دەردەڕیخۆڵەی کرۆن ( Morbus Crohn )
جۆرێکە لەنەخۆشییە درێژخایەنەکانی ھەوکردنی ڕیخۆڵە، زیاتر دووچاری ڕیخۆڵەباریکەو ڕیخۆڵەئەستورە دەبێت.
ئەگەرچی کرۆن بەیەکێک لەنەخۆشییەکانی ڕیخۆڵە ھەژمار دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێکجار تەواوی کۆئەندامی ھەرس لەقوڕگەوە تادەرچەی کۆم دووچاری ھەوکردن دەکات.
بەپێی ئامارەکان نێرینەو مێینە بەھەمان ئاست بەڕێژەی ساڵانەی ۷-۸ توشبوی نوێ لەنێو ۱٠٠ ھەزار کەسدا، بەتایبەتی لەنێوان تەمەنی ۱٥-۳٥ ساڵ ھەروەھا لەدوای تەمەنی ٦٠ ساڵییەوە توشی ئەو نەخۆشییە دەبن.
ناوزەندکردنی ئەم نەخۆشییە بەکرۆن، لەناوی ئەو دکتۆرە ئەمەریکیەوە ھاتووە، کە بۆ یەکەمجار لەساڵی ۱۹۳۲ دا نەخۆشیەکەی دەستنیشان کرد.
نیشانەکانی:
قەبزی، سکچون، ئازاری سک، دابەزینی خۆنەویستی کێش، دواکەوتنی نەشونمای منداڵی توشبو، ھەمیشە ھەستکردن بەماندویی، کەمبونەوەی خواستی خواردن، کەمێک تای بەردەوام، دڵتێکەڵھاتن، لەڕۆژێکدا چەندجارێک سکچون لەگەڵ بونی لینجاوێک لەگەڵ پاشەڕۆدا، ھەستیاربون بەزۆرجۆر خۆراک، ئازار لەزۆرینەی ماسولکەو جومگەو بەشەکانی دیکەی جەستەدا، کەمبونەوەی ئاسنو ڤیتامین B, D و چەندین مادەی گرنگ لەجەستەدا.
ھۆکارەکانی توشبون:
شایەنی باسە لەئێستادا ھۆکاری سەرەکی توشبون بەنەخۆشی کرۆن نەزانراوە، بەڵام بەپێی پسپۆڕانی ئەو بوارە ئەم چەند خاڵەی خوارەوە لەھۆکارە سەرەکییەکانن:
۱. ھۆکارەکانی جینیو بۆماوەیی بەتایبەتی لەکرۆمۆسۆمی ۸ دا.
۲. دژەکارکردنی بەرگری سروشتی بەرامبەر خودی جەستە.
۳. لەئێستادا پسپۆڕان پێیانوایە بەکتریای(Mycobacterium avium paratuberculosis (MAP
بریتییە لەوبەکتریایەی کەدەشێ لەھۆکارە سەرەکییەکانی توشبون بەکرۆن بێت.
بەکتریای MAP جۆرێک لەخانەکانی بەرگری سروشتی دەبزوێنێت، کەلەخوێنی ۳/۲ توشبوواندا بەدیکراوە، ھەربۆیە زانایان لەئێستادا تاقیکردنەوە لەسەر تێکەڵەیەک لەدەرمانی دژەھەوکردنی ( Antibiotika ) دژی ئەو نەخۆشیە دەکەن، کە لەھەردوو کیشوەری ئوسترالیاو ئەمەریکا ئەنجامی ئەرێنی لێکەوتووەتەوە.
زانایان ھۆشداری لەوبارەیەوە دەدەن، کە بەکتریای MAP سەرەڕای کوڵاندن و پاستۆریزەکردن زۆرجار لەشیرو بەروبومەکانیدا بەدیکراوە.
