەکیتان ئازادکرووە کە جگەرەو ئەلکھولن بەڵام باس لە بەرگرتن لە دەرمان و مادە سڕکەرەکان دەکەن. بەڵام کاربەدەستان لەوەڵامدا ووتیان ئەو ئەزمونەی ئەمریکا سەلماندی کە یاساخ کردنی یاسایی چارەسەری کێشەکە ناکات و بەڵکو ئاڵۆزتریشی دەکات ئەگەر پشتگیرییەکی جەماوەری ھۆشیارکردنەوەو پەروەردەیی لە پشتەوە نەبێت.
لێرەدا نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە ئەمڕۆ ئەلکھول سەرچاوەیەکی سەرەکی داھاتە بۆ زۆر لەدەوڵەتان و لەلایەنی کۆمەڵایەتی و کولتوریشەوە بەشێکە لە ڕێوڕەسمی ژیانی ڕۆژانەی زۆر کۆمەڵگاو ھەروا بەئاسانی ناتوانن دەستبەرداری ببن. ئەوەی ئەمڕۆ ھەوڵی بۆ دەدەن ووشیارکردنەوەو بە ئاگاھێنانەوەی ژمارەیەکی ھەرچی زیاتری خەڵکە بەتایبەتی گەنجان لە مەترسییە جۆراوجۆرەکانی ئەلکھول و دانانی بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی مۆدێرنی تۆکمەو پتەو. ھاندانی یانەو شوێنی دیداری نائەلکھولی و پشتگیریکردنی نائەلکھولییەکان کە پێدەچێت لە داھاتودا ژمارەیان بەرەو زیاتر بڕوات.
کێشەیەکی تر ئەو خواردنەوانەیە کە پێیان دەڵێن ئەلکۆپۆپ Alcopop و لەشێوەی ئاوی لیمۆو شەربەتی میوەدان و گەرچی تامی ئەلکھول نادەن بەڵکو ئەلکھولیان تێدایەو، ھەندێکیان بەڕادەیەکی بەرزیش. ھەندێک کەس دەڵێن ئەو کۆمپانیانە بۆیە ئەو جۆرە خواردنەوانە بەرھەمدەھێنن تا مناڵان و گەنجان زیاتر بە ئەلکھول ڕابھێنن و ئالودەیان بکەن. مناڵان بەگشتی حەزیان لە تامی ئەلکھول نییە بۆیە ئەوان لەشێوەی ئاوی میوەدا دروستی دەکەن. ٨٦
ئایا ئەلکھول ھیچ کەڵکێکی ھەیە؟
ئەوەندەی تا ئێستا زاستی پزیشکی سەلماندویەتی تەنھا کەڵکێک کە ئەلکھول ھەیبێت بۆ پیاوانی سەرو تەمەنی چل ساڵە کە یارمەتی دڵیان دەدات ئەگەر بە ڕێژەیەکی میانە بیخۆنەوە. ئەو کەڵکەش بەبەرانبەرکردن لەگەڵ ئەو ھەموو زیانەی کە باسکران وەک دڵۆپە ئاوێک وایە لە دەریایەکدا!
ئایا ئاستی میانە بۆ خواردنەوەی ئەلکھول چەندەیە؟
ئاستی میانە بۆ خواردنەوەی ئەلکھول بەپێی پێوەری دەوڵەتیی لە شانشینی یەکگرتوو بەم جۆرەیە:
پیاو ٣-٤ یەکە لە ڕۆژێدا
ژن ٢-٣ یەکە لە ڕۆژێکدا.
یەکەیەکی ئەلکھول ١٠میلیلیتر ئەلکھولی پوختەیە کە دەکاتە پەرداخێکی مامناوەندی بیرە یان پەرداخێکی بچوک مەی یان پێکێک خواردنەوەی بەھێزی وەک ویسکی.٨٧
لە بارەی یاساوە، ھەروەک پێشتر باسکرا، ئەلکھول لە شانشینی یەکگرتوو قەدەغە نییە بەڵام تاوانە بدرێت بە مناڵانی زۆر بچوک ( لە ٥ ساڵ کەمتر) و تا ١٨ ساڵیش ناتوانن ئەلکھول بکڕن یان لە یانەکاندا بیخۆنەوە. ھەروەھا لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا یاسای جۆراوجۆر ھەیە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کە بەسەرخۆشی ئۆتۆمۆبێل و ھۆکارەکانی ھاتوچۆ لێدەخوڕن، ئەم یاسایانە ھەندێکیان زۆر توندوتیژن و ھەندێکی دیکەیان مامناوەندین؛ بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئۆتۆمۆبێل لێخوڕین بە سەرخۆشی تاوانە ئیتر سزاکەی کەم بێت یان زۆر. لە زۆر شاری بەریتانیادا ئێستا بەپێی یاسای ھەرێمی (ناوچەیی) لە زۆربەی ناوچەکانی ناوشارو شەقامەکاندا ( لەدەروەی یانەو باڕەکان) خواردنەوەی ئەلکھول قەدەغەیە بۆ ھەموو کەس لەھەر تەمەنێکدا بێت. ئەو ناوچانە بە نیشانەی تایبەت دەسنیشانکراون؛ نمونەی ئەو شارانە وەک شاری بلاکبێرن و باس و کۆڤنتری.
٢. ھێورکەرەوەکان Tranquillisers: ئەمانە ئەو دەرمانانەن کە بەشێوەیەکی گشتی پزیشک دەیاننوسێت بۆ چارەسەری نەخۆشی وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و بێخەوی و ھتد... نمونەکانیان Diazepam(ڤالیۆم)، Rohypnol، Nitrazepam (Mogadon)، Altiva، (Ativan)Lorazepam ،Temazepam ، Jellies، moggies، Chlordiazepoxide (Librium ) وە Flunitrazepam ( Rohypnol).
ھێورکەرەوە بێھێزەکان جۆرە دەرمانێکن کە لە بنەڕەتدا بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و پەرکەم بەکاردەھێنرێن و وەکو حەبی خەویش کەڵکیان لێوەردەگیرێت. بەڵام ھێورکەرەوە بەھێزەکان بۆ مەبەستی چارەسەری کێشە ژیرییە درێژخایەنەکان بەکاردەھێنرێن، وەک شیزۆفرینیا. ئەم دەرمانانە بەزۆری لەشێوەی حەب و کەپسولدا قووتدەدرێن بەڵام ھەندێک جۆریان بەشێوەی دەرزیش بەکاردێن.
دەرمانە ھێورکەرەوەکان لە ساڵانی ١٩٦٠ەکاندا دۆزرانەوە و وەک دەرمانی بێمەترسی و ئالودەنەکەر چاویانلێکرا کە دەتوانرێت لەلایەن پزیشکەکانەوە بۆ چارەسەرکردنی دڵەڕاوکێ و بێخەوی بەکاربھێنرێن. یەکەم جار وەک جێگرەوەیەکی سەلامەتی Barbiturates سەیردەکران.
گەرچی گەلێک کەس، بەتایبەتی ژنان، بەدەست ئاسەوارە لاوەکییەکانی ئەم دەرمانانەوە دەیانناڵاند کەچی بەکارھێنانی ئەم دەرمانانە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵی داھاتوو بەردەوام بوو وە تا کۆتایی ساڵانی ١٩٧٠ کان ئەم کێشانە بە ئاشکرا گرنگییان پێنەدرا. نوسینی ئەو دەرمانانە بۆ نەخۆش لە زیاتر لە ٣٠ ملیۆن حەبەوە لە ساڵی ١٩٧٩ دا دابەزی بۆ نیوەی ئەو بڕە لە کۆتایی ١٩٩٠ەکاندا. لەگەڵ ئەو ھەموو دابەزینەشدا Tranquilisers تا ئێستا باوترین دەرمانی چارەسەرکردنی کێشەی مەزاجن لە شانشینی یەکگرتودا.٨٨
Tranquilisers دەرمانێکی ئارامبەخشن و خەڵکی خەواڵوو دەکەن و ئەگەری کارەسات زیاتر دەکەن. لەکاتی بەکارھێنانی ئەو دەرمانانەدا لێخوڕینی ئۆتۆمۆبێل زۆر ترسناکە. لەگەڵ بەکارھێنانی بەردەوامدا ڕاھاتنی لەشی مرۆڤەکە لەگەڵیدا Tolerance بەزووی پێکدێت و بەردەوام پێویستی بەبڕی زیاترە بۆ ئەوەی کاریگەری یەکەمجاری ھەبێت. خوگری و ئالودەگیش بەھۆی بەکارھێنانی بەردەوامەوە بەزویی دروست دەبن و ئاسەوارەکانی پاشەکشە Withdrwal دەکرێت ببنە ھۆی دڵەڕاوکێیەکی زۆر، بێخەوی، دڵبەیەکداھاتن، بێئارامی و سەریەشە. کشانەوەیەکی لەپڕ لە بەکارھێنانی بڕی زۆری ئەو مادانەوە پێدەچێت ببێتە ھۆی سەرلێشێوان و بورانەوەی بەھێز. زۆر کەس ناتوانن یەکسەر وازی لێبھێنن و پێویستیان بە کەمکردنەوەی بڕی دەرمانەکە ھەیە پلە بە پلە.
ئەوانەی کە بەبەردەوامی ئەم مادانە بەکاردەھێنن دوای ماوەیەک بۆیاندەردەکەوێت کە ناتوانن ھەمان ئەنجامی پێشوو بدەنەوە بەدەستەوە. بەکارھێنانی بەردەوام پێدەچێت ئەوە بگەیەنێت کە دوای دوو ھەفتە وەک حەبی خەو کاریگەرییان نامێنێت و دوای چوار مانگیش بۆ چارەسەری دڵەڕاوکێ ھیچ ئەنجامێک نادەن بەدەستەوە. لەمکاتەدا زۆر لە بەکارھێنەران پەنادەبەنە بەر زیادکردنی بڕی دەرمانەکە. Tranquilisers تەنھا وەک دەرمانی چارەسەری دیاردە کاتییەکان کاریگەرییان ھەیە بەڵام زۆر کەس ئالودەیان بوون و بۆ چەندەھا ساڵ بەکاریاندەھێنن.
زۆر لەم مادانە ئەگەر بەبڕی زۆر بەکاربھێنرێن دەبنە ھۆی مردن. بەڵام گەلێک جاریش بینراوە کە بەھۆی بەکارھێنانیانەوە لەگەڵ ئەلکھولدا بوونە ھۆی مردن.
Temazepam ئەگەر بەشێوەی دەرزی بەکاربێت بەشێوەیەکی تایبەت ترسناکەو گەلێک جار بووەتە ھۆی مردن، بەتایبەتی کە لەگەڵ دەرمانی ھێورکەرەوەی دیکەدا بەکارھاتووە. ٨٩
لە بەریتانیا بەگوێرەی ئامارەکان ھەموو ساڵێک ملیۆنێک تا ملیۆنو نیوێک کەس ئەم مادانەیان وەک چارەسەر بۆ دەنوسرێت. بەمجۆرە واپێشبینی دەکرێت کە ساڵانە لەحەوت کەسی پێگەیشتو یەکێکیان ئەو دەرمانانە بۆ ماوەیەک بەکاردەھێنێت و لە ھەر چل کەسەش یەکێکیان بۆ تەواوی ساڵەکە بەکاریدەھێنێت. ئەم بەکارھێنانانە بەپێی ڕاچێتەی پزیشکەو بەردەوام لە دابەزیندایە.
ئەگەرچی ھیچ زانیارییەک دەربارەی بەرھەمھێنانی نایاسایی Tranquilisers لەبەردەستدا نییە بەڵام ئەو دەرمانانە بەرەو بازاڕی ڕەش دەکشێن و لەسەر شەقامەکان وەک دەرمانی نایاسایی دەفرۆشرێن. ئەوەی مەترسییەکە زیاتر دەکات زۆر کەس لەگەڵ دەرمان و مادە سڕکەرەکانی دیکە تێکەڵیان دەکەن و پێکەوە بەکاریاندەھێنن.
لەبارەی یاساییەوە ئەم دەرمانانە یاسیین ئەگەر لەلایەن پزیشکەوە بنوسرێن بۆ نەخۆش. بەڵام بەپێچەوانەوە بەبێ ڕاچێتەی پزیشک قاچاخن و لە بەریتانیا بە دەرمانی پۆلی C پۆلێن کراون.
لە کوردستان بێجگە لە بەکارھێنانی ئەم مادانە بەشێوەی یاسایی لەلایەن پزیشکەکانەوە، بەداخەوە دزەشی کردووە بۆ دەرەوەو پێدەچێت یەکەمجار لەلایەن کارمەندانی تەندروستیەوە خراپ بەکارھاتبن و دواتریش بەرەو ئاستێکی فراوانتر تەشەنەیانکردووە.
٣.ھەڵمژینەکان و سیکۆتینەکان Solvents & Glue: ھەڵمژینەکان و سیکۆتینەکان ئەو مادانەن کە ھەروەک لەناوەکەیانەوە دیارە لەڕێگای لوتەوە ھەڵدەمژرێن. ئەم مادانە ھەندێکیان بناغەیەکی ئۆرگانیکی –واتە کاربۆنیان ھەیەو لەکاتی ھەڵمژینیاندا کاریگەرییەکی وەک ئەوەی ئەلکھول یان مادەی بەنجکەر دروستدەکەن. ھەندێکیان وەک کاڵکەرەوەو ڕوونکەرەوە بەکاردێن Solvents لە سیکۆتین ، کەتیرە، بۆیە، لابەری بۆیەی نینۆک، شلەمەنی خاوێنکردنەوەی ووشک و شلەمەنییەکانی لابەری چەوریدا. ھەندێکی دیکەشیان لەشێوەی گازی پاڵنەردا لە قوتوو (پەمپ) و ئامێری ئاگرکوژاندنەوەکاندا بەکاردێن یان وەک سوتەمەنی لەشێوەی بەنزین و چەرخی جگەرە داگیرساندندا. زۆربەی ماڵان و کارگەکان و فەرمانگەکان ژمارەیەک بەرھەمی Solvents بەکاردەھێنن کە دەکرێت بۆ ھەڵمژین بەکاربێن.٩٠
ئەم بەرھەمانە ھەڵمێکیان لێبەرزدەبێتەوە یان لەژێر پلەی گەرمی ئاساییدا خۆیان گازن و لەڕێگەی دەم یان لوتەوە دەکرێت ھەڵبمژرێن و کاریگەرییەکی سەرخۆشکەرانەیان ھەبێت. ئەمەش زۆر جار پێی دەوترێت سیکۆتین ھەڵمژین یان خراپبەکارھێنانی Solvents . ئەم دیاردەیە لە عێراقدا لەکاتی ھاتنی کرێکارە میسرییەکاندا زۆر برەوی ھەبوو. واش باس دەکرا کە سیکۆتینی عێراقی کە بە بڕێکی زۆر لە کاتی جەنگی عێراق-ئێراندا بە قاچاخ بەرەو ئێران دەڕۆیشت لەوێندەرێ بۆ ئەو مەبەستە بەکارھاتبێت.
لە ئەوروپاو ئەمریکا و جیھانی خۆراوا بەگشتی گەنجان و ھەرزەکاران ئەوانەی کە تەمەنیان لەنێوان ١٢ تا ١٦ ساڵاندایە بەزۆری بەکاریان دەھێنن. ھەندێک ڕووپێوی وانیشاندەدەن کە ١٠%ی خوێندکارانی خوێندنگا دواناوەندییەکان لە شانشینی یەکگرتوو لانی کەم جارێک ئەم مادانەیان بەکارھێناوە.٩١
مەترسی گەورەی Solvents کاتێک ڕوودەدات کە ئەو کەسانەی بۆیەکەم جار ئەو مادانە بەکاردەھێنن بەھۆی نەشارەزایی و ڕانەھاتنی لەشیان و مناڵی تەمەنیانەوە زۆرجار یەکسەر دەمرن.
لە ئەمریکاو ئینگلتەرا ھەر لەسەدەی ١٩ ھەمەوە Nitrous Oxide کە بە گازی پێکەنین ناسرابوو بەکارھاتووە لەلایەن ئەندامانی چینە باڵاکان و خوێندکارانی زانستی پزیشکییەوە. لەڕابوردودا ھەڵمژینی بەنزین لەلایەن سەربازەوە بۆ مەبەستی سەرخۆشبوون و ھەڵمژینی گازی بەنج لەلایەن کارمەندانی تەندروستییەوە باسکراوە.٩٢
لەڕۆژگاری نوێشدا یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٠دا لە ئەمریکا یەکەم خراپبەکارھێنانی Solvents لەلایەن گەنجانەوە تۆمارکراو لە شانشینی یەکگرتووش لە ساڵی ١٩٦٢دا. بەڵام لە کۆتایی حەفتاکاندا دیاردەکە تەشەنەی کرد.
ئەو مادانە دوای ھەڵمژینیان بەخێرایی لە سییەکاندا ھەڵدەمژرێن و دەگەنە مێشک. لێدانی دڵ و ھەناسە ھێواش دەبنەوەو ھەڵمژینی ئەم مادانە بە خێرایی و بەردەوامی کەسەکە والێدەکات کە ھەمان نیشانەکانی کەسێکی تەواو سەرخۆشی تێدا دەربکەوێت. زۆرکەس دوای ئەوە دەبورێنەوەو دواتر ھۆشیاندێتەوەو ھەندێکیشیان باسی ئەوەیانکردووە کە بینینیان شێواوەو نیشانەکانی ھەلوەسەو بزڕکاندنیان تێدا وەدەرکەوتووە.
کاریگەرییەکانیان کورتخایەنن و زۆربەی جار لە ٤٥ خولەک کەمترن ئەگەر دوبارەنەکرێنەوە. دوای نەمانی کاریگەرییەکان بەکارھێنەر ھەست بە ماندوویی و خەواڵوویی دەکات و تووشی سەریەشەو بێتاقەتییەک دەبێت لەشێوەی ئەوانەی کە ڕۆژی دوای خواردنەوەی ئەلکھول ھەستیپێدەکەن Hangover.
بەکارھێنانی بۆماوەی دوورودرێژو بەبڕی زۆر پێدەچێت ببێتەھۆی تێکشکاندنی مێشک و گورچیلەکان و جگەر.
پەیامەکان لەنێو مێشکدا وەک تەزووی کارەبا بە ڕێکوپێکی لە شانەیەکەوە بۆ شانەیەکی دیکە گوزەردەکەن. مادەیەکی چەورھەیە پێی دەڵێن Myelin کە دەورەی دەمار یان مولولەکانی داوە ھەروەک ئەو مادە پلاستیکییەی کە وایەرێکی کارەبا دادەپۆشێت و لە شۆرت دەیپارێزێت. ئەگەر ئەو مادەیە (Myelin) تێکبشکێت ئەوا پەیام و فەرمانەکان ناتوانن بە ئازادی گوزەربکەن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە چیدیکە ماسولکەکانت ناتوانن گوێڕایەڵی مێشکت بن؛ وەک لەو وێنەیەی خوارەوەدا ڕوونکراوەتەوە:٩٣
زۆرجار بەکارھێنەران بیروھۆشیان دەشپرزێت و ناتوانن مێشکیان چەقببەستێتە سەر خاڵێکی دیاریکراو؛ وەک لەو ھێڵکارییەدا نیشاندراوە:
لەگەڵ بەکارھێنانی بەردەوامدا لەش لەگەڵ ئەومادانەدا ڕادێت Tolerance واتە بەردەوام پێویستی بەبڕی زیاترە بۆ بەدەستھێنانی ھەمان مەبەست. لەگەڵئەوەشدا خوگری جەستەیی کێشەیەکی ئەوەندە گەورە نییەو دەتوانن بەئاسانی دەستبەرداری ببن بەڵام ھەندێک کەسی کەم لەلایەنی سایکۆلۆژییەوە خوی پێوەدەگرن. زۆر لەوانە ئەو گەنجانەن کە کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییان ھەیەو بەکارھێنانی ئەو مادانە وەک ڕاکردنێکی کاتییە لەو واقیعە تاڵە.
لەبارەی یاساییەوە ئەگەرچی لەبنەڕەتدا ئەو مادانە بۆ پێویستی ڕۆژانەی خەڵک دروستکراون و خەڵک خراپ بەکاریاندەھێنێت بەڵام لە شانشینی یەکگرتودا قەدەغەیە ئەو مادانە بفرۆشیت بە گەنجێکی تەمەن لە ١٨ ساڵ کەمتر ئەگەر دوکاندارەکە بزانێت بۆ مەبەستی خراپبەکارھێنان و ھەڵمژینێتی. ئەمەش تەمومژاوی و پڕگرێوگولەو بەئاسانی ناسەلمێت!
٤. ھیرۆین [ئەفیون، تلیاک] Heroin: لە سەرشەقام و نێوبازاڕدا بە گەلێک ناو ناسراوە وەک: سماک، قاوەیی، سکاگ، ئەسپ، H، گێڕ، جەنک، ستاگ و جاک. ھیرۆین کە ناوە پزیشکیەکەی دایامۆرفینە Diamorphine یەکێکە لە گروپێکی دەرمان و مادە سڕکەرەکان کە بە ئەفیونەکان Opiates ناسراون، کە لە گوڵی ئەفیون یان خاشخاش دەردەھێنرێن. ئەفیون Opium شیری ووشککراوەی گوڵە خاشخاشە کە مۆرفین و کۆداینی تێدایە. مۆرفین و کۆداین ھەردووکیان بە مادەی ئازارشکێنی بەتین ناسراون. ھیرۆین لە مۆرفین بەرھەمدێت و لە کاتێکدا کە پوختەیە، واتە ھیچی دیکەی تێکەڵنەکراوە، لەشێوەی تۆزێکی سپیدایە٩٤.
سەرچاوەی سەرەکی ئەو ھیرۆینەی کە دەگاتە ئەوروپا ئەو ناوچەیەیە کە بە کەوانەی زێڕین Golden Crescent ناسراوە کە بریتییە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئێران و ئەفغانستان و پاکستان کە سەدان ساڵە بە بەرھەمھێنانی ھیرۆین یان وەک لەلای خۆمان ناسراوە تلیاک بەناوبانگن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٠٤ی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەرمان و تاوان تەنھا لە ئەفغانستان لەساڵی ٢٠٠٣دا ٨٠٠٠٠ ھیکتار زەوی بۆ چاندنی تلیاک بەکارھاتووە کە ٢٦٤٠٠٠ جوتیار کاریانتێدادەکەن، لەکاتێکدا کە لە ساڵی ٢٠٠٢ دا ٧٤٠٠٠ ھیکتار بووە ٩٥.(لە کۆتایی ئەم کتێبەدا نەخشەیەک دەبینین کە لە ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن یۆنسکۆوە ئامادەکراوەو لەوێدا ناوچە جوگرافییەکانی دابەشبوونی بەرھەمھێنانی گوڵی تلیاک و ڕووەکی کۆکا دیاریکراوە لە جیھاندا).
