• نوێترین بابەت

    2015/12/30

    داهێنەرترین کۆمپانیاکان لە ساڵی ٢٠١٥دا کامانەن؟‎




    بەگوێرەی ڕاپرسییەکی ڕێکخراوی بی سی جی (BCG) بۆ ڕاوێژکاری ستراتیجی کە سەرەتای ئەم مانگە بڵاویکردەوە، هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئەپڵ و گوگڵ لە ساڵی ٢٠١٥ زۆرترین داهێنانیان ئەنجام داوە، لەدوای ئەوانیش کۆمپانیاکانی تیسلا و مایکرۆسۆفت لە داهێنەرترینەکان بوون.
    ڕاپرسییەکە پشتی بە وەرگرتنی بۆچوونی هەزار و ٥٠٠ بەڕێوەبەری پێشکەوتووی بازرگانەکان بەستووە و هاوکات بڕی ئەو پارەیەی لەماوەی پێنج ساڵدا بۆ سەرمایەداران گەڕاوەتەوە لە پێش چاو گیراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کارمەندانی کۆمپانیا بەشداربووەکان نەیانتوانیوە بۆچوون لەسەر کۆمپانیاکەی خۆیان دەرببڕن.
    ئەمە دووەم جارە گوگڵ و ئەپڵ وەکو داهێنەرترین کۆمپانیاکانی ساڵ هەڵدەبژێردرێن. کۆمپانیاکانی بواری ئۆتۆمۆمبێلیش ئەمساڵ چوار پلەیان لە ١٠ کۆمپانیای یەکەم بەدەست هێناوە.
    بەڵام ئایا ئەم کۆمپانیایانە چیان کردووە و داهێنانەکانیان کامانەن کە جێگای بایەخی هەمووان بن؟ بۆ ئەم مەبەستە بەکورتی باس لە چوار کۆمپانیای یەکەم دەکەین.
    ئەپڵکۆمپانیای ئەپڵ، ساڵی ١٩٧٦ لەلایەن ستیڤ جۆبز و دوو هاوڕێی دیکەی دامەزرا. ساڵی ١٩٩٧ کۆمپانیای ئەپڵ نزیک بووەوە لە ئیفلاسکردن، بەڵام توانی بە هاوکاریی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت خۆی بگرێتەوە و لە ساڵی ٢٠١٢ بە بەهای خەمڵێنراوی ٦٢٦ ملیار دۆلار بووە پڕبەهاترین کۆمپانیای جیهان.
    ئەو بەرهەمانەی کە بوونە مایەی سەرکەوتنە گەورەکەی ئەپڵ هەمان ئەو بەرهەمانەن کە ئەمساڵیش بەهۆیانەوە وەکو داهێنەرترین کۆمپانیا هەڵبژێراوە.
    ئەوانیش بریتین لە مۆبایلی نوێی ئایفۆن، تابلێتی نوێی ئایپاد و کۆمپیوتەرە نوێکانی ماک، لەگەڵ چەند بەرهەم و خزمەتگوزارییەکی دیکەی وەکو کاتژمێری ئەپڵ و ئەپڵ تیڤی و ئەپڵ میوزیک.
    بە پێی هەندێک لە سەرچاوەکانیش لە ئێستادا کۆمپانیای ئەپڵ سەرقاڵی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی تەواو کارەباییە کە توانای خۆکاری هەیە بۆ لێخوڕین. وەرگرتنی چەندین کارمەندیش لە کۆمپانیاکانی دروستکردنی باتری و بازرگانی ئۆتۆمبێل ئەم ئەگەرە پشت ڕاست دەکەنەوە.
    چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٠ ئۆتۆمبێلەکەی ئەپڵ بکەوێتە بازاڕەوە و هەندێک لە سەرچاوەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆمپانیای ئەپڵ بە هاوکاریی لەگەڵ کۆمپانیای بەناوبانگی بی ئێم دەبلیو ئۆتۆمبێلە نوێکەی دروست دەکات.