٤. بەپێی ھەندێک توێژینەوە زیادەڕۆیی لەپاکوخاوێنیو زۆربەکارھێنانی مادەپاکەرەوەکان زیان
بەبەکتریا بەسودەکانی ناو ڕیخۆڵە ( Flora ) دەگەیەنن، ھەروەھا لەڕوی چۆنایەتیو چەندایەتیەوە گۆڕانکاری تێدادروست دەکەن، تێبینیکردنی کەمبونەوەی ژمارەو جۆری ئەو بەکتریا بەسودانە لەجەستەی توشبوواندا، یەکێکە لەنیشانەکانی ئەو پەیوەندییە.
لەلایەکی تریشەوە بەکارھێنانی ئەوجۆرە پاکەرەوانە کاردانەوەیەکی نەرێنی لەسیستەمی بەرگری سروشتیدا دروستدەکەن.
٥. کێشانی جگەرەو نێرگەلە ئەگەری توشبون بۆ دووھێندە بەرزدەکاتەوە.
٦. فاکتەری خۆراکیو دەرونی لەوھۆکارانەن کەھاوشێوەی تێکڕای ئەندامەکانی جەستە کاریگەری گەورە لەسەر ڕیخۆڵە بەجێدەھێڵن.
٧. پسپۆڕان پێیانوایە، کەھەرگۆڕانکارییەک لەجۆرو ڕێژەی بەکتریا بەسودەکانی ناوڕیخۆڵە ( فلۆرا )
بەھۆی جگەرەکێشان، بەدخۆراکی، زۆرخواردنەوەی ماددە کحولیەکان، زۆربەکارھێنانی دەرمانو فاکتەری ژینگەییەوە دواجار ھەوکردنی ڕیخۆڵە، تێکچونی سیستەمی بەرگری سروشتی، کێشزۆری، شەکرە، کرۆنو چەندین نەخۆشی دیکەی لێدەکەوێتەوە.
خۆپاراستن و چارەسەر:
۱. بەھۆی سکچونی بەردەوامو بەوھۆیەوە لەدەستدانی بەردەوامی چەندین جۆر لەڤیتامینو مادە مینیراڵیەکان لەلایەک، ھەروەھا لەلایەکی دیکەوە بەھۆی تاک جەمسەری لەخۆراکدا بەھۆی ھەستیاربون
بەھەندێک جۆر لەخۆراکو نەخواردنیان، زۆرینەی توشبوان کێشەیان ھەیە لەکەمی ئاسن و Zink و ڤیتامینەکانی K, B, D دا.
٢. ماددەی Selen ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لەکەمکردنەوەی ھەوکردنی ڕیخۆڵەدا. ھەروەھا ماددەکانی
Omega ٣, Q١٠, L-Carnitin، Lecithin زۆر بەسودن بۆ توشبووانی نەخۆشی کرۆن.
٣. توشبوان لەکردنی وەرزشو ڕەخساندنی بارێکی ئارامی دەرونی زۆر سودمەند دەبن.
٤. دەرمانی کۆرتیزۆن لەکاتی سەرھەڵدانەوەی ئازارو کێشەکاندا زۆر بەسودە، بەڵام وەک ئاشکرایە
کێشەو نەخۆشی لاوەکی زۆری لێدەکەوێتەوە.
توێژینەوە:
لەبەرواری ٤/٨ /٠٢٠١٥ دا زانکۆی Universitätsklinikum Erlangen لەئەڵمانیا لەمیانەی توێژینەوەیەکدا دەرمانێکی نوێی بەناوی Mongersen بەبڕی ١٠، ٤٠، ١٦٠ ملگم بۆ ماوەی دوو ھەفتە دا بە ١٦٠ لەبەشداربووان بەنەخۆمشی کرۆن.
ڕۆژانە لەڕێی بڕی ٤٠ ملگم لەو دەرمانەوە توانرا تێکڕای ئازارو کێشەکانی نەخۆشەکان بۆ ماوەی ٣ مانگ بەڕێژەی ٥٥٪ کەمبکرێتەوە، لەوگروپەی ١٦٠ ملگم یان بۆ ماوەی دوو ھەفتە پێدرابو ڕێژەی ٦٥٪ باشبون بۆ ماوەی ٣ مانگ بەدیکراوە.
Tendrusikurd