لەکوردستان لە مێژە وشەی تلیاک بیستراوە. وشەی تلیاک لە زمانی فارسیدا بە تریاک ناسراوەو بۆ ئەفیون بەکاردێت. لە زمانی عەرەبیدا تریاق ھەیە کە مانای دەرمان یان دەرمانی گشت دەردان دەگەیەنێت، پێدەچێت ئەم گوڵە یەکەمجار وەک ئازارشکێن ناسرابێت و ئەو ناوەشی لەوێوە وەرگرتبێت ٩٦. فەرھەنگی المحیگ و گەلێک فەرھەنگی دیکەی عەرەبی وشەی تریاقیان بە : ئەو دەرمانەی کە چارەسەری ژاراوی بوون دەکات (دَواءٌ شافٍ منَ السم) ناوبردووە ٩٧. لەڕاستیدا نە بنەچەی وشەکەو نە مەبەستی ناوەکەی ڕوون نییەو ئەم ساخکردنەوەیە جێدەھێڵم بۆ شارەزایانی بواری زمان و زانستی نوژداری.
بۆ خۆشبەختی بەکارھێنانی ئەم دەرمانە، ھەروەک زۆربەی دەرمان و مادە سڕکەرەکانی دیکە لە کوردستاندا نەبووە بە باوو ھەتا ئێستاش سەرباری نزیکیمان لە سەرچاوەی بەرھەمھێنانییەوە ھێشتا ھەر لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە زۆر باشترین.
ناوی گوڵە خاشخاشیش لە نێو قسەی کوردەواریدا زۆر ھاتووە وەک: گوڵە خاشخاشەی کردووە بە یەخەیەوە! واتە زۆر بەختەوەرە یان شادومانە. بەڵام لەڕاستیدا پێناچێت ئەو گوڵە ھەر گوڵی تلیاک بگرێتەوە چونکە لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی Poppy بۆ ھەموو ئەو گوڵانە بەکاردێت کە لە شێوەی گوڵاڵە سورەدان مەرج نییە ھەر تلیاک بێت.
بەکارھێنانی ھیرۆین بۆ مەبەستی نوژداری لە شێوەی حەب یان دەرزیدایە. ھەندێک جۆری بەشێوەی پیشەسازی بەرھەمھاتووی ئەم مادانەش بۆ مەبەستی پزیشکی بەرھەمھاتووە کە پێیان دەڵێن (Opioids) و ھەمان کاریگەری ھیرۆینیان ھەیە، کە بریتین لە ,(DF١٨٠)dihydrocodeine pethidine (کە بەزۆری لە کرداری مناڵبووندا بەکاردێت) ، ,diconal ,palfium ,Temgesi methadone کە دەرمانێکە بەزۆری بۆ مەبەستی چارەسەری ئالودەبوون بە ھیرۆینەوە دەنوسرێت.
ھیرۆین بەڕێگای کێشان (وەک جگەرە) یان ھەڵمژین لەڕێگای لوتەوە یان بەشێوەی دەرزی بەکاردێت. ئەو ھیرۆینەش کە بۆ مەبەستی نوژداری بەرھەمدێت زۆرجار لەلایەن خەڵکەوە بۆ مەبەستی نایاسایی بەکاردێن. لە شانشینی یەکگرتوو بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠٠٢دا نرخی گرامێک ھیرۆین لە نێوبازاڕدا ٦٠ پاوەند بووە (کە دەکاتە ١٠٠ $) وە ٧٥% ھەموو ھیرۆینی ئەوروپا لە ئەفغانستانەوە ھاتووە ٩٨. ھیرۆین یەکێکە لەو دەرمانانەی کە لەڕیزی پێشوەیە لە ھۆکاری مردندا بەھۆی دەرمانەوە لە UK .
گەلێک ڕێوشوێن تاقیکراوەتەوە بۆ بەرگرتن لە بەرھەمھێنان و چاندنی تلیاک بەڵام بێھودە بووە. چەندەھا ملیۆن پاوەند دراوە بە حکومەتی پاکستان بۆ ئەوەی کێڵگەکانی تلیاک لەنێوبەرێت و پشتگیری جوتیارەکان بکات بۆ چاندنی بەرھەمی دیکەی ئاسایی. ئەم ڕێگایە سەرکەوتنی بەدەست نەھێناوە چونکە لەلایەکەوە زۆربەی ئەو ناوچانەی کە ئەو مادانەیان لێدەچێنرێت دوورەدەستن و حکومەت دەستی پێیان ناگات لەلایەکی دیکەشەوە نرخی تلیاک ھێندە بەرزە کە ھەرشتێکی دیکە بچێنن لەچاو ئەوەدا ھیچ نییە، بێجگە لەوەش دەستتێوەردانی حکومەت بە وێرانکردنی چەند کێڵگەیەک تەنھا پاڵی پێوەدەنێت بەرەو ناوچەیەکی دیکەو ھیچی تر.٩٩ کێشەی گەندەڵی دامودەزگاکانی دەوڵەتیش لەو وڵاتانەدا لە سەرو ھەموویەوەیەتی.
وەک پێشتر باسکرا تلیاک لە دێرزەمانەوە ناسراوەو وەک دەرمان و چارەسەر بەکارھاتووە. ئەوەش نکولی لێناکرێ کە ئەو مادەیە ڕۆڵی خۆی ھەیە لە ئازارشکاندندا بەشێوەیەکی کاتی؛ بەڵام وەک ھەر دەمانێکی دیکە ئەگەر لەژێر چاودێری پزیشکداو بە ڕادەیەکی کۆنترۆڵکراو بەکارنەھێنرێت ئەوا دەبێتە زەھرو ئالودەکەرو زیانبەخش.
تلیاک لەساڵانی ١٥٥٠ وە لە UK و سەرتاپای ئەوروپادا بۆ مەبەستی پزیشکی بەکارھاتووە. لە سەدەی ١٧ھەمەوە دەرمانی وەکLaudanum کە تێکەڵەیەکە لە تلیاک و ئەلکھول بۆ چارەسەری ھەموو جۆرە دەردێک بەکارھاتووە وەک شکاندنی ئازاری زۆر، یاریدەدانی خەوتن، کۆکە، سکچون، ئازاری سوڕی مانگانەی ژنان، دانیەشە و سکیەشەو ژانی کۆرپەلە. ئەم بەکارھێنانە بەردەوام بوو تا سەدەی نۆزدەھەم و زۆر دەرمان کە بەرھەمی تلیاک بوون لە دوکانی سەوزەو میوەدا بەئاشکرا دەفرۆشران و چەندەھا نوسەر وشاعیری بەناوبانگ بەکاریاندەھێنا ١٠٠. بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردنی مناڵانی ساوا بەھۆی زیادبەکارھێنانی ئەو مادانەوە بووەھۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکەو لە ئەنجامدا لە ساڵی ١٨٦٨دا یەکەم یاسای کۆنترۆڵکردنی ئەفیون دەرچوو.
لە ئەمریکا پەنابەرە چینییەکان بە بڵاوکردنەوەو پەرەپێدانی تلیاک تاوانبارکرابوون. لەڕاستیدا لەو کاتەدا گەلێک کەس ئالودەی ئەو مادەیە بووبوون لە ئەمریکا بەڵام ئەو مەسەلەیە بنچینەیەکی ڕەگەزپەرستانەشی ھەبوو؛ ھەر ئەو وێنە دزێوە بوو کە بووە ھۆی پێوەلکاندنی مۆرکێکی ڕەگەزپەرستی بە چینییەکانەوە لە ئەمریکاو بەریتانیاش. ١٠١
ناوەڕاستی ١٩٧٠کان پەرەسەندنێکی بەرچاوی بازاڕی ھیرۆینی بەشێوەیەکی نایاسایی بەرھەمھاتووی بەخۆیەوە بینی کە لە ھۆنگکۆنگەوە دەھات. لەناوەڕاستی ١٩٨٠کانیشدا ژمارەی بەکارھێنەرانی ھیرۆین و مادە تلیاکییەکانی دیکە لە بەریتانیا بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیادیکرد بەتایبەتی لە ناوچە ھەژارنشینەکانی نێوەندی شارەکاندا. ئەم ھیرۆینە لە ناوچەی کەوانەی زێڕینی ئێران، پاکستان و تورکیاوە دەھات. ئەو شێوەیەی ھیرۆین کە بۆ کێشان ئامادەکراوە نەک دەرزی، دوای بەرزبوونەوەی ژمارەی پەنابەرە ئێرانییەکان بۆ بەریتانیا دوا بەدوای ڕوخانی شا ساڵی ١٩٧٩وەدەرکەوت. ١٠٢
لە دێرزەمانەوە لە ئێران تلیاک بەکارھاتووە، پڕوپاگەندەکردن بۆ تلیاک وەک دەرمانی گشت دەدران و بەھێزترین ئازارشکێن و شادیھێنەرو خەمڕەوێن زۆر برەوی ھەبووە و ھەیە. ئەوانەی کە خۆیان ئالودەن یان ڕوونتربڵێین قاچاخچی ئەو مادەیەن حەزدەکەن بازاڕ بۆ خۆیان فراوانبکەن و ڕەواج بە بازرگانییە دزێوەکەیان بدەن. کاتێکیش ئەو کەسە ئالودەبوو ئیتر دەبێت ئەو بەدوای قاچاخچییەکەدا بگەڕێت و مەمنونی ببێت! لەسەردەمی شادا بەئاشکرا لەسەر شەقامەکان دەفرۆشرا و دوای ھاتنی کۆماری ئیسلامیش پەردەیەکی درابەسەرداو لەپشت پەردەوە ھەر برەوی ھەیە؛ ئەگەرچی گەلێک ڕێوشوێن گیراوەتە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، وەک کاربەدەستانی زۆربەی وڵاتانی جیھان، ھۆکاری ئەوە دەگێڕنەوە بۆ ھەبوونی ژمارەیەکی زۆری پەنابەری ئەفغانی لە وڵاتەکەیاندا ١٠٣. بێگومان ئەوە ھۆکارێکە بەڵام ھۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە بێجگە لەوەی کە سەرەڕێی کاروانی قاچاخچێتی دەرمانە، تلیاک لەکۆنەوە بەشێک بووە لە کولتورو ژیانی ڕۆژانەی زۆر ناوچەی ئەو وڵاتە.١٠٤
ھیرۆین و جۆرەکانی دیکەی تلیاک یان ئەفیون جۆرە دەرمانێکن کە مرۆڤ خەواڵو دەکەن و کۆئەندامی دەمار ھێمن دەکەنەوە. بزوتنەکانی لەش ھێواش دەکەنەوەو دەتوانن دەردو ئازاری جەستەیی و دەرونی بشکێنن، یان ڕوونتر بڵێین نەھێڵن ھەستی پێبکرێت. کاریگەرییەکانیان بەشێوەیەکی گشتی پێکھێنانی ھەستکردن بە گەرمبوونەوەو حەوانەوەو گوێنەدان بەھیچ شتێک و کەمبوونەوەی دڵەڕاوکێییە. کاریگەرییەکانی بە خێرایی دەردەکەون و دەکرێت بۆ چەند کاتژمێرێک بمێننەوە، ئەمەش بەگوێرەی چەندایەتی بڕی دەرمانەکەو جۆری بەکارھێنانی دەگۆڕێت.
یەکێک لە بەکارھێنەران بەمجۆرە دەدوێت:
" پێدەچێت یەکێک لە ساتە ھەرە خۆشەکانی ژیانم بووبێت. ھیچ ئازارێک لەلەشمدا نەما. ھیچ ھەستێکی توڕەییم نەما. لەسەر قەنەفەکە پاڵکەوتبووم و بەوپەڕی بەختەوەرییەوە مژم لێدەدا. واتلێدەکات ھەست بە ئارامی و گەرمبوونەوەیەک بکەیت ھەروەکو لە پەتۆیەکەوە پێچرابیت." ١٠٥
بەکارھێنانی بۆ یەکەمجار ڕەنگە ببێتە ھۆی سەرگێژخواردن و ڕشانەوە بەڵام ئەم کاردانەوە ناخۆشانە لەگەڵ بەکارھێنانی بەردەوامدا بەرەو نەمان دەچن. ئەگەر ئەو کەسە بڕێکی زۆر بەکاربھێنێت ئەوا زۆر خەواڵوو دەبێت. بڕی زۆر بەیەکجار دەبێتە ھۆی لەھۆشخۆچون و بورانەوەو تەنانەت مردنیش بەھۆی لەکارکەوتنی کۆئەندامی ھەناسەوە.
لەگەڵ بەکارھێنانی بەردەوامدا لەش لەگەڵیدا ڕادێت و بەردەوام داوای بڕی زیاتر دەکات بۆئەوەی کاریگەری یەکەمجاری بدات بەدەستەوە. لەشی مرۆڤەکە لەلایەنی جەستەییەوە ئالودەی دەبێت و کۆنترۆڵکردنی ئەستەم دەبێت. ئەگەر ئەو کەسە بەکارینەھێنێت یان دەستی نەکەوێت نیشانەکانی پاشەکشەی تێدا دەردەکەوێت کە بریتین لە ئازار، لەرزین، ئارەقکردنەوە، لەرزلێھاتن وەک ئەوەی ھەڵامەتی بێت و گرژبوونی ماسولکەکان. ئەم نیشانانە پێدەچێت دوای ٧-١٠ ڕۆژ نەمێنن بەڵام ھەستکردن بە بێھێزی و نەخۆشی ڕەنگە زیاتر بخایەنێت. لەکاتێکدا زۆر کەس بەسەرکەوتویی وازیان لە بەکارھێنانی ھیرۆین ھێناوە، تەرککردن و وازھێنان لە ھیرۆین لەوانەیە زۆر سەخت بێت.
ئەو وێنەیەی خوارەوە کاریگەرییەکانی ھیرۆین لەسەر مێشک ڕووندەکاتەوەو ھۆکارەکانی ئالودەگی و ناڕەحەتییەکانی پاشەکشە دەخاتە ڕوو. لەوێدا ڕوونکراوەتەوە کە چۆن ھیرۆین دەلکێت بەو شانانەی مێشکەوە کە بە نیرۆن ناسراون لە چەندەھا شوێنی مێشکداو دەبنە ھۆی دەرکردنی بانگەوازێک بۆ زیاتر ڕژاندنی مادەی دۆپەماین Dopamine کە مادەیەکی کیمیاوی مێشکەو پەیوەندی ھەیە بە ھەستکردن بە خۆشییەوە. ئەم کارەش دەبێتە ھۆی ووروژاندنی چەندەھا کاردانەوە لە شوێنی جیا جیای مێشکدا. ھەروەھا ھیرۆین دەبێتە ھۆی خێراکرنی ئەو پرۆسانەی مێشک کە لێپرسراون بەرانبەر ھەست و نەست بە خۆشیی، بە کارکردنە سەر Limbic System ؛ ئەمەش وا لەوانە دەکات کە ئالودەبوون بەو دەرمانەوە بەناچاری بەدواییدا بگەڕێن. ھیرۆین کاردەکاتە سەر دڕکە مۆخ و لێرەدایە کە کاریگەری ھەیە وەک ئازارشکێن، چونکە دەبێتە بەربەستێک لەبەردەم پەیامەکانی ھەست بە ئازارکردندا لەنێوان نیرۆنەکان و مێشکداو ناھێڵێت بگەنە مێشک. ھەروەھا ھیرۆین کاردەکاتە سەر قەدی سەرەکی مێشک Brain Stem کە لێپرسراوە بەرانبەر کردارە بنچینیەییەکانی لەش وەک لێدانی دڵ و ھەناسەدان؛ لێرەدا دەتوانێت کرداری ھەناسەدان ئەوەندە دابپڵۆسێنێت تا ئەو ڕادەیەی کە بەکارھێنەر بەتەواوی ھەناسەی لەبەردەبڕێت و دەمرێت١٠٦ :
یەکێک لەوانەی کە پێشتر بەکارھێنەر بووە دەڵێت:
" بەخێرایی ئالودەی دەبیت و ھەست بەوە دەکەیت کە دەبێت ھەمیشە بەکاریبھێنیت. لەگەڵ ھەموو جۆرە خەوش وخۆڵ و زبڵێکدا تێکەڵی دەکەن بەڵام لەڕاستیدا تۆ گوێنادەیتی. تاکە ئامانجی ژیانت دەبێت بە بەدەستھێنانی بڕێکی زیاتر. بەجۆرێک بوو کە ھەموو ھەست و ھۆشی داگیرکردبووم."١٠٧
ھیرۆین مەترسی کوژەری ھەیە ئەگەر بەبڕێکی زۆر بەکاربێت، یاخود لەگەڵ دەرمان و مادە سڕکەرەکانی دیکەدا تێکەڵبکرێت وەک ئەلکھول و ترانکیۆڵایزەرو جۆرەکانی دیکە.
بەئاسانی ناتوانرێت بزانرێت ئەو کەسە چی بەکارھێناوە چونکە ڕادەی پوختەیی ھیرۆین لەبازاڕدا جۆراوجۆرەو بەزۆری لەگەڵ مادەی دیکەدا تێکەڵدەکرێت و ھیرۆینی بێخەوش زۆرکەمە بەھۆی بەرزی نرخییەوە. لەڕاستیدا بینراوە کە لەگەڵ گلوکۆز، بۆدرەی مناڵ، ووردەی خشت، تۆزی بەھارات و شتی دیکەشدا تێکەڵکراوە ١٠٨. لەم نێوەدا بەکارھێنانی لەڕێگای دەرزییەوە زۆر ترسناکە بەھۆی ئەو مادە نامۆیانەوەو ھەروەھا بەکارھێنەران دەخاتە بەر مەترسی گرفتاربوون بە زەردووی و HIV ئایدز ئەگەر سرنج لەنێوان چەند کەسێکدا ئاڵوگۆڕبکرێت. بەکارھێنانی ھیرۆین بەبەردەوامی دەبێتە ھۆی قەبزی بەردەوام و ناڕێکوپێکی سوڕی مانگانە لە ژنانداو ھەوکردنی کۆئەندامی ھەناسەو کەمبوونەوەی بەرگری لەش بۆ نەخۆشی. ئەمەش خراپتر دەبێت بەھۆی شوێن وجێگەوڕێگەی خراپ و پیس و کەمخۆراکی و پشتگوێخستنی پاکوخاوێنی کەسەکەوە؛ ئەم ھەلومەرجانەش لەلای زۆربەی بەکارھێنەران بەوجۆرەیە:
ئەوانەی کە بەشێوەی دەرزی بەکاریدەھێنن ئەگەری تێکشکانی دەمارەکانی خوێن و پەککەوتنی سییەکان و دڵیان ھەیە. بەکارھێنانی ھەموو جۆرەکانی تلیاک و ھیرۆین لەکاتی سکپڕیدا دەبێتە ھۆی کۆرپەلەی کەم کێش و ئەو کۆرپەلانەش دوای لەدایک بوون نیشانەکانی پاشەکشەیان پێوەدیارە. وازھێنان و تەرککردنی تلیاک لەکاتی سکپڕیدا زۆر ترسناکە بۆ کۆرپەلەکە، ھەرلەبەرئەوەیە کە پاشەکشەی پلەبەپلە و کەم کەمی دایکەکە بەباش دەزانرێت تا مناڵەکەی دەبێت.
لەبەرئەوەی ئاسەوارەکانی پاشەکشە زۆر سەختە چەندەھا قوتابخانەی چارەسەرکردنی ئالودەگی بە ھیرۆین دامەزراوە. لە UK ئاژانسی نیشتمانی چارەسەر NTA سیاسەتێکی چارەسەرکردنی بۆ ئینگلتەرە داڕشتووە. وەکو بەشێک لە ستراتیژی نیشتمانی دەرمان، ئامانجیان ئەوەیە کە تا ساڵی ٢٠٠٨ بتوانن ژمارەی چارەسەرکراوەکان بکەن بە دوو ئەوەندە. میسۆدین Methadone سەرقافڵەی ئەو دەرمانانەیە کە بۆ چارەسەرو ڕاھێنانەوەی بەکارھێنەرانی ھیرۆین بەکاردێت. Buprenorphine لە نیسانی ٢٠٠١ ەوە لەلایەن پزیشکەکانەوە دەنوسرێت و لەکاتێکدا بەکاردێت کە میسۆدین باشترین چارە نەبێت؛ بۆ نمونە کاتێک کەسەکە لە قۆناغی سەرەتایی خوگریدا بێت.
بەھۆی بەکارھێنانی دەرزی و سرنجەوە لەنێوان چەندەھا کەسداو زیاتر تەشەنەکردنی HIV ئایدز بیر لە کردنەوەی بنکەی تایبەت کرایەوە بۆ ئاڵوگۆڕی سرنج. لەمکاتەدا بەکارھێنەران سرنجە بەکارھاتووەکان دەگێڕنەوە بۆ بنکەکەو لەبەرانبەردا سرنجی نوێ و بەکارنەھاتوو وەردەگرن بە خۆڕایی. ئەم سیاسەتە لەپێناوی تەندروستی گشتیدایەو ئەگەرچی لەسەرەتادا زۆر کەس پێشوازی لێنەدەکرد و وایان دەدایە قەڵەم کە ئەوە ڕێخۆشکردن و ئافەرینکردنی بەکارھێنەرانە، بەڵام دواتر ڕوونبوەوە کە ئەوە سیاسەتێکی نوژداری دروستە چونکە بەکارھێنەران زیاتر دێنە ژێر باری کەمکردنەوەی مەترسی و کۆنترۆڵ و چارەسەرکردن.
لەلایەنی یاساییەوە ھیرۆین لە پۆلی A دا پۆلێن کراوە لە UK و ئێستا پۆلیس بەپێی یاسای دەرمانی ٢٠٠٥ ڕێگەیانپێدراوە ھەرکەسێک دەستگیر بکەن و گومانی ئەوەی لێبکرێت کە دەرمانی پۆلی A بەکارھێناوە بەبێ ڕەزامەندی خۆی پشکنینی دەرمانی بۆبکەن و ئەگەر پۆزەتیف دەرچوو ئەوا پێویستە بچێتە کۆرسی تایبەتی چارەسەرکردنەوەو پابەندی دیدارەکانی دواتر بێت ١٠٩. ھەروەھا پۆلیس دەتوانێت تیشکی ئێکس بۆ ئەو قاچاخچیانە بگرێت کە دەرمان لەناوەوەی لەشیاندا دەشارنەوەو شایانی باسیشە ئەوەی ڕاستەخۆ ھیرۆین بەکاربھێنێت ھەتاکو ٢٤-٤٨ کاتژمێر لەوەدوا لە ڕێگای پشکنینی میزەوە دەردەکەوێت.