    FreeVector-Apple-Vector-Icon.jpg
    گوگڵ
    هەرچی کۆمپانیای گوگڵە ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن دوو خوێندکاری زانکۆی ستانفۆرد لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دامەزرا. ئەوەی ئەم کۆمپانیایەی کردە یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیاکانی جیهان بزوێنەری گەڕانەکەی بوو لە ئینتەرنێتدا کە هەموومان پێی ئاشناین.
    گوگڵ لەم ڕێگەیەوە و بە فرۆشتنی ڕیکلامی بازرگانی داهاتێکی زۆری دەستکەوت. لەو کاتەوە تائێستا گوگڵ بەردەوام لە گەشەسەندندایە و پەلی هاویشتووە بۆ چەندین بواری دیکە، وەکو داهێنانی سیستمی ئەندرۆید بۆ مۆبایلەکان و دروستکردنی بەرنامە بەرهەمهێنەکان بۆ نووسینگە و کۆمپانیاکان.
    بەبێ خزمەتگوزارییەکانی گەڕان و نەخشە و هەواڵی گوگڵ بەڕێوەچوونی کارەکانمان لەسەر ئینتەرنێت ئەستەم دەبوو. ئەمساڵیش کۆمپانیای گوگڵ بەردەوام بوو لە نوێکردنەوەی سیستمی مۆبایلەکانی و داهێنانی بەرهەمی نوێی وەکو کادبۆرد بۆ ئەزموونکردنی دونیای دەرەوە تەنانەت ئەگەر لێیشیەوە دووربین. کۆمپانیای گوگڵ چەندین پرۆژەی لەژێر ئەزمووندا هەیە و لە دیارترینیان بریتییە لە پرۆژەی دابینکردنی ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر کە لە ساڵی ٢٠١٢وە تائێستا کاری تێدا دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی دروستکردنی ئۆتۆمبێل ڕێککەوتنی ئەنجام داوە وەکو تۆیۆتا و فۆرد و جەنراڵ مۆتۆرز.



    GoogleLogo.jpg
    تێسلا مۆتۆرز
    کۆمپانیای سێیەم لە ڕیزبەندییەکەدا بریتییە لە تێسلا مۆتۆرز. تێسلا کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی تەواو کارەباییە و ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئیلان مەسک دامەزراوە.
    مۆدێل ئێس کە یەکێکە لە ئۆتۆمبێلەکانی تێسلا توانی چەندین خەڵاتی جیهانی لە بوارەکانی سەلامەتی و ژینگەپارێزی و داهێناندا وەربگرێت.
    هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی گۆڤاری کۆنسیومەر ئەلیکترۆنیک مۆدێل ئێس تۆمارێکی نوێی لە مێژووی ئۆتۆمبێلەکاندا دروستکرد.
    ئەمساڵیش کۆمپانیای تێسلا ئۆتۆمبێلێکی نوێی بە ناوی مۆبێل ئێکس خستە بازاڕەکانەوە کە چەندین لایەنی سەرسوڕهێنەری هەیە و نوێترین تەکەلۆجیاکانی سەردەمی تێدا بەکارهێنراوە.
    ئیلان مەسک، خاوەنی کۆمپانیای تێسلا هاوکات کۆمپانیای سپەیس ئێکس بەڕێوە دەبات کە ئەم مانگە بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا ڕۆکێتێکی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد و بە سەلامەتی گەڕاندییەوە بۆسەر زەوی بۆ ئەوەی کە جارێکی دیکە هەڵبدرێتەوە.

    tesla_motors_by_lord_iluvatar-d650b2c.jpg
    مایکرۆسۆفت
    کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، ساڵی ١٩٧٥ لەلایەن بیل گەیتسەوە دامەزرا. کاری سەرەکی ئەم کۆمپانیایە بریتی بوو لە دروستکردنی سۆفتوێر و بەرنامە بۆ کۆمپیوتەرەکان و لەم ڕێگەیەوە ماوەی چەندین ساڵ تەواوی بازاڕی جیهانی کۆنترۆڵ کردبوو، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا و پاش دەرکەوتنی مۆبایلە زیرەکەکان و تابلێتەکان کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕکابەری بەهێزی بۆ دروستبوو وەکو کۆمپانیای ئەپڵ و گوگڵ.
    ئێستا کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە چەندین بواردا کار دەکات وەکو دروستکردنی ژینگە و سیستمی بەکارهێنان و سیستمی بەرهەمهێن بۆ نووسینگە و کۆمپانیاکان و لەبواری یارییە ڤیدیۆییەکانیشدا بە ئامێر و یارییەکانی ئێکس بۆکس بەشدارە.
    مایکرۆسۆفت توانی ئەمساڵ بە داهێنانە نوێکانی سەرنجی هەمووان ڕابکێشێت. هەندێک لەو داهێنانەش بریتین لە دروستکردنی ئامێری نوێی کۆمپیوتەر کە لەهەمان کاتدا وەکو تابلێت و مۆبایل کاردەکەن. هەروەها تێهەڵکێشانی هەموو سیستمەکانی لە ئینتەرنێتدا کە پێی دەوترێت کڵاود یەکێکی دیکەیە لە داهێنانە پشتپێبەستراوەکانی مایکرۆسۆفت. ئەمانە و چەندین بەرهەمی دیکە نیشاندەری ئەوەن کە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت یەکێکە لە داهێنەرترین کۆمپانیاکانی جیهان.



    microsoft_logo.png






    NRT
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: داهێنەرترین کۆمپانیاکان لە ساڵی ٢٠١٥دا کامانەن؟‎ Rating: 5 Reviewed By: kurdstan news
    Scroll to Top