DIABETES)
ئامادەکردنی زانا ئەحمد قادر
یەکێکە لەنەخۆشیەکانی سوڕی گۆڕینی خۆراک بۆ وزە لەلەشی مرۆڤدا کە لەئەنجامی کەمبونەوەی توانای گەیاندنی مادەی GLUCOSE بەخانەکانی لەشو باش وەرنەگرتنی لەلایەن پەردەی دەرەوەی خانەکانەوە دەبێتەھۆی بەرزبونەوەی رێژەی شەکر لەڕێژەی ئاسایی (٧٠-١١٠MG/ DL) زیاتر لەخوێندا. ئەمەش دەبێتەھۆی زیانگەیاندن بەبۆری خوێنەکانو ھەموو جەستە بەگشتی.
کۆئەندامی ھەرس ئەو مادەی کاربۆھێدراتەی شەکر carbohydrate لەگەڵ خۆراکدا پێی دەگات شیتەڵ دەکاتەوە بۆ مادەی (شەکری ترێ GLUCOSE) پاشان لەڕێی دیواری ریخۆڵەوە دەچێتە نێو سوڕی خوێنەوەو لەڕێی بۆریەکانی خوێنەوە بەھەموو خانەکانی لەش دەدرێت.
پسپۆڕانی ئەو بوارە رێژەی توشبوان لەجیھاندا بەسەرو٣٧٠ ملیۆن مەزەندە دەکەنو پێیانوایە ئەو رێژەیە روەو زیادبونە. بەگشتی باس لەدوو جۆری سەرەکی Typ ١ کە جۆری نێوجەوانانی پێدەوترێت لەگەڵ Typ ٢ کە جۆری پیرانەشی پێدەوترێت، دەکرێت. جۆری دوەم بەڕێژەی ٩٠% پشکی شێری بەردەکەوێو زیاتر لەسەرو تەمەنی ٤٠ ساڵیەوە مرۆڤ دوچاری دەبێت.
بەپێچەوانەی جۆری TYP١ تایبەتمەندی جۆری TYP ٢ لەوەدایە کە لەسەرەتادا تاڕادەیەک رێژەیەکی باش ھۆرمۆنی INSULIN لەلایەن پەنکریاسەوە بەمەبەستی کەمکردنەوەی رێژەی شەکر لەخوێندا دەڕژێنرێت، بەڵام بەھۆی تێکچونی میکانیزمی پێدانو وەرگرتنی لەلایەن خانەکانی لەشەوە بەڕێژەیەکی بەرزتر لەئاسایی لەبۆریەکانی خوێندا دەمێنێتەوەو چەندەھا گرفتی تەندروستی لێدەکەوێتەوە.
ئەگەرچی لەسەرەتای توشبون بەجۆری TYP٢ رێژەیەکی باش ھۆرمۆنی INSULIN دەڕژێنرێت بەڵام دواتر لەگەڵ بەرەوپێشچونی نەخۆشیەکەدا ئەگەری تەواو کەمبونەوەی تاڕادەی نەمانی INSULIN ھاوشێوەی TYP١ھەیە.
نەخۆشی شەکرە وەک ھەر نەخۆشیەکی دی ھەندێک نیشانەو ئاماژەی خۆی ھەیە گرگنترینیان سەبارەت بە TYP ١(جۆری نەوجەوانان) بریتین لەدابەزینی نائاسایی کێش لەماوەی چەند ھەفتەیەکی کەمدا، وشکبونەوەی جەستەو ھەمیشە تینوێتی و میزکردنی زۆر، رشانەوە، گرژبونەوەو ئازاری ماسولکەکانی پوز، سەرو سک ئێشە، لاوازی، ھیلاکی، خورانی لەش، برسێتی زۆر، ھەوکردنو نەخۆشکەوتن...ھتد
توشبوانی ئەم جۆرە دەبێت بەدرێژایی ژیانیان ھۆرمۆنی INSULIN یان پێبدرێت. ھەرچەندە لێکۆڵینەوە پزیشکیەکان ھەڵەیەکی جینی بۆماوەیی بەھۆکاری سەرەکی TYP ١ دادەنێن لەگەڵ ئەوەشدا زانایان پێدانی شیری مانگا بەساوایان لە ٩ مانگی یەکەمدا بەھۆکارێکی دی دەبینن. سەبارەت بەجۆری دوەم TYP ٢ کێش زۆری و زیادخۆری و بەدخۆراکی و کەمی جوڵەو فاکتەری تەمەنو بۆماوەیی جینی بە ھۆکارە سەرەکیەکان دادەنرێن. جیاواز لەجۆریTYP ١، لەسەرەتادا نیشانەکانی TYP ٢زۆر بەھێزو رێگە نیشاندەرنین ھەربۆیە زۆرجار توشبوان درەنگ لێی بەئاگادەبن، دواتر نیشانەکانی وەک خورانی جەستە، ھەمیشە برسێتی، گۆڕانکاری لەکێش، خەمۆکی، ھەوکردنی میزەڵدان، خراپی رەوشی ساڕێژبونی برین...ھتد بەدیدەکرێن.
١. رێگرتن لەکێش زۆری.
٢. جوڵەو بەپێ رۆیشتنو وەرزشی ھەمیشەیی گونجاو.
٣.خۆ بەدورگرتن لەزۆر خۆری بەتایبەتی لەمادە پڕ کاربۆھێدراتەکانی وەک برنج، شیرینی، نانو ھەروەھا چەوری و خواردنەوە شیرینەکان.
٤. ھەمیشە بەدواداچونو پشکنینی گشتی ساڵانە بەمەبەستی خۆپاراستن بەتایبەتی لەسەروو تەمەنی٤٠ ساڵیەوە.
٤. توشبوان پێویستە خۆیان لەبرینداربون بەتایبەتی برینداربونی پێکان بپارێزن.
٥. پابەندبون بەدەرمانی شەکرەوە.
٦. جاروبار پێویستە رێژەی دەرمانی ھۆرمۆنی INSULIN لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە گۆڕانکاری تێدابکرێت، بۆ نمونە پاش دابەزاندنی کێشی زیادە دەکرێت رێژەکەی ھەندێک کەمبکرێتەوە.
٧. خۆ بەدورگرتن لەچەوری ئاژەڵی و مادە کھولیەکان.
٨.رێژەی بەرزی شەکر لەخوێندا زیان بەگورچیلە دەگەیەنێت ئەوەش دەبێتەھۆی لەناوچونی رێژەی مادەی مەگنیسیۆم لەلەشدا ھەربۆیە توشبوان بەشەکرە زۆرجار کەمی مەگنیسیۆمیان ھەیەو پێویستە پڕی بکەنەوە
tendrustikurd