ھەلوەسە ھێنەرەکان Hallucinogens
١.. LSD : LSD (Lysergic Acid Diethylamide) دەرمانێکی ھەلوەسەھێنەرە و لە بنەڕەتدا لە مادەی Ergot دەردەھێنرێت کە لەو ژار یان کەڕووە دروستدەبێت کە لەسەر ڕووەکی چاودار یان چۆدان Rye (کە پێدەچێت پەرشە بێت) و ھەندێک ڕووەکی دیکە دروستدەبێت. لەشێوەی تۆزێکی سپیدایە بەڵام لە بازاڕو سەرشەقامەکان (وەک دەرمانی نایاسایی) لەشێوەی شلەمەنییەکدایە کە ھەروەکو خۆی بەتەنھا یاخود ڕژێنراوە بەسەر پارچەکاغەزداو ھەڵیمژیوە. پارچەکاغەزەکان کراون بە پارچەی وورد ووردەوە لەشێوەی پولی پۆستەداو بەزۆری وێنە یان کڵێشەیان لەسەرە. LSD ھەندێکجار دەدڵۆپێنرێت و دەکرێت بە کڵۆ شەکری شەشپاڵویی یاخود لەشێوەی حەب و کەپسولی بچوکدا دروستدەکرێت. بۆئەوەی کاریگەری ھەبێت لەسەر کەسێک تەنھا ئەندازەیەکی زۆر بچوک پێویستەو بەڵام بەھێزی LSD جۆراوجۆرو جیاوازە. بەشێوەیەکی گشتی لەڕێگای دەمەوە بەکاردێت. لەنێوبازاڕو سەرشەقامەکاندا بەگەلێک ناوەوە ناسراوە وەک: ئەسید، خۆشی، دڵۆپ، تیشکی ھێواشکەروە، ترشەڵۆکی شل، قارچکی کاغەز، ئەستێرە، شەکر، خەیاڵ، پەنجەرەو گەلێک ناوی دیکە...
LSD یەکەمجار لەساڵی ١٩٣٨دا لەلایەن کیماگەرێکی توێژینەوەکارەوە دۆزرایەوە کە ناوی ئەلبێرت ھۆفمان بوو، کە سەرقاڵی دۆزینەوەی دەرمانی نوێ بوو. لە ساڵی ١٩٤٣دا خۆی کەوتە ژێر کاریگەری خەیاڵێکی LSD ەوە لەڕێگای ھەڵەوە کاتێک لە تاقیگەکەیدا خەریکی ئەزمونکردن بوو.ئەو بەمجۆرە باسی خەیاڵبوونەکەی دەکات:
" ھەینی ڕابوردوو، ١٦ی نیسانی ١٩٤٣، ناچاربووم دەست لەکارەکەم ھەڵبگرم لە تاقیگەکەدا لە ناوەڕاستی پاشنیوەڕۆدا و ڕوومکردە ماڵەوە، چونکە چوبوومە ژێرکاریگەری بێئارامییەکی بێوێنەوە کە تۆزێک لەگەڵیشیدا گێژبووبووم. لە ماڵەوە پاڵکەوتم و لە بارێکدا نقوم بووم کە لەشێوەی سەرخۆشییەکدا بوو کە بەلامەوە ناخۆش نەبوو، لە شێوەی ھەست بە ووریابوونەوەو وروژانێکی بێھاوتادابوو. لەبارێکی وەک خەونبینیندا، بە چاوی نوقاوەوە، تەوژمێکی لەیەکنەپچڕاوی وێنەی سەیروسەمەرە، شێوەی نائاسایی و عەجایب، کە چەندەھا ڕەنگ بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر دەھاتن و دەچون بەبەرچاومدا گوزەری دەکرد. دوای دوو کاتژمێرێک ئەم بارە نەما و ئاسایی بوەوە. " ١١٠
لەساڵانی ١٩٥٠کان و ١٩٦٠کاندا پزیشکەکان لە ئەمریکاو UK ئەم مادەیەیان بۆ چارەسەری ھەندێک لە نەخۆشانی دەرونی و ژیری بەکاردەھێنا بۆ وەبیرھێنانەوەی ھەست و بیرە کپکراوەکانیان. ھەروەھا بەشێوەیەکی ناسەرکەوتوانە لەلایەن سوپای ئەمریکییەوە بەکارھات بۆ زانیاری ھەڵھێنجان لە لەشکرەکانی دوژمن لەکاتی لێکۆڵینەوەدا وەک "دەرمانی ڕاستگۆیی" و ھەروەھا وەک دەرمانێک کە ھیچنەبێت لەکاتی شەڕدا دوژمن تووشی سەرلێشێوان بکات.
لەسەرەتای ساڵانی ١٩٦٠کاندا خەڵک بۆ خۆشی و ڕابواردن دەستیاندایە تاقیکردنەوەی LSD . لەنێو گروپە ھیپی و دابڕاوەکاندا LSD تەنانەت وەک شێوازێکی ڕێوڕەسمی ئاینیش چاویلێدەکراو وەک ڕێگایەک بۆ دەست گەیشتن بە خود، خەڵکانی دیکەو ژینگە. دەستەڵاتداران دژی بەکارھێنانی ڕاوەستان و لەساڵی ١٩٦٦دا بەکارھێنانی LSD لە UK قەدەغەکرا. بەھۆی ناوبانگی خراپی ئەم دەرمانەوە، بەکارھێنانی لە بواری پزیشکیشدا ڕاوەستێنرا بەپێی بڕیاری خراپبەکارھێنانی دەرمانی ساڵی ١٩٧٣ . ١١١
لەساڵانی ١٩٧٠ کان و ١٩٨٠کاندا بەکارھێنانی LSD زۆر کەمبوەوە بەڵام جارێکی دیکە لە سەرتای ١٩٩٠ەکاندا لەنێو کۆڕی گەنجاندا سەریھەڵدایەوە.
LSD دەرمانێکی ھەلوەسەھێنەرە؛ واتە بەکارھێنەرانی دەکەونە بارێکی نائاساییەوەو واھەستدەکەن کە شتی سەیروسەمەرەو ناڕاست دەبینن و دەبیستن. ئەم بارە نائاسایە کار لە ھەموو ھەستەکانیان دەکات و دەکەونە خەیاڵێکەوە لە جیھانی واقیعی دووریاندەخاتەوە. بەکارھێنەرانی LSD بەو خەیاڵبوونە دەڵێن گەشت و نیو کاتژمێر دوای بەکارھێنانی دەرمانەکە دەستپێدەکات و دەکرێت تا ٢٠ کاتژمێر بخایەنێت. کاریگەری LSD بەپێی ڕادەی دەرمانەکە و باری دەرونی و سۆزداری بەکارھێنەر دەگۆڕێت لەکاتی بەکارھێنانی دەرمانەکەدا. بەکارھێنەران بەزۆری باسی ئەوەیانکردووە کە بینینیان شێواوە وەک بینینی ڕەنگی زۆرو ئاڵۆزو شێوەو ئەندازەی نائاسایی و جوڵان و بزوتنی شمەکی بێگیان و بێجوڵە. گۆڕانی دەنگ و گۆڕانکاری لە ھەستکردن بە کات و شوێنیش لە دیاردە باوەکانی بەکارھێنەرانی ئەم دەرمانەن.
یەکێک لەبەکارھێنەران دەڵێت:
" یەکەمین گەشتم زۆر خۆشبوو. گوڵەکان سەریاندەرھێنابوو زۆر سەرنجڕاکێش بوون. ھەموو شتێک لەدەوروبەرم جوان و وەک کریستاڵ ڕوونبوون. خۆم بەبەختەوەرو ھاوڕێ و ھاوسۆز دەزانی چ لەگەڵ خۆم و چ لەگەڵ جیھانی دەوروبەرم." ١١٢
ھەست و سۆزەکان زۆر لەیەک جیاوازن. ھەندێک کەس واباسدەکەن کە زۆر ھەستیاربوون بەرانبەر خۆیان و خەڵکی دیکەو دەڵێن گەشتی LSD وەکو ئەزمونێکی ئاینی یان گیانی وابووە. ھەستکردن بە جیابوونەوە لە جەستەش زۆر باوە لەگەڵ ئەم دەرمانەدا. ئەگەر بەکارھێنەرەکە خەمی شتێکی بێت و لە دڵەڕاوکێدا بێت یان توشی خەمۆکی بووبێت ئەوا ھەستکردن بەترس و بێتاقەتی ئەگەری زیاتریان ھەیە. بەکارھێنەرەکە ڕەنگە بکەوێتە باری تۆقین و پارانۆیاوە Paranoia ( ئەوە بارێکی دەرونی یان ژیرییە کە ئەو کەسە بەشێوەیەکی ناڕاست واھەستدەکات خەڵکانی دیکە دەیانەوێت ئازاری بدەن و ئەو گەلێک گرنگەو خەڵک دەیانەوێت ژێر بەژێر پلانی لەدژ بگێڕن) بەتایبەتی لە دەوروبەری نەشاز و لە ھەلومەرجی پاشاگەردانی و بێسەروبەریدا.
ئەو ڕاستییەی کە کاتێک ئەو کەسە LSD ی بەکارھێنا ئیتر گەڕانەوە ئەستەمە بۆ باری ئاسایی تا بەتەواوی دەرمانەکە کاریگەری نامێنێت و بەریدەدات ( ئەو بارەش بەپێی چەندایەتی دەرمانەکە دەگۆڕێت کە دەکرێت ١٢ کاتژمێر یان زیاتر بێت)، وا دەگەیەنێت کە ئەگەری گەشتێکی ناخۆش زۆر نزیکە. گەشتی ناخۆش ئەو گەشتەیە کە بەکارھێنەر ھەست بە شتی ناخۆش دەکات و دەکەوێتە نێو ئەزمونێکی ناخۆشەوە، وەک بە کوردی دەڵێن: خراپ گرتویەتی! ھەمان کەس پێدەچێت بە ئەزمونی خۆش و ناخۆشدا تێبپەڕێت لە باری جیاجیادا یان تەنانەت لە ھەمان گەشتیشدا. ڕادەی بەھێزی دەرمانەکەش لێکجیاوازەو زۆر ناڕەحەتە بزانیت ئەو بڕەی کە وەریگرتووە چەند بووە. ئەگەر بەکارھێنەران تووشی دڵەڕوکێ ببن ئەوا کەسانی دیکە دەتوانن ھێوریان بکەنەوە، یان بەپێچەوانەوە ئەوەندەی دیکە تێکیانبدەن.
لەکاتی گەشتدا چەقبەستنی مێشک زۆر گرانەو زۆر ترسناکیشە ئەگەر ئەو کەسە ئۆتۆمۆبێل بھاژوێت یان ئامێر کارپێبکات. بەڵگەی ئەوە بەدەستەوە نییە کە LSD بوبێتە ھۆی خوگری لەلایەنی جەستییەوە و یان بەھۆی زۆری بڕی مادەکەوە کەسەکە مردبێت، ئەگەرچی بەھۆی ئەو کارەساتانەوە کە لەژێر کاریگەری دەرمانەکەدا ڕویانداوە خەڵک مردون. ھەندێک لە بەکارھێنەران باسی ئەو دیاردەیەیان کردووە کە بە فلاشباک ناسراوە؛ لێرەدا ئەو کەسە جارێکی دیکە دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری ئەو بەسەرھاتەوە کە پێشتر ڕویداوە. لەم بارەدا ماوەی فلاشباکەکە کورتە بەڵام زۆر پەشێوکەرە ئەگەر ئەو کەسە نەزانێت کە شتی لەو بابەتە ھەیە.
زۆربەی بەکارھێنەران ڕۆژانە بەکاریناھێنن، تاڕادەیەک لەبەرئەوەی وادیارە بڕی زیاتر کاریگەری نەبێت ئەگەر چەند ڕۆژێکی نەکەوێتە نێوانەوە. بەڵام لەگەڵئەوەشدا زۆرکەس ئەوەندە بەردەوام بەکاریدەھێنن کە بەتەواوی لە جیھانی واقیعی دادەبڕێن. لە شەستەکاندا ترسی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە گوایە LSD کرۆمۆسۆمەکان تێکدەدات و مناڵانی پاشەڕۆژی بەکارھێنەران دەشێوێنێت، بەڵام بۆ ئەو مەسەلەیە ھیچ بەڵگەیەک بەدەستەوە نییە.١١٣
لەبارەی یاساییەوە LSD دەرمانێکە لە پۆلی A و ئێستاکە ھیچ جۆرە بەکارھێنانێکی پزیشکی نییە ھەربۆیە بەھەموو جۆرێک قاچاخە. واتە لە UK بەھەرکەسێک بگیرێت ٧ساڵ زیندانی دەکرێت و بارمتەش دەکرێت، ئەگەر ئەوکەسە بیفرۆشێت یان دابینیبکات ئەوا زیندانی ھەتا ھەتایی و بارمتەش دەکرێت.
٢. DMT ناوە کیمیاوییەکەی dimethyltriptamine و ئەمیش ھەروەک LSD دەرمانێکی ھەلوەسەھێنەرە بەڵام دەڵێن گوایە لەو بەھێزترە. دەتوانرێت بەڕێگای دەرزی، کێشان یان ھەڵمژینەوە بەکاربێت. کاریگەرییەکانی ئەم دەرمانە کورتخایەنن و کەمجار لە ٢ کاتژمێر زیاتر دەخایەنن. ئەم دەرمانەش لە گەلێک جۆرە ڕووەک دەردەھێنرێت وەک Phalaris aquatica و arundinacea.
ئەم دەرمانەش لە پۆلی A پۆلێنکراوە.
٣.قارچکی ئەفسوناوی Magic Mushroom : ئەمانە ئەو جۆرە قارچکانەن کە کاریگەری ھەلوەسەھێنەریان ھەیەو بەشێوەیەکی کێوی لەزۆر شوێنی جیھان دەڕوێن لە پایزدا. جۆری سەرەکییان کە بەکاردێت ئەو جۆرەیە کە پێیدەڵێن کڵاوی ئازادی Liberty cap یان Psilocybe semilanceata بەڵام ئەو جۆرەش کە پێیدەڵێن Fly agaric یان Amanita Muscaria ھەندێک جار بەکاردێت.
قارچکی ئەفسوناوی بە گەلێک ناو ناسراوە لە نێو بازاڕو سەرشەقامەکاندا وەک: ئازادییەکان، ئەفسونەکان، موشی، کڵاوی ئازادی و ھتد...
ھەموو جۆرەکانی قارچکی ئەفسوناوی بێجگە لە Fly agaric بەشێوەیەکی گشتی بە کاڵی دەخورێن، بەڵام وشکیش دەکرێنەوەو ھەڵدەگیرێن بۆئەوەی دوایی بەکاربھێنرێن. دەتوانرێت بکوڵێنرێن و بکرێن بەخۆراک یان بکرێن بەجۆرێک لە چا یان شلەمەنی و بخورێنەوە. ٢٠-٣٠ قارچکی کڵاوی ئازادی بە ژەمێکی تەواو دادەنرێن، بەڵام یەک دانە یان لەتێک لە جۆری Fly agaric بەسە بۆ ژەمێک١١٤.
ژمارەیەکی زۆر ڕووەکی ھەلوەسەھێنەرو قارچک لەلایەن خێڵە کۆنەکان و شارستانییە دێرینەکانەوە بەکارھاتووە وەک ڕێبازێک بۆ چونە نێو جیھانی گیانەوە Spiritual World . قارچکی Fly agaric لەلایەن حەکیمەکان یان پیاوچاکانی (ئەوانەی دوعا بۆ خەڵک دەکەن یان بۆیاندەپاڕێنەوە) باکوری خۆرھەڵاتی ئاسیاو سیبریاوە بەکارھاتوون. قارچکی جۆری کڵاوی ئازادی لەلایەن گەلی ئازتێکەوە Aztecs لە مەکسیک وەکو مەستیھێنەری پیرۆز چاویانلێکراوە لەو سەردەمەدا کە ئیسپانییەکان ئەوێیان داگیرکردووە لە ساڵانی ١٥٠٠ ەکاندا. ئەم قارچکانە لە مێژووی ئەوروپادا جێگایەکی ئەوتۆیان نییە، ئەگەرچی ئەفسونگەرە کۆنەکان بەکاریان ھێناون.
بەکارھێنانی قارچکی ئەفسوناوی لە UK بۆ مەبەستی شادیھێنەر دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ١٩٧٠کان وەکو جێگرەوەیەکی یاسایی بۆ LSD. بەکارھێنانی جۆری Fly agaric تا ئێستاش دەگمەنە بەڵام بەکارھێنانی جۆری کڵاوی ئازادی زۆر باوە بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا.
کاریگەری کڵاوی ئازادی وەکو کاریگەری ژەمێکی بچوکی LSD وایە وەھەروەھا بەپێی مەزاجی ئەوکەسەو باری دەرونی و پێشبینییەکانی بۆ ئەو دەرمانە، زۆر دەگۆڕێن.
کاریگەرییەکانی دوای نیو کاتژمێر دەردەکەون و بۆ ماوەی تا ٩ کاتژمێر دەمێننەوە، ئەمەش پشت بەوە دەبەستێت کە چەند دانە بەکارھاتووە. بەکارھێنەران زۆربەی جار زۆر پێدەکەنن و زۆر ھەست بە متمانەبەخۆبوون دەکەن. ھەندێک کەسیش سەریانگێژدەخوات و دەڕشێنەوەو ناوسکیان دێشێت. خواردنی بڕێکی زۆر دەبێتە ھۆی گەشتێکی بچوک یان مامناوەندی بە شێوانی دەنگ و بینینیشەوە.
گەشتی خراپ یان ناخۆش زۆر تۆقێنەرەو پێدەچێت ترس، دڵەڕاوکێ و پارانۆیا بگرێتەوە. ئەمە کاتێک ئەگەری زیاترە کە ئەو کەسە بڕێکی زۆری خواردبێت یان ئەگەر خۆی لەخۆیدا لە ترس و دڵەڕاوکێدا بێت. ئەو کەسانەی کە دەکەونە گەشتی ناخۆشەوە دەکرێت بەھۆی کەسانی دەوروبەریانەوە ھێوربکرێنەوە. ماوەیەک لەوەدواش ھەروەک لە LSD دا ڕوودەدات، پێدەچێت فلاشباک ڕووبدات و ئەو کەسە ھەرلەخۆیەوە جارێکی دیکە بکەوێتەوە ئەو گەشتە ناخۆشەوە ئەمەش زۆر تۆقێنەرە بەتایبەتی بۆ کەسێک کە چاوەڕوانی شتێکی وەھا نەبێت. پاش ماوەیەک ھەموو ئەم خەیاڵ و بیرکردنەوانەیان لە ھزردا دەسڕێتەوە.
یەکێک لەوانەی تووشی ئەم گەشتە ناخۆشانە بووە دەڵێت:
" ھەر لەپڕ دیوارەکان دەستیانکرد بە سوڕانەوە، ویستم کۆتایی پێبێت بەڵام کاتێک دەستت پێکرد ئەستەمە بتوانیت ڕایبوەستێنیت. لەڕاستیدا بەڵایەکی گەورەبوو بەسەر کەللەی سەرمەوە." ١١٥
مەترسی ھەرە گەورە لەوەدایە کە کەسێک بە ھەڵە جۆرێک قارچکی ژاراوی بخوات و وابزانێت ئەوەیە. ھەندێک جۆر قارچک ھەن کە بەڕاستی کوژەرن وەک Amanita Phalloides و Amanita Virosa.١١٦
قارچکی ئەفسوناوی، ھەروەک LSD لەشی مرۆڤ بەخێرایی لەگەڵیدا ڕادێت و بەمجۆرە بۆ ڕۆژی دووەم ئەو کەسە پێویستی بە دوو ئەوەندە قارچکی جۆری کڵاوی ئازادییە بۆ ئەوەی ھەمان کاریگەری یەکەمجاری ھەبێت. ئەگەرچی مرۆڤ لەلایەنی جەستەییەوە خوی پێوەناگرێت و ئەگەر بەکارینەھێنێت ھەست بە ئاسەوارەکانی پاشە ناکات پاش بەکارھێنانیشی بە بەردەوامی، بەڵام زۆر کەس لەلایەنی سایکۆلۆژییەوە خوی پێوەدەگرن و بەردەوام حەز بە بەکارھێنانی دەکەن. تا ئێستاکە بەڵگەی ئەوە بەدەستەوە نییە کە بەکارھێنانی بۆ ماوەی دوورودرێژ و بەردەوام بوبێتە ھۆی مەترسی تەندروستی گەورەو جیددی.
لەگەڵ بەکارھێنانی Fly agaric دا ئەگەری کاریگەری خراپ زیاترە، وەک سەرگێژخواردن و ڕشانەوە، ڕەقبوونی جومگەکان و لەدەستدانی ھاوکێشەی لەش. بەکارھێنانی بڕێکی زۆر لەم مادەیە ( ھەرچەندێک بێت زیاتر لە یەک قارچکی Fly agaric ) ڕەنگە ببێتە ھۆی خۆوونکردنێکی تەواو ( واتە ئەو کەسە نازانێت کێییەو بۆکوێ دەچێت و چی دەکات) و فێ لێھاتن و ھەندێک جاریش مردن.
بەکارھێنانی قارچکی ئەفسوناوی لە سکۆتلەندو وێڵز گەلێک بڵاوە لە ئینگلتەرەش لەنێو گەنجاندا برەوی ھەیە. لەلایەنی یاساییەوە لە گەلێک وڵاتی جیاجیادا یاسای جۆراوجۆر ھەیە لە پەیوەندیدا بە قارچکی ئەفسوناوییەوە. لەم دوایانەدا حکومەتی فیدراڵی ئەمریکی یاساکانی زۆر توندوتیژکردەوە لەدژی دەرمان و مادە سڕکەرەکان بە گشتی، بە قارچکی ئەفسوناویشەوە. لەزۆر وڵات قارچکی ئەفسوناوی بە تەڕوتازەیی قەدەغە نییە بەڵام بە وشککراوەیی و ئامادەکراوی زۆر قەدەغەیە. لە ھۆڵەندا تا ساڵی ٢٠٠٢ نە قارچکی تەڕو نەووشک قەدەغە نەبوو بەڵام لە بەرواری ٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٠٢ ەوە جۆری ووشککراوە قەدەغە کرا ١١٧. لە UK تا ساڵی ٢٠٠٥ جۆری تەڕ قەدەغە نەبوو بەڵام بپێی یاسای دەرمانی ٢٠٠٥ ھەموو جۆرە قارچکێکی ئەفسوناوی کە مادەی psilocin یان\وە ester of psilocin ی تێدابێت لە UK قەدەغەو یاساغە ئیتر تەڕو تازە بێت یان ووشککراوەو ئامادەکراو ١١٨. قارچکی ئەفسوناوی لە UK بە دەرمانی جۆری پۆلی A پۆلێنکراوە ئەگەر لەو جۆرانە بێت کە باسکران.
پۆلیسی ھەرێمی ئۆھیۆ لە USA دەست دەگرێت بەسەر بڕێکی زۆر قارچکی ئەفسوناویدا:١١٩
٤.کانەبیس (حەشیش) : کانەبیس یەکێکە لەو دەرمانانەی کە زۆر بڵاوەو زۆریشی لەسەر نوسراوەو لەگەلێک شوێنیش تا ئێستا جێگای مشتومڕی یاسایی و ئەدگارییە بۆ قەدەغەکردن یان ڕێپێدان. کانەبیس لەسەر شەقام و ناوبازاڕدا بەگەلێک ناو ناسراوە وەک: حەشیش، کانەبیس، بژار، ڕەش، گیا، ھاش، ڕووەک، مارەوانا، مەنجەڵ، تیشکەکانی باکور، کەتیرە، دوکەڵ، سفرو ھتد...
کانەبیس یان حەشیش ڕووەکێکە کە لە گەلێک شوێنی ئەم جیھانە بەشێوەیەکی کێوی دەڕوێت و بەئاسانی لە کەش و ھەوای وەک کەشوھەوای UK دا گەشەدەکات و وەبەردێت. ھەندێک ناوی ئەم ڕووەکە بەناوی ئەو شوێنەوە ناو نراوە کە لە بنەڕەتدا لێوەی ھاتووە وەک جۆری ئەفغانی، کۆڵۆمبی، لوبنانی، مەغریبی، پاکستانی و بەریتانی و ھتد... تەنانەت وشەی Assassin کە لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ ڕەشەکوژی و غافڵکوژی بەکاردێت لە بنەڕەتدا لە وشەی حەشاشین (حەشییشییەکان یان حەشیشخۆرەکان)ەوە ھاتووەو دواتر لەسەر زمانی ئەوان بووە بە ئەساسین و وەک تاکە وشەی زمانی ئینگلیزی بۆ ئەو مەبەستە لەنێو فەرھەنگی زماندا جێگایەکی بۆ خۆی گرتووە. ئەو کۆمەڵە حەشیشخۆرە پیاوکوژەش کۆمەڵێک شیعەی ئیسماعیلیی بوون لە سەدەی یازدەھەمدا [ بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە کتێبی -تیرۆریزم:چونە نێو ناخی دیاردەیەکی جیھانییەوە-جۆرەکانی تیرۆریزم. و. عەتای مەلا کەریم[
کانەبیس لە پەلکی ڕووەکی حەشیش یان کانەبیس دەردەکرێت، کە ڕوەکێکی قەرەباڵخ و پەلوپۆدارە. چالاکترین پێکھاتەی کانەبیس مادەی tetrahydrocannabinols (THC) ە کە ئەوانەش ئەو مادە کیمیاویانەن کە کاردەکەنە سەر مێشک.
جۆری جیاجیای کانەبیس لە بەشی جیاجیای ڕووەکەکەوە دەردەھێنرێت و کاریگەری جیاوازیشیان ھەیە. حەشیش یان وەک خۆیان دەڵێن ھاش Hash بڵاوترین جۆریانە کە لە UK دەبینرێت. ئەوەش ئەو مادە کەتیرەییەیە کە بەھۆی ووردوخاشکردن یان ووڵینی پەلکی ووشککراوەی ڕووەکەکەوە دەردەھێنرێت و دوای ئەوەش لەشێوەی قاڵبی قاوەیی و ڕەشدا کەبس دەکرێت. ئەو قاڵبانەش بەزۆری لە مەغریب، پاکستان، لوبنان و ئەفغانستان یان نیپاڵەوە دەھێنرێن بۆ UK . کانەبیسی گیاییش لە گەڵای جنراوو وشککراوە ی ڕووەکەکەوە ئامادەدەکرێت. ئەوەش بەنێوی گیا، پەلک و ganga و لە ئەمریکاش بە مارەوانا marijuana ناسراوە و لە ئەفریکا، ئەمریکای باشور، تایلەند، ناوچە ھیندییە خۆرئاواییەکانەوە دەھێنرێت. ھەندێک بڕی کانەبیس لەنێو وڵاتی بەریتانیادا وەبەردێت، ھەندێک جار بەبڕی زۆر بۆ فرۆشتن بەڵام بەزۆری تاکەکەسەکان لە ماڵی خۆیاندا یان لە خانوی شوشەدا بەرھەمیدەھێنن بۆ مەبەستی بەکارھێنانی تایبەتی خۆیان.١٢٠
کانەبیسی گیایی بەشێوەیەکی گشتی ئەوەندەی شێوازی کەتیرەیی بەھێز نییە. بەڵام لەگەڵئەوەشدا ھەندێک شێوازی زۆر بەھێزی کانەبیسی گیایی لەم دواییانەدا لە ھۆڵەنداو بەریتانیا بەرھەمھاتووە.
ڕۆنی کانەبیس زۆر بەکەمی لە UK ببینرێت کە ئەویش بەھۆی چۆڕاندنەوەی مادەیەکی ڕوونکەرەوە یان کاڵکەرەوەوە بەسەر مادە کەتیرەییەکەدا بەرھەمدێت. حەشیشی جۆری ڕەنگ سوری لوبنانی بەمجۆرەی خوارەوە ئامادەدەکرێت:
یەکەمجار گەڵا کانەبیسەکان ڕنەدەکرێن دوای ئەوەش بەرھەمەکەی زیاتر دەھاڕرێت و لەبێژنگ دەدرێت تادەبێت بە تۆز. لەئەنجامیشدا کەبس دەکرێت لەشێوەی قاڵب یان گونکدا.١٢١
بەڵام حەشیشی نیپاڵی بەمجۆرە ئامادەدەکرێت:
مادە کەتیرەییەکە دەوڵرێت و دوای ئەوەش لەسەر دەست کۆدەکرێتەوەو لە ئەنجامیشدا دەشێلرێت تادەبێت بە ھەویر:١٢٢
لە بەریتانیا کانەبیس بەشێوەیەکی گشتی دەکێشرێت؛ مادەکە لەنێو سیغاردا دەپێچرێتەوە یان لەگەڵ توتندا تێکەڵدەکرێت. شێوەی گیاییەکەی ھەندێکجار دەکرێت بە جگەرە بەبێ توتن. ھەندێکجار کانەبیس لە سەبیلدا دەکێشرێت، لێدەنرێت و دەکرێت بەجۆرە چایەک یان دەکوڵێنرێت و دەکرێت بە کێک.
لە چەندەھا سەدە لەمەوبەرەوە تا ئەمڕۆ لە بەریتانیا پەلکی کانەبیس گوریس، پەت، حەسیر، پۆشاک، ڕۆنی چێشتلێنان، سوتەمەنی، تۆڕی ماسی، ئارایشت، چارەسەری گیایی، بۆیە و واڕنیشی لێدروستکراوەو دەکرێت. ئێستاکە لە بەریتانیا کێڵگەی تایبەت ھەیە بە چاندنی کانەبیس بۆ ئەو مەبەستانە بەڵام لەژێر چاودێری ووردی دەوڵەتدا.
کانەبیس یەکێکە لەودەرمانانەی کە لەکۆنەوە بۆ مەبەستی پزیشکی ناسراوە. لەکۆنەوە لەلایەن چینییەکان و ھیندییەکان و خەڵکی ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ مەبەستی چارەسەری پزیشکی ، بۆ دروستکردنی جلوبەرگ و گونیەو گوریس ، بۆ مەبەستی بۆنەو ئاھەنگە ئاینییەکان و بۆ ڕابواردن و خۆشی بەکارھاتووە. یەکەمجاریش وەک دەرمانێک بۆ چارەسەری ئازار بەتایبەتی ئازاری مناڵبوون و سوڕی مانگانە لە ئەوروپا بەکارھاتووە. واباسدەکرێت کە پزیشکێک کە خۆی لە ھیندستان کاریکردووە ھێنابێتی بۆ ئەوروپا. پڕوپاگەندەی ئەوە ھەیە کە شاژن ڤیکتۆریای ئینگلتەرە دوکتۆرەکەی ئەم دەرمانەی بۆ نوسیبێت ١٢٣. بەکارھێنانی کانەبیس لە UK بۆ مەبەستی ناپزیشکی و ڕابواردن یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٨دا قەدەغەکرا، دوای ئەوەی نوێنەرانی باشوری ئەفریکاو میسر لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا دەربارەی ئەفیون دەوڵەتەکانی دیکەیان دڵنیاکردەوە کە کانەبیس خەڵکی شێتکردووە ١٢٤. ئەو بیرۆکەیەی کە کانەبیس خەڵکی شێتکردووە لە ساڵانی ١٩٣٠ ەکان و ١٩٤٠ەکاندا لە ئەمریکا برەوێکی باشی ھەبووە. گەلێک بابەتی لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا لەسەر نوسراوەو تەنانەت فیلمیشی لەسەر دەرکراوە بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕپێبکەن کە کانەبیس دەبێتە ھۆی ئەوەی کە بەکارھێنەرانی تاوانی گەورە ئەنجامبدەن. لەو سەردەمەدا کانەبیس لە UK زۆر بەکەمی بەکاردەھات و تا ناوەڕاستی ١٩٦٠ەکانیش بەکارھێنانی تەنھا بەندبوو بە لایەنگرانی میوزیکی جاز لە لەندەن و ھەندێک کۆمەڵی خەڵکی ناوچە ھیندییە خۆرئاواییەکان. بەڵام لە ساڵانی ١٩٦٠ەکاندا بەکارھێنانی بەخێرایی زیادیکرد بە تایبەتی لەنێو خوێندکارە لاوەکانی زانکۆو کۆلێجەکاندا. لە ١٩٧٣دا حکومەتی بەریتانی فەرمانیدا کە کانەبیس نابێت لەلایەن پزیشکەوە بۆ نەخۆش بنوسرێت چونکە کەڵکی نوژداری نییە.١٢٥
لەڕاستیدا دوای تێپەڕینی ١٩٦٠ەکان بەکارھێنانی کانەبیس لەلایەن ھیپییەکانەوە ئەو گرنگییە میدیاییەی نەما تا ناوەڕاستی ١٩٧٠کان و دوای ئەوەش لە ١٩٩٠ەکاندا؛ کاتێک بەکارھێنانی دەرمان بەشێوەیەکی گشتی لەنێو گەنجاندا لە UK پەرەیسەند.
کێشانی کانەبیس دەبێتە ھۆی ژمارەیەک کاریگەری جەستەیی وەک زیادبوونی لێدانی دڵ، دابەزینی پەستانی خوێن، سورھەڵگەڕانی چاو، زیادبوونی ئارەزووی خواردن و جاروبار گێژبوونیش. کاریگەرییەکانی دوای چەند خولەکێک دەردەکەون و پێدەچێت چەندەھا کاتژمێر بمێننەوە، بەگوێرەی بڕی ئەو مادەیەی کە وەرگیراوە. ئەگەر بخورێت ئەوا کاریگەرییەکانی درەنگتر دەردەکەون بەڵام ڕەنگە زیاتر بمێننەوە. خواردنی کانەبیس پێدەچێت واتای ئەوە بگەیەنێت کە بڕێکی زۆر لەو دەرمانە بەیەک جار وەرگیراوەو لەمبارەشدا زۆر سەختە بتوانیت خۆت لە دەرئەنجامە خراپەکانی بپارێزیت.
کانەبیس کاریگەرییەکی ھێمنکەرەوەی کەمی تێدایە بەڵام ئەو کاریگەرییە بەگوێرەی مەزاجی کەسەکەو چاوەڕوانی و پێشبینیان بۆ ئەو دەرمانە زۆر جۆراو جۆرو جیاوازە. زۆر کەس وا ھەست دەکەن کە یەکەمجار کانەبیسیان بەکارھێناوە ھیچ شتێکی ئەوتۆ ڕوینەداوە. بەشێوەیەکی گشتی کانەبیس وا لە خەڵکی دەکات کە بحەوێنەوە. پێدەچێت قاقا پێبکەنن و چەنەبازبن یان بەپێچەوانەوە بێدەنگ و مات بن. زۆر جار بەکارھێنەران ووتویانە کە زیاتر ھۆشیار بوون بەرانبەر میوزیک و ڕەنگەکان و کاتیش دەڵێیت لەجێگای خۆی ڕاوەستاوەو نابزوێت.
گەنجێکی کوردی دانیشتوی بەریتانیا ئەئاوا باسی بەسەرھاتەکە دەکات:
" ئەو ماڵە گەلێک کەسی لێبوو. ھەموویان قاقا پێدەکەنین مژیان لە جەگەرەکانیان دەداو زیاتر پێدەکەنین. من سەرم سوڕمابوو، ھەرگیز شتی ئەوتۆم نەبینیبوو. ووتیان ئەمە دەرمانی پێکەنینە، یەکسەر دەتھێنێتە پێکەنین. یەکێکیان فەرمووی کردم و بەرلەوەی من بڵێم ئا یان نەء یەکێکی دیکە لەوبەری ژوورەکەوە ووتی: دیارە دەترسیت ھیچ نییە بەسەری تۆ تەنھا دەرمانی پێکەنینە."
کاتێک ئەو کەسە لە ژێر کاریگەری کانەبیسدایە بیری کورتخایەنی وەک یادھاتنەوەی ئەوەی کە یەکسەر چی ڕویداوە یان بیری لە چی کردۆتەوە پێدەچێت کاریتێبکرێت، بەڵام کاتێک کاریگەرییەکانی کانەبیس نامێنێت ئەو بیرھاتنەوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی جارانی. ئەو کەسانەی کە لەژێر کاریگەری کانەبیسدان کۆنترۆڵیان پێدەچێت تێکبچێت و لەمکاتەدا ئەگەری کارەسات زیاترە، بەتایبەتی ئەگەر ئۆتۆمۆبێل لێبخوڕن یان ئامێر و ئامڕاز کارپێبکەن.
نەمانی شەرم مانای ئەوەیە ئەو کەسانە پێدەچێت بکەونە ھەڵوێستی سێکسی ئەوتۆوە کە دوایی لێی پەشیمان بن و ئەگەری سێکسی مەترسیدارو نا ئەمان واتە بەبێ بەکارھێنانی کۆندۆم زیاترە. ١٢٦
کانەبیس ھەندێک کەس دەخاتە دڵەڕاوکێ و ترس و تۆقین و پارانۆیدەوە و واھەست دەکەن کە ھەموو کەس دژیانە. ئەم بارە لەو کەسانەدا ئەگەری زیاترە کە یەکەمجاریانە بەکاریدەھێنن یان خۆیان لەخۆیاندا لە ترس و دڵەڕاوکێدان یاخود جۆری بەھێزو بڕی زۆریان وەرگرتووە. ئەگەر ئەو کەسانەی کە خۆیان باری دەرونیی یان ژیرییان تەواو نییە بڕێکی زۆر بەکاربھێنن پێدەچێت بیانخاتە ھەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆزو پڕتەنگوچەڵەمەوە.
بەڵگەی یەکلاکەرەوە بەدەستەوە نییە کە بەکارھێنانێکی مامناوەندی و دورودرێژی کانەبیس بووبێتە ھۆی تێکچون و داڕمانی جەستەیی یان دەرونی بەردەوام. بەڵام زۆر نزیکە کە بەردەوام ھەڵمژینی دوکەڵی کانەبیس بەدرێژایی چەندەھا ساڵ ببێتە ھۆی نەخۆشی ڕێچکەکانی ھەواو کێشەکانی دیکەی کۆئەندامی ھەناسەدان و ئەگەری شێرپەنجەی سییەکان و بەشەکانی کۆئەندامی ھەرس. ئەگەری مەترسییەکان زۆر زیاترە ئەگەر کانەبیس لەگەڵ توتندا بکێشرێت. زۆر کەس دەڵێن زیانەکانیان وەک یەکەو ھەندێکی دیکە دەڵێن زیانی دوکەڵی کانەبیس زۆرترە( بێگومان لێرەدا مەبەست ھەر دوکەڵەکەیەتی نەک کاریگەرییەکانی دیکەی لەسەر مێشک وەک دەرمانێک) . تا ئێستا ڕوون نییە کە کامیان (دوکەڵی توتن و کانەبیس) زیاتر وێرانکەرە ئەگەرچی ئەوانەی کانەبیس دەکێشن وادیارە قووڵتر ھەڵیدەمژن و کانەبیس ئەو جۆرە قەترانانەی زیاتر تێدایە کە دەبنە ھۆی شێرپەنجە. ١٢٧
بەبڕوای کاتی بایلی لە USA، کاریگەرییەکانی کانەبیس لەسەر مێشک نابێت پشتگوێبخرێن. ئەو ھەست بەخۆشیکردنەی بەکارھێنەرانی کانەبیس یان ماریوانا Marijuana بەھۆی مادەی tetrahydrocannabinols (THC) ەوەیە کە لەو ڕووەکەدایە و وەک پێشتر باسیکرا بەھێزترین توخمێتی لەسەر مێشک. بەڵام ئەو توخمە کیمیاوییە لایەنی نێگەتیفیشی ھەیە، کاتێک ئەو کەسە ئەو دەرمانە دەکێشێت THC بەپەلە بەنێو سوڕی خوێندا بەرەو مێشک گەشت دەکات. لێرەدایە کە کێشەکە دەقەومێت. لەنێو مێشکی ھەر کەسەدا شانەی تایبەتی وەرگر ھەیە، کە پێیان دەڵێن وەرگری cannabinoid ، کە لە چەندەھا شوێنی گرنگی مێشکدا جێگیرن بەو شوێنەشەوە کە لە بیرو ھۆشی ئێمە بەرپرسیارە. THC دەنوسێت بە وەرگری cannabinoid ەوەو کاردەکاتە سەر کارکردنی ئاسایی مێشک بە بەرگرتن لە گواستنەوەی پەیامەکان ١٢٨. وەک لەو ھێڵکارییەدا ڕوونکراوەتەوە:
خوگری جەستەیی نەسەلماوە بۆ بەکارھێنانی کانەبیس، ئەوانەی کە بەردەوام کێشاویانە و دواتر وازیانلێھێناوە نیشانەکانی پاشەکشەیان پێوەدیارنەبووە بەو شێوەیەی کە لە دەرمانێکی وەک ھیرۆیندا ھەیە. ئەگەرچی بەکارھێنەرانی بەردەوام لەلایەنی سایکۆلۆژییەوە خوی پێوەدەگرن و بۆئەوەی ڕۆژەکەیان بەسەر بەرن پشت بە کانەبیس کێشان دەبەستن. ١٢٩
بەڵام دوکتۆر گلێن ھانسن بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتمانی بۆ مەبەستی خراپبەکارھێنانی دەرمان NIDA لە ئەمریکا لەوباوەڕەدایە کە کانەبیس، یان وەک ئەمریکییەکان دەڵێن ماریوانا، خوگرو بگرە ئالودەکەریشە. ئەو دەڵێت: " من گاڵتەم بەوە دێت کە دەڵێن ئالودەکەر نییە، مەگەر بڵاوترین دەرمانی نایاسایی نییە کە لەلای ئێمە بەکاربێت " .١٣٠ ئەگەرچی دوکتۆر ھانسن ھۆشیارە کە ھەرکەس ئەو مادەیەی کێشا ئالودە نابێت بەڵام ئەوەشی ڕوونکردۆتەوە کە زۆر کەس سوێیان دەبێتەوە بۆ دەرمانەکەو کە دەستیان ناکەوێت نیشانەکانی پاشەکشەیان لێوەدەردەکەوێت. ئەو بەمجۆرە کۆتایی بە قسەکانی دەھێنێت: " بەلای منەوە ئەوە پێناسەی ئالودەگییە".١٣١
ھەندێک کەس دەڵێن گوایە بەکارھێنانی کانەبیس دەبێتە ھۆی کێشەی دەرونی کە بە "نەخۆشی دەرونی کانەبیس" ناسراوە. لەڕاستیدا بەکارھێنانی کانەبیس دەتوانێت باری دەرونی ئەو کەسانە خراپتر بکات کە کێشەی وەک شیزۆفرینیایان ھەیە. بەڵام بەڵگەی دڵنیاکەرەوە لەبەردەستا نییە کە بەکارھێنانی کانەبیس ببێتە ھۆی دروستبوونی ئەو جۆرە کێشانە. بەڵگە نەسەلمێنراوەکان وا دەگەیەنن کە جۆری Skunk پێدەچێت بەرپرسیار بێت لە "نەخۆشی دەرونی کانەبیس"، بەڵام ئەم بیردۆزەیەش بەتەواوی نەسەلمێنراوە. ئەوەی کێشەکە دروستدەکات پێدەچێت مەسەلەی بەھێزی مادەکە بێت، چونکە Skunk چەندەھا ئەوەندەی کانەبیسی ئاسایی بەھێزترە.١٣٢
کەسێک کە بەزۆری کانەبیس بەکاردەھێنێت پێدەچێت ماندوو بێتاقەت و بێھێز دیاربێت و لە کارو خوێندندا تەمەڵ و کەمبەرھەم بێت. ئەم بارودۆخە ڕەنگە چەندەھا ھەفتە بەردەوام بێت دوای ڕاگرتنی دەرمانەکە. ئەگەرچی ئەو بارە دەگمەنەو لەو بارە دەچێت کە لە کەسێک چاوەڕواندەکرێت کە ئەلکھول زۆر دەخواتەوە یان بەبەردەوامی حەبی ھێورکەرەوە دەخوات.
زۆر کەس ووتویانە بەکارھێنانی کانەبیس دەبێتە ھۆی ڕۆیشتن بەرەو دەرمانە بەھێزەکانی وەک ھیرۆین و کۆکاین. زۆربەی ئەوانەی کە ھیرۆین و کۆکاین بەکاردەھێنن کانەبیسیان بەکارھێناوە بەڵام زۆربەی ئەوانەی کە کانەبیسیان بەکارھێناوە ھیرۆین و کۆکاینیان بەکار نەھێناوە. بە شێوەیەکی دیکە بڵێین، کانەبیس بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نابێتە ھۆی بەکارھێنانی دەرمانی دیکە. ١٣٣
ئایا کانەبیس کەڵکی پزیشکی ھەیە؟
کانەبیس لە دێر زەمانەوە بۆ مەبەستی چارەسەری پزیشکیی میللی بەکارھاتووە [بڕوانە: مێژووی بەکارھێنانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان] . لە بەریتانیاش تا ساڵی ١٩٧٣ بەکارھێنانی بۆ مەبەستی پزیشکی میللی قەدەغە نەبوو. لەو کاتەوە لە ئەمریکاو بەریتانیا گرنگییەکی زۆر دراوە بە لایەنە نوژدارییەکانی بەکارھێنانی کانەبیس بۆ گەلێک مەبەستی پزیشکی وەک ڕەبوو، گلاوکۆما، چارەسەرکردنی ئازاری بەھێزو لاواز، گرژبوونی ماسولکەکان و کێشەکانی مەزاج. ئەو دۆزینەوە نوێیانەش سەبارەت بە وەرگری cannabinoid ئەگەری ئەوە دروستدەکەن کە پێدەچێت کانەبیس کاریگەر بێت بۆ چارەسەرکردنی ژمارەیەک شێوانی سایکۆلۆژی و جەستەیی.
ئەندامە تاکەکانی پیشەی پزیشکی و کۆمەڵەی نوژدارانی بەریتانی BMA پشتیوانی خۆیان بۆ ھەڵمەتی بەکارھێنانی کانەبیس بۆ مەبەستی پزیشکی دەربڕیوە. بێگومان BMA پشتیوانی ئەوە ناکات کە کانەبیس بەشێوەی کێشان بنوسرێت بۆ نەخۆش بەڵکو دەبێت بەشێوەیەکی پزیشکی ئامادەبکرێت و نەخۆشەکان بۆمەبەستی دیاریکراو کەڵکی لێوەربگرن. کۆمیتەی دیاریکراوی ئەنجومەنی لۆردەکانیش لە ساڵی ١٩٩٨دا گەیشتە ھەمان دەرەنجام دەربارەی کانەبیس. ١٣٤
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش گەلێک توێژینەوە بەدەستەوەیە بۆ دەستنیشانکردنی بەرھەمەکانی کانەبیس و چۆنێتی گۆڕینیان بۆ دەرمانی پزیشکی بەسود. لە داھاتودا پێدەچێت یاساکان گۆڕانکاریان بەسەردا بێت و ڕێگابدرێت بە پزیشکەکان کە کانەبیس بۆ نەخۆش بنوسن بۆ چارەسەری نەخۆشی بەشێوەی جیاواز لە کێشان؛ پێدەچێت لەشێوەی حەب، ھەڵمژین، سپرای، بەکارھێنانی لەسەر پێست و لە ڕێگای کۆمەوە ھتد... شتێکی دوورە کە کانەبیس بەڕێگای کێشان بکرێت بە دەرمانی نوژداری. حکومەت و BMA لە بەریتانیا لەوباوەڕەدان کە زۆر ئەستەمە بەڕێگای کێشان بتوانیت ژەمی پزیشکی لێئامادەبکەیت، لەکاتێکدا کە ژمارەیەک مادەی شێرپەنجەیی و قەتران و مادەی ژاراوی تێدایە کە دەبنە ھۆی تێکشکاندنی تەندروستی و ھێنانە کایەی شێواندنی باری مەزاج و ھەڵسوکەوت. کێشەیەکی تر مەسەلەی کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی دەرمانەکەیە وەک دەرمانێکی نوژداری و ناکرێت ھەر بەھۆی لایەنە پۆزەتیفەکانییەوە لایەنە نێگەتیفەکانی فەرامۆشبکەین و خەڵکانێک کە ڕەنگە بۆ مەبەستی چارەسەری پزیشکی دەستی بدەنێ کاتێک بەخۆیان بزانن خوییەکی تەواویان پێوەگرتووە.
ئامادەکردنی دەرمانی نوژداری لە کانەبیس تا ئێستا بە شێوەیەکی یاسایی نەکەوتۆتە بازاڕەوە. دەرمانسازانی GW کە تایبەتمەندن بە ئامادەکردنی دەرمانی نوژداری لە کانەبیس ئەزمونە کلینیکییەکانی خۆیان تەواوکردووە لەسەر ئامادەکردنی جۆرە سپرایەک کە پێیدەڵێن دەرمانی Sativex ، بەڵام ئەو دەرمانەش جارێکی دیکە چاوەڕوانی ڕێگەپێدانی یاساییە.١٣٥
لەلایەنی یاساییەوە لە UK و گەلێک شوێنی دیکەی ئەوروپادا مشتومڕی لەسەرە. زۆر کەس دەڵێن پێویستە کانەبیس بەشێوەیەکی سنوردار ئازادبکرێت و ھەندێکی دیکەش دەڵێن نەخێر. لە ٢٩ی کانونی دووەمی ٢٠٠٤دا لە بەریتانیا یاساکانی لەمەڕ کانەبیس گۆڕانکارییان بەسەردا ھات و کانەبیس گوێزرایەوە بۆ پۆلی C بەڵام بەم مەرجانە:
کانەبیس ھەر وەک دەرمانێکی نایاسایی دەمێنێتەوە.
ھەڵگرتن و ھەبوونی کانەبیس لەلات ھێشتا ھەر تاوانە.
پۆلیس دەتوانێت ئەوانە دەستگیر بکات کە لە شوێنە گشتییەکان، نزیک قوتابخانەو خوێندنگاکان یان بەئاشکرا لەبەرچاوی پۆلیسەکە کانەبیس دەکێشن. ھەروەھا ئەوانەش دەستگیر دەکەن کە پێشینەی تاوانبارییان ھەیە یان پێشتر ھۆشیارییان دراوەتێ. ئەوانەش کە تەمەنیان ١٧ ساڵ و کەمترە ناتوانن بیکێشن.
ئەوەی کە کانەبیسی پێبێت ئەوپەڕی سزاکەی لە ٥ ساڵەوە کرا بە ٢ ساڵ.
بەڵام ئەوەی بازرگانی پێوەبکات واتە دابینیبکات و بیفرۆشێت، سزاکەی لە ٥ ساڵەوە کرا بە ١٤ ساڵ زیندانی. شایانی باسە ئەم یاسا نوێیە بۆ سزای بازرگانیکردن وقاچاخچێتی پێوەکردنی ھەموو دەرمانەکانی دیکەی پۆلی C یش دەگرێتەوە.
لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەشدا لە ١٩ی ئازاری ٢٠٠٥دا وەزیری ناوخۆی بەریتانی چارڵس کلارک لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ڕاوێژکاری خراپبەکارھێنانی دەرمان ACMD دەنوسێت کە ئەگەرچی ڕێگەشلکردن بۆ کانەبیس نەبووەتە ھۆی زیاتر بەکارھێنانی ئەو دەرمانە بەڵام بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی فێرگسن لە نیوزلەندە لە ساڵی ٢٠٠٤دا بۆیان دەرکەوتووە کە بەکارھێنانی کانەبیس بەشێوەیەکی بەردەوام دەبێتە ھۆی زیادکردنی ئەگەری مەترسی دەرکەوتنی ئاسەواری نەخۆشی دەرونی لە قۆناغەکانی دواتری ژیاندا. ھەروەھا ڕاپۆرتێکی نوێتری پڕۆفیسۆر Os لە زانکۆی ماستریکت لە ٢٠٠٤دا ئەو بۆچونەی دووبارەکردۆتەوەو زیاتر لەسەر کاریگەرییەکانی لەسەر گەنجان چەقیبەستووە.
ھەروەھا کلارک سوپاسی ئەو ھەوڵانە دەکات بۆ دەستنیشانکردنی ئەو جۆرانەی کانەبیس کە ڕادەی بەرز Tetrahydrocannabinol (THC تێدایەو بەتایبەتی جۆری ناسراو بە skunk . ھەروەھا ئەوەش دووپاتدەکاتەوە کە حکومەتی ھۆڵەندیش دەرکی بەو ڕاستییەکردووەو لە بیری ئەوەدان کە ئەو کانەبیسەی کە زۆر بەھێزە لە پۆلێکی بەرزتردا دابنرێن. لەکۆتاییدا سوپاسی ACMD دەکات بۆ ھەوڵەکانیان و داوایان لێدەکات کە لە دەرەنجامی توێژینەوەکانیان ئاگاداری بکەنەوە.١٣٦
ھەموو ئەم لێکۆڵینەوەو توێژینەوەو بەدواداچونانە ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە کانەبیس دەرمانێکی بێمەترسی نییەو ئەگەرچی پێدەچێت بکرێت بۆ مەبەستی نوژداری و بازرگانی کەڵکی لێوەربگیرێت بەڵام ئەوە وا ناگەیەنێت کە بەکارھێنانی ئێستای وەک دەرمانێکی سەرشەقام و ھەڕەمەکی و بەتایبەتی کێشانی شتێکی ڕەواو پاساوھەڵگرە.
٥.کێتەماین Ketamine : کێتەماین ناوە زانستییەکەی ketamine hydrocloride کە لەسەر شەقام و نێوبازاڕەکاندا بەگەلێک ناوی دیکەوە ناسراوە وەک: سەوز، K، ڤیتامین K، K ی تایبەت و گەلێک ناوی دیکەش، دەرمانێکی سڕکەر یان بەنجکەری بەھێزە کە بۆ مەبەستی بەنجی نەشتەرگەری لە مرۆڤ و ئاژەڵدا بەکارھاتووە. ئەم مادەیە نە بەرھەمێکی گیایی نێو جەنگەڵەکانی ئەمریکای باشورەو نە ھی کوێستانەکانی ئەفغانستان، بەڵکو مادەیەکی دەستکردی مرۆڤە. کیمیاگەری بەلجیکی C.L. Stevens لە ساڵی ١٩٦٣دا دۆزییەوە و لە ساڵی ١٩٧٠دا بەڕێوەبەرێتی خواردن و دەرمانی ئەمریکی FDA بڕیاریدا کە دەکرێت کێتەماین لەزۆر باردا بۆ مەبەستی بەنج بۆ ئاژەڵ و مرۆڤ بەکاربھێنرێت ١٣٧. لەگەڵ ئەوەشدا کە کێتەماین دەرمانێکی بەنجی بەھێز بوو بەڵام ھەر زوو ئاشکرا بوو کە ئاسەوارێکی لاوەکی نائاسایی ھەیە. لە سەدا بیستی ئەو نەخۆشانەی کە بەھۆی کێتەماینەوە بەنج کرابوون ڕایانگەیاند کە خەونی ھۆشدار دەبینن؛ واتە کاتێک کە بەخەبەرن خەون دەبینن و دیاردەی نائاسایی مێشکیان لێوەدەردەکەوێت کاتێک لەژێر کاریگەری ئەو دەرمانەدان.
لە ساڵی ١٩٩٢دا لەنێو یانەو ھۆڵەکانی ئاھەنگی بەریتانیادا بڵاوبوەوە، کاتێک خەڵک بەکاریاندەھێنا و وایاندەزانی ئێکستاسییە Ecstasy . کێتەماین بەگەلێک شێوە ھەیە، بێجگە لەشێوە شلەمەنییە دەرمانسازییەکەی، بەشێوەی دەرزی و لەشێوەی حەبیشدا ھەیە ھەروەھا لەشێوەی تۆزیشدا لەڕێگەی لوتەوە ھەڵدەمژرێت و تانانەت ھەندێک جار دەکێشرێت. ١٣٨
کێتەماین کاریگەری ئازارشکاندنی ھەیە بەڵام کاردەکاتە سەر ھەستەکانیش و بەو جۆرە کاریگەرییەکی ھەلوەسەھێنەرانەشی ھەیە. ئەوانەی کە بەکاریدەھێنن دەڵێن وا ھەستدەکەن کە لە خۆیان و خەڵکانی دیکەی دەوروپشتیان دابڕاون. ئەم دەرمانە بەگوێرەی ئەو بڕەی کە وەرگیراوە کاریگەرییەکەی دەگۆڕێت. ئەوانەی کە بڕێکی کەم وەردەگرن وا ھەست دەکەن کە بوونە خاوەنی شەپۆلێکی بزووتن و ووزە. بەڵام ئەوانەی کە بڕێکی زۆر وەردەگرن ھەست بە ھەلوەسە دەکەن لەشێوەی ئەوانەی کە LSD بەکاردەھێنن و واھەست دەکەن کە لەنێو لەشی خۆیاندا نین و لێی جودابونەتەوە. دوای ئەم بارە بەشێوەیەکی گشتی ھەست بە سڕبوون دەکەن، بەتایبەتی لە چوارپەلداو ماسولکەکانیان بەشێوەیەکی سەیرو نامۆ دەبزوێن. بەکارھێنەران پێدەچێت بەشێوەیەکی ترسناک بڕشێنەوەو بێھۆش ببن و تەنانەت لەوانەیە بە ھۆی ڕشانەوەکەی خۆیانەوە بخنکێن. ئەگەری کارەسات زۆرترە بەھۆی نەمانی کۆنترۆڵ بەسەر ئەندامەکانی لەش و بورانەوەوە. کارێکی سەختە بزانیت بڕی ئەو مادەیە چەندە کە ئەو کەسە وەریگرتوەو چیدیکەشی تێکەڵکراوە. ١٣٩
بەشێوەیەکی گشتی ئەو زانیاریانەی کە لەسەر کاریگەرییە درێژخایەنەکانی کێتەماین لەبەردەستدان پرشوبڵاون. بەڵام ھەندێک ڕاپۆرت ئەوە دەدەن بەدەستەوە کە فلاشباک و شێوانی بیروھۆش، ووریایی و بینین پێدەچێت لەئەنجامی بەکارھێنانی بەردەوام و دوورودرێژەوە ڕووبدەن. لەشی ئەو کەسە بەخێرایی لەگەڵیدا ڕادێت و بەردەوام پێویستی بە زیادکردنی بڕەکەی ھەیە بۆ ئەوەی ئەو ھەستەی پێشوی بداتێ. ئەوانەی کە بڕی زۆر بەکاردەھێنن پێدەچێت کێشیان داببەزێت و ئارەزووی خواردنیان کەمببێتەوە و لەلایەنی سایکۆلۆژییەوە خوی پێوەبگرن و تووشی کێشە دەرونییەکان ببن و پلە بەپلە پەیوەندییان بە جیھانی ڕاستی و واقعییەوە نەمێنێت. بەکارھێنانی کێتەماین بەشێوەیەکی تایبەت ترسناکە ئەگەر لەگەڵ ئەلکھول یان دەرمانە ھێورکەروەکانی دیکەدا بەکاربێت چونکە پێدەچێت ببێتە ھۆی لەکارخستنی سییەکان یان دڵ.
دڕکە مۆخ کە لەنێو بڕبڕەی پشتدایە پەیام و فەرمانەکانی مێشک دەگەیەنێت بە سەرتاپای لەش و ھەست و نەست بە ئازارو گلەیی و گازەندەکانیش دەگەیەنێتەوە بە مێشک. کێتەماین بەردەگرێت لەو پەیام و گلەیی ھەست بە ئازار کردنانە و ناھێڵێت بگەنەوە بە مێشک و ھەر لەبەر ئەوەشە کە بە ھۆکارێکی باشی بەنجکردن دادەنرێت. بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کە بەشێوەیەکی بەردەوام بەکارھێنانی پێدەچێت ببێتە ھۆی لەکارخستن یان ئیفلیجکردنی ئەو پرۆسەیە. بێگومان بەکارھێنانی بۆ مەبەستی پزیشکی و لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدا نکولی لێناکرێت بەڵام بەکارھێنانی بۆ مەبەستی دیکە و بەشێوەیەکی بەردەوام گەلێک مەترسی لێدەکەوێتەوە کە بێجگە لە زیانی دەرمانەکە خۆی شێوەی بەکارھێنانیشی لەڕێگای دەرزییەوە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی HIVئایدز زیاد دەکات.١٤٠
لەلایەنی یاساییەوە لە UK تا ئێستا [کاتی نوسینی ئەم باسە] ئەم دەرمانە قەدەغە نەکراوە، بەڵام ئێستاکە لەژێر باس و لێکۆڵینەوەدایەو پێدەچێت لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا بڕیاری لەسەر بدرێت. لە ئەمریکا ئەم دەرمانە قەدەغەیەو لە لیستی سێیەمی دەرمانە یاساخەکاندا پۆلێن کراوە.
دەرمانە نوژدارییەکان:
مەبەست لە دەرمانە نوژدارییەکان ئەو دەرمانانەن کە پزیشک بەشێوەیەکی گشتی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆش بەکاریان دەھێنێت. ئەگەرچی ھەندێک لەو دەرمانانەی کە بۆ مەبەستی نایاسایی بەکاردەھێنرێن خۆیان لە بنەڕەتدا بۆ مەبەستی پزیشکی دروستکراون بەڵام خەڵک خراپ بەکاریاندەھێنن؛ ئەوانە ھەریەکەیان بەپێی توانا لەشوێنی خۆیاندا باسیان کراوە. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت باسی بکەم ئەو دەرمانانەن کە خەڵک زۆر بە ئاسانی دەتوانێت دەستی بکەوێت و زۆر بەبێ مەترسی بەکاریان دەھێنن بەبێ ئەوەی ئاگاداری مەترسییەکانیان بن.
ئەو دەرمانانەی کە بەئاسانی دەست دەکەون لە وڵاتێکی وەک بەریتانیادا تەنھا ئازارشکێنە سوکەکانی وەک پاراستامۆل َو ئەسپرین و دەرمانی دژی خوران و دەرمانی کۆکەو ھەڵامەت و ھەندێک ڤیتامینات و بەھێزکەر دەگرێتەوە کە بەبێ ڕاچێتەی پزیشک لە دەرمانخانەو زۆر لە مارکێتەکاندا دەتوانیت بیکڕیت. بەڵام بەھچ جۆرێک دژە تەن و دەرمانی بەھێزی دیکە ناگرێتەوەو بەبێ ڕاچێتەی دوکتۆر فرۆشتنی ئەو دەرمانانە یان بەخشینی بە کەسێکی دیکە قەدەغەیەو سزای یاسایی لەسەرە. لە کوردستان و گەلێک وڵاتی دیکەش، بەداخەوە زۆر لە دژە تەنەکانیش دەگرنەوە کە خەڵک زۆرجاریش بە ھەڵەو بەبێ ڕێنومایی پزیشکی پسپۆڕو شارەزا بەکاریان دەھێنن وەک ئەمپیسیلین و ئەمۆکسیسیلین و بەرھەمەکانی پەنسلین و ھتد... دیارە لەم کاتەدا لە زۆرترین باردا زیانیان زیاترە وەک لە کەڵک.
کێشەیەکی دیکە کێشەی نەبوون یان لاوازی کۆنترۆڵی جۆرە لە وڵاتانی ناسراو بە جیھانی سێیەم یان تازە پێگەیشتوو. کۆمپانیاکانی دەرمان ئەو ھەلە دەقۆزنەوەو گەلێک دەرمان کە لە ئەوروپاو وڵاتانی خۆرئاوادا چیدیکە بەکارنایەت ڕەوانەی دەوڵەتە ھەژارەکانی دەکەن. بە گوێرەی ڕاپۆرتی گروپی کارا لەمەڕ تەندروستی و بوژانەوە WEMOS لە ئەمستردام، لە ساڵی ١٩٩١دا ٧٥ بەرھەمی دەرمان کە لەنێوانیاندا دژەتەنیش ھەبوەو لەیەکێک یان زیاتر لە دەوڵەتە ئەوروپییەکاندا یا قەدەغەکراون یاخود لەبەکارھێنان کشێنراونەوە لە جیھانی سێیەمدا بینراون و دەستنیشانکراون ١٤١. ھەبوونی ژمارەیەکی یەکجارزۆری دەرمان بە گەلێک ناوی بازرگانی جیاوازەوە لەو وڵاتانەدا ئەگەری فراوانی بواری ئەو بازرگانییە دزێوە زیاتر دەکات؛ Ong Beng Gaik دەڵێت:
"کاتێک شێوازێکی سەرکەوتووی دەرمانێک دەکەوێتە بازاڕەوە، کۆمپانیاکانی دیکەش بەپەلەپڕوزێ دەکەونە خۆ بۆ بەدەستھێنانی سەرمایەو بە بەرھەمھێنانی دەرمانی دیکەی ھاوشێوەی ئەوی تر بۆ ئەوەی پشکێکیان دەستبکەوێت لەو بازاڕە گەرمەدا. ھەر لەبەر ئەوەیە کە تەنھا لە ھیندستان بازاڕی دەرمان ٧٠٠٠٠ بەرھەمی تێدایە بەبەرانبەر کردن لەگەڵ لیستی دەرمانە بنچینەییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی WHO کە تەنھا ٢٥٠ دەرمانی لەخۆگرتووە ١٤٢." ھەروەھا نوسەر لەمەڕ دژەتەنەکانیش دەڵێت:
"لە لیستی دەرمانە بنچینەییەکانی WHOدا تەنھا ٢٠ دژەتەن دیاریکراوە، بەڵام بۆ نمونە لە مالیزیا ٢٠٠ بەرھەمی دژەتەن دەفرۆشرێت."١٤٣
لەبەر ئەوەی من نە پزیشکم و نە پسپۆڕی بواری دەرمانسازیم و بواری ئەم کتێبەش ئەوەندە فراوان نییە کە ھەموو دەرمانێک بگرێتە خۆ، لەبەرئەوە تەنھا ئەوەندە دەتوانم بڵێم کە بەکارھێنانی دەرمان و بەتایبەتی دژەتەنەکان بەبێ ڕێنومایی پزیشک ترسناکەو پێویستە سنوردار بکرێت. لێرەدا من وەک نمونە باسی زیانی خراپ بەکارھێنانی ئەو دەرمانانە دەکەم کە لە بەریتانیا بەبێ ڕاچێتەی پزیشک دەتوانرێت بکڕرێن و بەکاربھێنرێن.
زیانی ئەو دەرمانانە دەگەڕێتەوە بۆ خراپ بەکارھێنانیان و پەیوەندی ھەیە بە جۆری دەرمانەکەو بڕی بەکارھێنانی یان بەکارھێنانی لەگەڵ دەرمانی دیکەدا. ئامارەکان لە UK واڕادەگەیەنن کە ٥٠٠٠٠ کەس دەستنیشانکراون کە تووشی باری دژوار یان تەنانەت کوژەریش بوون بەھۆی خراپ بەکارھێنانی ئەو دەرمانانەوە. لانی کەم ٢٠٠٠ کەس لە ساڵێکدا بەھۆی ئاسەوارەکانی ئەسپرین و دەرمانەکانی دژی ھەوکردنەوە دەمرن. پێویستە ئەوەش بوترێت کە ئەو دەرمانانە ھەموویان سەلامەتن ئەگەر بەڕێکوپێکی و شارەزایی بەکاربھێنرێن و مەترسییەکان لە خراپ بەکارھێنانیاندایە. ١٤٤
ئەو دەرمان و مادە سڕکەرانەی کە ھەتا ئێرا باسکراون بەشێوەیەکی گشتی دەرمانە ھەرە باوو بڵاوو مەترسیدارەکانی گرتۆتەوە کە لەلایەن ئاژانسەکانی کۆنترۆڵکردنی دەرمان و مادە سڕکەرەکانی بەریتانیاو ئەوروپاو ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشانکراون. دیارە ژمارەی گشتی دەرمان و مادە سڕکەرەکان زۆر لەوە زیاترەو ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش گۆڕانکاری ڕوودەدات لەو بوارانەدا و پسپۆڕان و زانایان لەسەرتاسەری جیھاندا ڕۆژانە ئەزمونی نوێ ئەنجامدەدەن لەسەر زیان و مەترسی ھەردەرمانەو پشت دەبەستن بە تاقیکردنەوەو سەلماندنی زانستی.
٣. چونێتی بەرەنگاربوونەوەی دەرمان و مادە سڕکەرەکان
کۆنترۆڵکردن-پەروەردەکردن- چارەسەرکردن
مرۆڤ و وێڵبوون بەدوای بەختەوەریدا
لەڕاستیدا سەرکەوتوترین بەرنامە ئەو بەرنامەیەیە کە خەڵک بڵێن : من ئەو کارە ناکەم چونکە خراپە، چونکە عەیبەو ئابڕوم دەچێت، چونکە لەکۆمەڵگاو ھاوڕێیانم دادەبڕێم و تەریک دەکەوم؛ نەک تەنھا لەبەرئەوەی قەدەغەیە یان حەرامە.
کۆنترۆڵکردن-پەروەردەکردن- چارەسەرکردن
بەرەنگاربوونەوەی دەرمان و مادە سڕکەرەکان ئەرکێکی ئاسان نییە؛ بەڵکو بەسەختترین ئەرکی دەوڵەتان، چ گەورەو چ بچوک، و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دادەنرێت. لە جیھاندا بە ھەزاران دەزگای دەوڵەتان و نێو دەوڵەتی دامەزراوە بۆ مەبەستی بەرەنگاربوونەوە بەو مادانەو ساڵانە بودجەی گەورەو گرانی بۆ تەرخاندەکرێت.
پێدەچێت کەسێک بڵێت جا ئەگەر ئەو دەوڵەتە گەورانە و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە ھەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان نەتوانن بەرەنگاریان ببنەوە، ئێمەی ھەژار دەتوانین چیبکەین! یاخود کەسێکی دیکە بڵێت ئەوانەی گیرۆدەی ئەو مادانە بوون خۆیان خەڵکی خراپ و گومڕان و ئەوە کێشەی من نییە و پەیوەندی بە منەوە نییە نە من و نە ماڵ و مناڵی من توشی ئەو کێشانە نابن!
لەڕستیدا کێشەی دەرمان و مادە سڕکەرەکان کێشەی ھەموانە بە تاک و کۆمەڵ و بە ڕۆشنبیرو خەڵکی ڕەمەکییەوە و بەرەنگاربوونەوەی دەرمان و مادە سڕکەرەکانیش ئەرکی ھەموانە چ تاک و چ کۆمەڵ چ دەوڵەت و چ خەڵکی سیڤیل.
لە ئەمڕۆی سەردەمی جیھانگیری و ھەڕاج بوونی ھۆکارەکانی پەیوەندی و ڕاگەیاندن و گواستنەوەو ھاتوچۆدا ھەموو دیاردەیەک چ باش و چ خراپ دەگاتە ھەموو شوێنێکی ئەم جیھانە و خۆی دەکات بە ھەموو ماڵێکدا. دەوڵەمەند بیت یان ھەژار ڕۆشنبیر بیت یان نەخوێندەوار لە ئەوروپاو ئەمریکا بژیت یان لە گوندێکی بچوکی ناوچەیەکی دوورەدەستی وڵاتێکی ھەژار، تەکنۆلۆژیای نوێ کاریگەرییەکانی لەسەرت جێدەھێڵێت و ناھێڵێت تەنیاو دوورەدەست بمێنیتەوە: خۆی دەکات بەنێو ماڵو خێزانتداو کاریگەری خۆی لەسەر لە مناڵ و گەنجەکان جێدەھێڵێت؛ ئەمەش جارێکی دیکە لایەنی خراپ و باشی ھەیەو پێویستی بە خۆئامادەکردن و جەنگینە بەرانبەر دیاردە خراپەکان. ئەمڕۆ لە ڕێگای سەتەلایت و ئینتەرنێتەوە ھەواڵی ھەموو جیھان چرکە بە چرکە دەبیستین، سەدان ماڵپەڕی ئینتەرنێت تەرخانکراوە بۆ پەروەردەو ڕێنومایی دژی دیاردەخراپەکان بە دەرمان و مادە سڕکەرەکانیشەوە، بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە بە سەدانی دیکەش پڕوپاگەندە بۆ ئەو دیاردە دزێوانە دەکەن چ بەشێوەی ڕاستەوخۆو چ ناڕاستەوخۆ.
بەرەنگاربوونەوەی دەرمان و مادە سڕکەرەکان ئەرکی ھەموانە چونکە ئێمە ناتوانین بەیەک تاکە ڕێگا بەرەنگاریان ببینەوە. ئەگەر ئەو ئەرکە تەنھا بە ئەرکی پۆلیس و ئاسایش بزانین ئەوا پێدەچێت کەوتبینە ھەڵەیەکی گەورەوە؛ چونکە لایەنەکانی دیکەمان فەرامۆشکردووە.
بەشێوەیەکی گشتی بەرەنگاربوونەوەی دەرمان و مادە سڕکەرەکان دەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە ڕێکبخرێت:
سێکوچکەی کۆنترۆڵ، پەروەردە، چارەسەر ئەو سێ پایەیە کە بەرنامەیەکی سەرکەوتوو گشتگیر دەتوانێت لەسەری ڕابوەستێت و بەڕێبازی گونجاودا پێشڕەوی بکات.
کۆنترۆڵ ھەر بەناوەکەیدا دیارە کە بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی سنورو بازاڕو شوێنە گشتییەکان لە دیاردەی قاچاخچێتی و دزەکردن و ھەبوون و خستنەڕووی دەرمان و مادە سڕکەرەکان. ئەو مەسەلەیەش بە پلەی یەکەم ئەرکی پۆلیس و ئاسایش و دەزگا ھەواڵگرییەکانە، بەڵام ھاوکاری ھاوڵاتیانیش لەم نێوەندەدا گرنگییەکی ژیانیی ھەیە و دەتوانن زانیاری گرنگ پێشکەش بەو دەزگایانە بکەن لەپێناوی سەرخستنی ئەرکەکانیاندا. بەشێوەیەکی بنەڕەتی کۆنترۆڵ دژی بازرگانی پێوەکردن و دابینکردنی ئەو مادانەیەو دیارە تا کۆنترۆڵیش بەھێزتر بێت ھەبوونی دیاردەکە کەمتر دەبێتەوە.
دەوڵەتە جیاوازەکان ستراتیژییەتی جیاجیایان ھەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەرمان و مادە سڕکەرەکان. بەشێوەیەکی گشتی زۆربەی دەوڵەتان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە دیاردەی قاچاخچێتی کردن بەو مادانەوە تاوانێکی گەورەی نێودەوڵەتییەو پێویستە ھاوکاری و ھاوئاھەنگی جیھانی لەسەربکرێت. شایانی باسە نە لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی و نە لەسەر ئاستی دەوڵەتە تاکەکان بە ھێزە ھەرە گەورەکانیشەوە لە ھیچ شوێنێکی ئەم جیھانە کۆنترۆڵی تەواو نەکراوە بەسەر قاچاخچێتی دەرمان و مادە سڕکەرەکاندا. بێگوکان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گەلێک ھۆ لەوانە قاچاخچێتی دەرمان و مادە سڕکەرەکان بەشێکی دانەبڕاوە لە تۆڕی تاوانە ڕێکخراوەکان کە قاچاخچێتی ئەو مادانەو چەک و تیرۆریزمی نێودەوڵەتیش دەگرێتەوە. بەڕێوەبەرێتی داسەپاندنی یاسای دەرمان و مادە سڕکەرەکانی ئەمریکا DEA جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پەیوەندییەکی نەپساوە ھەیە لەنێوان تیرۆریزمی جیھانی و قاچاخچێتی دەرمان و مادە سڕکەرەکان و بزوتنی پارە لەنێوان دەوڵەتاندا (حەواڵە) ١٤٥. ئەوان لەوباوەڕەدان کە گروپ و باندە قاچاخچییەکان لە ڕێگای حەواڵەو گواستنەوەی نایاسایی پارەی کاژ و حساب بانکی ساختەو کڕینی زێڕەوە دەتوانن پارەی فرۆشتنی دەرمانەکانیان کۆبکەنەوە. لە ئەفغانستان بزوتنەوەی تالیبان بە بڕوای DEA زۆربەی پارەو پولی خۆی لە ڕێگای قاچاخچێتی دەرمانەوە پێکەوەناوە. ھەرچەندە بە گوێرەی ڕێکەوتننامەیەک لەگەڵ بەرنامەی کۆنترۆڵکردنی دەرمان و مادە سڕکەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا (UNDCP)تالیبان ھەستا بە تێکوپێکدانی کێڵگەکانی ئەفیون لەبەرانبەر وەرگرتنی یارمەتیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان. بەڵام دوای جەنگی ئەمریکا لەو وڵاتە ئەو بارە شێواو ڕادەی چاندنی ئەو مادەیە بەشێوەیەکی سامناک چووەسەرەوە، کە بەگوێرەی ڕاپۆرتی UNDCP بەڕادەی ١٤٠٠% بووە ١٤٦. بەڵام دوای ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی شەڕ ئەو ڕدادەیە دابەزیوەتەوە بۆ ئاستێکی باشتر. لە کۆڵۆمبیاش گروپە سیاسییەکان بەپارەی کۆکاین درێژە بەو شەڕە ناوخۆییە نەپساوەیەیان دەدەن و قاچاخچییە ھەرەگەورەکانی دەرمان لە مەیامی بوونەتە خاوەنی کۆشک و ڤێللای ئەفسانەیی ١٤٧. چەندەھا جار ھەوڵدراوە کێڵگەکانی دەرمان خاپور بکرێن، دەرمان و مادە سڕکەرەکان بسوتێنرێن و قاچاخچیان لەداربدرێن، بەڵام تا ئەوکاتەی خواست لەسەر ئەو مادانە زۆر بێت قاچاخچێتی بەو مادانەوە ھەر بەردەوام دەبێت و گەر دەرگاو پەنجەرە دابخەن لە سەربانەوە ھەڵدەکێشرێت!
گرانی نرخی مادەکان وایکردووە کە خەڵکانێکی زۆری تێوەبگلێن بە تەماعی بەدەستھێنانی پارەیەکی زۆر لەماوەیەکی کەمدا. ئەمڕۆ ئەو باندو تاقمە تاوانکارییانە کەڵک لە پێشکەوتوترین بەرھەمی تەکنۆلۆژیای مۆدێرن وەردەگرن و بە پاڵپشتی ئەو پارەیەی کە لەو بازرگانییە دزێوەدا دەستیان دەکەوێت تۆڕەکانی خۆیان بەسەرتاسەری جیھانەوە گرێداوە. باندەکانی قاچاخچی دەرمان و مادە سڕکەرەکان لە ھیندستان و پاکستان و ئەفغانستان و ئێرانەوە بەرەو ئەرمەنستان و ئازەربایجان و تورکیا دەکشێن و دەگەنە ئەوروپا. لەلایەکی دیکەشەوە لە وڵاتەکانی ئەمریکای لاتینەوە، بەتایبەتی کۆڵۆمبیا، بەرەو ئەمریکاو ئەوروپا جارێکی دیکە پێکەوە گرێ دەدرێنەوە. بێگومان گەندەڵی سیاسی و ئابوری لەو وڵاتانەدا و ھێزی بەرتیل و پارە بووەتە ھۆی ئەوەی کە بتوانن بە ئاسانی ھاوکارو خۆفرۆش لەنێو ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و تەنانەت گەورە پیاوانی سیاسیشدا بدۆزنەوە. ئاژانسی دەرمانی یەکێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە فراوانبوونی ئەوروپاو ھاتنی ١٠ ئەندامی نوێ بۆ نێو کۆمەڵەی ئەوروپا لە ٢٠٠٤دا. ڕاپۆرتەکە پێشنیاری ڕێوشوێنی نوێ دەکات بۆ بەگژاچونەوەی باندەکانی قاچاخچی دەرمان و مادە سڕکەرەکان کە لەگەڵ ھەلومەرجی نوێی ئەوروپادا بگونجێت. ١٤٨.لەڕاستیدا گەندەڵی لەھەموو شوێنێکی جیھاندا بە پلەی لێکجیاواز ھەیەو وەک Bean دەڵێت ھەندێک جار لە وڵاتێکی وەک بەریتانیاشدا ھەندێک کارمەندی پۆلیس و گومرگ تووشی گەندەڵی دەبن و لەبەرژەوەندی قاچاخچیان کاردەکەن ١٤٩. بەڵام ئەم دیاردەیە زۆر کەم و دەگمەنەو زۆر سنوردارەو زوو پەردەی لەسەر ھەڵدەماڵدرێت لەو وڵاتانەدا. لە وڵاتە خۆرئاواییەکاندا بێجگە لەوەی کە باندەکانی قاچاخچی چالاکن و بریکارو نوێنەری ناوچەییان ھەیەو دوکانەکانیان لەگەڕدان، تاقیگەو کۆمپانیای نھێنیش ھەیە بۆ دروستکردن یان گەشەپێدانی چەندەھا جۆر دەرمان. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە ڕژێمی سەرمایەداری لەسەر بناغەی بازاڕی ئازادو قازانجی زیاتر دامەزراوەو خودی ئەو ڕژێمە زەمینەیەکی لەبارە بۆ گەشەکردنی ئەو تاوانانەو گەلێک تاوان و کێشەی کۆمەڵایەتی دیکەش.
بێگومان قەوارەو ھێزی ئەو بازرگانییە دزێوە مانای ئەوە نییە کە دەستەوسان بوەستین و بڵێین کار لەکار ترازاوە. ئەوەی بەشێوەیەکی پراکتیکی دەکرێت بھێنرێتە دی کەمکردنەوەی ئاستی ئەو بازاڕەیە ھەتا ئەو شوێنەی کە دەکرێت و بەرگرتنە لەو بازرگانییە دزێوە لەھەر شوێنێک کە دەست پێی ڕابگات. ئەم ئەرکەش ئەرکی تاکەکەس و دەوڵًەت و حکومەتە بچوک و گەورەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانە ھەموویان پێکەوە.
کێشەی دووەم کە پێویستی بە کۆنترۆڵکردنە کێشەی ئالودەگییە بە دەرمان و مادە سڕکەرەکانەوە. ئەوانەی کە بەتەواوەتی ئالودەبوون بەردەوام پێویستییان بەبڕی زیاتری ئەو مادانەیە، بەتایبەتی مادە ھەرە بەھێزەکان. شتێکی بەڵگە نەویستیشە کە ئەو مادانە گران بەھان ؛ ئەوەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە بەشێوەیەکی بەردەوام پێویستییان بەبڕێکی زۆر پارە ھەیە. ئەوانەی کە ئالودەبوون توانای کارکردنیان یان نییە یان لاوازەو ئەگەری دەستکەوتنی کاریشیان زۆر کەمە بەھۆی ووریابوونەوەی زۆربەی خاوەن کارەکان لە کێشەکانیان و سەرباری ھەموو ئەوانەش چ پارەیەک دەرەقەتی ئەوە دێت کە کەسێک ڕۆژانە پێویستی بە ١٦٠ پاوەندی ئیستەرلینی بێت بۆ ئەوەی خووەکەی پێ کپبکاتەوە! ١٥٠
لێرەدایە کە زۆربەی ئالودەبوان دەست دەدەنە تاوان و ئەمەش سەرەتای کێشەیەکی دیکەیە. لێرەدایە کە کۆنترۆڵکردن پێویستە بۆ بەرگرتن لە تاوانەکانیان و پاراستنی کۆمەڵگە لێیان.
زیادبوونی ژمارەی زیندانییەکان و سەرپێچیکردنی بەردەوامی ژمارەیەکی ھەرچی زیاتری گەنجان و گەڕانەوەی زۆر لە ئازادکراوەکان بۆ تاوانی گەورەترو ئاڵۆزتر ھەڵوەستەی بە لایەنگرانی بیرۆکەی کۆنترۆڵکردو ناچاری کردن بە ڕێوشوێنەکانیاندا بچنەوە. ڕۆڵی کۆنترۆڵ بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە تاوانباران و باندەکانی قاچاخچی و ھاوکارەکانیان ناکرێت فەرامۆشبکرێت ، بەڵام چارەسەرکردنی ئاو لەسەرچاوەوە ئامانجی سەرەکییە نەک لە گۆماودا. ھەر بەتەنھا لە بەریتانیادا لە ماوەی نێوان نیسانی ٢٠٠٢ و کانونی یەکەمی ٢٠٠٣دا ٢٦٠٧٩ کیلۆ کۆکاین و ١١٠٤٤ کیلۆ ھیرۆین دەستگیرکراوەو زیاتر لە ٣٣٠ باندی قاچاخچی و تاوان ھەڵوەشێنراونەتەوە.١٥١
پەیوەندییەکی نەپساوە ھەیە لەنێوان دەرمان و مادە سڕکەرەکان و تاواندا. قاچاخیی دەرمان و مادە سڕکەرەکان خۆی لەخۆیدا مانای ئەوەیە ھەرکەس بەکاریان بھێنێت یان لەلای خۆی گلیانبداتەوە تاوانێکی ئەنجامداوە. لەلایەکی دیکەشەوە گرانی ئەو مادانە کارێکی ئەوتۆیان کردووە کە زۆربەی ئالودەبوان بۆ بەدەستھێنانی پارەکەیان پەنا دەبەنە بەر تاوان. بەمجۆرە لەنێو بازنەیەکی بۆشدا دەخولێنەوە:
لێرەدا بۆ سەلماندنی ھۆی گرانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان چەند داتایەک دەخەینە ڕوو:
کیلۆیەک ئەفیون لە ئەفغانستان بۆ جوتیارەکان دەوروبەری ٣٥ دۆلاری ئەمریکی ( $ ) دەگرێتەوە بەڵام کاتێک دەگاتە بەریتانیا کیلۆی ٢٥٠٠٠ $ دەگرێتەوە. کۆکاینیش بەھەمان شێوە لە کۆڵۆمبیا کیلۆی ٣٠٠ $ ە بەڵام کاتێک دەگاتە سەر سنوری ئەمریکا کیلۆی ٣٠٠٠ $ دۆلار دەکات. کاتێک دێتە ناو ئەمریکاوە کیلۆی دەگاتە ١٢٠٠٠ $ و کە دابەشدەکرێت بەسەر بەکارھێنەراندا کیلۆی ٢٠٠٠٠ $ دەگرێتەوە.١٥٢
ھەندێک بیروڕایان وایە کە ئەگەر دەرمان و مادە سڕکەرەکان ئازادبن تاوان کەمدەبێتەوە، بەڵام ھیچ بەڵگەیەک بەدەستەوە نییە کە بیسەلمێنێت ئازادکردنی دەرمان و مادە سڕکەرەکان دەرئەنجامێکی باشی لێدەکەوێتەوە. Bean جەخت لەسەر ئەو مەسەلە دەکاتەوەو دەڵێت کە یاسایی کردنی دەرمان و مادە سڕکەرەکان تەنھا کارئاسانییە بۆ قاچاخچییەکان و ھیچ ئەنجامێکی باشی نابێت ئەو باسی ئەوە دەکات کە ئەگەر قاچاخچییەکان بزانن ئەو مادانە قازانجیان کەمترە ئەوا پەنا دەبەنە بەر مادەی دیکە وەک قاچاخچێتیکردن بە جگەرەوە.١٥٣
بوارێکی دیکەی پەیوەندی نێوان دەرمان و مادە سڕکەرەکان و تاوان مەسەلەی نەخۆشی HIV Aids ە. ئەوانەی کە ئالودەبوون بەو مادانەوە زۆریان لەڕێگای دەرزییەوە بەکاریاندەھێنن. ئاشکراشە کە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیانە لەڕێگای بەریەککەوتنی خوێنی کەسێکی نەخۆش و کەسێکی ساخەوە ڕوودەدات. مەسەلەیەکی دیکەش کە زیاتر قوڕەکە خەست دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەو ژنانەی ئالودەبوون زۆربەیان خەریکی دیاردەی لەشفرۆشیین بۆ دابینکردنی پارەکەیان؛ یان ڕوونتر بڵێین زۆربەی ھەرەزۆری لەشفرۆشەکان ئالودەن بەم مادانەوە:
٩٠%ی لەشفرۆشانی سەرشەقامەکان دەرمانی پۆلی A بەکاردەھێنن بێجگە لەوەش دیاردەی لەشفرۆشی پەیوەندییەکی نەپساوەی ھەیە بە قاچاخچێتی دەرمان و مادە سڕکەرەکان و تاوانی ڕێکخراوەوە.١٥٤
دیاردەی لەشفرۆشی لەبارترین مەیدانە بۆ تەشەنەکردنی نەخۆشییە زایەندییەکان (سێکسییەکان) و بەمجۆرە دەرمان و مادە سڕکەرەکان ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینن لە پەرەپێدانیدا.
دەرمان و مادە سڕکەرەکان ساڵانە دەبنە ھۆی مردن یان گرفتاربوونی خەڵکانێکی زۆر. ئەو کارەساتانەش گەلێک ھۆی لێکجیاوازیان ھەیە کە ھەر لە تێکەڵکردنی چەند مادەیەک و مادەی دیکەی نامۆوە لەگەڵ دەرمانەکاندا بیگرە تا ژاراویبوون و زیادەڕەوی لە بەکارھێنانداو نەشارەزایی لە ھێزو بڕی مادەکەو نەخۆشییە دەرونییەکان و خۆکوشتن و پەلامارو دەستدرێژی جەستەیی و سێکسی و ئیغتیساب Rape و دەیان و سەدان کێشەی دیکە دەگرنەوە ١٥٥. ھەروەھا Bean دەڵێت:
"پیاوێک کە بەھۆی ئالودەبوون بە دەرمانی وەک ھیرۆین و کۆکاین کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە زۆر نزیکە کە بڕی لە ٨٠ بۆ ١٠٠ تاوانی دزی ئەنجامبدات لە ساڵێکدا. یاخود ژنێکی لەو جۆرە پێدەچێت پەنا بباتە بەر دیاردەی لەشفرۆشی بۆ ئەوەی دەرمانەکەی پێبکڕێت."١٥٦
لەڕاستیدا ھەروەک Bean جەختی لەسەر کردۆتەوە ئەو ژنانەی کە دەرمان و مادە سڕکەرەکان بەکاردەھێنن ھەمان کێشەکانی پیاوانی بەکارھێنەریان ھەیە. بەھەمان شێوە گیرۆدەی دەردو کێشە تەندروستییەکان دەبن و بەھەمان شێوەش لەکاتی زیادەڕەویدا لە بەکارھێناندا دەمرن. ئەوانیش وەک پیاوان کێشیان بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و گرفتاری نەخۆشییەکانی وەک زەردووی جۆری B و C دەبن. ژنانیش وەک پیاوان تووشی لەدەستدانی ووزەی ماسولکەکان و کەم خۆراکی و ھەموو کێشە تەندروستییەکانی دیکە دەبنەوە. بەڵام ئەوەی کە ژنان ھەڵدەھاوێرێت و تایبەتمەندی نوژداری تایبەتیان پێدەبەخشێت ئەو کێشانەیە کە پەیوەندی ھەیە بە سکپڕی و مناڵبوونەوە و کاریگەرییەکانی دەرمانە لەسەر کۆرپەلەی لەدایک نەبوو یان تازە لەدایکبوو. ئەوەی کە زیاتر جێگەی سەرنجە ئەو کێشە کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیانەیە کە چواردەوری کەسێک دەدەن کە دایکەو ئالودەشە بە دەرمان و مادە سڕکەرەکانەوەو ئەو تەنگەشەیە چ ئاسەوارێک لەسەر مناڵەکانی جێدەھێڵێت!.١٥٧
سەرباری ئەو کێشانەش کە باسکران ھەر لەدیاردەی لەشفرۆشی و نەخۆشییە زایەندیەکانەوە بیگرە تا دەگاتە سکپڕی و مناڵبوون و دایکایەتی، ژنانی ئالودە زۆربەی جار دووچاری دەستدرێژی سێکسی دەبنەوەو ئەوەش کاریگەری دەرونی قووڵ لەسەریان جێدەھێڵێت؛ لەکاتی ھەر پرۆسەیەکی چارەسەردا پێویستە ئەو لایەنەش بایەخی پێبدرێت و بەھەند وەربگیرێت.١٥٨
Bean پەیوەندی نێوان تاوان و دەرمانی لەسێ خاڵدا ڕوونکردۆتەوە ١٥٩. ئەو پەیوەندییە دەکرێت لەو شێوەیەی خوارەوەدا بەرجەستە بکرێت:
بەکارھێنانی دەرمان دەبێتە ھۆی تاوان
تاوان دەبێتە ھۆی بەکارھێنانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان
دەرمان و تاوان دوو ڕووی یەک دراون
بەھەمان شێوە Bean باسی پەیوەندییەکی دوولانە دەکات لەنێوان پەشێوییە دەرونییەکان و خراپبەکارھێنانی مادە کیمیاوییەکاندا
پەشێوییە دەرونییەکان خراپبەکارھێنانی مادە کیمیاوییەکان
خراپبەکارھێنانی مادە کیمیاوییەکان پەشێوییە دەرونییەکان ١٦٠ .
ئەزمونەکان دەریانخستووە کە بنبڕکردنی دەرمان و مادە سڕکەرەکان بەشێوەیەکی بنچینەیی و ھەتا ھەتایی شتێکی ئەستەمە. ھەروەھا بەرگرتن لە چاندنی ئەو مادانەش لە وڵاتە بەرھەمھێنەکاندا ئەگەرچی زۆر باشە بەڵام ئەویش دیسان لەئەستەمەوە نزیکە. بەرگرتن لە گەیشتنی ئەو مادانەش بە بازاڕی وڵاتانی جیھانیش ھەر ئەستەمە. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە دەرمان و مادە سڕکەرەکان ھەمیشە پێویستیان بە کڕیارو ئالودەیەو ئەگەر ئەو کڕیارو ئالودانە نەبن یان کەمبن ئەوا ئەوانیش بازاڕیان کز دەبێت ١٦١. ھەر بپێی ئەو بۆچونە کەمکرنەوەی خواست لەسەر ئەو مادانە پەکخستنی خستنەڕووەو پێویستە جەختی زیاتر لەسەر لایەنی خواست بکرێت، کە دیارە ئەویش دەمانبات بەرەو خاڵی دووەم و سێیەم کە پەروەردەو چارەسەرکردنن.
بەمجۆرە ڕوندەبێتەوە کە کۆنترۆڵکردن بەشێوەیەکی ڕەھاو سەداسەد نایەتە دی و ھەر لەبەرئەوەشە کە بەتەنھا ناتوانرێت پشتی پێببەسترێت، یاخود بە تاکە لێپرسراو بزانرێت بۆ ئەم دیاردەیە.
کۆنترۆڵکردن پێویستە ھاوتاو ھاوشان بێت لەگەڵ بەرنامەیەکی پەروەردەیی ھاوچەرخ و گشتگیر. پەروەردەیەک کە بتوانێت مناڵان و گەنجان بەشێوەیەک پەروەردەبکات کە دیاردەی بەکارھێنانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان بە شتێکی دزێوو نەفرەتلێکراو بزانن و نەیانەوێت لەو کێشانەوە بگلێن. لەڕاستیدا سەرکەوتوترین بەرنامە ئەو بەرنامەیەیە کە خەڵک بڵێن : من ئەو کارە ناکەم چونکە خراپە، چونکە عەیبەو ئابڕوم دەچێت، چونکە لەکۆمەڵگاو ھاوڕێیانم دادەبڕێم و تەریک دەکەوم؛ نەک تەنھا لەبەرئەوەی قەدەغەیە یان حەرامە.
بەردی بناغەی ھەر پەروەردەیەکی پتەو لە خێزانەوە دەستپێدەکات. خێزانەکان ئەرکێکی بنچینەییان ھەیە لە پەروەردەی مناڵەکانیاندا. ئەزمونەکانی ژیان سەلماندویانە کە ئەو مناڵانەی لە خێزاندا پەروەردەیەکی باش و گونجاویان دەبێت لە قوتابخانەش باشتر کەڵک لە پەروەدەی خوێندن و ڕەسمی وەردەگرن و ئەگەر لە قۆناغی گەنجی و ھەرزەکاریشدا ھەندێکیان سەرکێشی و لاساریان پێوەدیاربێت و پێچەوانەی ویستی دایک و باوک و مامۆستا بوەستنەوە، لە قۆناغێکی دواتردا دەگەڕێنەوە سەر بنچینەی پەروەردی مناڵییان. کۆمەڵگا خۆرئاواییەکانیش ئێستا زۆر جەخت لەسەر پەروەردەی نێو خێزان دەکەنەوەو تەنانەت ئەو مناڵانەش کە پەروەردەیەکی خێزانی گونجاویان نییە ئەرکی سەرشانی دەوڵەتە بەخێویان بکات. ئەگەرچی دەوڵەت ئەو مناڵانە بەشێوەیەکی باش و گونجاو پەروەردە دەکات بەڵام بەھیچ کلۆجێک ناتوانین بڵێین ئەوە بە تەواوی جێگای پەروەردی نێو خێزان دەگرێتەوە. وەزارەتی ناوخۆی بەریتانی چەند گروپێک مناڵی دەستنیشانکردووە کە زیاتر پێویستیان بە چاودێری ھەیەو ئەگەری ئالودەبوونیان زۆرە:
ئەو مناڵانەی کە دایک و باوکیان دەرمان و مادە سڕکەرەکان بەکاردەھێنن.
ئەوانەی کە لە قوتابخانە وەدەرھاتون یان ڕێژەی بزربوونیان بەرزە.
ئەو مناڵ و گەنجانەی کە لەلایەن دەزگا کۆمەڵایەتییەکانەوە پەروەردە دەکرێن.
سەرپێچیکەرە گەنجەکان١٦٢ Young Offenders.
بەم شێوەیە ڕووندەبێتەوە کە لەھەر کۆمەڵگایەکدا بژیت پەروەردەی خێزانی و ھەبوونی کۆشی خێزانێکی گەرم بنچینەیەکی پتەوە بۆ پەروەردەیەکی ڕێکوپێکی مناڵ، جا نەبوون یان لاوازبوونی ئەو جۆرە باوەشە گەرمە لە کۆمەڵگایەکی خۆرئاواییدا بە خاڵێکی پۆزەتیف دانانرێت بەڵکو خاڵێکی نێگەتیفەو خۆیشیان ئەو ڕاستییە باش ھەڵدەسەنگێنن.
دوای پەروەردەی نێو خێزان پەروەردەی قوتابخانە دەستپێدەکات. پێویستە بەرلەوەی بەرنامەیەک بۆ مناڵان دابڕێژین بەرنامەیەکی پەروەردەیی ڕاست و دروست دەربارەی دەرمان و مادە سڕکەرەکان بگاتە ھەموو مامۆستایان و مامۆستایان بەوپەڕی متمانەو باوەڕەوە ئەو مەسەلەیە لەگەڵ خوێندکارەکانیان باسبکەن. ئەگەر مامۆستایەک زانیاری پێویستی نەبێت دەربارەی دەرمان و مادە سڕکەرەکان چۆن دتوانین داوای ئەوەی لێبکەین کە مناڵان لەمەترسییەکانی ئەو مادانە ھۆشیاربکاتەوە؟ ئەو کارەش دیارە کارێکی بەپەلە نییە و پێویستی بە ئەرک و ماندووبوونێکی زۆر ھەیە و کات و پارەو کارمەندی پێویستە.
دوای قوتابخانەو خوێندنگا و پەیمانگاو زانکۆکان ئەرکی پەروەردەیی دەکەوێتە سەر ئەنجومەنی گەڕەکەکان و ڕێکخراوە دیموکراتی و پیشەییەکان و سەنتەرەکانی چالاکی گەنجان و بنکەکانی دیکەی پەروەردیی وەک بنکەی مناڵانی ئیشکەرو ھتد...
ھەبوونی سەنتەرەکانی چالاکی گەنجان ھەنگاوێکی بەرچاو بوو. ئەو ھەنگاوە شایستەی ڕێزو ھاندان و گەشەپێدانەو شتێکی باشتریشە ئەگەر ئەو سەنتەرو بنکانە لەھەموو شوێنێکی کوردستان بکرێنەوەو گوێنەدرێت بە لایەنی سیاسی و پەیوەندی پارتایەتی. ئەو سەنتەرانە، ئەوەندەی من ئاگادارم ڕۆڵی بەرچاویان بینیوە لە ھوشیارکردنەوەی گەنجانداو دەکرێت وەک بنکەی پەروەردەی گەنجان بۆ تێوەنەگلان لە دەرمان و مادە سڕکەرەکان بەکاربھێنرێن و لەھەمانکاتیشدا بۆ ڕاھێنانەوەی گەنجانی لادەرو سەرپێچیکەر و فێربوونی کارو پیشەو ھتد....
میدیاکانیش بە تەلەفیزیۆن و ئینتەرنێت و ڕادیۆو گۆڤارو ڕۆژنامەکانیشەوە دەتوانن ڕۆڵی باش ببینن و ،ھەندێکیشیان بەردەوام بینیویانە، لە ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵکدا و ڕێنومایی کردنی گەنجان بۆ بەدەستکەوتنی زانیاری ڕاست و دروست. ھەروەھا نواندن و زنجیرە تەمسیلی و کۆمیدییەکانیش دەتوانن ڕۆڵە خراپ و باشەکان بەئاراستەی ڕاستی و کێشەکانی ئەم سەردەمەدا ببەن و بێگومانم کە ئەو ھۆکارانەی ڕاگەیاندن و میدیا لە کوردستاندا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆو دیاریان ھەیە لەسەر خەڵک.
شتێکی بەڵگە نەویستە کە گەنجانی ئەمڕۆ ئۆقیانوسێکی فراوان و بێبنی زانیارییان لەبەردەستدایە بەڵام خۆ ئەو زانیاریانە ھەمووی باش نین و ئەو ئۆقیانوسە پێویستی بە فێربوونی مەلە ھەیە. ئەم مەسەلەیە سەبارەت بە سەتەلایت و ئینتەرنێت زیاتر گرنگی ھەیە. لەوانەیە ٥٠ ساڵ لەمەوبەر ھەرشتێک چاپکراو بووبێت یان لە ڕادیۆیەکەوە پەخشکرابێت خەڵکی بە سەنەدی ڕەسمی وەریانگرتبێت. بەڵام لە ئەمڕۆی ھەڕاجی تەکنۆلۆژیاو ئەلەکترۆنیاتدا ئەو مەسەلەیە شێوازێکی دیکەی ھەیەو بۆ ئەوەی لەنێو زانیاری ھەڵەو فریودەرانەدا نەخنکێییت پێویستت بە ڕێنومایی و ماندوبوون ھەیە و کات تادەڕوات تەنگەبەرتر دەبێتەوە. ئەمڕۆ شتێکی گێلانەیە گەربتەوێت مناڵ و گەنجەکان بە ترس و تۆقاندن لەو مەسەلانە دوربخەیتەوە. ئەوان پێویستیان بەوە ھەیە کە ڕووی ڕاستی مەسەلەکانیان بۆ ڕوونبکەیتەوە؛ بەبێ کەم و زیاد کاریگەرییە نزیکخایەنە خۆشەکانی بناسن ھەروەک لەمەترسی کاریگەرییە درێژخایەنە خراپ و داڕوخێنەرەکانی ھۆشدارییان دەدەیتێ.
پێدەچێت لە کوردستان پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانیش بتوانن ڕۆڵی خۆیان ببینن و کۆمەڵانی خەڵک و لانی کەم دۆستان و لایەنگرانی خۆیان بەئاراستەی پێویستدا بەرن. بێگومان ڕۆڵی مزگەوت و پێشەوا ئاینییەکانیش نابێت فەرامۆش بکرێت کە لە ھەموو شوێنێکی ئەم جیھانەدا ئاین ڕۆڵی خۆی ھەیە لە ئاراستەکردنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکدا.
بوارێکی دیکەی گرنگ بواری وەرزشە. گەشەپێدان بە وەرزش و سەرقاڵبوونی گەنجان بە چالاکییە وەرزشییەکانەوە زەمینەیەکی باشە بۆ دوورکەوتنەوە لە تێوەگلان لە دەرمان و مادە سڕکەرەکانەوەو خۆی لەخۆیدا نیشانەی تەندروستی باش و ھەستکردنە بەوەی کە بەشێکی چالاکی کۆمەڵگان. شایانی باسە چالاکییە وەرزشییەکان لەلای ھەندێک کەس ھاندەریشن بۆ بەکارھێنانی ھەندێک جۆری دەرمان و مادە سڕکەرەکان. ئەو کەسانە بەبەکارھێنانی ئەو دەرمانانە ھەست بە ھەندێک نیشانەی کورتخایەن و چالاکی کاتیی دەکەن کە لەڕاستیدا زیانیان زۆر زۆرە و لەگەڵ ڕەوشت و ئەدگاری کەسانی وەرزشەواندا نایەنەوە. زۆر لەو دەرمانانە کە پێدەچێت بۆ مەبەستی بەھێزکردنی ماسولکە یان خێرابوون و چالاکبوون بەکاربھێنرێن لەشوێنی خۆیاندا باسکراون.
ڕەنگە کەسێک بڵێت: جا پەروەردە چ کاریگەرییەکی ھەیە لەسەر کەسێک کە ھۆشی بەخۆی نییەو تا بینەقاقای تێوەگلاوە لەو مادانەوە؟ بەرلەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە دەمانبات بەرەو خاڵی سێییەکی بەرنگاربوونەوە کە ئەویش چارەسەرە، ئەم نمونەیە باسدەکەین:
"تاینا کچێکی ئینگلیزەو ھەر لە تەمەنی بیست ساڵییەوە دەستی دایە بەکارھێنانی ھیرۆین و بۆ ماوەی دەساڵی ڕەبەق بەکاریدەھێنا. ماوەی چوارساڵیان ئەوە ھەر بەتەواوی ئالودە بووبوو زۆر بە توندی بەکاریدەھێنا. ئەو پارەکەی بە سواڵکردن و دزی لە کۆگاو دوکانەکان و تەزویرکردنی بەڵگەنامەکان بەدەستدەھێنا. لەکاتی ھەرە خراپیدا ڕۆژانە پێویستی بە بڕی ١٦٠ پاوەند ھەبوو بۆ ئەوەی بتوانێت خووەکەی پێ کپبکاتەوە.
دوای ماوەیەک تووشی خەمۆکی بوو، بۆ چارەسەری خەمۆکییەکەی پەنای بردە بەر پزیشک بەڵام خوی دەرمانەکەی بەبێ چارەسەر مایەوە. ئەو پێدەچێت ئەو گروپانەی بەدڵ نەبووبێت کە چارەسەریان کردووە یان ئەو دەرمانەی کە داویانەتێ وەک جێگرەوەیەک بۆ ھیرۆین بەکەمی زانیوە. دوای ئەوە پەیوەندی کرد بە گروپێکەوە کە لەگەڵ ئەوەشدا دەیانزانی ئەو دەرمان بەکاردەھێنێت ھەر قوبوڵیان بوو لەگەڵیان بێت. ئەوان ماوەیاندا بە تاینا کە بەڕاشکاوی باسی کێشەکانی بکات و چەندەھا بواری چارەسەریان خستەپێشچاوی. ئەو بەبەکارھێنانی چەند جێگرەوەیەک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو توانی بەسەر خووەکەیدا زاڵبێت. ئەو ئێستاکە لەگەڵ ڕێخراوە نیشتمانییەکانی بەرگریکردن لە دەرماندا کاردەکات و بەگوێرەی ئەزمونی خۆی ئامۆژگاریدەدات بە خەڵکانی دیکە بۆ ئەوەی زاڵببن بەسەر خووەکەیاندا١٦٣".
چارەسەرکردن خاڵی سێیەم و کۆتایی پرۆسەی بەرگرتنە لە دەرمان و مادە سڕکەرەکان. چارەسەرکردن گەلێک بواری ھەیەو لە وڵاتە لێک جیاوازەکاندا بۆچونی جودای لەسەرە. لەھەندێک وڵات چارەسەرکردن بودجەی گەورەو گرانی بۆ دادەنرێت و لەھەندێک وڵاتی دیکەشدا بە جۆرێکی دیکەیە. لە بەریتانیا ئامانجی ستراتیژی دەوڵەت ئەوەیە کە تاساڵی ٢٠٠٨ بتوانن ھەموو ئەوانەی کە بەھۆی بەکارھێنانی دەرمان و مادە سڕکەرەکانەوە تووشی لادان و تاوان دەبن بتوانن چارەسەربکرێن. لە ئەمریکاش تاوانباران ئەگەر تاوانەکەیان بەھۆی دەرمانەوە بێت ئەوا دەبرێنە دادگای دەرمان و بەرنامەی چارەسەرکردنیان بۆ دادەنرێت.
خاڵێکی دیکەی چارەسەرکردن لە بەریتانیا کەمکردنەوەی مەترسییە. ئەوان لەوباوەڕەدان کە خەڵکی خوگرتوو ئالودەبوو دەرمان و مادە سڕکەرەکان ھەر بەکاردەھێنن، بەڵام بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە زایەندییەکانی وەک HIV Aids و ھیپەتایتس سرنجیان بە خۆڕایی بۆ دابین دەکەن و لەبەرانبەر گێڕانەوەی سرنجە بەکارھاتووەکاندا وەریدەگرن. ئەم ڕێگایە زۆر بۆچونی لێکجیاوازی لەسەرەو ھەندێک لەوباوەڕەدان کە ئەوە ھاندانی زیاترە بۆ بەکارھێنانی دەرمان و کارئاسانییە بۆیان، بەڵام کەسانێکی دیکەش دەڵێن کەمکردنەوەی مەترسی باشترە لە مەترسی گەورەتر.
لە بەریتانیا ئالودەبوان چەندەھا ڕێگاو بواریان لەبەردەمدایە بۆ وەرگرتنی چارەسەری وەک دەرمانی ھێواشتری جێگرەوە بەتایبەتی بۆ ڕاھێنانەوەی ئەوانەی کە ئالودەبوون بە دەرمانی پۆلی A ەوە، ھەروەھا بە چونە نێو گروپی ھاودەردو بیروڕائاڵوگۆڕکردن و دووبارەڕاھێنانەوە بۆ نێو کۆمەڵگاو پێشکەش کردنی کۆمەکی تایبەت بەو کەسانەو کەسوکارو خێزانەکانیان لەپێناوی زاڵبوون بەسەر خووەکەیاندا.
ڕێگای دووبارەڕاھێنانەوە ڕێگایەکی کاریگەرە بۆ ئەوانەی کە واھەست دەکەن لە کۆمەڵگا تەریککەوتون و کەوتونەتە پەراوێزەوە. ئەو جۆرە کەسانە کە بەزۆری بەھۆی تووشبوون بە نەخۆشییە دەرونییەکان یان بەکارھێنانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان یاخود ھەردووکیان پێکەوە تووشی ئەو بارە ناھەموارە دەبن، پێویستیان بە پشتگیری و کۆمەکی خێزان و دۆستان و ھاوڕێیان و کۆمەڵگاو دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان ھەیەو پێویستە دووبارە سەرلەنوێ ڕابھێنرێنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ نێو ژیانی کۆمەڵگا. چەندەھا کەس ھەیە دوای ئالودەبوون بە دەرمانەوەو تێوەگلان لە تاوانەوە و بەسەربردنی ماوەیەکی زۆر لە زینداندا و وەرگرتنی چارەسەر وا ھەست دەکەن ژیانێکی زۆریان فەوتاوەو تەمەنیان لەگەڵ ئەو زانین و زانیاریانەدا ناگونجێت کە ھەیانە. ئەوانە لە وڵاتانی خۆرئاوادا کۆمەکی باشیان پێدەکرێت و خەڵکانی تایبەت کە بەزۆری خۆبەخشن ھاوکارییان دەکەن تا وەک مناڵ سەرلەنوێ ڕایاندەھێننەوە و سەرلەنوێ فێردەبنەوە.
بەشێوەیەکی گشتی ئالودەبوان پێویستیان بە چارەسەرو کۆمەکەو ئەو ئەرکەش ئەرکی کۆمەڵگاو دەوڵەتە لەپێناوی کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانەدا کە بەھۆی خراپبەکارھێنانی دەرمانەوە ڕوودەدەن. لەلایەکی دیکەشەوە ئەوانە، بەتایبەتی گەنجان، ئەندامانی کۆمەڵگان و پێویستیان بە ڕاستکردنەوەو ڕێنومایی ھەیە نەک تەنھا سزاو زیندان. ئەمڕۆ زانستی کریمینۆڵۆجی لەو باوەڕەدایە کە باشترین سزا ئەو سزایەیە کە ئەو کەسە لەنێو کۆمەڵگادا بمێنێتەوەو ئازادییەکانی سنورداربکرێن و وایلێبکرێت کاربکات، بەڵام بەشێوازێکی سەردەمیانەو بەپێی ڕێوشوێنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی دیموکراتی نەک وەک کاری قورسی بەزۆری نێو زیندانەکان. بەپێی ئەم ڕێبازە ئەو کەسە پێویستە خۆی ڕازیبێت بەو کارەو پێدەچێت بواری پێبدرێت لەنێو چەند جۆرە کارێکدا ھەڵیبژێرێت. پێویستە کارەکە لەگەڵ تواناو تایبەتمەندییەکانیدا بگونجێت و یارمەتیدەربێت بۆ دووبارەڕاھێنانەوەی بۆ نێو کۆمەڵگا وەک ھاوڵاتییەکی بەسود.
مرۆڤ و وێڵبوون بەدوای بەختەوەریدا
مرۆڤ لەسەردەمە ھەرە کۆنەکانەوە بەدوای بەختەوەریدا وێڵبووە. پاشاکان ھەرەم و کۆشکەکانیان بە ئومێدی نەمری و بەختەوەرییەکی ھەتا ھەتایی دروستکردووە. مرۆڤ تا ئێستا نەیتوانیوە پێناسەیەکی دەقاودەق بکات بۆ بەختەوەری. پێدەچێت ھەژار دەوڵەمەند بە بەختەوەر بزانێت چونکە بە پارەکەی دەتوانێت ھەموو شتێک بکڕێت و لەوانەشە زۆر دەوڵەمەند ھەژار بەبەختەوەر بزانێت چونکە سەری سوکە. خەڵکی خۆرھەڵات لەوباوەڕەدان خۆرئاواییەکان زۆر بەختەوەرن چونکە پێشکەوتون و تەکنۆلۆژیا لەلای ئەوان گەیشتوەتە لوتکە، بەڵام پێدەچێت زۆر لەخەڵکی خۆرئاواش ژیانێکی سادەو ساکاری خۆرھەڵاتی بەبەختەوەرتر بزانن لە ژیانی خۆیان؛ بەرزی ڕادەی خۆکوشتن و کێشە دەرونییەکان لە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکاندا ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت. بەدەر لە دابین بوونی لانی کەمی پێویستییەکانی ژیان کە بۆ ھەر کەسێک پێویستەو لەبنەڕەتدا مافی سروشتی ھەموو مرۆڤێکیشە کە لانی کەمی پێویستییە بنچینەییەکانی بۆ دابینبکرێت، لەڕاستیدا پێدەچێت بەختەوەر ئەو کەسەبێت کە خۆی بەبەختەوەر دەزانێت و باوەڕو متمانەی بەو بارە ھەیە کە تێیدایە و پێوەرێک نییە کە ڕادەی بەختەوەری مرۆ بپێوێت بێجگە لە بۆچوونی خودی ئەو کەسە خۆی. مرۆڤی بەختەوەر کەسێک نییە کە خاوەنی تایبەتمەندی و سامانێکی ماددی یان مەعنەوەی دیاریکراوبێت بەڵکو مرۆڤێکە کە خاوەنی سامانێکی باشی کۆنترۆڵکردنە بەسەر ھەست و نەست و ئارەزووەکانیدا.
ئاشکرایە ھەموو جۆرەکانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان لەپێناوی بەختەوەریدا تاقیکراونەتەوەو ھەتا ئێستاش ئەوانەی کە خووییان پێوەدەگرن یان ئالودەدەبن لەسەرەتادا بەمەبەستی بەختەوەری و بیرچونەوە یان ڕاکردن لە کێشەو گرفتەکانیان دەستیان دەدەنێ، ئەگەرچی دواتر بۆیان ڕووندەبێتەوە کە وەدوای سەرئاویلکە (سەراب) کەوتون. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ھەموو ئەو کەسانەی دووچاری ئالودەگی دەبن لە یەکێک لە قۆناغەکانی ژیانیاندا ھەست بە پەشێمانی دەکەن و زۆر کەسیش کەڵک لەو پەشێمانییە وەردەگرێت. من لە کوردستان پیرەمێردی ٧٠ ساڵەم بینیوە دەستی لە جگەرەکێشان ھەڵگرتوەو جارێکی دیکە توخنی نەکەوتۆتەوە بەبێ ھیچ چارەسەرو دەرمانێکی نوژداری جێگرەوە.
ڕژانی مادەی Dopamine لەمێشکدا دەبێتە ھۆی ھەستکردن بەخۆشی بەڵام تا چ ڕادەیەک؟ پێدەچێت ھەرمرۆڤە ڕادەیەکی دیاریکراوی ھەبێت لەو مادەیە یان ئاستێکی دیاریکراوی ھەبێت بۆ ڕژاندنی لەکاتی لەبارداو پێویستی بە ھەلومەرجی تایبەت ھەبێت، فشارخستنەسەر مێشک بۆ ڕژاندنی بڕێکی ھەرچی زیاتر لەو مادەیە بەپێچەوانەی ھەلومەرجی تایبەتی خۆیەوە وایلێبکات دواتر نرخی ئەوەی پێشو بداتەوە. ئەوەی پشتگیری ئەو بۆ چونە دەکات ھەستکردن بە ماندویی و سەریەشەو پەستی و کێشەی دەرونییە دوای بەکارھێنانی ئەو مادانە. کەسانێک کە ئەلکھول دەخۆنەوە دوای ھەست بە سەریەشەو ئەو جۆرە پەستییە دەکەن کە بە بەردانی دوای مەستی ناسراوە. ڕاستە بەشی زۆری سەریەشەکە لەئەنجامی کەمبوونەوەی شلەمەنیەوەیە لەلەشدا بەھۆی میزکرنی ناسروشتییەوە، بەڵام پێدەچێت بەشێکی دیکەشی بەھۆی سڕکردنی ناوەندی پەیوەندی ناردن و وەرگرتنی پەیامەکانەوە بێت لەنێو مێشکدا کە دەبێتە ھۆی ئەوەی جەستە نەتوانێت بەڕێکوپێکی وەڵام بە مەترسی و پێویستییەکان بداتەوە. مادە ھێمنکەرەوەکان لێدانی دڵً کەم دەکەنەوەو ھەناسەدان ھێواش دەکەنەوە. ئەو پەیامانەی کە دەچن بۆ ماسولکەکان و بەتایبەتی چوارپەل زۆر ھێواش و لەرزۆکن و دەست و قاچ بەڕێکوپێکی ناجوڵێن. بەوجۆرە جەستە ناتوانێت ھەست بە مەترسی بکات یان کاردانەوەی خێرای ھەبێت بۆ مەترسی.
مادە ووریاکەرەوەکان دەبنەھۆی پێکھێنانی پەیامی ھەڵە لەمێشکدا کە وا لە جەستە دەگەیەنێت لەژێر فشاردایەو ئەویش بە ناردنی خوێنی زیاتر بۆپێست و زیادکرنی لێدانی دڵ و زیادڕژاندنی شەکر لەلایەن جگەرەوە پەرچەکرداری خۆی پیادەدەکات. لەئەنجامدا ئەو کەسە لەپەلوپۆ دەکەوێت و پرزۆڵی لەبەردەبڕێت و ئەگەر جەستە کەوتە ژێر فشارێکی ڕاستەقینەوە ناتوانێت وەڵامدەرەوەبێت بەو فشارە. ئەو وێنەیەی خوارەوە ئەو پەیوەندیانەو گەلێک کاریگەری دیکەش ڕووندەکاتەوە:
ھەرچی مادە ھەلوەسە ھێنەرەکانیشە ئەوە کاریگەری سامناک لەسەر ھەڵسوکەوت و ھۆش و بیری ئەو کەسە جێدەھێڵن و مەترسی کاریگەرییەکانیان لەوانی دیکە کەمتر نین. بەم شێوەیە ڕووندەبێتەوە کە دەرمان و مادە سڕکەرەکان ھیچ بەختەوەرییەکی بەردەوام بەرھەم ناھێنن و ئەو خۆشییە کاتییەش کە مرۆڤ ھەستی پێدەکات لەزۆرترین باردا دواتر نرخەکەی دەداتەوە. ئەوەندەی کە پەیوەندی بە ئالودەگییەکی تەواوەوە ھەیە بەو مادانەوەو بەتایبەتی بە مادە ھەرە بەھێزەکانەوە ئەوا نرخەکەی زۆر قورسە لەسەر تاکەکەس، خێزان و کۆمەڵگا.
فەرھەنگۆک
:Addiction ئالودەگی؛ بریتییە لە ئالودەبوون و گرفتاربوون بەو مادانەوەو نەتوانینی ھەڵکردن بەبێ دەرمان و مادە سڕکەرەکان و بوونیان بە کێشەی بنچینەیی و سەرەکی ژیان.
:Dependent خووگری؛ بریتییە لە خوگرتن و ڕاھاتن لەگەڵ دەرمان یان خویەکی دیکەی سایکۆلۆژی.
:Tolerance ڕاھاتنی لەش لەگەڵ ئەو مادانە و پێویست بوون بە زیادکردنی بڕی ئەو مادەیەی کە بەکاریدەھێنێت بەشێوەیەکی بەردەوام، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکەی یەکەم جار بدەنەوە بەدەستەوە.
:Withdrawal کشانەوە یان پاشەکشە؛ ئەو ھەستە کاتێک ڕوودەدات کە ئەو کەسە دەست لە بەکارھێنانی دەرمان و مادە سڕکەرەکان ھەڵدەگرێت یان دەستی ناکەوێت و ھەست بە بێتاقەتی و شێوانی باری جەستەیی و دەرونی دەکات و ئۆقرەی لێھەڵدەگیرێت.
Bibliography سەرچاوەکان
A brief History of Coffee [online] Thttp://www.٢basnob.com/coffee-history.htmlT
Albert Hofmann. ‘LSD: My problem child, McGraw Hill ١٩٨٠.
Alcohol Health & Research World, Vol. ١٤, No. ٤, ١٩٩٠.
TAlcohol Research & HealthT ٢٧(٢):١٢٥–١٣٣, ٢٠٠٣.
All about Khat [online] Thttp://www.geocities.com/forceps١٩٧٤/khat.htmlT
Armitage, R., (١٩٨٧) Lets Discuss Drinking. Hove: Wayland Publishers Ltd.
ASH -Action On Smoking and Health , Basic Facts One, January ٢٠٠٣.
Barber, J., G., (٢٠٠٢) Social Works With Addictions. ٢PndP ed. London: Palgrave.
BBC News [online] Thttp://news.bbc.co.uk/١/hi/health/٤٣٤٨٥٥٩.stmT
Bean, P., (٢٠٠٤) Drugs and Crime. ٢PndP ed. Devon: Willan Publishing.
Brownlee, (٢٠٠٢) This is CANABIS. London: Sanctuary Publishing.
Christian Olive. Reuters, ٣ January ٢٠٠٤. Bam, Iran. [online]
Thttp://opioids.com/opium/iran.htmlT
Claire, A.,& Smith, H., (٢٠٠٣) Drug Culture: The Facts Behind the Headlines.
Connolly, S.,(٢٠٠٢) Need to Know Solvent Abuse. Oxford: Heinemann.
Cooney, J., G., (٢٠٠٢) Under the Weather: Coping with Alcohol Abuse and Alcoholoism. ٢PndP Ed. Dublin: Newleaf.
Corporate Strategy ٢٠٠٢-٢٠٠٥: More treatment, better treatment, fairer treatment.
Donnellan, C., (١٩٩٩) Alcohol. Cambridge: Independence.
Donnellan, C., (٢٠٠٠) Drugs in Sport. Cambridge: Independence.
Donnellan, C., (٢٠٠١) Drug misuse. Cambridge: Independence.
Delivering drug services to Black and minority ethnic communities. Home Office, United Kingdom.
Dr Syed Rashid Ali (Online) Drugs and Ahmadiyyah Movement. Thttp://alhafeez.org/rashid/drugs.htmT
Drug Awareness Studies and their Applications (NCFE Course). UK. ٢٠٠٣
Drug Scope (online) Thttp://www.drugscope.org.uk/T
Drug Intelligence Brief –Khat, June ٢٠٠٢- US Drug Enforcement Administration [online] Thttp://www.usdoj.gov/dea/pubs/intel/٠٢٠٣٢/٠٢٠٣٢p.htmlT
Drugs Act ٢٠٠٥ [online] Twww.hmso.gov.uk/actsT
Drugs Act ٢٠٠٥ C.١٧ [online] Thttp://www.legislation.hmso.gov.uk/acts/acts٢٠٠٥/٢٠٠٥٠٠١٧.htmT
Ectaco Dictionaries. [online] Dictionaries for ٤٥ Languages.
Thttp://www.knowledgesource.blogspot.com/T
European Monitoring Centre for Drugs and Drug Addiction- ٢٠٠٣ Annual Report-Lisbon.
Foetal Alcohol Syndrome aware UK Thttp://www.fasaware.co.uk/#topT
Freuds Magical Drug [Online]
Thttp://www.botgard.ucla.edu/html/botanytextbooks/economicbotany/Erythroxylum/T
Hammersley, R., et al., (٢٠٠٢) Ecstasy: and the rise of the Chemical Generation.London: Routledge.
Heroin Addiction and Drug Policy: the British system, J. Strang and M. Gossop (eds), Oxford Univeristy Press, ١٩٩٤.
History Net- The History of Tobacco part ١ (to ١٦٧٦) [online]
Thttp://www.historian.org/bysubject/tobacco١.htmT
Holy Quran (online) ٣٧/٤٧ Alsafiyat Thttp://quran.muslimweb.com/sura.htm?aya=٠٣٧T
Home Office. Drug Strategy Progress Report ٢٠٠٤. Tackling Drugs. Changing Lives: keeping Communities Safe from Drugs.
Home Office Press Releases -CLASSIFICATION OF CANNABIS. Reference: ٠٥٧/٢٠٠٥ - Date: ١٩ Mar ٢٠٠٥ ٠٠:٠١.
Home Office UK, (٢٠٠٤) Substance Misuse and the Workplace. A training pack.
IAS factsheet; Alcohol: Tax, Price and Public Health. [online] Thttp://www.ias.org.uk/factsheets/tax-price.pdfT
Imaging and diffusion tensor imaging to assess brain damage in alcoholics. TAlcohol Research & HealthT ٢٧(٢):١٤٦–١٥٢, ٢٠٠٣.
International Narcotics Control Board. Vienna International Centre. ٢٠٠٤ [online]. Thttp://www.incb.org/e/index.htmT
Islam Online. What does Islam say about Drugs?
Thttp://www.islamonline.com/cgibin/news_service/spot_full_story.asp?service_id=٧٤٩T
June Russells Health Facts. Alcohol- Kidney and Bladder. [online] Thttp://www.jrussellshealth.com/alckid.htmlT
K., James, (١٩٩٨) Ketamine: Mtaprogramming From Within the Eye of the Storm.
[online] Thttp://www.erowid.org/chemicals/ketamine/references/other/١٩٩٧_kent_resproject_١.shtmlT
Macpherson, G., MB, BS (٢٠٠٢) Blacks Medical Dictionary. ٤٠PthP edition, London: A&C Black Publishers Ltd.
Marsano, L.S. et al. Diagnosis and treatment of alcoholic liver disease and its complications. TAlcohol Research & HealthT ٢٧(٣):٢٤٧–٢٥٦, ٢٠٠٣.
Mary Ann Emanuele,M.D., Frederick Wezeman, Ph.D., and Nicholas V. Emanuele, M.D. Women and Alcohol: An Update. Volume ٢٦, Number ٤, ٢٠٠٢.
Medical Research news- News Medical.net (٢٠٠٤) [online] Thttp://www.news-medical.net/?id=٨٦١T
Misuse and overuse of antibiotics: who is to blame? TWN Third World Network [online] Thttp://www.twnside.org.sg/title/ong-cn.htmT
Models of care for treatment of adult drug misusers. Home Office, United Kingdom.
National Criminal Intelligence Service, ٢٠٠٣. [online]
Thttp://www.ncis.co.uk/ukta/٢٠٠٣/threat٠٣.aspT
National Institute on Alcohol Abuse and Alcoholism. [Online] Thttp://www.niaaa.nih.gov/T
Newburn, T., & Shiner, M.,( ٢٠٠١) Teenage Kicks? Young people and Alcohol: A review of the Literature. York: York Publishing Services Ltd.
NIDA,National Institute on Drug Abuse: The science of drug abuse and addiction. [Online] Thttp://www.drugabuse.gov/T
Nigel, S., Drugs: Cultures, Controls & Everyday Life.
Ohio State Highway Patrol [online] Thttp://statepatrol.ohio.gov/media/٢٠٠٢/mr٠٢٠١.htmlT
Oscar-Berman, M. and Marinlovic, K. Alcoholism and the brain: An overview.
Psilocybe Magic Mushrooms and the law- legal issues. [online] Thttp://www.magic-mushrooms.net/legal.htmlT
Real news about drugs and your body [online]
Thttp://teacher.scholastic.com/scholasticnews/indepth/headsup/facts/index.asp?article=drug_inhalentsT
Rosenbloom, M., Sullivan, E.V., and Pfefferbaum, A. Using magnetic resonance.
Stop Drugs. Org- Tobacco [online] Thttp://www.stopdrugs.org/tobacco.htmlT
The Guinness Book of Records ١٩٩٧.
The History of Tea (online) T http://www.٢basnob.com/tea-history-timeline.htmlT
Uddin, J., et al., (٢٠٠١) Community Engagement Project. Department of Health.
UNODC ٢٠٠٤ United Nations Office on Drugs and Crime. [Online] http://www.unodc.org/unodc/index.htmlT
UNODC-Iran Country Office [online] http://www.unodc.org/iran/index.html
US Drug Enforcement Administration DEA. Narco-Terrorism. [online]
http://www.usdoj.gov/dea/ongoing/narco-terrorism.html
VOA News, GENEVA, Switzerland, Feb. ٢٧, ٢٠٠٥
Warren, K.R., and Foudin, L.L. Alcohol-related birth defects—The past, present, and future. TAlcohol Research & HealthT ٢٥(٣):١٥٣–١٥٨, ٢٠٠١.
Westcott, P.,(٢٠٠٠) Why do people take drugs? Lewes: White-Thomson Publishing Ltd.
WHO-(٢٠٠٤) Global Status Report: Alcohol Policy. Geneva. [online] http://www.who.int/substance_abuse/publications/en/Alcohol%٢٠Policy%٢٠Report.pdf.
Wikipedia encyclopaedia (٢٠٠٥) [Online] http://en.wikipedia.org/wiki/Alcohol
World Drug report of UNODC [online]
http://www.unodc.org/unodc/index.html
World's First Anti-Tobacco Treaty Goes into Force.
World Health Organization Geneva (١٩٩٢): Women and Tobacco. London: Franklin Watts.
World Star free dictionaries [online]
http://www.stars٢١.com/index.html?pname=african&aname=farsi&fname=dict_fa&word=
پاشکۆی ١
دابەشبوونی جوگرافی ناوچەکانی دەوەنی کۆکاو ڕووەکی ئەفیون:
MOST Newsletter No. ٩ - October ١٩٩٨
Thttp://www.unesco.org/most/news٩mp٢.htmT
پاشکۆی ٢
From: Sharon McEachen [SharonM@drugscope.org.uk]
Sent: ٠٢ March ٢٠٠٥ ١٢:٠٩
To: 'zhiar@ukonline.co.uk'
Subject: RE: Drugs and law
Dear Ata
Thank you for your email. Can you tell me where on the DS website you saw the incorrect information, it would help me in my trawl of all the information there. Supplying class C drugs is now ١٤ yrs - up from ٥. Law changed as result of reclassification of cannabis to deter dealing.
kind regards
Sharon McEachen
Information Officer
Information and Library Services
Drugscope
٣٢-٣٦ Loman Street
London
SE١ ٠EE
tel: ٠٢٠٧ ٩٢٢ ٨٦٢٠
email: sharonm@drugscope.org.uk
-----Original Message-----
From: Ata Arif [mailto:zhiar@ukonline.co.uk]
Sent: ٠٢ March ٢٠٠٥ ٠٩:٠٩
To: info@drugscope.org.uk
Subject: Drugs and law
Dear Drug Scope
At your website under law it comes that class C drugs have ١٤ years imprisonment for supplying but in other places it is ٥ years for the same purpose. Can you please make me sure which one is the most updated one?
Best regards
Ata
--
No virus found in this outgoing message.
Checked by AVG Anti-Virus.
Version: ٧.٠.٣٠٠ / Virus Database: ٢٦٦.٥.٢ - Release Date: ٢٨/٠٢/٢٠٠٥
--
No virus found in this incoming message.
Checked by AVG Anti-Virus.
Version: ٧.٠.٣٠٠ / Virus Database: ٢٦٦.٥.٧ - Release Date: ٠١/٠٣/٢٠٠٥
دەربارەی نوسەر:
• ناوی عەتا مەلا کەریمە
• لەساڵی ١٩٦٤دا لە گوندی پاڕەزانی سەر بە ناوچەی شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی، لەدایک بووە.
• لە ساڵی ١٩٨٨دا کۆلێژی ئاداب بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی بەغا تەواوکردووە.
• ئەندامی کۆمەڵەی وەرگێڕانی عێراقییە
• ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بووەو لە ساڵی ١٩٨٢ دا لەلایەن دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعسەوە دەستگیرکراوەو دوای ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر لە لێبوردنێکی گشتیدا ئازاد بووە
• لەساڵی ٢٠٠٢دا گەیشتووەتە بەریتانیاو لەوێش دەستیداوەتە خوێندنی کریمینۆڵۆجی لە پەیمانگای لانکەشێری خۆرھەڵات بۆ خوێندنی باڵا/ سەر بە زانکۆی لانکستەر و لە ساڵی ٢٠٠٧ دا بە پلەی یەکەم تەواوی کردووە و بڕوانامەی:
BA Honours Criminology (First Class) awarded by Lancaster University ی وەرگرتووە.
• بێجگە لە بابەتی سەرەکی خوێندنەکەی ئەم بڕوانامانەشی وەرگرتووە:
OCA Criminology
OCB Law
OCB Psychology
OCR-RSA- Computer
NCFE in Drug Awareness Studies and Their Applications
NCFE Computer Practioners
HNC Criminology
• لە گەلێک گۆڤارو ڕۆژنامەو ماڵپەڕدا بابەتی وەرگێڕراو، ئامادەکراو یان نوسراوی خۆی بڵاوکردۆتەوە بەکوردی و بە ئینگلیزی
• کتێبی تیرۆریزم: چونە نێو ناخی دیاردەیەکی جیھانییەوەی وەرگێڕاوە بۆ کوردی
• لە بەریتانیا لەگەلێک چالاکی ڕۆشنبیری و کولتوری و کۆمەڵایەتی و تەندروستیدا بەشداری کردووە و چەندەھا جار لە ڕادیۆی BBC ناوچەی لانکەشێر و ڕۆژنامەو کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ناوچەکەیدا چاوپێکەوتنی لەگەڵدا سازکراوە
• ئەندامی خۆبەخشی کۆمەڵەی کۆمەکی قوربانیانی تاوانە Victim Support
• وەک خۆبەخش کار بۆ کۆمەڵەی مناڵان دەکات
• بەشدارە لە پڕۆژەی ئی فەرھەنگدا بۆ دروستکردنی فەرھەنگێکی دیجیتاڵی کوردی بۆ زمانە زیندووەکانی دیکەی جیھان و بەردەوام کاری بۆ دەکات.